قەیرانی سەرمایەداری و هۆکارەکانی وڕۆلی سیستەمی کرێدت-
 ئیعتماد لە پێکهاتنی قەیرانی ئابووری دا


 

  

سالار حمە سەعید




ئەم قەیرانی سەرمایەداریە چی یە؟ و بۆچی ڕوودەدات و هۆکارەکانی چین؟ ئایا هۆکارەکانی ئەوەن کە حکومەتە بۆرژوا ییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا باسی لێوەدەکەن؟ سیاسەتمەدارە بۆرژواییەکان هۆکارە سەرەکیەکانی دەگەڕێننەوە بۆ گەندەڵی و تەماع و چاوبرسێتی کۆمەڵە سەرمایەدارێک یا سیاسەتی هەڵەی بەرێوبەرو خاوەنی بانکەکان. جێگری سەرۆک وەزیرانی یابان (تارۆ ئاسۆ) ژنانی نەزا واتە ئەو ژنانەی مناڵیان نابێ یا مناڵ دروست ناکەن بە بەرپرسی قووڵ بوونەوەی ئەم قەیرانە دەزانێ. بەڵام کێشەکە زۆر لەوەگەورەترە کە ئەوان وەسفی دەکەن. سیستەمی سەرمایەداری ئەمرۆ بە قەیرانێکی ئێجگار گەورەدا تێدەپەڕێ. هۆکارە بنەڕەتیەکانی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی بێ ئەندازەی هێزەکانی بەرهەمهێنان تائەوڕادەیە کە ناتوانێ هاوئاهەنگ و مونسەجیم و گونجاو بیت لەگەڵ پەیوەندیەکانی خاوەندارێتی و پەیوەندی بەرهەم هێنانی نوێ دا . مارکس و ئەنگلز لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەڵێن: "کۆمەڵگای بۆرژوازی مۆدێرن بە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و خاوەندارێتی یەوە، کۆمەڵگایەک کە وەها ئامێرە زەبەللاحە کانی بەرهەم‌ هێنان و گۆڕینەوەی بە شێوەیەکی ئەفسووناوی دروستکردوە ، وەک جادوگەرێکە کە چیتر دەسەڵاتی بەسەر هێزی ئەو جیهانە ئەفسووناویەدا ناشکێ کە خۆی بانگهێشتی بۆ کردووە و ماڵی کردوە (ڕامی کردوە)".
بۆ چەندەها دەهەی ڕابردوو مێژووی پیشەسازی و بازرگانی ، مێژووی یاخی بوونی هێزەبەرهەمهێنەرە مۆدێرنەکان بووە دژ بە پەیوەندیەکانی خاوەندارێتی کە مەرجەکانی وجود و بوونی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیەتی. کەواتە قەیرانی سەرمایەداری هەروەک مارکس و ئەنگلز دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دژایەتی و ناکۆکیە کە دروست ئەبێت لە نێوان هێزە بەرهەمهێنەرە نوێ و مۆدێرنەکان و پەیوەندیەکانی خاوەندارێتی و هەل و مەرجی بەرهەم هێنانی نوێ. پەیوەندیەکانی خاوەندارێتی لەگەڵ گەشەکردن و پەرەسەندنی هێزەبەرهەمهێنەرە کاندا ناتوانێ هاوئاهەنگ بێت و کاتێک ئەم هاوئاهەنگیە لە بەین ئەچێ ئەو کاتە تەواوی سیستەمەکە دەکەوێتە قەیرانەوە. قەیرانەکە هەروەک هەردیاردەیەکی نائاسایی سەرەتا نیشانە کانی دەردەکەون و لەم قەیرانە نوێ یە جیهانیەدا لە سەرەتا قەیرانی بانکەکان دەستی پێکرد دواتر تەواوی سیستەمەکەی گرتەوە. هەرلەهەمان سەرچاوەدا مارکس و ئەنگلز دەڵێن:" ئەوەندە بەسە کە باس لە قەیرانە بازرگانیەکان بکەین ، کە بەگەڕانەوەیەک بە شیوەیەکی دەوری تەواوی وجودی کۆمەڵگای بۆرژوازی دەکەوێتە مەترسی یەوە و هەرجارە قەیرانەکە هەڕەشە بارتر دەبێت".
