پارادۆکسە جێگیرەکان
 
ئەحمەد ڕەزا





وێنا کردنی مەرگ لە چەند وێنەیەکی جیاوازدا، بەقەدەر ئەوەی دەرخستنی ڕوویەکی ترە بە گەیشتن بە کەماڵی مرۆڤ بوون، پێچەوانەی ئەو ڕایەیە ئاماژە کردن بێ بۆ ڕەشبنینییەکی بێهوودە.. ئێمە لە ڕووی ئەنتۆلۆژییەوە لە ژیاندا گۆشەگیرین و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، گۆشەگیری تێکەڵ (( بە پێی نوێکردنەوەی فەلسەفەی بونگەرایی لای پۆل ڕیکۆر))، لەسەر ئێمە وەک خود پێویستە مانایەک بدەین بە ژیان.. هەر ئەو مانادار کردنەی ئێمەیە ڕەنگەکان ئەگۆڕێت و تەفسیرێکی تر ئەدا بە بوونی مرۆڤ و جیای ئەکاتەوە لە بوونی ئەوانیتر.. مرۆڤ بە خۆجیاکردنەوەی لە بازنەی ژیانی بوونەوەرەکانی تر " کە تا ئێستاش لە پەیوەندیی نیمچە ئۆرگانیکیدایە لەگەڵیاندا، توانیویەتی دەسەڵاتیان بەسەردا بکێشێت و سروشتیش لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت.
دواتریش وەک هیگڵ ئەڵێت: جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵانی تر، لە خواستی دان پیاداناندایە، ئاژەڵ لە ململانێدایە لە پێناوی مانەوەداو مرۆڤیش لە پێناوی بەدەستهێنانی دانپیاناندا. مرۆڤ نەک بەرامبەر بە بوونەوەرەکانیتر، بەڵکو لەگەڵ خۆشیدا لە ململانێی دانپیانانی بەردەوامدایە.. بەم هۆیەشەوە مرۆڤایەتیی گەیشتووەتە ئاستی دەستبەسەراگرتنی توانای مرۆڤەکانی تریش و لەوێشەوە چینەکان سەرهەڵئەدەن.
سەهەڵدانی چینەکان، لە گرفتی دانپیانانەوە بۆ دەست بەسەراگرتن ئەپەڕێتەوە. مرۆڤی چینە دەستبەسەردا گیراوەکان " کە زۆرترینی مرۆڤایەتی پێک ئەهێنن" ئەکەونە جەنگێکی بەردەوامەوە لەگەڵ چینی دەست بەسەرداگری کەمینەدا. ئەم مرۆڤانە لەگەڵ ئەوەی سەرجەم تواناکانی لە پێناوی مانەوەدا هەرزانفرۆش ئەکا، جگە لەوەش ئەکەوێتە بەر پارادۆکسێکی نوێ:
ئایا ململانێی ئەو لەگەڵ دانپیاناندا بەردەوام ئەبێت؟ یان بە ناچاریی وەک بوونەوەرەکانی تر ئاراستەکەی بەرەو " لە پێناوی مانەوەدا" ئەگۆڕێ، کە لەبنەڕەتدا داواکاریی ئەو نییە!
نامۆبوون " الاغتراب" بەرهەمی ئەو دۆخەیە کە مرۆڤە باڵادەستەکان، بەسەر ئەوانیتریدا ئەسەپێنن.. جگە لە فرۆید کە نامۆ بوون و دەمارگیریی ئەگێڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان غەریزەکان و ئیگۆ، هەر یەک لە مارکس و ئێریک فرۆم ئەیگێڕنەوە بۆ دەسەڵاتی پڕ زەبروزەنگ و تاک دورایی قۆناغی سەرمایەداریی.. فرۆم گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤ لە قۆناغی دەرەبەگایەتییەوە بۆ پیشەسازیی، بە هۆکاری گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤ ئەزانێت لە گۆشەگیرییەوە بۆ نامۆبوون و بێهوودەیی و تەواو دژی ئەو ڕایە ئەوەستێتەوە، کە نامۆبوون بەشێکە لە بونیادی مرۆڤ و پەیوەندییەکە فیزیکی بێت، بەڵکو بە دەرەنجامی ئەو هاندەرانەی ئەزانێت، کە ئەبنە هۆی ملکەچ کردن بۆ دەسەڵات، بۆ ئەم ڕەتکردنەوەیەش لەبری ئەوە پێنج داخوازیی گرنگی مرۆڤی ڕوون کردووەتەوە، کە یەکیان باسی شوناسە.
