کۆبانی، بزوتنەوەی سیاسی ، ژن و ناسیونالیزم !
 

  

سامان کەریم

 




- عبداللە ئۆجالان دەڵێت: "‏بەبێ جێبەجێبونی ئازادی ژن، ناتوانین گەشە بە هیچ لایەنێک لە لایەنەکانی گۆڕەپانی ژیانی ئازاد بدەین کە بەهرەمەند بێت لە مانا بەنرخ و بەرزەکان"السامیە" و شایانی ئەوە بێت تیایدا بژی. ئەمکارە ململانێی عەزەمەتی ژنی دەوێت، کە بەبێ ئەوە نیشتمانپەروەری و یەکسانی گەشە ناکات". (لە وتاری "ئازادی ژن، ڕۆڵی یەکسان و هاوسەنگی دەگێڕێت").

- بەدامەزراوەکردنی دیاردەی مێینە "feminization" وەک کۆنترین دیاردەی کۆیلایەتی، ئەنجامی فراوانبونەوەی هێزی کۆمەلی سێکسی یە "جنسوی"، دوای ئەوەی کە ژن بە شکست هێنرا -دایک و پەرستنەکانی و عاداتەکانی- دوای ململانێیەکی توند و هەمەلایەنە، لەسەر دەستی هێزی پیاو و دەوروبەرەکەی. تەنانەت لەوانەیە ئەم هێزو نفوزە زاڵە ڕەگی خۆی داکوتابێت لە کۆمەڵدا پێش تەواوکردنی گەشەکردنی شارستانێتی. (عبداللە ئۆجالان: "تاپۆکردنی"استملاک" ژن، بناغەی هەموو کۆیلایەتیەکە").

- هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و شارستانی، بە شێوەیەک کە مافەکانی ژن دەستەبەر بکات و ئاپارتایدی جنسی و نایەکسانی لابەرێت، و بەشداریکرنی ژن لە هەموو مەیدانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دا مسۆگەر بکات. (بەرنامەی یەدەپە، بەشی 'لە پێناو ئازادی ژن و خێزاندا').

- یەکینەکانی پاراستنی ژن، هێزی مەشروعی ژنانە، ئەرکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و زەمانەتکردنی گرتۆتە ئەستۆ. (پەیڕەوی ناوخۆی پاراستنی یەکینەکانی ژنان).

خوێنەری نوسینەکانی عبداللە ئۆجالان، بە ڕۆشنی ئەوە دەبینێت کە ژن وە "رزگاری ژن" لە ڕوانگەی خۆیەوە، مەسەلەیەکە لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەم ڕابەرە سیاسی و فکریەی ناسیونالیزمی کوردایە ... بە جۆریک کە چەوساندنەوەی ژن لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەوەندە گرینگی هەیە، کردویەتییە بناغەی هەموو چەوساندنەوەکانی دیکە. لەمبارەوە دەیان نوسینی ئۆجالان لەبەردەستدایە وە نوسینی تایبەتی هەیە بە هەمان ناونیشانەوە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە. ئەوەی کە ئۆجالان و حزبەکەی "پەکەکە" و دواتر یەدەپە لە سوریاو یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" و "یەپەگە" و کانتۆنەکانی جەزیرە و عەفرین... دەسەڵاتە خۆجییەکانیان، ئەم مەسەلەیە دەبێتە مەسەلەی سەرەکیان هه‌روا له‌ خۆڕا نیه‌، بەڵکو کاریگەری گەورە و گرانی ڕابەرەکەیانە بەسەر فکری بزوتنەوە و کەسایەتی و کادرو ئەندامەکانیان و پاشان دەسەڵات و یاساکانیانەوە.
ئەم بزوتنەوەیە و ئەم سەرکردە کارێزمایەی "کورد" کە ئێستا لە ئیمرالی بەندکراوە، ئەو کانتۆنەی جەزیرە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن و مقاوەمەت لە کۆبانی و دەرکردنی یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە کانتۆنی جەزیرە.... هەمووی کار و پراتیک و سیاسەتێکە بەڕابەری ناسیونالیزمی کورد لە دوو ووڵاتدا کە ئەو بزوتنەوەیە تیایدا هێزیکی کاریگەر و جێکەوتووە و پێگەی سیاسی و کۆمه‌ڵایەتی خۆی هەیە لە ئاڵوگۆڕەکاندا، جا ئەوە ڕۆشنە کە لایەن و ئەحزاب و خەڵکی سەربەخۆش لەم بزوتنەوە فراونە جەماوەرییە- سەربازییەدا هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە و ئەم مقاوەمەتە و ئەم یاسایەی فەراهەم کردووە و "یاسای یەکسانی ژن و پیاو" ڕابەڕی دەکات، ئەوە حزبی یەدەپەیە. پەکەکە و یەدەپەش دوو‌هێزی ناسیونالیست کوردی چەپن. ئەو ڕوانگەی پێی وایە ناسیونالیزمی کورد هەر ژن کوشتنە، ناسیونالیزم هەر تێهەڵدان و ئەتککردنی ژنە، ژن ناتوانێت سەرۆک وەزیران و دادوەر و سەرۆکی سوپا بێت، یان ناسیونالیزمی کورد هەر دەبێت "ئۆقیانوسێک لە تاوان" بێت، یان ناسیونالیزم هەر ئەوەی یەکێتی و پارتی وگۆڕانە، یان ئەوەی حکومەتی هەرێمە، یان هەر ئەوەی پارتی و لای بارزانیە.... وانیە، نەک ئێستا وانیە، بەڵکو پێشتریش وانەبووە.
ئەو ڕوانگە و بۆچوونەی سه‌ره‌وه‌ کۆسپی هەیە لە تێگەیشتن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. کۆسپی هه‌یه‌ لە ناسینەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ناسیونالیزم وەک بزوتنەوەیەکی ناوچە فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوار ووڵاتی جیاوازدا. کۆسپ نەک لەناسینی هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیه‌ وەک هێزگەلێکی بورژوایی، بەڵکو کۆسپ لەوەی کە تێڕوانینێکی ئەمپریستی زاڵە بەسەر تێگەیشن و پراتیکیدا. ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکی جیهانی یە و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، جیهانی بوونی خۆی دەسەلمێنێت لە ئاستی فکر و تیۆر و ئامانجی گشتی دا. ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەی قۆناغی سەرهەڵدانی سەرمایەو جیهانگیربونیەتی لە چوارچێوەی مۆدرێنێتەی سەرمایەدا، سەرنجێکی کورت بە ناسیونالیزمی فەرەنسی و ئەلمانی و ئەمەریکی لە سەردەمی سەرهەلدانی دا، کۆمەک بە تێگەیشتنی زیاتر دەکات. بەڵام ووتنی ئەم ڕاستی یە یان هوشیار بوون پێی و درککردنی هەمەلایەنەی ئەم سیما جیهانیە و لە هەمان کاتدا درککردنی ئەوەی کە ئەم بناغەیە و ئەم چوارچێوە گشتییە جیهانی یە، لە ئاستی لۆکەڵی ووڵاتاندا جیاوازی هەیە، کافی نیە. هێشتا کۆمەڵیک کۆسپ دەمێنێت بە تایبەت بۆ ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیانەی کە داوای هەمەگیرتر و سەراسەری تریان هەیە وەک ناسیونالیزمی عەرەب و ناسیونالیزمی کورد و کاتی خۆی ناسیونالیزمی ئەلمانی پێش یەکگرتنی ئەلمانیا وەک ووڵاتێکی یەکگرتوو، کۆسپی خۆیان هەبوو لەو هەلومەرجەدا.
ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوە ئیدعا و ئامانجی خۆی هەیە کە گەورەترە لە هەریەک لە هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە هەر ووڵاتێکدا. "رزگارکردنی کوردوستان" و پیکهێنانی "کوردوستانێکی گەورە" چوارچیوەی گشتی ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە پێک دەهێنیت. ئەوەی کە تا چ ئاستێک هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە هەر ووڵاتێکدا هەمان ئامانجیان هەڵگرتووە و پراتیکی دەکەن، ڕاستەوخۆ دەمان گەیەنێتە ئەو خاڵه‌ی (پۆینته‌ی) کە ناسیونالیزم لە لۆکەڵی ووڵاتێکدا چی بەسەر دێت؟!. بەتایبەت هەر وەک ووتمان ئەم سیما و خەسڵەتە بۆ ناسیونالیزمی کورد و عەرەب هێجگار جیاوازی هەیە و کاریگەری گەورەی داناوە بەسەریەوە، وەک بزووتنەوە و وەک ئەو هێزانەی کە ئامانجی بزووتنەوەکەیان هەڵگرتووە. دەتوانین ناوی ناصرییەکان و بەعسیەکان بهێنین وەک دوو ڕەوتی گەورەی نێو ناسیونالیزمی عەرەب... کە چی یان بەسەر هاتوە.
ئەو ڕوانگەی کە پێی وایە نابێت ئەو یاسایە بۆ ناسیونالیزم بنوسین، تێگەیشتی لە ناسیونالیزم تا ئاستی تێگەیشتە لە مەودای لۆکەلیدا. واتە ناسیونالیزمێک دەبینێت کە خۆی وەک هێزە کۆمۆنیستی یەکانی کوردوستانی عیراق ڕووبەڕووە لە گەڵیدا. پێی وایە ناسیونالیزم یان ناسیونالیزمی کورد هەر ئەوەیە کە لە کوردوستانی عێراق هەیە. هەر خەریکی ژن کوشتنە، دژ بە هەموو مافە سیاسی و مەدەنیەکانە، دژ بە مافەکانی ژنانە، کارەبا و موچە نادات و لەسەر "شەرەف" ئەنفالی ژنان دەکات، کەرتی دەوڵەتی هەرزان فرۆش دەکات و ملکەچێکی بێ سنوری لیبرالیزمی نوێ یە وەک یەکێتی و پارتی و یاسای وەبەرهێنانەکەیان" ساڵی ٢٠٠٦" وچەپڵە بۆ سیستەمی نۆێ ی ئەمەریکی و گلۆبالیزمەکەی لێدەدات، لەبەرانبەر " دوژمن" دا هەر ڕادەکات و ئاوارە دەبێت .... ئەم تێروانینە ناتوانێت دروست لە ناسیونالیزم بگات لە ئاستی فراوانتری جیهانی و ناوچەییدا.
کۆسپی سەرەکی لە فکری ناسیونالیزمدا ئەوەیە کە وەک بزووتنەوەیەک دابڕان دەخوڵقێنێت. واتە کۆمەلگاکان دادەبڕێت لە یەکتر لەسەر پایەی شوناسی نەتەوە، بەڵام فکرو تیۆری ئەم بزووتنەوەیە جیهانیە بەو مانایەی کە سەرمایە بۆ بە جیهانیکردنەوەی خۆی لە هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراودا پێویستی پێی هەبوە. سەرمایە بۆئەوەی خۆی جیهانی و هەمەگیر بکات و سەرمایەداری وەک سیستەمێکی جیهانی " ئابوری و سیاسەت" جێگیر بکات پێویستی بە ناسیونالیزم هەبووە، واتە بۆ ئەوەی سەرمایەی جیهانی یەکگرتوو بکات لە هەلومەرجێکی مێژووی دیاریکراودا پێویستی بە هۆکارێکی سیاسی لێک دابران بووە کە ناسیونالیزم ئەمکارەی بۆ جێبەجێکردوە. بەلام ناسیونالیزم خۆی سیستەمەکە دەرگیر دەکاتەوە لەگەڵ دابڕاندا لە ئاستی سیاسی و کۆمەلایەتی و زۆربەی زۆری مەیدانەکانی ژیاندا... ئەمە خۆی دژایەتیەکی قوڵی سەرمایەیە لە قوڵایی میژووی خۆیدا و تائێستا. بەڵام ئێستا ئەو ناسیونالیزمەی کە کۆمەڵ و ووڵاتی جیاوازی پێکهێنا بۆ جیهانیکردنەوەی سەرمایە، خۆی کۆسپە لەبەردەم سەرمایە و یەکخستنی مۆدێلێکی تایبەت و زاڵ لە سەرمایە و شێوازی بەڕێوەبردنی لە ئاستی جیهانی دا.
پۆینتێک کە لێرەدا تۆمار دەبێت نەک بەشێوەی فکری بەتەنها بەڵکو لە واقعدا لە ڕوبەڕوبونەوەدا، ئەوەیە کە لە سەرەوە ئاماژەیەکمان کرد بە دژایەتی نێو خۆی سەرخانی سەرمایە، وە خۆی دەرگیر دەبێت واتە شێوازی زاڵی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا لەگەڵ پەرچەکرداری ئەو ناسیونالیزمەی کە دەیەوێت لای بەرێت لە سەر ڕێگای خۆی. ناسیونالیزمی چەپ بە پەرچەکردارێکی بەهێزەوە وەستاوە بە ڕووی شێوازی سەرمایەداری باوی ئێستادا، بەرانبەر بە نیولیبراڵیزم و شێوە ئەمەریکیەکەی بازاڕی ئازاد، بەرانبەر بە گلۆبالیزەیشن و سیستەمە نوێ جیهانیەکەی ئەمەریکا... بەرانبەر بە جەنگ و ئیمپیریالیزمەکەی بەرانبەر بە سەرمایە مالیەکەی.... ئەم ناسیونالیزمە وەک هەر ناسیونالیزمێکی دیکە تا ڕادەیەکی زۆر خۆی بە کاڵچەری "نەتەوە" گەورە دەکات و جێگای ئیفتخارییەتی و لەسەر ئەم پایانە و بە ڕەخنەگرتن لە ناسیونالیزمی بورژوایی ڕوسی "کۆمۆنیزمی بورژوایی" سۆشیالیزمی خۆی سۆشیالیزمی سەدەی ٢١ پێشنیاز دەکات.
