کوردە یاساخەکان!
 
برایم فەڕشی






کوێندەریی ئەی تکەی سوێر!
ئەتۆ و ئێرە چی؟ دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟
لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بوین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین
هەرچەند دیلە و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم!

لەم وڵاتە گەورەترین حزبی مێژووی کورد بە تروریست ناسراوە و بە پێی قانوون، لە ساڵانی ١٩٩٢ هەتا ٩٤، سەدان لایەنگریان گیران و ڕەوانەی زیندان کران و بە ملیۆن مارک جەریم کران و ڕێگا لە هەر چەشنە چالاکییەکی ئاشکرایان گیرا.

ڕۆژی ٣ی سپتامبری ٢٠١٦ هیچ بەرپرسێکی سیاسی، حکوومەت، پارلەمان و قانون، باسی قانونیان نەکرد، دەیانتوانی ڕێگربن، بەڵام ڕاست لەو شوێنەی کە ئیزن بە ناردنی پەیامی ویدیویی ئەردۆغان نەدرا، ئیزن درا هەزاران کەس وێنەی عەبدوڵا ئوجەڵان بەرز کەنەوە و ساڵح موسلیم لە ڕۆژئاوا و سەلاحەددین دەمیرتاش لە باکوور ڕاستەوخۆ دژی ئەردۆغان و حکوومەت و سیاسەتەکەی بئاخڤن! لەم میتینگەدا نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی پاڕلەمانی ئاڵمان، نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی پاڕلەمانی تورکیا، بەرپرسی ئۆپۆزسیۆنی کوردی وڵاتی سوریا، بە ڕەسمی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد! شەست ساڵ دوای هەڵوەراندنی فرمێسکی هەژارێک(هەژاری شاعیر) لە سەر چۆمی ڕاین، ٣٠ هەزار کوڕ و کچی دەجلە و فورات، زێڕینە، تەتەهۆ و چلچەمە و قشلاق بوونە میوانی ڕاین.

لایەنگرانی حزبی یاساخ، نەورۆزی ساڵی ١٩٨٧ بە خۆیان و دەهۆڵ و زوڕناکەیانەوە لە ئۆتوبوسێکدا جێگایان ببووە! ساڵی ١٩٨٩ لە هۆڵێکی ٧٠ کەسی لە دانشگای کۆڵن کۆببوونەوە. ساڵی ١٩٧٨ لە ناوخۆی وڵات ڕەنگە هەر چەند کەسی دەوری مێزێک بووبێتن! ساڵی ١٩٨٠/٨١ لە شاخ چەند مەفرەزەیەک بوون. ئەوان لە سەرەتا تەنانەت ڕێگریان دەکرد و موسافیری رێگای ئوروپا و ئێرانیان دەڕوتاندەوە. هەر ئەوان لە یەکەم کۆنگرە تەقەیان لە یەکتر کرد و بوونە دوو کەرت. لە ئوروپا کەوتنە ڕاوکردنی نەیارەکانیان، هەر لەو کاتەوە لە ئاڵمان مۆری تیرۆریستیان لێدراوە!

کارنامەی پ کاکا وەک هەر هێزێکی تری کورد و نە کورد، گرێدراوی کاری بەجێ و نابەجێ و کاری نادێموکراتی و نامرۆڤانەیە. بۆ ئەو ئاکارانەش لە حزبەکانی تری وەک پارتی دێموکراتی کوردستان، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سەرجەم حزبەکانی تر جیا ناکرێنەوە.

نە مێژووی پ کاکا خاوێنە نە مێژووی حزبەکانی تر! نە ئەوان دێموکرات و دێموکراتیخوازن، نە ئەوانی تر. خولیای وەرگرتنی دەستەڵات لە سەرووی هەموو ویست و خواستەکانیانە و لەم ڕێگایەشدا شێوەی سیاسی و ناسیاسی، ئەخلاقی و دوور لە ئەخلاق بەکار هێندراوە و لە داهاتووش بەکار دەهێندرێ. حزبەکانی کورد بە گشتی حزبی دەستەڵاتخوازن و لەم بەستێنەدا لە گەڵ یەک ناکۆک بوون و بە شەڕ و ئاشتی ناکۆکییەکانیان وەلانندراوە.

