توێژەری دەروونی چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بکات؟

  

شوانە حسن ابوبکر






ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە. لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:

یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:
- چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
- زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
- چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
- چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
- ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر!

دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:
- دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
- بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
- دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
- فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.

سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە!
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی د ەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:
- دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
- نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
- بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە!

چوارەم: دوریانبخەنەوە لە چارەسەرکاری هەڵە!
کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە چارەسەرکاری هەڵە! بەجۆرێک هەرکەسێک قسەدەکات پسپۆرە لە بواری چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان و هیچیشی لێنازانێت و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات! هەرگیز مەهێڵە نەخۆشەکەت ئەم هەڵانە بکات:
- سەردانی کەسانێک بکات کە بەناوی چارەسەری ئاینی یان میلییەوە کاردەکەن؛ ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبنە هۆی خراپتر بوون یان زۆربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە!
- بچێتە لای پزیشکێک کە پسۆرنەبێت لە بواری پزیشکی دەروونی، ئەمە دەبێتە هۆی بێهیوابوونی نەخۆشەکە، کاتێک کە پزیشکەکە پێێدەڵێت فەحسەکانت پاکە و هیچت نییە! هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پەنابەرێتە بەر چارەسەرە هەڵەکان!
- بچێتە لای توێژەرێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی کە شارەزایی نییە لە نەخۆشی د ەروونیدا، ئەم کەسانە لەوانەیە بەهۆی کەم شارەزاییەوە ڕێنماییەک بدەن کە زیان بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت، بۆنمونە زۆرجار کەسی توشبوو نەخۆشییەکی توندی هەیە پاش سەردانی ئەم کەسانە دەرمانەکان دەوەستێنێت و دواتر کارەسات روودەدات!
- کارمەندی پزیشک کە نورینگەیان هەیە لە گەرەکەکاندا، لەوانەیە دەرمانێکی بدەنێ کە ببێتە هۆی ئیدمان و هۆگربوون لەسەر دەمانەکە، یان بەهۆی کەم شارەزاییەوە لەوانەیە رێنمایی نەخۆش بە هەڵە بکەن.
هەموو ئەو چوار لایەنەی سەرەوە، پێویست و گرنگن بۆ کۆمەڵگە، سودی گەورەیان هەبوو لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام چارەسەر و ڕێنمایی نەخۆشی دەروونی ئەرکی پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونییە کە پسپۆرییان لە بوارەکەدا هەیە.

پێنجەم: پشتیوانی بکەن!
هەتا دەتوانن ببنە پشتیوانیان، ئەم پشتیوانییەش بەوە دەبێت کە هەوڵبدەین هانیان بدەین بۆ چەند کارێکی دروست و پێویست، وەکو:
- وەرزش و پیاسەکردنی ڕۆژانە؛ ئەم دووانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسودەیی دەروونی تاک.
- پشتیوانیان بە لە بەردەوام بوون لەسەر پیشەکەیان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەهێڵە مۆڵەت بکەن. هەتا نەخۆشییەکە زیاتر زاڵنەبێت بەسەریاندا!
- با بەردەوام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵبن و لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و لە کۆمەڵگە دانەبرێن.
- ڕێنماییان بکە کە تەندروست ژیان بکەن لە روی خەو و خواردن و پاکوخاوێنییەوە.
- دوریان بخەنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، جا جگەرە و نێرگەلەبێت یان مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێت.


22/1/2017



 

 

           

 

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com