نامەیەکی کراوە بۆ باوکم
 
ن: درەو مهدی




 


- خۆش بە حاڵت کە لە عەدەمیت!
- باوکە تکایە لە عەدەم پانتایەکیش بۆ ئێمە بە کرێ بگرە دەمانەوێت بێین بۆ ئەوێ!

باوکە!
نوسینی ئەم دێڕانە کەف و کوڵی دڵی کوڕەکەتە کە خۆیشی نازانێت حوکمە ئەبەدیەکەی بۆ ژیانکردنی لەم زیندانی ژیانەدا چەندە؟
ئەم دێڕانە نامەی کوڕێکە کە نازانێت لای پەروەڕێنی خۆی بە چ یاسایەک مەحکوم بە ژیان کردن کراوە!

باوکە!
ئێستا لە کاتی نوسینی ئەم دێڕانەدا لە بیری ئەوەدام کە ئەم نامەیەت بەو فریشتانەدا بۆ بنێرم کە لەنێوان دونیا و عەدەمدا هاتوو چۆدەکەن یان لەگەڵ خۆمی هەڵگرم بۆ ڕۆژی پەسڵان ئەگەر توانیمان یەک ببینین لەوێ بۆتی بخوێنمەوە؟!.

باوکە!
ئەزانی ئەو مێژووە بوو ئێمەی بە ئێستا گەیاند! ئێمەی گەیاندە ڕۆژگارێک کە کوردایەتی بووە بە کاڵایەک بۆ بەرهەمهێنانی "سۆپەرمانی پوچ" بۆ بەرهەمێنانی پیاوی بچووک و هیچ لەباردا نەبوو!

باوکە!
ئەو مێژووە دەڵێم! ئەودەمەی کە ئێوە لە ناوشاردا بە کۆبوونەوەی پچڕ پچر و نهێنی لەماڵاندا تیۆرەکانی شۆڕشتان تاوتوێ ئەکرد، ئەوان لە شاخ بناغەی بوون بەدایناسۆر بوونی خۆیان ڕەنگڕێژ ئەکرد!

باوکە!
ئەزانی، ئەوان هەر ئەوکات لە شاخ بەشداری یەکەم گفتوگۆی کراوەیان لەگەڵ شەیتان کرد!.
ئەوان هەر ئەوکات ماستەر پلانی گەوجاندنی هەزاران کوردیان لەگەڵ شەیتان گەڵاڵە کرد!

باوکە!
هەر ئەوکات،کومەڵیک گرگن، کۆمەڵیک کەمتیاری سەر جەستەی داڕزاوی کوردایەتی، هەموو ئینێرژی هەزارانی وەک ئێوەیان کردە پردێک و بۆ سەردەمی ملیاردێربوون پێیدا پەڕینەوە!

باوکە!
ئەوان توانیان "جەستە و بیر و هۆش" ی ملیۆنان کوردی "سادە عەقڵ"! بەکار بهێنن بۆ بازدان بەسەر سەردەمەکاندا و گەشتنیان بەو حەوزی کەوسەرەی کە ئێستا بەهۆی "سادە عەقڵ" بوونی ملیۆنان کوردەوە بۆ خۆیان وەچنگ خستووە!

باوکە!
ئەزانی لە ڕۆژی پەسڵاندا بەدیار ژماردنی ئەو کوردانەوە بێ تاقەت دەبین کە ڕیزکراون بۆ محاسەبەکردن لە پای ئەوەی کە لە نەزانین و نەبوونی هۆشیاریانەوە بەناوی"کوردایەتی" یەوە هەرزوو لە خشتە براون و مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە!

باوکە!
دەبوو هەر ئەوکات بتانزانیبا کە بەعەمەلیکردنی هیچ تیۆرێکی شۆڕش بۆ ئێرە ناشێت! چونکە لە بنەڕەتدا ئەوانەی کە بەناوی شۆڕش و فەراهەمکردنی ئازادی دایانە شاخەکان، هیچیان کارەکتەری شۆڕش نەبوون، هیچیان بە فیعلی بەدوای هینانەدی ئەو دروشمانەوە نەبوون کەبۆی چوو بوونە شاخ. بەڵکو ئەمانە چەند گروپ و تاقمێک بوون کە هەموویان سۆپەرمانی سەر عەرشی خۆش گوزەرانی و ئەرستۆ کراتیەت ژیان بوون!.

باوکە!
ساڵانی دواتری "شاخ" سەلمێنەری ئەو ڕاستیەبوو کە چوونە شاخی ئەمانە تەنها بەهانەیەک بوو بۆ فەراهەمکردنی " وەک بەهەشت ژیانکردن" بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان!.

باوکە!
ئەزانی وا دوای تیپەڕینی دوو (دەیە)ش ، لە سەدەی بیست و یەک،کارگە لەکار کەوتوو شکستخواردووەکەی بەرهەمهێنانی چەمکی کورد بوون، لەڕێگەی چاندی کوردایەتی بلوریەوە لە هەناوی تاکی کورددا شکڵێک لە کوردبوونی چاندووە کە نەوەیەکی وای بەرهەمێناوە ئەگەر خۆمان لە گێلی نەدەین هەموومان کافرین بە کوردبوون!.

باوکە!
ئەزانی کۆمەڵیک مێژوو نوسی درۆزن، کۆمەڵیک قەلەم بەدەستی دەربار زۆر مێژووی سەدەی ڕابردوویان وەک مێژوویەکی جوان و عەیارە٢٤ پێفرۆشتینەوە کە پڕ پڕ بوو لە ناشیرینی و ئیفلیج کردنی مرۆڤ بوون و لەباربردنی ژیان لەسەر ئەم ڕووبەرەی جوگرافیای هەریمی شەیتانەکان!

باوکە!
لە ئێستاوە خەمی قوڵی من ئەوەیە کە نەهێڵم مێژوونوسی درۆزن، قەڵەم بەدەستی دەربار، "هەرچی ناشیرینی ئێستا هەیە ، هەرچی بەپوشکردنی تاکی کورد هەیە...هتد" وەک مێژوویەکی زۆر جوان "بەدەستی دوو" لای خۆیانەوە بۆ نەوەی داهاتوو بگوازنەوە! کەتیایدا میژووی ئەمڕۆژانە کە پڕیەتی لە شێرە بەفرینەی سیاسی پڕ بکەن لە سۆپەر ستاری سیاسی و نەوەکانی داهاتووش وەک خەوێکی خۆش لەم ڕابردووە ناشیرینە بڕوانن!.

باوکە!
ئیتر ئێمەش حەزمان لە هاتنە بۆ عەدەم! چونکە لێرە شانۆگەری زۆر بێتامی ژیان کردن بەڕێوە ئەچێت! ئێرە وای لێهاتووە هەر کەس بیەوێت کە لە سزای گەل ڕزگاری بێت دەست بەجێ دەستێک جلی کوردایەتی لەبەر دەکات و ئیتر لای زۆرێک لە خەڵک دەبێت بە فریشتە!

باوکە!
خۆش بەحاڵت کە دوو ساڵە لە عەدەمیت!

کوڕی خۆت:
درەو. ٣٠/ئابی ٢٠١٦


 

           

 

30/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com