سۆشیالیزمێک هەر سەرمایەداری دەوڵەتییەکەی پێشووە، بەڵام بە دەسەڵاتێکی کەمتری دەوڵەتەوە بە جێخستنی لامەرکەزیەتەوە، سۆشیالیزمێک بە قەولی بیرمەندانی ئەم ڕەوتە "سۆشیالیزمە بێ ستالین" واتە سەرمایەداری دەوڵەتی یە بە دیموکراتیەوە، دیموکراتی یە بە دەخاڵەتێکی کەمتری دەوڵەتەوە. ئەمە پەرچەکرداری ڕەوتێکی بورژوایی جیهانییە بەرانبەر بە بزوتنەوە و ڕەوتی زاڵی جیهانی سەرمایە، لەئەمەریکای لاتینیەوە ئەم پەرچەکردارە دەستپێدەکات، چونکە تاقیکردنەوەی یەکەمی هێرشی نیوڵیبرالەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەمەریکای لاتینی و بە دیاریکراوی بۆسەر ووڵاتی شیلی بوو.
پێشینەیەک لەمێژووی دیدگای ناسیۆنال چەپی نوێ "سۆشیالیزمی سەدەی ٢١"
سیاسەتی گەشەپێدان و برەوپێدان و دواتر ناردنەدەرەوە و پیادەکردنی نیوڵیبرالیزم دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سارد، نەک تەنها وەک ململانێیەکی ئابوری لەبەرانبەر ئابوری "سەرمایەداری دەوڵەتی" ی ئەوکاتدا کە لەلایەن سۆڤیەتەوە لە ئاستی جیهانی دا ڕابەری دەکرا، بەڵكو لە هەمانکاتدا لە لایەن بیرمەندان و نەخشەکێشانیەوە مەسەلەیەکی ئایدۆلۆجی و ململانێیەکی سیاسی و فکری بوو. لەساڵی ١٩٥٦دا ئەم سیاسەتە لە بیرکردنەوە و توێژینەوە دەردەچێت و دەکرێتە پرۆژەیەکی عەمەلی بە ناوی "پرۆژەی شیلی" یەوە. ئەم پرۆژەیە لەلایەن مامۆستایان و گەورە بەرپرسیارانی زانکۆی شیگاگۆ وە بڕیاری لەسەردەدرێت و دواتر بە ناوی "قوتابخانەی شیگاگۆ" وە لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگ دەردەکات. دامەزرێنەری فکری ئەم قوتابخانەیە یان بەناوبانگترینیان "میلتون فریدمان" خاوەنی پرۆژەکە و لە هەمانکاتدا خاوەنی تیۆری ئابوری "مۆنیتاریزمی نوێ"یە ... ئەم پرۆژەیە بە هێنانی ژمارەیەک لە خوێندکار لە شیلی یەوە بۆ شیگاگۆ دەست پێدەکات و دواتر بە گرێبەستێک لە گەڵ زانکۆی سانتیاگۆی کاسولیکی لە شیلی فراواندەبێتەوە و تا وای لێدێت پرۆژەکە بە کۆمەکی بێ درێغی کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمۆبێل سازی "فۆرد" ووڵاتانی بەرازیل و مەکسیک و ئەرجەنتین دەگرێتەوە.... پۆل پۆل ئەو خوێندکارانە لە شیگاگۆ وە دەگەرێنەوە بە بیری تازەی لیبراڵیزمی نوێ وە دەبنە مامۆستا لە زانکۆی سانتیاگۆی کاسۆلیکی شیلی و زانکۆکانی ووڵاتانی تردا ... لە کۆتاییدا ئەم پرۆسەیە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٧٠دا کە ئەوانەی لەپشت ئەم پرۆژەیەوە بووم پێیان وابوو ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کە "کوڕانی شیگاگۆ" بگەنە دەسەڵات یان لایەنی کەم پێگەیەکی بەهێزیان هەبێت و دواتر بتوانن تیورییە ئابورییەکەیان بکەنە واقع لە ڕێگای صندوقەکانی دەنگدانەوە.... فەشەلیان هێناو تەنانەت یەک دانەش لەوانە نەک هەر دەرنەچوو بەڵکو جورئەتی ئەوەشیان نەبوو خۆیان کاندید بکەن. ٣ حزبی سەرەکی کە پێشبرکێان بوو لە هەڵبژاردندا هەر سێکیان باوەڕیان بە سەرمایەداری دەوڵەتی و سیاسەتی خۆماڵیکردنی ئابوری بوو. بەم پێیە ئەم پرۆژەیە لە ململانێی فکری و دواتر لە ململانێ سیاسی و هەڵبژاردندا فەشەلێکی گەورەی ‌هێنا.
لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی "یەکێتی گەل" بەسەرۆکایەتی سلفادۆر ئالاندی بردیەوە ، لەسەرپایەی خۆماڵیکردنی زۆربەی زۆری کەرتە ئابورییە تایبەتەکان کە لەلایەن دامەزراوە نێوخۆیی و بیانیەکانەوە، بەتایبەتی ئەمەریکیەکانەوە بەڕێوەدەبرا. لێرەوە بۆیان دەرکەوت کە دیموکراتیەت و ڕێگای هەڵبژاردن لەگەڵ سیاسەتی نیولیبرالیزمدا نایەتەوە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە پێویستی بە دیکتاتۆریەتێکی بێ پەردە و دیکترینی شۆک" عقيدة الصدمة" هەیە.
لەگەڵ دەرچونی ئالاند دا سەرۆکی ئەمەریکی ئەوکات "ریتشارد نیکسون" کە ئەویش تازە هاتبوە سەرکار، بەشێوەیەکی ئاشکراو ڕەسمی داوا لە موخابەراتی ووڵاتەکەی دەکات کە "ئابوری شیلی ئازار بدەن" لێرەوە کۆمپانیا گەورەکانی فۆرد و ئای تی تی ئەمەریکی "کۆمپانیای تەلەفۆن و تەلەگرافی نێو نەتەوەیی" کە خاوەنی لە %٧٠ی کۆمپانیای تەلەفۆنی شیلی بوو، هەروەها کۆمپانیای گەڕان بە دوای نوحاسدا "پێشەسازی گەڕان" و بانکی ئەمەریکی و کۆمپانیای بیفایزەر کیمیکەڵ هەموویان هەم نوێنەریان هەبوو وە هەم لەو سیاسەتی ئازار دانەدا هاوبەش بوون لەگەڵ سی ئای ئەی دا. لەسەرەتاوە ئامانج ئەوەبوو کە سلفاردۆر ئالاند ڕازی بکەن کە ئەو کۆمپانیانە خۆماڵی نەکات وە بەشێوەی جیاوازی هەڕەشەو دانوسان و ئەمکارەیان پیادە دەکرد ... لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆمپانیای ئای تی تی بە ڕەسمی داوا لە حکومەتەکەی دەکات لە ئەمەریکا کە هەستن بە کودەتای سەربازی ولەمبارەوە باس دێتە سەر جێبەجێکردنی کام شێواز: شێوازی بەرازیل یان ئەندەنوسی؟! (بە سود وەرگرتن لە پەرتوکی - دیکترینی شۆک- نئۆمی کلاین) لە ١١ی سیبتمبەری ١٩٧٣دا کودەتا دەکرێت و سەرۆک دەکوژرێت یان خۆی دەکوژێت و بینوشە لە شیلی دەبێتە سەرۆک.