دژایەتی هەموو ئەو حزبانەش لە گەڵ پ کاکا و لق و پۆپەکانی، نە بنەمای سیاسی هەیە، نە ئیدئۆلۆژیک، دژایەتی هەموو حزبەکانی کورد لە گەڵ یەکتر،لە سرووشتی پاوانخوازیی و بوونی فەرهەنگ و پەروەردەی پاوانخوازیی هەر تاکێکەوە لە ناو بنەماڵە، کۆمەڵگا و لە ناو سیستمی حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژوویی تێگەیشتنی خەڵکەەوە، سەرچاوە دەگرێ، کە حزبەکان و تاکەکانی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا و مێژووی ئەو وڵاتانەن!

پ کاکا بۆ وەرگرتنی دەستەڵات هێزی خۆی بە شێوەی باش و نەباش، ئینسانی و نائینسانی ڕێکخستووە، لە پاڵ بوونی هێز و ڕێکخستن، ئیمکاناتی مادی و پارە و دام و دەزگای تیجاری و بازرگانی و هەر وەها دام و دەزگای سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و مێدیایی هەیە. پ کاکا تەنیا یەک شتی کەمە، ئەویش دەستەڵاتی سیاسییە کە درەنگ یان زوو دەستی دەکەوێ.
سیستمی پ کاکا تایبەت نییە بە باکوور و ڕۆژئاوا، بەڵکوو باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و قورسایی بەرچاوی لە ئوروپا هەیە و دەتوانێ هێزێکی سیاسی - نیزامی کاریگەر بێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قورسایی سیاسی لە ئوروپا و ڕۆژئاواش هەبێ، کە نییەتی!
پ کاکا و خەڵکەکەی، بەرهەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێزوپۆتامیان، بە هەموو تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئیتنیکی. سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەوان چ وەک تاک و چ وەک گرووپ و حزب لە جەوهەردا جیاوازی بنەڕەتی لە گەڵ باقی کەسان و حزبەکان کە بەناوی تر دەناسرێن، نییە. هیچ گارانتییەک نییە کە دەستەڵاتی سیاسی پ کاکا جیاواز لە دەستەلاتەکانی سیاسی کورد و نەکوردی دەوەرەکە بێت، جگە لە ئیسرائیل.

پ کاکا وەک زۆرێک لە کۆمۆنیست و چەپەکانی ئەم دەوەرە، نە پایبەند بە کۆمۆنیسم و مارکسیسم ماونەتەوە، نە بوونەتە ناسیۆنالیسم و نە سیستمێکی فکریی- فەلسەفی- ئیدئۆلۆژی جیاوازیان پێکهێناوە. ئەوان لە سەرەتادا گرووپگەلێکی چریکی وەک گرووپەکانی تر لە ئێران و وڵاتانی عەڕەبی و ئوروپا بوون و تێکەڵاویشیان بە یەکەوە هەبوو. جیاوازی پ کاکا و هەموو هێزەکانی هاوچەشن لە ناوچەکە، ئەوە بوو کە پ کاکا لە هەموو شتێک لای داوە جگە لە مەبەستی سەرەکی خۆی واتە"وەرگرتنی دەستەڵات بە هەرچەشن و بەهەر نڕخێک".

ئەم فۆرمۆلە ساکارە، هەموو سیاسەت و تێگەیشتن و ئاکار و فەرهەنگیان دەنوێنێ. هەر ئەو فۆرمۆلە تێکەڵ بە ویست و خواست وهەست و ئیدێنتیتێتی تاکی کورد کراوە و وەزە بە تاکەکان دەبەخشێ و ڕەنگە لە زۆر کەسدا دەوری ئایین و ئیدئۆلۆژی بگێڕێ.

سەنبوول و هێمای ئەم فۆرمۆڵە لە عەبدوڵا ئوجەلاندا ڕەنگی داوەتەوە و بە هەموو شێوەیەک ئەم نیشانە و ئایکۆنە لە مێشکی تاکی کورددا بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژئاوا و لە ناو کۆمەڵێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشوور جێگیر بووە، ئەوەش کارێکی نوێ نییە و حزبەکانی کورد پێشتر هەمان کاریان کردووە. مستەفا بارزانی، قازی محەممەد، عەبودولڕەحمان قاسملو، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی و حزبە گچکەکانی تر هەر بەو پێیە حەولی چەسپاندنی نیشانەی خۆیان داوە، کە هیچیان ئەمڕۆ کاراییان نەماوە و لێرەش ناتوانن بەربەرەکانی عەبدوڵا ئوجەڵان بکەن.

