په‌یوه‌ندی

نووسین

گۆرانی

ماڵه‌وه‌

 

 

گیتارەکەم نە سوتاند وەک ھێمایەک بۆ مانەوەی گیتارەکەی و ھونەرمەندەکە



ھونەرمەندی شێوەکار فەریدوون ڕەشید لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندێکی ناوچەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە و دەرچوی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانییە، وەک خۆی باسی دەکات سەرەتای ئارەزوی ھونەری دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ناوەندی و دواتریش بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوەمی داوە بە کارە ھونەرییەکانی خۆی دواین پێشانگای ھونەری ھونەرمەند لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بووە لە ناوچەی ڕانییە کە ئەودەم مامۆستا بووە لەو دەڤەرە ھەروەھا بەر لەم پێشانگایە چەندین پێشانگای تریشی کردووەتەوە ،لە چەندین کاری ھاوبەشی تریشدا بەشداری کردووە لەو کارە ھاوبەشانەش پێشانگایەکی ھۆڵی تەوارە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کە لەیادی رۆژی جیھانی ژناندا کراوەتەوە و بەشداری تێدا کردووە ، ھونەرمەند یەکێک لەکارەکانی خۆی پێشکەشی کاروان عوسمانی نەمر کردووە کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەستی بە دروستکرنی کردووە ئێمەش وەک پەڕەی تایبەتی کاروان عوسمان لە فەیس بووک بڕیارماندا ئەم گفت و گۆییەی لەگەڵ ساز بکەن .

پەڕەی کاروان عوسمان / سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و پێمان خۆشە بزانین بیرۆکەی ئەم ئیشە چۆن درووست بوو لای جەنابت ؟

فەرەیدوون رەشید / بیرۆکەکە ئەوەی سەرەتا لەبیری خۆمدا دامنابوو بەم شێوەیە نەبوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھات تا گەیشتە ئەم شێوەیەیی ئێستا،بەکار ھێنانی کەرەستەی ئیشەکە یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی گۆرانکاری زۆری تێدا بکەم دیارە خۆشەویستیم بۆ گۆرانیەکانی کاروان عوسمان و بەرزی ھونەرەکەی گرنگترین خاڵ بوون بۆ ئەوەی بیر لە درووستکردنی ئیشێکی وا بکەمەوە کە من پێم وایە شایەنی شتی زۆر گەورەترە بۆی بکرێت

پەڕەی کاروان عوسمان / ئەو کەرەستانەی لە ئیشەکەدا بەکار ھاتون چین ئەگەر بۆمان باس بکەیت ؟

فەرەیدوون رەشید / لە ڕاستیدا بریتین لە (تەلی سەقف و عەلاگەی ڕەش) دواتر بە کاویە سوتاندومە و بە بۆیەی پەمپ بۆیەم کردووە ، پێش بۆیاخ کردنەکەش ئاگرم لە ئیشەکە بەردا تا شێوەی توانەوە وەربگرێت بەڵام گیتارەکەیم نەسوتاند وەک ھێمایەک بۆ مانەوەی گیتارەکەی و ھونەرمەندەکە

پەڕەی کاروان عوسمان / ھەتا ئێستا ئەم ئیشەت لە ھیچ شوێنێک نمایش کردووە ؟

فەرەیدوون رەشید / تا ئێستا نمایش نەکراوە لە فەیس بووک نەبێت ئەویش ھەر ڕەسمە


پەڕەی کاروان عوسمان / لەکاتی خۆیدا ئەم ئیشەت پێشکەشی کێ کرد ؟ ئەی ئێستا کە گفت و گۆی لەسەر ئەکەینەوە پێشکەشی کێی ئەکەیت؟

فەرەیدوون رەشید / لەکاتی خۆیدا ھەر بۆ کاروانم دروست کرد ئێستاش ئەو کارە ھەر تایبەتە بە ئەو بەڵام ئەگەر ڕوخسەتی لێبخوازم ئەوا پێشکەشی ئەکەم بە ھەموو ئەو کەسانەی کە ڕێز لە ھونەرەکەی کاروان عوسمان ئەگرن

پەڕەی کاروان عوسمان / دوا قسەی تۆ چیە لەم گفت و گۆ کورتەدا ؟

فەرەیدوون رەشید / وەڵا من دەست خۆشی لە ئێوە ئەکەم بۆ ماندووبونتان لە سەرپەرشتی کردنی ئەو پەیجەی کە بۆ کاروان عوسمانتان کردووەتەوە بەڕاستی ئیشێکی باش ئەکەن و دەستتان خۆشبێت

پەڕەی کاروان عوسمان / ئێمەش زۆر سوپاسی تۆ ئەکەین کە کاتی خۆتت بە ئێمەدا و ئەم گفت و گۆیەمان ئەنجامدا لەسەر ئەو کارە ھونەرییەی کە بۆ کاروان عوسمانت کردبوو.

سازدانی / ئاراس عەبدوڵڵا