کوشتارو خوێن رشتن و کەوتنە نێو چەپ و کۆمۆنیستەکان و زیندانیکردنیان و لە گەڵێدا هەراجکردنی کەرتی ئابوری دەوڵەت بە کۆمپانیا ئەمەریکیەکان و جیبەجێکردنی پرۆژەکەیان کە ناوەرۆکەکەی هەمان ناوەرۆکی پەرتوکی میلتون فریدمان "سەرمایەداری و ئازادی" بوو کە ئەویش لەسەر سێکوچکەی بازاڕی ئازاد "پریڤیزیتەیشن، لابردنی یاسا و ڕێساکان و کەمکردنەوەی بودجەی کۆمەلایەتی" دارێژرابوو، دەست پێدەکات. لە گەڵیدا کۆمەڵگای شیلی توشی شۆک کرد: بە ئیعدامکردنی ٣٢٠٠کەس و زیندانیکردنی ٨٠٠٠٠ کەس و گوێزانەوەی دووسەد هەزار٢٠٠٠٠٠ کەس بە هۆکاری سیاسی. سەیر ئەوەبوو: بینوشە لە سەرەتایی ساڵانی هەشتاکاندا ناچار بوو کە هەندێک لەو کۆمپانیانە خۆماڵی بکاتەوەو بەمەش دەرکەوت کەتەنانەت دیکتاتۆریەتی بێ پەردەو بەکارهێنانی ڕیگای شۆک پێکردنی کۆمەلیش دیسان سودێکی ماوە درێژی نییە بۆ سەرمایە، بەڵام سەرمایەی قۆناغی ئەمرۆی ئێمە پێویستی بە پلانی دەیان ساڵە نیە، بەڵکو لەگەڵ هەر ڕووداو و کارەساتێکدا وەک تێسرەواندن، تێی دەسرەوێنی و خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕووداوێکی دیکە، جا ڕووداوەکە کۆمەڵایەتی بێت یان سروشتی بێت، لە نیوئۆرلیانزی ئەمەریکا بێت یا لەجەنگی عێراق.
دوای شیلی زۆربەی ووڵاتانی ئەمەریکای لاتینی ئەو رێگایە دەسەپێت بە سەریاندا،، سالی ١٩٧٣ لە ئۆرۆگوای و ساڵی ١٩٧٦ لە ئەرجەنتین و... وە پێشتر بەڵام بە رێگایەکی دیکە لە بەرازیل کە لەسالی ١٩٧٣دا فریدمان پێی دەلێت "موعجیزەی ئابوری" .
هەلومەرجێک کە هاتە پێشەوە لە هەموو ووڵاتانی ئەمەریکای لاتینی: بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری، بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری، تێکڕای رێژەی هەژاری گەیشتە % ٤٨ لەئاستی ئەمەریکای لاتینی دا لە ساڵی ١٩٩٠دا، نەمان یان کەمبونەوەی مافە مەدەنی و بەتایبەت مافە سیاسیەکان، کەمکردنەوەی سەپۆرتی دەوڵەت بۆ کەرتە خزمەتگوزارییەکان، فراوانبوونەوەی قڵشتی نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی، ئازادکردنی نرخ و بەڕەڵاکردنی بۆ بازاڕ، بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواری، و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەرزبوونەوەی رێژەی زیندانیانی سیاسی و نەفیکردن و ئیعدام کردن..... و دابەزینی گەشەی ئابوری و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان، بەرزبونەوەی ڕێژەی قەرز لە بەرانبەر داهاتی نێتی "ساف" نیشتمانی دا .
پەرچەکرداری نەتەوەیی کە ڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی گشتی لەم ووڵاتانەدا ناسیونالیزمی چەپ ڕابەرایەتی دەکردو دەکات لە بەرانبەر ئەم هەلومەرجەدا، جارێکی دیکە بە هێزو‌‌ توانایەکی کۆمەڵایەتییەوە دێتەوە مەیدان. دەکرێت بێ توانایی لە نەدانەوەی قەرزەکان "قەیرانی قەرزەکان" ووڵاتانی مەکسیک و ئەرجەنتین و بەرازیل لە سالێ ١٩٨٢ دا قەرزەکانیان گەیشتە ٢٠٠ملیار دۆلار، وەک فاکتەرێکی دیکەی فەشەلی نیولیبرالیزم و دیکتەرینی شۆک ئەژمار بکەین... و لە هەمانکاتدا وەک پەرچەکردارێکی نەگەتیڤ لە بەرانبەر سیاسەتی دامەزراوە جیهانیەکانی صندوق و بانکی نێونەتەوەییدا... بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە، بۆ ئەوەی باسەکە دریژ نەبێتەوە من ڕاستەوخۆ دەچمە نێو قۆناغی پەرچەکرداری پیادەکراوەوە کە لە کۆتایی ساڵەکانی سەدەی رابوردوەوە لە فەنزویلاو لەسەر دەستی شافیز دەست پێدەکات.
لەسالێ ١٩٩٨دا شافیز لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەبێتە سەرۆک کۆماری فەنزویلا و لە ساڵی ١٩٩٩دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەنزویلادا دەستور لەڕێگای دەنگدانی گشتییەوە دەنگی لەسەر دەدرێت. لە هەلبژادنەوەی دووەمی و لەکاتی سوێندخواردندا، لەساڵی ٢٠٠٥دا شافیز دەڵێت "لەم ساڵدا، پێویستە بازنەی لۆکەڵی شورا کۆمەڵایەتیەکان "جماعیە"، بەجێبهێلین. پێویستە یەکەم: دەست بکەین بە دانانی یاسایی جۆرێک لە کۆنفدرالیەتی ناوچەیی، لۆکەڵی و نیشتمانی کۆمەڵایەتیەکان. پێویستە بەرەو بەدیهێنانی دەوڵەتی کۆمەلایەتی " جەماعی" بڕۆین. پێویستە دەوڵەتی بورژوایی کۆن کە تا ئێستا بەردەوامە ، پارچە پارچە بکەین ، بەو پێیەی کە دروستکردنی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی پێش دەکەوێت، دەوڵەتی سۆشیالستی، دەوڵەتی بۆلیفاری، دەوڵەت دەتوانێت شۆرش بەسەرکەوتن بگەیەنێت. لە بەرانبەر هەر دەوڵەتێک کە پێکدەهێنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە شۆرشەکان، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەوڵەتی دژ بە شۆرش بگۆڕین بۆ دەوڵەتێکی شۆرشگێر". ( تۆڕی عەرەبە بێ دینەکان- فەنزویلا لە سەر رێگای سۆشیالیزم).