ئامانجی ڕاستەقینەی سەرمایەداران قازانجە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کاڵا و شمەک و خزمەتگوزاریەکانەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە دروستکردنی بازاڕە ، بەڵام بازاڕ لە شکستی دایە لەبەرئەوەی سوپای بێشوماری کرێکاران لە ژێر باری ناهەمواری گرانی و بێکاری دا توانای کڕینیان کەم بۆتەوە. کاتێ بازاڕی خانووبەرە لە ئەمریکا شکا ،هاتنە خوارەوەی نرخی خانووی لەگەڵ خۆیدا هێنا و بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو هاتە خوارەوە سەرەنجام قەیرانێک لە پیشەسازی بیناسازی و خانوو بەرە دا پەیدا بوو ئینجا دەرکردنی سەدان هەزار کرێکاری کەرتی بیناسازی بە دوادا هات. پیشەسازی ئۆتۆمبێل سازیش کەوتە قەیرانەوە کە کڕینی بەرهەمەکانی کەم بۆوە وە ئەمیش کەوتە کەم کردنەوەی ژمارەی کرێکاران و دەرکردنیان بە بیانووی کەمی بازاری ئۆتۆمبیل سازیەوە وە کاریگەریەکەی گەیشتە پیشەسازی کارەبا و نەوت و ئاسن و مەتات و پلاستیک و هتد. ئەمانیش کەوتنە دەرکردنی هەزاران کرێکار لە کارگاکانیاندا. بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان سەرمایەداران پەنادەبەنە بەر دەرکردن یا کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکاران . مارکس و ئەنگلز لە مانیفێستدا دەڵێن: لەم قەیرانانەدا بەشیکی زۆری نەتەنها بەرهەمی مەوجود بەڵکو هێزە بەرهەمهێنەرەکانی پێشووش بە شێوەیەکی دەوری دەکەوێتە بەر لە ناوچوون. هەروەها دەڵێن: کۆمەڵگا لە ناکاو بەرەو دواوە دەچێت و تووشی بەربەریەتێکی کاتی دەبێت.
هەرلەمبارەیەوە فردریک ئەنگلز لە نامەیەکیدا بۆ کۆنراد شمیت لە ساڵی ١٨٩٠ دا دەڵێ: "پیاوی بازاڕی پارە، بزوتنەوەی پیشەسازی و بازاڕی جیهان تەنها لە کاردانەوەیەکی پێچەوانەی پارەوپووڵ و بازاڕی بۆر‌سەدا دەبینێ و بەوپێ یە ئەنجام دەبێتە هۆکار لە لای ئەو" . لە درێژەی نامەکەیدا سەبارەت بە قەیرانی سەرمایەداری ئەنگلز دەڵێ: من تێ بینیم کردوە لە چلەکاندا لە مانچستێر کە ڕاپۆرتی بۆرسەی لەندەن بەتەواوی بێ کەڵک و بێ سوود بووە لە تێگەیشتنی ڕەوتی پیشەسازی وە باڵاترین و نەوی ترینی بە شێوەیەکی دەوری یا وەرزی چونکە ئەم بەڕێزانە هەوڵیان داوە هەموو شتێ بە قەیرانی بازاڕی پارەوپووڵ ڕوون و شی بکەنەوە چونکە ئەمانە دوای هەموو شتێ تەنیا نیشانە بوون. کەواتە تەفسیرکرنی قەیرانی ئابووری لە ڕێگەی بازاری بۆرسە و پارە وپووڵەوە واتە لە ڕێگەی قەیرانی ئابووریەوە ڕاست و دروست نیە..
