پەرلەمانتارەکان وەنەوشەتان باش
 

  

شاناز عەبدولڕەحمان





دەمێکە لە فرسەتێک دەگەڕێن کە یاساییەن موچە و ئیمتیازی خۆتان زیاد بکەن و خەرمانی سەروەت و سامانتان بەرەو هەڵکشان ببەن، دەمێکە ئومێدتان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کە لە سوچێکەوە لە پەنایەکەوە فرسەتێک بێتە پێشەوە تا ئەگەر توانیتان موچەتان زیادبکەن، نەتانتوانی ئیمتیاز زیادبکەن، نەخێر هەر نەتانتوانی خەونی بون بە ساحێبی وەنەوشەیەکتان ببێت بە نسیب.
دیارە بەهۆی باردودۆخی ٦ مانگی ڕابردووەوە کە تێیدا دڕندەترین هێز لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، داعش، هێرشی کردە سەرمان، فرسەت نەهاتە پێشێ بۆ ئەوەی کە هەوڵ و ماندوبونتان بۆ ئیمتازات سەربگرێ، بەڵام دڵتان ئۆقرەی نەگرتو هەر لەگەڵ نزیکبونەوی ڕەوینەوەی هەوری ڕەشی داعش، خۆتان پێنەگیراو هاوارتان کرد بۆ وەنەوشەی چاوکاڵ.
پیرۆزتان بێت، هەزار جار پیرۆز، ئاخر ئیوە کە لەناو حزب و بڕیارە گرنگەکانی حزبدا جیگەیەکتان نییە، ئاخر ئێوەیەک کە هیچ کەسێک لە مەکتەب سیاسیی و سەرکردایەتییەکانی حزب پرستان پێناکرێت بۆ هیچ ورد و درشتییەکی بریاری حزب، ئێوەیەک کە حزبەکانتان بە تەلەفۆن هەرچی پێوتن هەر ئەوە دەڵێن و هەرچیشی نەوت ئیوەش چاوی لێدەنوقێنن، ئیتر هاوڵاتییان دەبیت چ ئومێدیێکیان پێتان هەبیت!!!
تا ئیستاش لەو هاتوهاوار و بۆڵەبۆڵە تیناگەم کە لەملا و ئەولا دەوترێت و دەنوسرێت لەسەر داواکردنی وەنەوشە لەلایەن ئێوەوە، چونکە ئەوەی دەوترێت و دەنوسرێت وەک ئەوە وایە کە خەڵک چاوەڕوانی زیاتری لە ئیوە هەبیت و داواکاردنی وەنەوشەکانتان بە کارێکی نائاسایی ببینێت. لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە، ئیوە تەنها ئەوەتان لیچاوەڕوان دەکرێت، کە لە خەمی وەنەوشە و زیادکردنی موچە و ئیمتیازەکانتانا بن.. ئەوەی کە لەسەر ئێوە دەوترێت دروستکردن و بوونی ئومێدە بە ئێوە، ئەمەش هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە، چونکە نابێت هیچ ئومیدێک، هیچ هیوایەک، لەسەر ئێوە هەڵبچنرێت، بەتایبەتی لەسەر ئەو هەموو بێدادی و بێدەرەتانییەی کە لەم وڵاتەی خۆماندا هەیە، هەر لە نەبونی کارەبا و کەمی ئاوقەیرانی بەنزین و نەبونی سیستەمێکی باشی تەندروستی، خراپی کوالێتی دەرمان و نەبونی ئەمان و ئاسایش، تادەگاتە بوونی چەک لەدەست هاوڵایتان و میلیشیای حزبی و قەبەکردنی بودجەی حزبەکانتان و کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییەکان، تا ئەو ڕادەیە کە مانگ بوەتە ٩٠ ڕۆژ و مووچە ئاساییەکانمان بە سێ مانگ جارێک وەردەگرین، کەچی ئێوە دەنگتان لیوەنایەت، بەڵام بۆ وەنەوشەکانتان پیتان کردۆتە کەوش... بۆیە پیویستە لەمەودوا هاوڵاتییان کە سڵاوتان لیدەکەن پیتان بڵێن " پەرلەمانتانا وەنەوشەتان باش"


 

 

           

 

04/01/2015

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com