ئەمە لوتکەی پەرچەکردارو وەڵامی سیاسی وپراتیکی دەوڵەتێکی قەومی فەندەمێنتاڵە کە نێوی خۆی ناوە سۆشیالیزم وشۆرشگیر "سوشیالیزمی سەدەی ٢١". کە دەیەوێت دیموکراتیەت لە خوارەوە و بە بەشداریکردنی هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک لە ئاستی بەڕیوەبردنی لۆکەلی شارەکاندا و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی لامەرکەزی تا ڕادەی کۆنفدرالیەتی بەڕیوەبردن "ئیدارە" و ئابوری، فراونکردنەوەی هەرەوەزییەکان و شورا و سەندیکا کرێکارییەکان ... پیادەو ڕابەری بکات. هەروەها بە دەستپێشخەری کرێکاران کۆنترۆڵی کرێکاری لە هەندێک لە کارگەکاندا و لەمبارەوە ئەلگۆی ئەرجەنتین و هەموو ئەمانە لە بازنەی بیرکردنەوەی ڕەوتێکی بورژوایی و پارێزەری سەرمایە و گونجان لە چوارچێوەی مانەوەی سەرمایە و سەرمایەداری دا وەک پەرچەکردارێکی توند بەرانبەر بە هێرشی وەحشیانەی نیولیبراڵیزم و گڵۆبالیزەیشنی ئەم ڕەوتەدا، کردۆتە مەسەلەیەکی واقعی.
بەڵام لەباری وەڵامی سیاسی و وەستاندنی سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەم بزووتنەوەیە کە دواتر فراوان دەبێتەوە زۆربەی زۆری ووڵاتانی ئەمەریکای باشور دەگرێتەوە وەک بەرازیل، ئۆرگوای، ئەرجەنتین و بۆلیفیا و ئەکوادۆر ، شیلی ، سلفادۆر و کۆلۆمبیا.. دەگەنە دەسەڵات و لە ووڵاتانی دیکە لە هێزو پیگەیەکی کۆمەلایەتی گەورە بەهرەمەندن... ئەگەر چی ئەم بزوتنەوەیە ناسیونال-چەپ وەک بزوتنەوەیەکی گەورەی ئەمەریکای لاتینی چەندین ئاراستەی سیاسی و مەیلی جیاواز دەگرێتە خۆ بەڵام هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە خۆیان وەک ئەمەریکای لاتینی بلۆکی و فۆرمی تایبەتی ئابوری خۆیان هەبێت و جیا بێت لە ئەمەریکا و لەهەمانکاتدا هەموو دژ بە نیولیبرالیزمی ئەمریکان. ئەگەرچی سەبارەت بەم خاڵە، مەیلە جیاوازەکان زیاتر خۆیان نیشان دەدەن و جیاوازیان هەیە لە شێوەی پەیوەندی گرتن لە گەڵ ئەمریکا و کۆمپانیاکانی دا... بەڵام بەهەر حاڵ هەموو دژ بە ئاڕاستەی نیولیبراڵیزمی ئەمەریکی و هەرزان فرۆشی کەرتی دەوڵەتی بوون بە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و هەروەها بەرانبەر ئاراستەی جوڵانەوەی ئابوری ئەمەریکی و کۆمپانیاکانی، چ لە ڕێگای بانک و صندوقی نێودەوڵەتیەوە بێت یان ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیا ئەمەریکییەکانەوە بێت. لەبەرانبەردا ئەلتەرناتیڤی خۆیان پیشکەشکردو پیادەکرد.
لەبەرانبەر "FTD" (ناوچەی بازرگانی ئازادی هەردوو ئەمەریکا) ی ئەمەریکادا، شافیز و سەرۆکەکانی ئەرجەنتین و بەرازیل و ئۆرگوای لەساڵی ٢٠٠٥دا، دژ بە جۆرج بۆش وەستانەوە لە پایتەختی ئەرجەنتین و ئەلتەرناتیڤی خۆیان ALBA پێشکەش کردو پێشنیازی ئەمەریکایان ڕەتکردەوە. کە بووە هۆی سەرسوڕمانێکی گەورەی بۆش لەو کۆبونەوەیەدا. (ئەلبا: ناوێکی ئیسپانیەو بە مانای بەرەبەیان دێت. کوتلەیەکی ئابورییە و ئەلتەرناتیڤی بازرگانی ئازادی ئەمەریکایە، لە ئەمەریکای لاتینی، فەنزویلا ڕابەری دەکات و ئێستا ووڵاتانی نیکاراگوا و بۆلیفیا و دۆمێنیک و هندۆراس و کوبای گرتۆتە خۆ) کە چەندین پرۆژەی نەوت و میدیایی سەرپەرشتی دەکات لە ئاستی قارەدا... ئەمە جگە لە وەی کە ووڵاتانی ئەلتەرناتیڤی بۆلیفاری و ووڵاتانی باشور "میرکسور" لە ساڵی ٢٠٠٧ بانکی باشوریان "بانکسور" یان پێکهێنا.... تا ئیرە و هێندە بەسە بۆ تێگەیشتن لە پراتیکی ئەم چەپ و سۆشیالزمە نوێ یە لە ئەمەریکای لاتینی، ئەگەرچی لە نێو ئەم ڕەوتەدا ئاراستە و مەیلی جیاواز کار دەکات لە ڕادیکاڵەوە بگرە تا دەگاتە موعتەدل و سوشیال-لیبراڵ.... ئەمە بە جیا لە چەپە ناکۆمەلایەتی و بێ ئاگا لە دونیاکەی ئەنتەرناسیونالیزمی چوارهەم ، کە هێجگار هێجگار فراوانە لە و ناوچەیەدا.
ئەم باسە ئەگەر چی باسەکەی درێژ کردەوە بەڵام پێویست بوو. بەومانایەی نیشانی بدەین لە هەگبەی ناسیونالیزمدا و لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆر لە مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاو زیاتر هەیە و تەنانەت باس دەگاتە ئەوەی کە دەوڵەتی سەرمایەداری دژە شۆرش بگۆڕن بۆ دەوڵەتی شۆرشگێر، "لە ڕوانگەی کۆمۆنیستی یەوە ئەمە وەهمە" بەڵام بەهەرحاڵ دەیانەوێت سیستەمێک دابمەزرێنن کە دیموکراتی تر بێت لە ئەلتەرناتیڤی نیوڵیبرالەکان و دەوڵەتێک بێت کە سەپۆرتی نرخەکان بکات و خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی بکاتە خۆرایی و دەسەڵاتێکی لامەرکەزی کۆنفدرالی دابمەزرێنێت کە لە لۆکەل و ناوچەو و ئاستی شارەکاندا دەسەڵاتێکی گەورەی هەبێت و بەمەش دەڵێن دەوڵەتی کۆمەڵایەتی. لەم نێوەدا ژن وەک پیاو سەرۆکە یان سەرۆک وەزیرانە یان ڕاوێژکار یان سەرۆکی شارەوانیە .... ئەمە جۆرێکی تایبەتی ناسیونالیزمە کەباڵی چەپیەتی و لە ئەمەریکای لاتینی دا ... لە ووڵاتانی عەرەبی ئەم ڕەوتە خەریکی بەهێز بوونەوەیە ئەگەرچی بەو ناوەرۆکەی ئەمەریکای لاتینی یەوە نا لە ئێستادا بەڵکو زیاتر بە ڕووپۆشی دونیای عەرەبەوە ئەوەی کە پەکەکە پێی دەڵێن "ئارکۆلجی کۆمەلایەتی". واتە کاریگەری هەلومەرجی کۆمەلگا بەسەر هێزەکانەوە و بەمانایەک تەسلیم بوون بەبەشێک لەو کالچەر و عادەتانەی کە زاڵن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا.