باس لە هۆکارەکانی قەیرانی سەرمایەداری کرا، لێرەدا وابەباش دەزانرێ کە باسێک لە سیستەمی کرێدت واتە ئیعتماد بکرێ وەک هۆکارێکی گرنگی تری ئەم قەیرانانەی سەرمایەداری. سەرەتا کرێدت لە سەرمایەداریدا بەکارهێنان و کاربوردی جۆراوجۆری هەیە. ئەرکی سەرەکی کرێدت واتە سیستەمی ئیعتماد هەرچی زیادکردنی بەرهەم هێنان و فراوانکردنیەتی هەروەها ئەرکی ئاسان کردنی پرۆسەی ئاڵ وگۆڕکردنی لە ئەستۆدایە. لەکاتێکدا ڕەوتی ناوخۆیی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری لە بەرین کردنەوەو پان وپۆڕ کردنەوەی بێ سنووری بەرهەم هێناندا بەر مەودا سنووردارەکانی خاوەندارێتی تایبەتی دەکەوێت. ئەوکاتە سیستەمی کرێدت وەک ئامرازێکی ئەم سیستەمە بۆرژواییە بۆ لابردنی ئەم سنوورداریە دەردەکەوێ و بەهانای ئەم سیستەمە وە دێت بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم گرفتەدا. ئەمەش لە پێناوی هەرچی زیاتری قازانجە بۆ سەرمایەداری . ئەم سیستەمی کرێدتە وادەکات کە سەرمایەی سەرمایەدارانی تر بەکاربهینرێ لە لایەن هەر سەرمایەدارێکەوە. وەک کرێدتی بازرگانی ئاڵوگۆڕی کاڵا خیرا دەکات هەر بەو پێ یە ش گەڕانەوەی سەرمایە بۆ ناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و لە ئەنجامدا یارمەتی تەواوی سایکلی (دەورەی ) پرۆسەی بەرهەم هێنان دەدات. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە قەیرانەکان لە ئەنجامی دژایەتیەک کە هەیە لە نێوان توانای فراوان بوون و زیادکردن و مەیل و ڕەوتی بەرهەم هێنان بۆ زیادکردن و توانای سنورداری بازار بۆ مەسرەف کردن، کرێدت لە رۆشنایی ئەوەی سەرەوە بە تەواوی ئامرازی تایبەتی تێکشاندنی ئەو دژایەتیەیە کە هەر ناو بە ناوێک تا بکرێ و ئیمکان بێت دەردەکەوێ.
سەرەتا ئەم کرێدتە تواناکانی بەرهەم هێنان بە شێوەیەکی ناهاوئاهەنگ پان و پۆڕ دەکاتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هێزێکی پاڵنەری ناوەکی بۆ ئەم پرۆسەی بەرهەم هێنانە. کرێدت لە دوولاوە پەلامار دەدات ، کرێدت وەک فاکتەرێکی پرۆسەی بەرهێنان پاش ئەوەی زێدە بەرهەم هێنان هان دەدات و وەک فاکتەرێکی ئاڵوگۆڕ یش لەکاتی قەیرانەکاندا زۆرێک لە هێزە بەرهەم هێنەرەکان لە ناودەبات کە خۆی دەستی بوە لە دروست بوونیان. هەر لە دەرکەوتنی نیشانەی یەکەمی قەیران کرێدت دەتوێتەوە و واز لە ئاڵوگۆڕ دێنێ کە هێشتا پێویست و بێ ئاڵتەرناتیڤە، ئینجا کرێت وەک ئامرازێکی ناکاریگەر و بێ کەڵک دەردەکەوێ لە کاتێکدا هەندێ ئاڵوگۆڕ هێشتا بەردەوامە و کەم دەبێتەوە تا کەمترین ڕادەی توانای مەسرەفی بازار (توانای ئیستهلاکی). سەرەڕای ئەم دوو بەرئەنجامە جەوهەری کرێدت کاریگەریشی هەیە لە سەر پێکهاتنی قەیرانی لەم شیوانە، کرێدت ئەو هۆکارە تەکنیکی یە پێک دێنێ کە سەرمایەی سەرمایەداران دەخاتە بەردەستی پەیمانکارێک (یا قۆنتەراتچی یەک) لە