بە هەمان شێوە کارێکتێرێکی هاوشێوە لە سەلاحەددین دەمیرتاش و ساڵح موسلیم درووست کراوە کە هەرکیان لە کۆبوونەوەی کۆڵن خۆیان بە ڕێڕەوی ئۆجەڵان ناساند و بە وتەی ژۆرنالیستێکی ئاڵمان، دەمیرتاش وەک سوپرستار لە میتینگی کۆڵن پێشوازی لێکرا، ئەمەش ڕێک لە گەڵ ویستی لاوانی سەردەم دێتەوە، کە خولیای بوون بە کەسانی وایان لە مێشکدایە!

پ کاکا و دام و دەزگاکانی وەک کۆنسێرنێکی گەورەی تیجاری- مێدیایی هاوچەرخ دەجولێنەوە و سیاسەت بە باشترین شێوە کاڵائاسا دەفرۆشن، ئەوەش تایبەت بە پ کاکا نییە و لە ئاستی جیهان سیاسەت لە جیهانی سوپرستاریی لە ڕێگای مێدیاوە نزیک کراوەتەوە. کەم نیین ئەو سیاسەتمەدار و سەرۆک دەوڵەتانەی کە وەک ئاکتۆر و سوپرستار خۆ دەنوێنن، تەنانەت ئەم وێنەیە لە لەشکرەکانی نیزامی ڕۆژئاوا، حزبەکانی کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی دەبیندرێ، کە کچ و کوڕ تێدا بەشدارن و فیگورەکانی فیلمەکانی هالیود و گەمەکانی کامپیۆتێری وەبیر دەهێننەوە. لە جیهانێکی وادا بیری سیاسی دەور ناگیڕێ! کلیساش بۆ ڕاکێشانی لاوانی ئەمڕۆی جیهان کەڵک لە عونسورەکانی هاوشێوە وەردەگرێ بۆ نزیکبوونەوەی لاوان لە کلیسا.

ئەمڕۆ سیاسەت زیاد لە هەر سەردەمێک ڕواڵەتی جیاواز لە سەدەکانی ڕابووردوی هەیە و ناوەرۆکی بەرنامە و سیاسەت و بگرە ئامانجی سیاسی بۆ هەموو کەس دەوری سەرەکی ناگێڕێ! لە دەوری پ کاکا و حزبەکانی کورد، کەسان کۆبوونەتەوە کە بەرنامەی سیاسی، ئەوانی بۆ لای حزبەکان نەکێشاوە و بەدەگمەن لەناو ئەو حزبانەدا پایبەندی بە بەرنامە،دەور دەگێڕێ. گەر حزب خۆی کەرەسە بێ بۆ وەرگرتنی دەستەڵات، حزبەکان بۆ هێندێک بوونەتە نەردیوان و پەیژەیە بۆ مەبەستی تاکە کەسی، نە بۆ مەبەستی سیاسی و نەتەوەیی، بە وتەی عەبدوڵا پەشێو، کورسییەکانی کورد،
"پاشەڵپەرەست و نەگریسن
هیچ و پووچ و حەرامزادەن
قوونێک بگرن بەری نادەن."
***
بەناو خێمەکاندا دەگەڕێم، لە پاڵ دەیان چەشنە کەل و پەلی هەمەڕەنگ و هەمە جۆر، کتێب دەبینم، چاو دەخشێنم هەرچی بەرچاو دەکەوێت بە زمانی ترکییە. مێژوو، فەلسەفە، سیاسەت، ڕۆمان، شیعر، چیرۆک، تەنانەت کتێبەکانی ئەمیر حەسەنپوور بە ترکی دەبینم. بە دەگمەن کتێبی کوردی بەرچاوم دەکەوێ، هەتا دەگەمە خێوەتی یەکیەتی مامۆستایانی کورد. کتێبەکان بۆ فێربوونی زمانی کوردیین، ئەوانەی لە خێوەتەکەدان، خۆیان بە ترکی لە گەڵ یەکتر قسەدەکەن. لە تەنیشت من باوکێک لە گەڵ منداڵەکەی سەیری کتێبەکان دەکەن، چەند کتێب جیادەکاتەوە و لە منداڵەکەی دەپرسێ" دەخوازی کرمانجی هین ببی؟" منداڵەکە بە یەک وشە وڵامی دەداتەوە"نا". کابرا کتێبەکان لە شوێنی خۆی دادەنێتەوە.