لە دونیای عەرەب ئیمە شاهیدی هەستانەوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستین بەڵام لە بەرگی ڕاستی خۆیدا .. لە میسر لە تونس ئەگەر چی ئەوەی تونس ڕادیکاڵترە، لە جەزائیر کە لەوێ ئەم بزوتنەوەیە تا ئێستا توشی ڕووخان نەبووە، لە سوریا خۆراگری ئەم بزوتنەوەیە دەبینین... بەهەرحاڵ هەستانەوە و بەرپەرچدانەوەیەک دەبینین لەبەرانبەر هێرشی ڕاستی بورژوازییدا کە چەپەکەی خەجاڵەت بووە. لەنێو خۆی حزبی دیموکراتی ئەمەریکادا ئێستا باڵی جەپی خەریکە هێز کۆدەکاتەوە سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شاری ئەمەریکا کە نیوۆرکە سەر بە بالێ چەپە و بە هەمان شێوە شاری بەناوبانگی سیاتل، داوای دەخاڵەتی زیاتری دەوڵەت دەکەن و هەروەها کەمکردنەوەی کرێ خانوو کە لە نیوۆرکدا قەیرانێکی گەورەیە. ناسیونالیزمی کوردیش وەک هەر ناسیونالیزمێکی دیکە باڵی چەپی هەیە ... پەکەکەو یەدەپە چەپی بورژوایین. ... بورژوایین لەباری ئایدۆلۆجیەوە ناسیونالیستی چەپن و خوازیاری بەدیهێنانی دەوڵەتێکن کە تیایدا لە بواری ئابوری دا " ئابوری دیموکراتی هاوچەرخ" بە قەوڵی ئۆجالان پیادە دەکات و بێکاری ناهێلێت !!، چونکە لە روانگەی ئۆجالانەوە " بێکاری ئەنجامێکی ئەبستراکتی لادانی بناغەیی ئابورییەکە کە ئامانجی قازانجە. هیچ جێگایەک بۆ ئەم لادانە نیە لە بازنەی ئابوری دیموکراتیەتی هاوچەرخدا. بێکاری بارێکی کۆمەلایەتی یە کە زۆرترین دژایەتی هەیە لەگەڵ ئینسانیەتدا" (عبداللە ئوجالان/ ئابوری دیموکراتی هاوچەرخ، ئابوری ئایکۆلۆجی یە). مەبەست ئەوەیە کە پەکەکەو یەدەپە کە هەمان بەرنامەیان هەیە زۆر لە ئاستی یاسای یەکسانی ژن وپیاو زیاتر دەڕۆن، جا ئەوەی کە ئەم تیۆرییەو ئەم بۆچونە هەڵەیە وجێگای ڕەخنەیە و ئەم سەرمایەدارییە هەر ئەوەی پێشووە، باسێکی دیکەیە و لێرەدا جێگای نابێتەوە.
پەکەکە و یەدەپە و جەماوەر
ئێمە، کە زیاتر کاریگەری هەلومەرجی لۆکەلی کوردوستانی عێراقمان بەسەرەوە بووە و وەک بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردوستانی عێراق دەرگیرین لە گەڵ هێزە ناسیونالیستە ڕاستەکان و هێز‌ی دەسەڵاتداری بورژوایی کورد... بەڵام یەکێک لە کۆسپەکان ئەوە بووە، کەمامەڵەی سیاسی و پراتیکی کۆمۆنیزم لەگەڵ ئەم هێزانەدا وەک ‌هێزی چینایەتی بورژوایی کورد نەبووە بەڵکو وەک هێزگەلێکی دەسەڵاتداری ملیشایی کە دژ بە هەموو دیاردەیەکی پێشکەوتوون، بووە. لەمبارەوە پێشتر ڕەخنەمان لە تێزی "ئەنتی یەکێتی" گرتووە کە پێم وابێت ئێستا "ئەنتی پارتی" جێگای گرتۆتەوە...ئەم ئیمەیجە لە سەر هێزە ناسیونالیستەکان لە کوردوستانی عێراق ئەوەندەی تر تێگەیشتنی لەبەرانبەر یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە کانتۆنی جەزیرە دژوارتر کردوە. کە واقعەن یاسایەکە ‌هێجگار جێگای تەقدیرە، جێگای پێشوازییە و جێگای ئەوەیە کە لەسەر پایەی ‌هێزێکی واقعی و هێزهاوسەنگیەکی گونجاو لە کوردستانی عێراق "لاسایی" بکرێتەوەو هەر لەئێستاوە دەست ببرێت بۆ دانانی نەخشەیەکی سیاسی واقعی بۆ دەستەبەرکردنی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی گونجاو کە بوار بدات ئەم یاسایە و پێشکەوتوتریش جێبەجێبکات، ئەم کارە کاری ئەحزابی سیاسیە لە شوێنێکی وەکو کوردوستان، نەک ڕێکخراوەکانی ژنان، کە حەتمەن ئەوانیش بەشێکن لە بزوتنەوەیەکی ئاوەها.
کەواتە کۆسپێکی سەرەکی ئەو تێگەیشتنە ئەوەیە کە ناسیونالێزمی کورد لە لۆکەڵدا لە کوردوستانی عێراق دەناسێت. دەیناسێت بەلام لە ئاستی دەرکەوتەکانیدا: گەندەڵی، ژن کوشتن، ڕەشەکوژی، بەندوبەست، دەست خستنە نیو دەستی ئیسلامیەکان.... وە ئەم دەرکەوتانە وەک پێداویستی سەرمایەو یەکگرتووکردنی بورژوایی کورد نابینێت لە قۆناغێکی دیاریکراودا....واتە ئەم دیاردە و دەرکەوتانە وەک پێداویستی سەرمایە و چینی بورژوایی نابینێت لە کوردوستانی عێراق، بە هەمان شێوە ئەو کارو سیاسەت وپراتیکەی "یەدەپە" وەک ڕەوتێکی جیاوازی نێو بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد نابینێت. ڕەوت و بزوتنەوەی چەپی بورژوایی کە ناسیونال چەپی کوردییە. لەو لۆکەڵەشدا واتە لۆکەڵی لای " یەدەپە" ی کوردوستانی سوریا، تەنها مقاوەمەت و یاسای یەکسانی کانتۆنی جەزیرە درک دەکات... لێرە کە بەراوردی دەکات لەگەڵ لۆکەڵی لای خۆی دەرگیری دەکات لە دژایەتیەک و توشی سەرەگێژەی دەکات.. کە لەباری سیاسی یەوە، وەک هێزێکی کۆمۆنیست بێ پراتیک دەمێنێتەوە. بێ پراتیکی کۆمۆنیستی، نەک پراتیکی پۆپۆلیستی.
