فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" GINKGO له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری
كورد "تووره‌ج ئه‌سڵانی" له سینه‌ماكانی شاره
جۆراوجۆره‌كانی ئێران نمایش ده‌كرێت.
دوای ڕاگه‌یاندنیی گرووپی سینه‌مایی "هونه‌ر و ئه‌زموون"
به پێی ئه‌وه‌ی كه نمایشی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ"
(گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵواسراو) یه‌كه‌مین به‌رهه‌می بڵندی
سینه‌مایی "تووره‌ج ئه‌سڵانی" ڕۆژی پێنجشه‌مه 1ی
كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2015 له سینه‌ماكانی
تاران و شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران نمایش ده‌كرێت و
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه پووسته‌ری فیلمه‌كه له لایه‌ن
هونه‌رمه‌ند "فریشته جوغه‌تایی" دیزاین كراوه و له
ئێستاشدا هونه‌مه‌رند "مه‌یسه‌م مه‌ولایی" سه‌رقاڵی
ئاماده‌كردنی تیزه‌ری ئه‌م فیلمه‌یه كه به زووترین
كات ئاماده ده‌بێت.
سینه‌ماكانی ئازادی، په‌ردیسی كورووش، مۆزه‌خانه‌ی
سینه‌مای ئێران، سینه‌ما تێكی ماڵی هونه‌رمه‌ندانی
سینه‌مای ئێران له شاری تاران و هه‌روه‌ها سینه‌ما
هۆوه‌یزه له شاری مه‌شهه‌د، سینه‌ما سووره له شاری
ئیسفه‌هان و په‌ردیسی سینه‌مایی كاپری له شاری گورگان
بۆ نمایشی فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" ته‌رخانكراون.
"تووره‌ج ئه‌سڵانی" پێش سازكردنی ئه‌م فیلمه سینه‌ماییه،
10 كورته فیلمی چیرۆكی، ئه‌نیمه‌یشێن و دیكۆمێنتاری
سازكردووه و زیاتر له 35 فیلمی سینه‌مایی ئێرانی،
كوردی و بیانی وێنه‌گرتووه، كه وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌ری
وێنه‌گرتن چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگی نێوده‌وڵه‌تیی و
ناوخۆیی به‌ده‌ستهێناوه، له‌وانه: خه‌ڵاتی باشترین
وێنه‌گرتنی به‌شی سه‌ره‌كی شه‌سته‌مین خولی فیستیڤاڵی
نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خه‌ڵاتی
باشترین وێنه‌گری شه‌شه‌مین ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتی ئیسكرین
"ئاسیا په‌سیفیك" (APSA) ناسراو به "ئوسكاری ئاسیایی"
له ئوستوڕاڵیا، خه‌ڵاتی "بۆقی برونزی" باشترین وێنه‌گری
بیسته‌مین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانه‌ی وێنه‌گرانی سینه‌ما
به ناونیشانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی "پلووس
كامێرائیمه‌یج" له پۆڵه‌ندا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی
حه‌وته‌مین خه‌ڵاته‌كانی ساڵانه‌ی سینه‌مای ئاسیا له
هۆنگ كۆنگ، خه‌ڵاتی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ
باشترین وێنه‌گری به‌شی سینه‌مای ئاسیا و ئه‌وروپا له
سێزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "شه‌وه‌كانی
تالین" له ئه‌ستۆنیا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی یه‌كه‌مین
خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌غدا له عێراق،
ته‌ندیسی باشترین وێنه‌گرتنی دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی
فیلمه ئێرانییه‌كانی تۆرێنتۆ له كه‌نه‌دا، خه‌ڵاتی
باشترین وێنه‌گرتنی بیست و هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی
نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له ئێران، خه‌ڵاتی
باشترین وێنه‌گرتنی چوارده‌یه‌مین جه‌ژنی ماڵی سینه‌مای
ئێران، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی شه‌شه‌مین خولی ئه‌نجومه‌نی
ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌مای ئێران، خه‌ڵاتی
باشترین وێنه‌گرتنی یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی
فیلمی خۆشه‌ویستی مرۆڤ به ناونیشانی "ئاسا" له ئێران
و چه‌ندین خه‌ڵاتی دیكه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی فیلمی سینه‌مایی
"جینگۆ".
|