گەشتێک لە کرێتە
 

  شوان حەسەن

 



وا پێدەچوو
کەشتیەوانەکان دەریایان هارکردبێ شوان حەسەن
بۆیە شەپۆڵەکان بەردیان تێدەگرتین ، دەیانویست کەنارمان پێ چۆڵ بکەن
تا لە لمەکان نزیک نەبووینەوە، نەگەیشتین بە نەرمای دڵی
لەوێ، بە چرپە پێمگوت:
دەزانی زریانی بیابان لوولی نەدەبام، لەوانەبوو
منیش زمانی پۆسەیدون فێربام و ماسیەکانیش ئەو پێستە مردووانەیان لە قاچەکانم
بکردباوە
کە نەریتێکی نەخۆش بۆی گواستومەتەوە
دەسەربخە سەر پەڕە ئەفسانەییەکانم
تا چێژلە دەنگە سەرشیتەتەکەت وەرگرم و
ڕابردووە خۆڵ لەسەر نیشتووەکەم، لە دامێنت بشۆم
***
ئەفرۆدیت شوێنەواری کراسە پەمبەکەی لە ئێلەفۆنیسی جێهێشتبوو
کچ و کوڕ
کەنارەکانیان تەی دەکرد
کەفوکۆڵت، قاچەکانی دەشوشتین
ئیمەش، بە بێ دەنگی (سەعی) گەڕانمان دەکرد
کەسم نەدیت لە دەرەوە بگەڕێ!
هەرکێ دەهات، سەرمەستانە کەمەری لە شەپۆڵێک دەبەست و
بە دواتدا دەهات
نەمزانی ئەوە جادووی تۆبوو، یا نەریت؟
دەتگوت لە تابلۆی خەیاڵدا، جوانی دەچنینەوە
ترسام بڵێم سێبەری مەڕو بزنەکانی ئەنکیدۆم دیت
دەمزانی کەس بە عەشتار تۆ ناناسێ!
کە بە ئاگا هاتم و پرسیم
کێ نێچیری دوێنێ شەوت بوو؟
پەنجەرە بچوکەکەی ئەفسانەم شکا و
تۆش ، بە کراسە سپیەکەت
هاتیەوە ناو تابلۆی ژووری هوتێل
***

منداڵەکانمان ، بە پێکەنین لە کوچە و کۆڵانەکانی داهاتوودا دەگەڕان و
ئێمەش، بە غەمباری ئاوڕمان لە ڕابردوێکی بە سەرچوو دەداوە
میهرەبان بوون، جێیان نەهێشتین
دەنا، نیازمان وابوو
شوێن پێی ئەو ڕەوە گورگە هەڵگرین
کە زمانیان بە پێستی تاریکییدا دەهێنا
***
من درەختێکی سروشتیم و دەمەوێت بە ئاسودەیی خۆم
لقوپۆپ و ڕەگەکانم پەلبهاوێن
ئەوە چڵێکم
لە ئامێزی کرێتەی جوان موتربەکرد
لەگەل ئەو چڵە زەیتوونەی
کە چۆلەکەیەک هات و، موژدەی ئاوەدانی بۆ هێناین
دەترسم بخەوم و تارمایی عوسمانیەکان سێبەرەکەم بدزن و
دیسان
قژە پڕشەنگەکەی تۆش لە دوای خۆیان ڕاکێشن و
لەکەمەری منداڵەکانت بئاڵێن
چاوە زەیتونیەکانت بکەن بە غولام و
پاش سەما و هەڵدانی ڕاکی
بە رەو مزگەفتەکەی حەسەن پاشا بڕۆن!
بەڕاست ئەوە، ئەو حەمامە بوو غوسلیان لێدەردەکرد
چ بۆنێکی قێزەوەن، ناوەوەی سواغداوە
ئایە ژیان جوانتر نییە بێ ئەو شوێنەوارانەی
تاوان خشت بە خشتی هەڵچنیون؟
لە دەروازەی مێژوو لە دنیایەک پرسیار ئاڵاوم و
نازانم، بۆ ناتوانێ دۆسیەی تاوان و تاوانبار داخا!؟
***
سێڤس لە سەر چیایەک ڕاکشاوە و
پاسەوانی هیراکلیۆن دەکات
گەشتیارەکەنیش وەک ئەرکیلۆگێک سەریان بەژووری ئەفسانەکاندا دەکرد و
داستانەکانیان لە کامیرەکانیان کۆدەکردەوە
تا دەهات تەنیاتر دەبووم
زانیاریەکانم بەسەر ڕستەی خەیاڵم دادا و
هەستم وەک کۆلارەیەک، بەسەر شاردا هەڵدا
ئاخر
من کەسێکی دیکە دەناسم پاسەوانی رووحی ئەو شارە دەکا
بیرەوەری منداڵیم ، دایە دەست شوفێرێک و
لەبەر دەم پەیژەی کتێبەکان، وشەکانی دەستیانگرتم
کازانزاکی ڕاکشاوە و بەهەردوو دەستی کێلەکەی خۆی گرتوە و
بانگم دەکا
ئەمن هیچ هیوایەک ناخوازم
ئەمن لە هیچ ناترسم
ئەمن ئازادم
نووسینی سەر کێلەکەی بە دەنگ بۆ خوێندمەوە
كچەکەم گوتی:
-چۆنی تێگەیشتی؟
+دەزانم چی دەڵێت!
ئەو کە مرد، رووحەکەی خۆی بەسەر زەویدا پەخشکرد و
ئەو ڕۆژە بەخت یاوەرم بوو، هەناسەم هەڵمژی
کچەکەم بە پێکەنینەوە، بە دوای خەیاڵم کەوتبوو
منیش تا سەمای زۆربام نەکرد
ئەوێم جێنەهێشت

***

ئەو شەوەی موسیک لە باوەشی ئۆزۆ
دڵۆپ، دڵۆپ گۆرانی دەکردە خوێنم و
ئەوە من نەبووم
زۆربابوو، سەمای بە رووحم دەکرد
هەرگیز باوەڕناکەم، جەنگ دوو چاوی ساغی هەبوبێ و
لێرە گوزەری کردبێ
ئەرێ سەکردەیەک عەشقی موسیک و گۆرانی بێ
کەی کاتی هەیە بۆ شەڕ؟
هاوڕێ دەزانم و بە چاوی خۆم دیتم
سەربازەکانی ئێرە، چەکەکانیان لە مۆزەخانە دانابوو
ببورە
هات، بەسەما هات
ئەو کچە جوانە بەڕیزێک پێکەوە
باهەڵیدەین
خەیام دەڵێت: ژیان پێنج و دوو ڕۆژێکە
***
هەڵدەکشێم و
لە جوگرافیەکی دیکە دەنیشمەوە
سێبەری هەورێک ڕەنگی پێستم دەدزێ
لەوانەیە بەیانی لە خواردنگەیەکی گۆتنبۆرگ بەدواتدا بگەڕێم
چاوە زەیتونیەکانت، وەک سەبوورییەک
لە مێزێکدا کۆمان بکاتەوە


shwanhassan@hotmail.com




 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com