هەمان کاتدا کرێدت هانی بەکارهێنانێکی بێ ویژدانانەو جەریئانەی موڵکی خاوەن موڵکی تر دەدات کە ئەمە بەرەو وەبەرهێنانی سەرمایەو موڵک لە بۆر‌سە دەچێت . کرێدت تەنیا قەیران بە تین دەکاتەوە لە تواناکانیدا وەک هۆکانی ئاڵوگۆڕ ی ئاشکرا، بەڵکو یارمەتیش دەدات لە کشان و بەرین کردنەوەی قەیران لە ڕێ ی گۆڕینی هەموو ئاڵوگۆڕەکان بۆ میکانیزمێکی زۆر ئاڵۆز و دەستکرد.
روزا لۆکسمبرگ لە کتێبی "ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و شۆرش" دا کە لەساڵی ١٨٩٨ دا بلاوکرایەوە دەڵێ: کرێدت لە جیاتی ئەوەی ببێ بە ئامرازێکی سەرکوت و هیۆرکردنەوەی قەیرانەکان بەپێچەوانەوە دەبینین کە ئامرازێکی بەهێزی پێکهاتنی قەیرانەکانە. کرێدت ئەو ڕەقی و توندیە لە پەیوەندیە سەرمایەداریەکاندا ناهێڵێ و ئەو پەڕی مەتتاتیەت (مەتاتی بوون) کە بکرێ ڕووبدات لە هەرجێگەیەک ئەخاتە ڕوو و هەموو هێزە سەرمایەدارەیەکان والێدەکات کە درێژبکرێنەوە و ڕێژەیی (نسبی ) بن وە بەشێوەیەکی یەکسان تائەوپەڕی ڕادە هەستیار بن. بە ئەنجامدانی ئەمە کرێدت قەیرانەکان ئاساندەکاتەوە و توند دەکاتەوە کە نەکەم نە زۆر جگە لە پێکدادانێکی وەرزی هێزەناکۆکەکانی ئابووری سەرمایەداری هیچی تر نیە. ئەمە بەرەو پرسیارێکی ترمان دەبات ئەویش ئەوەیەکە بۆچی کرێدت بە شێوەیەکی گشتی ڕواڵەتی هۆکانی خۆگونجاندنی سیستەمی سەرمایەداری هەیە؟ پەیوەندی ئەم خۆ گونجاندن و خۆسازگاریە هەرچی یەک بێت وە فۆرمەکەی هەرچی بێت و بێ گوێدانە پەیوەندی و شێوەی ئەم خۆسازگاریە کە نوێنەرایەتی دەکرێ لە لایەن هەندێ خەڵکەوە ، ئاشکرایە کە کرێدت دەکرێ تەنیا پێک بێت لە هێزی سەرکوت کردنی یەکێک لە چەندەها پەیوەندی ناکۆکی ئابووری سەرمایەداری. ئەویش هێزی سەرکوتکردن و لاوازکردنی یەکێک لەم دژایەتیانە و ڕێگەدان بە ئازادی جموجۆڵی هێزە بەرهەم هێنەرە کۆت و زنجیرکراوەکان.
لەڕاستیدا ئەم کرێدتە کە دژایەتیەکان تا ئەوپەڕی توندتردەکاتەوە. دژایەتی و ناکۆکیەکان دژوارتردەکاتەوە لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنان و شێوازی ئاڵوگۆڕکردن لە ڕێگەی کشاندن و پان وپۆڕکردنەوەی بەرهەمهێنان و لە هەمان کاتدا لە پەل وپۆخستنی ئاڵوگۆڕکردن بە بچوکترین بەهانە. هەروەها دژایەتی توند دەکاتەوە لە نێوان شێوازی بەرهەم هێنان و شێوازی دەستگرتن بەسەر سەرمایەدا لە ڕێگەی جیاکردنەوەی بەرهەم هێنان لە خاوەندارێتی ئەویش لە ڕێگەی گۆڕینی سەرمایەی بەکارهاتوو لە بەرهەم هێنانەکە بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و لەهەمان کاتدا گۆڕینی بەشێکی قازانج بە شێوەی سوود لە نێو سەرمایەدا وگۆڕینی بە نازناوێکی سادەی خاوەندارێتی.