شوناس بەمانای دەرکەوتنی سەربەستانەی مرۆڤ، لەو لایەنەوە کە پرەنسیپی ئینتیما دیاری دەکات، بەو پێیەش ئازادیی ئەبێتە پەیامی سەرەکیی ئەم گوتارە.. " فرۆم ئه‌ڵێت : ـ ((وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ خوداو ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی یاخی بوون له‌ لایه‌نی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ كردارێكی پۆزه‌تیڤه‌ و یه‌كه‌م كاری ئازادیه‌ ، به‌و مانایه‌ی یه‌كه‌م كرده‌ی مرۆڤه‌)) چونكه‌ ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و یاخی بوونه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زێكه‌ كه‌ سنوری زه‌وت كردنی ئازادی ئینسان له‌ لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه‌ تێك ده‌شكێنێت".
بچوککردنەوەی ژیان لە پنتێکدا بۆ قۆستنەوەی دەرفەت لە پێناوی بەدەستهێنانی شتێکدا کە لێی بێبەش کراوە، جۆرێکە لە ڕۆچوون بە نامۆ بووندا. ئازادیی لەم تێڕوانینەدا لەوێدا خۆی حەشارداوە، کە بۆ بەدەستهێنانی ئەو شمەکە، لە هەر ساتێکدا کۆتایی پێهێنانی ئەو ژیانە بچوککراوەی لێ چاوەڕوان ئەکرێت.. لەم نمونەیەدا بچوک کردنەوەی ژیان لە پنتێکدا ڕوون دەرئەکەوێت:
لەتەقسیم
خول دەخۆم
وەک مێشێ
کەژیان لەچێژی
قاپێکی سەرمێزی
بەردەمی کچێکی
چاوشیندا
دەبینێ
ئەم نمونەیە کۆپلەی یەکەمی شیعری " ئەستەمبوڵ" شاعیری نوێخواز" جەلال عەبدوڵڵا"یە، بوونی خۆی لە ئەستەمبوڵدا، جگە لەوەی لە ڕووی دیاردەگەراییەوە، جۆرێکە لە نامۆبوونێکی کۆمەڵایەتیی، لە ڕووی دەروونیشەوە، لە گێژەنی نامۆبوونێکی سەپێنراودایە.
لە سەرەتای کۆپلەی چوارەمی دەقەکەدا، بەر ئەنجامی ئەو سەرکێشییە ئەکەوین، کە لێکچواندنی مێشە خولخواردووەکە ئەیگاتێ:
لەتەقسیم
خول دەخۆم
وەک مێشێ
کە باڵی شکابێ و
تەپەی بێ.
لە ڕاڤەکردنی گوزارشتەکانەوە، ناکرێت مانا هەڵهێنجرێت، وەک پێشتر دیکارت و هیگڵ کاریان لەسەر بەرجەستەکردنی مانا کردووە، لە بەر ئەوەی "هۆش/ ئاگایی" لەسەر "دووڕووکار"یی پارادۆکسە جێگیرەکان پەیوەندیی خۆی دائەڕێژێت: شاراوە/ دەرکەوتوو، لابراو/ پرشنگدار.. بەڵکو بە ئامرازەکانی مەبەستی هەڵوەشاندنەوەگەریی مانا، ڕاڤەی مانا بەرهەم دێت، بۆ ئەمەش پشت بە میتۆدەکانی هەڵوەشاندنەوەگەریی و هێرمنیوتیک و نواندن ئەبەسترێت.
مامەڵە کردن لەگەڵ سیمبۆلەکاندا وەک ئەوەی لە ڕێگەیەوە ڕاستییەکان بدۆزرێتەوە، هەڵەیە، لەبەرئەوەی ڕەمزەکان هەڵگری ڕاستییەکی ساختەن و ڕێ لە دەرکەوتنی مانای ناوەکیی ڕاستەقینە ئەگرن، لەبەرئەوە ڕیکۆر پێی وایە ئەوەی لەسەر خوێندنەوە هێرمۆنیکیەکانە کردنەوەی کۆدەکانە، واتە مانای ناوەکیی و جیاکردنەوەی لە مانا دەرکەوتووەکە.