پاشان لەسەر ئەم بناغەیە، واتە بە ئەلگۆ وەرگرتنی ناسیونالیزمی کورد و دەسەڵاتەکەی لە کوردوستانی عێراق، ئەو هێزە دەناسێت و پێناسەی دەکات کە ئەمکارەی کردووە یان ڕابەری ئەکات لە کۆبانی و جەزیرە یان لە کوردوستانی سوریا. وەکو ئاماژەمان پێکرد، ئەو هێزە هێزێکی بورژوایی کوردە بەڵام باڵی چەپی بورژایی و ناسیونالیستە، "یەدەپە"، و ئیستراتیژییەکەشی هەمان ئیستراتیژی "پەکەکە" و سەرچاوی فکرییەکەی هەمان سەرچاوەی فکری ئۆجالانە. بەڵام کاتێک کە تێگەیشتن لەم هێزە ناسیونالیستی یه‌ نەبێت وه‌ یان وەک هێزێکی ناسیۆنالیستی کورد درکی نەکەیت، یان لایەنی کەم وەک "عەیبێکی مێژوویی" بیبینیت کە ناوی ناسیونالیزم لە پاڵ یەکسانی ژن و پیاودا دابنێیت، چونکە یەکێتی و پارتی ژن کوژ بوون یان کارێکیان نەکردوە پێش بە ئەنفالکردنی ژنان بگرن، ئەوکات ئیتر "یەدەپە" مانا و مۆرکی چینایەتی نامێنیت. یەدەپە و یەپەژەو یەپەگە و سالح موسلم و ئۆجالان هەموویان دەبنە جەماوەرێکی بێ ناونیشانی چینایەتی، چونکە ناکرێت ناسیونالیزم کاری وابکات یان بشکرێت ئیمە ناینوسین!! بشکرێت هەر دەڵێین ناکرێت ئەوە بۆ ناسیونالیزم بنوسرێت!!. بۆیە ئەو هێزە بە قودرەتی قادر دەبێتە جەماوەر. لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە ئەوە جەماوەرە لە کۆبانی مقاوەمەت دەکات، ئاگاداربن ئەوە ناسیونالیزم نیە!! ئەو ڕابەرو دەست پێشخەر نی یە!! ئەو ناتوانێت مقاوەمەت بکات، چونکە هێزەکانی ناسیونالیزم لە کوردوستانی عیراق هەر ڕایانکردووە. ئەوە نیە لە شەنگال ڕایانکرد. بەڵام سەیرله‌وه‌دایه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ شەنگال بۆ ناسیونالیزم و پارتی دەنوسێ چونکە ڕایکردووە، بەڵام کۆبانی بۆ جەماوەر دەنوسێت چونکە مقاوەمەتی کردووه‌.
هۆشیار بن ئەوە جەماوەرە کە یاسای یەکسانی ژن و پیاو دادەڕێژێت نەک ناسیونالیزم و حزبەکەی ئۆجالان چونکە ناسیونالیزمی کوردوستانی عێراق هەر ژن کوژ بووە، یان پەکەکە هەر ئەوە نەبوو کە منداڵی دەفڕاند لە کوردوستانی عێراق ... بۆ نمونە سبەینێ ئەگەر یاسایەکمان بینی کە باسی لە ئازادی هەڵسوڕانی سەندیکایی کرێکاران کرد لە کانتۆنی عەفرین، یان لە ژێر دەسەڵاتی "پەکەکە" دا لە کوردوستانی تورکیا، هۆشیار بن ئەوە ئەوان نین، ئەوە جەماوەرە. کاتێک کە "پەکەکە " و "یەدەپە" جەماوەر بن ئەوکات چەکدارانی داعش کە پەلاماریان دەدەن دەبنە "چەتە" وەک چەتەکانی ئەڵڵایی لە نێوان سلێمانی و بازیاندا یان وەک چەتەکانی لۆفەکەی پشتی خەلەکان لە نێوان دوکان و کانی وەتماندا لەدەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردودا. بورژوایی هەقیەتی دڵخۆش بێت بەم لێکدانەوەیە چونکە لایەنی کەم "داعش" سەر بە چینەکەی بە ئەژمار نایەت بەڵکو "چەتە" یە و هەڵدەکوتێتە سەر کاروانی قاچاغچیەکان!! ئەوە نییە هەموو بورژوایی بە "داعش" دەڵێت "چەتە" سەیری ئەدەبیات و میدیا ی یەکێتی و پارتی بکەن، لەمبارەوە.
من پێم وایە ئەو هێزەی ئەمکارەی کردووە و ڕابەری کردووە و لە بەرنامەی دا هەبووە کە جێبەجێی بکات ‌‌‌هێزێکی چەپی بورژوایی کوردە ناوی "پەکەکە" ه‌یه‌ و ناسیونالیستە و لە ڕێگای "یەدەپە" وە وەک هێزێکی ژێر سایەی سیاسەت و پراتیکی خۆی ئەمکارەی ئەنجامداوە. ئەم دانپیانانە کۆمەک دەکات کە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆشن هێزەکان و پێگەی چینایەتیان بناسین و درکی ڕەوتە جیاوازەکانی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی بکەین، جیاواز لە تێروانینیان نەک تەنها بۆ "ژن" ، بەڵکو لە بناغەترین ئاستدا بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سەرمایە و سیستەمەکەی، پاشان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، مافەکانی لاوان، چارەسەری کێشەی کورد..... وە لە هەمانکاتدا کۆمەک دەکات کە درکی ئەوە بکەین کە چۆن مامەڵە لە گەڵ هێزە بورژواییە جیاوازەکان بکەین و تاکتیک و سیاسەتی دروست لەمبارەوە دەستەبەربکەین. ئەگەر نا هەر دەبێت چەپڵە لێبدەین و خەریکی جۆرێک لە ئاکسیۆن بین کە هیچ بۆنێکی کاری کۆمۆنیستی لێ نایەت، خەریکی جۆرێک لە مقاوەمەت !! بین کە تەنها لە "مقاوەمەت" ناچێت وە نی یە.
پەکەکە و یەدەپە، ناسیونالیزمی چەپ، سیما و خەسڵەتەکانی
بەڵام بۆچی "پەکەکە" وە فکری ئۆجالان وە دواتر "یەدەپە" لە سوریا کاری وادەکات؟١ بۆچی لە نێو به‌رنامەی "یەدەپە" دا باسی یەکسانی ژن و پیاو کراوە دیارە لە چوارچێوەی "کۆمەلی ئایکلۆجی جنسەوی" دا کە کۆی بەڕێوەبردنی دیموکراتییە خۆجیێیەکان دەگرێتەوە. بۆچی ئەم حزبە خۆی لەم باسانە دەدات و چەمکەکانی "ئیمپریالیزمی مالی" ، "دیموکراتی مۆدێرنێتە" لە جیاتی "مۆدێرنێتەی سەرمایەداری" بەکاردەهێنیت؟١ ئەم باسە ئیتر باسی گەشەو سەرهەڵدانی "پەکەکە"ه‌یە لە تورکیادا. لە ووڵاتێکدا کە هەڵسوڕانی سیاسی و هەلومەرجی سیاسی و هێز هاوسەنگی و سیاسەتی زاڵ کاریگەری دادەنێت بەسەر هەر حزبێکەوە کە پێکدێت... لەوێ "دژ بوونی نیزام" دژ بوونی "ئەمەریکایە" دژ بوونی" ئیمپریالیزم" یان "نیزامی نوێی جیهانی" یە، دژ بوونی "ناتۆ"یە... کەوتنە نێو بەرەیەکە دژ بە بەرەی تورکیا و ڕۆژئاوایە، چونکە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی بورژوایی ناسیونالیستی چەکدار ناتوانێت وا نەبێت لە بەرانبەر دەوڵەتێکی فاشستی وەک تورکیادا. ‌ ...