لە کۆتاییدا ئەم کرێدتە دژایەتیەکانی نێوان خاسیەتی کۆمەلایەتی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداری تونددەکاتەوە بەوەی دەست تێوەردانی دەولەت لەبەرهەمهێنان دا پێویست و زەروور دەکرێ. بەکورتی سیستەمی کرێدت هەموو دژایەتیەکانی جیهانی سەرمایەداری دووبارە دەهێنێتەوە بەرهەم و دووبارە دەیانهێنێتەوە پێشەوە .هانی گەشەکردن و پەرەسەندنیان دەدات و پاڵ بە جیهانی سەرمایەداریەوە دەنێ بەرەو داڕمان. یەکەمین کار کە سیستەمی سەرمایەداری ئەنجامی دەدات بۆ خۆگونجاندن لە گەڵ ڕەوشی تازەدا بریتی یە لە سەرکوت و کپ کردنی کرێدت. لە ڕاستیدا کرێدت زۆر دوورە لەوەی کە ئامرازی خۆ گونجاندنی سەرمایەداری بێ بەپێچەوانەوە ئامراز و هۆی لە ناوبردنی هەرچی پڕ مەغزا وگرنگی شۆڕشگێرانەیە.
قەیرانی ساڵی ١٨٢٥ ئەنجامی وەبەرهێنانی سەرمایەیەکی زۆربوو لە بواری دروستکردن و بنیاتنانی ڕێگەوبان و کەناڵ لێدان کە لە چەند دەیەی پێش ئەوساڵەدا لە ئینگلتەرا دا ڕوویاندا. قەیرانی دواتر قەیرانی ساڵی ١٨٣٦-١٨٣٩ بوو کە هەروەک ئەوەی پێشوو بەرئەنجامی وەبەرهێنانێکی زۆربوو لە دامەزراندنی هۆکانی گواستنەوە. قەیرانی ساڵی ١٨٤٧ یش بەهۆی تەب وتابی دروستکردنی ڕێگەی شەمەندەفەرەوە هاوروژێنرا لە ئینگلتەرا. لە سالەکانی ١٨٤٤ تا ١٨٤٧ ئیمتیازێک کە پەرلەمانی بەریتانیا دای بە هێڵی شەمەندەفەر بە بەهای ١٥ بلیۆن دۆلاربوو. لە هەریەک ئەو دوو نموونەیەی سەرەوە دا دەبینین کە قەیران کاتێ ڕوودەدات کە بنەمای تازە و نوێ بۆ گەشەی سەرمایەداری دادەمەزرێت.
لە ساڵی ١٨٥٧ دا هەمان ئەنجام دەردەکەوێ بە هۆی کردنەوەی بازاری نوێ ی چاوەڕوان نەکراوبۆ پیشەسازی ئەوروپا لە ئەمریکا و ئوسترالیا. پاش دۆزینەوەی کانە ئاڵتوونیەکان و بنیاتنانی هێڵی ئاسنینی ئێجگار زۆر بە تایبەت لە فەرەنسە. وە لاسایی نموونەی ئینگلتەرا کرایەوە، تەنیا لە فەرەنسە لە سالەکانی ١٨٥٢ تا ١٨٥٦ هێڵی شەمەندەفەری نوێ دروستکرا بە بەهای ١،٢٥٠ ملیۆن فرەنک. ئینجا قەیرانی گەورەی ساڵی ١٨٧٣ ڕوودەدات کە بەرئەنجامی ڕاستەوخۆی یەکەمین گەشەی پیشەسازی ئەڵمانیا و نەمسایە. کەواتە هەمیشە گەشەسەندن و پەل وپۆ هاویشتنی ئابووری سەرمایەداری هۆکاری قەیرانە بازرگانیەکان بووە نەک پووکانەوە و گەشەنەکردنی ئەو ئابووریە. فۆرمیولای مارکسیستی قەیرانەکان لە لایەن ئەنگلزەوە لە کتێبی ئەنتی دۆهرنگ و بەرگی یەکەم و سێیەمی سەرمایەی کارل مارکس خراوەتە ڕوو کە دەکرێت بەکاربێت بۆ لێکدانەوەی هەموو قەیرانە ئابووریەکان، هۆکارە گشتیەکان و بنەما ئەسڵیەکان، و پەردە هەڵماڵین لەسەر میکانیزمی جیهانی ئەو قەیرانانە. قەیران دەگونجێ هەر پێنج ساڵێک یا هەر ٨ ساڵ تا ٢٠ ساڵێک دووبارە ببێتەوە.


دیسمبر ٢٠١٤

 

 

           

 

17/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com