بەشێکی زۆر لەو کتێبانەی بەر چاو دەکەوتن لە وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا چاپکرابوون، کە کاتی خۆی لە کۆڵن دامەزرا. لە ناو کتێبەکاندا چەند کتێبی نوێ بە زمانی ئاڵمانی هەبوون لە سەر ژیان لە ڕۆژئاوا و کۆبانی، باس لە ژنانی گریلا و چیرۆک و ڕۆمان. لاپەڕەکانی کتێبێکی فەلسەفەم بە زمانی ترکی هەڵدەداوە و دەمویست خۆم تاقی کەمەوە، بزانم چەندی لێتێدەگەم، لەم کاتەدا گوێم لە دەنگێکی ئاشنا بوو کە سەیری سەرسەکۆم کرد، ساڵح موسلیم بە ترکییەکی ڕێک و پێک قسەی دەکرد، هەرچەند ئەو زمانە خۆی ڕێک وپێک نییە. وە بیر "مەد تی ویی" کەوتمەوە، ئەو کوردانەی باشوور کە لەوێ کاریان دەکرد، فێریی ترکی ببوون.

شوێنەکە قەرەباڵغ بوو، لە لایەک بازاڕ، لە لایەک هەموو چەشنە خواردن و لە سەر سەکۆش وتاری سیاسی دەبیسترا کە تەنیا کۆمەڵێکی کەم گوێیان دەدایە و جاربەجار چەپیان دەتەقاند.

ساڵی ساڵان لە شوێنی وا چاوم بە زۆرێک لە نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی هەر چوارپارچە بە تایبەت باکوور دەکەوت، زۆربەی ڕێکخەرانی ئەم بەرنامانەم دەناسی، ئەمساڵ پاش چەند سەعات سووڕانەوە بەناو خەڵکدا کەسی ناسیاوم نەبینی، تەنانەت ئەو کەسەی کە بانگی کردبووم، خۆی نەهاتبوو!
***
ئەوەی پەیامەکانی فستیواڵ و میتینگ چەندە گەیشتۆنەتە ئانکارا و بەرلین و واشنگتۆن و مسکۆ نازاندرێ، بەڵام ئەوەی لە مێدیای ئاڵمان بڵاوکراوە، تەنیا هەواڵی بەڕێوەچوونی میتینگەکە بوو، هەر وەک میتینگەکەی پارتی و حکوومەتی کوردستان چەند مانگ لەوە پێش هەر لەم شارە، کە تەنانەت هەواڵەکەشی بڵاو نەکرایەوە.

پ کاکا بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابووردو بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان، میتینگ، فستیواڵ و بەرنامەی هاوچەشن چالاک بووە و توانایی باشی بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە بەرنامانەی هەیە، بەڵام بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە نە کەسی هەبووە لە مێدیای ئاڵمان دەرکەوێ، نە کەسیان هەبووە بە زمانی ئاڵمانی سیاسەت بکەن، هەموو ئەو کەسانەش کە لە حزبی سەوزەکان و دواتر حزبی چەپی ئاڵمان بوون بە ئەندام، بەر لەوەی دەوری سیاسی بگێڕن، دەوری ئیداریی بۆ ئەو حزبانە دەگێڕن.
پ کاکا سەرەڕای قورسایی هێزەکەی لە ئاڵمان، سەرێکی بچووکی سیاسی و قەوارەێکی گەورەی کاریی هەیە و لەحاند دام و دەزگاکانی ترک و لۆبی ئەو وڵاتە لە ئاڵمان، بێ دەستەڵاتە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەموو جولە و چالاکییەکانیان بە ساڵانە لە لایەن دایرەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناخۆی ئاڵمان، لە ژێر چاوەدێریدایە.
پ کاکا بەر لە هەرشت پێویستی بە کاری دیپلۆماسی بە شێوەی سەردەم هەیە، بۆ ئەوەی خۆی وەک هێزێکی سیاسی لەم وڵاتە بچەسپێنێ. بۆ گەیشتن بەو نیازە سی ساڵ لە کاتیان لە دەست داوە!

برایم فەڕشی

 

           

 

07/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com