بەم پێیە چوارچێوەی گشتی سیاسەت و بیرکردنەوە و ئەفکارێک کە بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکەی لە تورکیا گرتوویەتی خۆی دژ بە ئیمپریالیزم و ئەمەریکایی بووە و لە بەرەی بەرانبەردا بووە. لێرەوە سوریاو لە ڕێگای ئەوەوه روسیا بوە کە کۆمەکی کردووە. پاشان بۆ جیاکردنه‌وەی خۆی و بۆ ئەوەی بە "کۆمۆنیست" بوون تاوانبار نەکرێت، وە بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە هێزێکی کلاسیکی ناسیونالیست ، تیۆری خۆی داڕشتووە و کاری لەسەر دەکات و لەمبارەوە سودی بینیوە لە ڕەوتی ناسیونالیزمی ئەمەریکای لاتین و ڕەوتی چەپە بورژواییەکانی ئەوێ.. درککردنی ئەم مەسەلەیە کارێکی تیۆری وە فکری نیە و ئاسان دەکرێت هەموو کەس درکی بکات. هەر بەم پێیە وەتەنانەت ئەگەر هەر ئەم پۆینتە درک بکەین ئەوکات ڕۆشنە کە مەرج نیە "یەدەپە" و "پەکەکە" وەکو یەکێتی و گۆڕان وپارتی بن .. بەڵکو جیاوازیان هەیە. بەم پێیەش دەکرێت وە دەشێ هێز‌‌ێکی ناسیونالێزمی کوردی یاسای لەو چەشنە بڕیار بدات وکاری بۆ بکات و لە بەرنامەی دا هەبێت، هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە بەتایبەت بۆ کۆمۆنیستەکان نابێت جێگای سەرسوڕمان بێت. من ئەوە تێدەگەم کە کۆمۆنیستەکانی عێراق و کوردوستانەکەی لەژیر سایەی دواکەوتوترین دەسەڵاتی بورژوایی ناوچەکەدا خەباتی سیاسیان کردوە، ئەمەش کاریگەری دادەنێ بە سەر زەینی هەڵسوڕاوانی سیاسی یەوە، بەڵام کاتێک ئەم کاریگەرییە بگاتە ئاستی کۆمۆنیستەکان و بەتایبەت هێزە کۆمۆنیستیەکان، نیشانەی کەمکوڕی فکری قوڵترە.
لە کۆتاییدا ئەوە ماوە کە باسی یەکسانی ژن و پیاو، لە ئاستی یاسایدا وە بە پراتیک دەرهێنانی و جێبەجێکردنی لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا، لەنێو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بۆتە جیگای سەرسوڕمان و بە کاری شۆرشگێرانە ئەژمار دەکرێت، کە ئەوەش واقعیەتی دواکەوتوویی و زاڵبونی کۆنەپەرستی سەرمایە لەم ناوچانەدا نیشان دەدات. بەڵام بەگشتی ئەم کارە و ئەم خواستە سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا دەمێکە چارەسەری کردوە... لە ووڵاتێکی وەک تونس دا لە کاتی ئەبوو رقێبەوە و ئێستاشی لە گەڵ بێت یاسایەکی وەک ئەوە یان نزیک بەوە کاری پێدەکرێت... کۆمۆنیزم دەبێ پشتیوانەی ئەو خواستە بکات وە پشتیوانی و تەقدیری بەدەستهێنانی ئەو خواستە بکات وە کۆمەکی بکات، بەڵام کۆمەکی واقعی کۆمەکێک کە ببێتە ڕوواندنی کارێکی جێکەوتە لە شارەکانی کوردوستانی عێراق یان ئێران... تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر دەتوانێت هێزی چەکدار ڕەوانە بکات ڕەوانەی بکات بۆ مقاوەمەت کردن دژ بە ‌هێزی تیرۆریستی بورژوایی داعش، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە پێگەیەکی چینایەتی هەیە، واتە هێزێک خۆی پێگەیەکی چینایەتی نەبێت و بەهرەمەند نەبێت لە ‌هێزی چینەکەی خۆی ناتوانێت کاری وابکات. دەبێت بەم مانایە و درککردنی تەواوی ئەم ‌‌هێزانە وەک ‌هێزگەلێکی بورژوایی کۆمەک و پشتیوانی بکرێن و ڕۆشن بێت بۆ کرێکار کە هێزێکی کۆمۆنیستی بۆ پێویستە پشتیوانی لە هێزێکی بورژوایی بکات نەک بیشارێتەوە و ئەو هێزە بکاتە جەماوەر و داعشیشی لێ بکاتە "چەتە". هەر ئێستا مقاوەمەتی کۆبانی پێویستی بە پشتیوانەی نێونەتەوەیی گەورە هەیە، بۆیە کارێکی گرینگی هەموو کۆمۆنیستەکانی دونیا ئەوەیە کە خۆپیشاندان بکەن، کۆمەک و هاوپشتی کۆبکەنەوە و هەوڵ بدەن کە سەرنجی ڕێکخراوە کرێکاری و ژنانیەکان ڕاکیشن بۆ ئەم مقاوەمەتە و فشار بخەنە سەر تورکیا و ئەمەریکا. ئەم کارە کارێکی هێجگار گەورەیە کە خزمەت بە مقاوەمەت و کۆبانێ و یاسای یەکسانی ژن و پیاو دەکات. هەڵوێستمان پێویستە وەکو هەڵوێستی "لینین بێت بەرانبەر بە بورژوایی ڕابەری شۆرش و ریفۆرمەکانی "چین و ئێران و تورکیا.." لە کاتی خۆیدا کە لە وتارەکانی وەک" ماددەیەکی گەرم لە سیاسەتی جیهانی دا" و " دیموکراتیزم وپۆپۆلیزم لە چین".... وە چەندین ووتاری دیکەی دا ڕۆشنە . دوا دێرم بەوە کۆتایی پێدەهێنم، کە بورژوایی بە هەموو ڕەوتەکانیەوە بەرئەنجامی شۆرشەکان و شۆرشی کرێکاری روسیا و چەندین ڕاپەڕینی گەورەی کڕیکاری و هەمە خەڵکی هاتۆتە ژێر باری قبوڵكردنی مافە سیاسی و مەدەنی و فەردی و مافەکانی ژنان و تەنانەت مافی دەنگدانیشەوە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمەش، نەوەی ئێمە، کریکارانی ئەمڕۆ قەرزداری نەوەی پێشوتری چینی کرێکار و ڕابەرانی کۆمۆنستی دوو سەدەی ڕابوردووین. ئێمە تا ئێستا مێژووی خۆمان نەنوسیوە، ئەمکارە لە هەر ووڵاتێکدا بە پراتیکی شۆرشگێرانەی چینی کرێکارەوە بەندە.

 ١.١٢.٢٠١٤



 

           

 

08/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com