ئەگەر نمونە لەسەر ئەم دەقە وەربگین بەم جۆرەیە: ناکرێت لەڕێگەی ئاگاییەوە، پەیوەندیی مێش لە دەقەکەدا وەک خۆی وەربگرین، کە بەسەر قاپێکەوە ئەنیشێتەوە، لەو کاتەدا ئەو مانا دەرکەوتووەی کە مێش هەیەتی دوورمان ئەخاتەوە لە مەبەستە ڕاستەقینەکە، کە پاش هەڵوەشاندنەوەی دەقەکە کۆدەکانی ئەکرێنەوە.. بە واتای ئەوەی لەو کاتەدا بەر مانایەکی ڕاستەوخۆ ئەکەوین دوور لەو مانایەی لە پێکهاتەی دەقەکەدا ونە.
لەبەر ئەوە گەر بە ڕەواڵەت بڕوانین، ئێمە تەنها لە سەر ڕووی فۆرمی شیعرەکەدا ئەمێنینەوە، بەڵام کاتێک لە دەرەنجامی هەڵوەشاندنەوەگەرییەوە لە مانای دووەمی ڕەمزەکان نزیک ئەبینەوە، ئەوکاتە هیچ تەمومژو ئاڵۆزییەک لە دەقەکەدا نامێننێ و بەر مانای دروست ئەکەوین، بەمجۆرەش لە تەفرەدانی خەیاڵ و تێڕامانی نەشارەزایانەش دوور ئەکەوینەوە:
٣
(( لەتەقسیم
هەورەکان
کۆچ دەکەن
باڵندە دەخوێنێ
من دەگریم
برسیمە
تەماشای گیرفانی
بۆرژوای
دز دەکەم ))
هەندێ دالی بەکاربراوی زمان هەن، جگە لەوەی ئاماژەی ڕاستەوخۆن بۆ باسێکی ئاشکرا کراوی پێشتر، لەگەڵ خوێندنەوەشدا لە دەقێکی ئەدەبیی چڕدا، ئەبێتە ڕێنیشاندەری خوێنەرو لە چەمکی گشتیی دەقەکەی نزیک ئەکاتەوە.. ئەو دالانەش مەرج نییە بەرهەمی شعور بن، بەڵکو وەک خوێندنەوە فرۆیدییەکەی، پێ ئەچێت دەرفەت وەرگرتنی نەست بێت لە سوپەرئیگۆی ساتی خوڵقاندن.. کۆپلەی ٣، دروست نزیکمان ئەخاتەوە لە مەبەستگەرایی دەقەکەو باری نامۆبوونێکی کوشندە ئاشکرا ئەکا.
لە کۆپلەی چوارەمیشدا بە هەمان شێوە، تەواو بە مەبەستگەرایی دەقەکە ئەگەین، کاتێ هەڵهاتن لە مردنێکی حەتمیی هەست پێکراو لەشاردا، نامۆ بووەکان ڕاو ئەنێ بۆ گەڕانەوە بۆ ناو سروشت.. نامۆ بووەکان لە دەست مردن و خەڵک هەڵدێن بەرەو ئۆقیانوس، لەوێس جارێکی تر بەر مەرگ ئەکەونەوە، مەرگی ماسیەکانی ناو تۆڕ.
لەم دەقەدا پارادۆکسەکانی مەرگ/ ژیان، نامۆ بوون/ ئازادیی، گۆڕانی ڕەفتاری مرۆڤی یەکەمین/ دەرباز بوون لە سروشت، بە کوالیتییەکی ورد داڕێژراوە.. بانگەشەیەکی بەنهانیش هەیە، دوور لە دروشم، (( ئازادیی مرۆڤ )) ئامانجە.
ئەستەمبوڵ
1
لەتەقسیم
خول دەخۆم
وەک مێشێ
کەژیان لەچێژی
قاپێکی سەرمێزی
بەردەمی کچێکی
چاوشیندا
دەبینێ
2
لە تەقسیم
وەک هەنگێ
تەماشای
گوڵی ناو
ئینجانەی شکاوی
دوکانی شار دەکەم
لە تەقسیم هیلاکم
دوکەڵی
کەلاوەی دێبەری
کارەسات
هەڵدەمژم
3
لەتەقسیم
هەورەکان
کۆچ دەکەن
باڵندە دەخوێنێ
من دەگریم
برسیمە
تەماشای گیرفانی
بۆرژوای
دز دەکەم
4
لەتەقسیم
خول دەخۆم
وەک مێشێ
کە باڵی شکابێ و
تەپەی بێ
وه‌ک مه‌یمون
له‌ خه‌ڵکی ڕاده‌که‌م‌
هەتاکو باوەشی
ئۆقیانوس
ناوەستم
تێر سەیری
تەکانی مردنی
ماسی ناو
تۆڕ دەکەم


جەلال عەبدوڵا

 

           

 

30/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com