بەنیچەبوون و بەنیچەنەبوون
لەنێوان دوو بیرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسیدا (لوک فێری و میشێل ئۆنفرێ )
 

  

ئازاد حەمە





ئەگەرچی هزری فەلسەفی نیچە،وەک سەرسەختترین بیرمەندی سەدەی 19 ی ڕۆژئاوا،لەلاێ گرێیێ هزری و ڕوناکبیری جۆراوجۆری لەناو وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا کردۆتەوە و لەلاێتر گرێگەلێ تری بۆ ئەم وتارە زیادکردووە بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم هزرە فەلسەفییە تارمای بەسەر فەلسەفەی جیهانەوە ماوە و ،بەشێ زۆریش لە بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان لە سەدەی 20 هاوکۆکی و ناهاوکۆکی خۆیانیان سەبارەت بە دید و سێرکردنە فەلسەفییەکانی نیچە بەسەلیقەوە نیشانداوە و دووری بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییەیان بەشێوازی جیا گفتوۆکۆکردوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ فەلسەفە لەبارەی گوزارشتە فەلسەفییەکانی نیچەوە بەدوا دەرهاویشتەگەیشتووە.بیریشماننەچێ بیریار و ڕوناکبیرە پاریسیەکان (بەتایبەت سێکوچکەکەی بیری 1960ن:واتە فوکۆ، دولۆز و دێریدا)نەبایە نە فەلسەفەی نیچە ژێرتێڕامانی نوێ دەخرا و نەش هزری فەلسەفی پۆست مۆدێرن دەردەکەوت. چونکە ویست بۆ هێز لە گوزارشتە فەلسەفیەکانی نیچە ، بەتایبەت لە دوای جەنگ و لەناو فەلسەفەی ئەڵمانی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بوەوە و ئاسانیش نەبوو بێدەنگی لە ئاست فەلسەفەی ویستی نیچە گەشە بەخۆیەوەببینێ. لێرە زۆر بەکورتی قسە لە بۆچوونی دوو بیرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسی،میشێل ئۆنفرێ و لۆک فێری،سەبارەت بە دۆزی بەنیچەبوون و بەنیچەنەبوون لە فەلسەفەدا دەکەین.ئۆنفرێ لە کتێبی،""نیچە:ئازادی بۆ خودیخۆ خوڵقان""(1)،کە نووسینێ بیۆگرافی فەلسەفی شیعرئامێزە و شێوازێ شیکردنەوەیدەرونیانە بۆ دروستکردنی گشتێک لەسەر نیچە بەکاردەبا،دەرگا لە چەند خستنەژێپرسیاریێ نوێ دەکاتەوە کە بیرمەندە پاریسیەکانی پێشخۆی لەو کۆنتێکستە نەیانوروژاندووە. بەرهەمەکەی ئۆنفرێ ،کە بە هەندێ وێنە لەلایەن ماکسیمیلێن لۆرۆی Maximilien Le Roیەوە ڕازاوەتەوە،تامێ تری بەخوێندنەوەی کتێبەکە داوە و بەجۆرێکیش کێشراون کە جیهانی سەیری نیچەمان نیشاندەدەن.ئەڵبەتە بیۆگرافیەکە گەشتێکیش بەناو کتێبەکانی نیچە و ئەو بیرۆکە فەلسەفیانەش دەکا لەو کتێبانەوە سەرچاوەیانگرتووە.لەڕیشەشا ئەوی ئۆنفرێ نوسیویەتی دەستنوسە بۆ فلیمێکی سینەمای کە نەهاتەدی.
لەڕێگای ئەم نووسینە بیۆگرافیەوە دەگەینە ئەو بینینەی فەلسەفە هونەرێکە بۆ ژیان و دەروازێکیشە بۆ گەیشتن بە ئازادی.ئازادیش سەرەتای ئەو گەڕانەیە ئۆنفرێ بۆ ناساندنی نیچە دەستیداوەتێ.بۆیە لەڕێگای ئەم بیۆگرافیایەوە ئۆنفرێ بەدوی گشت ئەو تارمایانەوە وێڵە لەپشت ناوی نیچەوەن:نەخۆشی،هاوڕێیەتی، دڵداری و فەلسەفەکردن.هەرلەبەرئەوە لە وێنەکانا دەبینین چۆن لۆ رۆی شار بە شار دوای نیچە دەکەوێ و،ئەڵبەتە سەرقاڵبوونەکانی نیچەش بە بەها و ڕیشەی ڕاستیەوە لە بیۆگرافیا و وێنەکانا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە.دەشکرێ ئەم کارەی ئۆنفرێ وەک نۆڤێلێکی گرافیکی سەبارەت بە هزر و ژیانی تایبەتی نیچە تەماشاکرێ.یان ئەم کتێبە ناشێ وەک کتێبێ هزری قووڵ تایبەت بە نیچە تەماشاکرێ و چاوەڕوانی ئەوەشیلێکرێ دیدی فەلسەفی نیچە بگەێنێتە ئاستێ باڵاتر و،تاڕادەێ کتێبەکە خۆشی لە کتێبە فەلسەفیەکانی تری میشێل ئۆنفرێ جیادەکاتەوە.بەس ئۆنفرێ لەم بەرهەمەی بەجۆرێ فەلسەفی هونەری جیا ،کە چێژێ شاعیری بە قسەکانیداوە،دەستپێدەکا و لەپاڵ ئەو قسانەشەوە وێنەگەلێ دەبینین کە دۆزە جیاکانی نیچەمان بۆدەنەخشێنن.بەواتاێتر،ئەفۆریزم aphorism،ئەتەیزم atheism و مەرگی یەزدان بەشێکن لەو وێنە هزریانەی ئۆنفرێ بەشێوازێ فەلسەفی چێژدار بەرباسیاندەخا.دیاریشە ئەوی ئۆنفرێ باسیدەکا وەک وێنە لەلایەن لۆ رۆیەوە نەخشێنراون و تامێ تریان بەخوێندنەوەی کتێبەکە داوە،وێنەکانیش بەجۆرێ کێشراون کە جیهانی سەیری نیچەمان بێڕتوش نیشاندەدەن.
جێیوتنە،زمانی ئۆنفرێ لەو کتێبە جۆرە ئاسانکردنێ فەلسەفی و ئەمجار ساناکردنی فەلسەفەی نیچەشی پێوەدیارە.بۆنموونە لەگەلێ شوێن پۆرترێتەکان نیچە وەک کەسێ سەیر نیشاندەدەن لێ سەیری پۆرترێتەکان لە سەیری ژیان و هزری فەلسەفی نیچەوە دوور نیین.بۆنموونە نیچە و ئافرەت، نیچە و زەرادەشت،نیچە و پیانۆ،نیچە و سمێڵەپڕەکەی،نیچە لە پیاسەی ناو دارستانەکان، نیچە وەک قوتابی تیۆلۆژی(لاهوت)،نامە سەیرەکەی بۆ قەیسەڕ،مەرگی یەزدان،خۆهەڵدانەکەی لەسەر ئەسپ،نیچە و تێڕامانە زەرادەشتیەکانی،نیچە و باوکی یان دایکی ،نیچە و ڤاگنەر و ژنەکەی ڤاگنەر، نیچە و دیدە نازیەکانی ئێلیزابێت Elisabeth Förster ی خوشکی و...هەر بۆیە زۆر ئاسایە بڵێین:ئەو ڕیزە وێنەیەی ماکسیمیلێن لۆ رۆی لەسەر نیچە کێشاویەتی و لەتەک کتێبەکەی ئۆنفرێ چاپکراوە جیهانی نیچەمان بۆ دەنەخشێنن کە تائێستا بەو جۆرە هونەریە نەهاتۆتەبەر. ئامانجیش لەوە هێنانەدی فلیمێک بووە لەسەر ژیان و هزری نیچە کە هەرگیز نەهاتەدی و لەبڕیئەوە بوو بە ئەلبومەکتێبێ فەلسەفی لەسەر نیچە.وێنەکان ئەوەندە ڕوکەش و نائاڵۆز کێشراون ئەوەمان نیشاندەدەن نیچە چەند تەنیا و شەکەتە و"چۆن شەوانە بەدیار دۆزینەوەی هەقیقەتەوە شەونونخوونیدەکا و بەکوڵیش دەگری". تەنانەت لە وێنەکانا و لە وتنەکانی ئۆنفرێ بەوردی ئەو بەزمە بەدیدەکەین خوشکەکەی نیچە بۆ نیچەی سازاند ، تەنانەت ئەوەش بەدیدەکەین چۆن فەلسەفە ئەو هەموو ژیانەی لەسەردەستی بیرمەندێ لە چرکەساتێ دیاریکراوا لێکەوتۆتەوە.لە وێنەکانا دەبینین چۆن نیچەێکی نەخۆشی ڕاکشاو لەسەر کورسیێکی قەرەوێڵەی ڕوخسار ماتەمیئامێز و پڕلە پرسیار بووە بە چەند ڕەنگێ تێکەڵ. دواتر ئەوەش دەبینین چۆن نیچە وەک قوتابی تیۆلۆژی و یەکێک لە هاوڕێکانی ڤاگنەر و دواتر چۆن ئەم قوتابیە لەگەڵ فەیلەسوفێ دیاری ئەو دەمەی ئەڵمانیا، شۆپنهاوەر، ژوانێپێکدێنن. ئەڵبەتە لوی سالومێ Lou Salomé ش،ئەو خانمە ڕووسە- ئەڵمانیەی دەبێ بە جێی سەرنجی نیچە و بەشێ لە پیاوە ناودارەکانی سەدەی 19(وەک ڤاگنەر،ڕێلکە و فرۆید) بەشێ سەرەکی لە وێنەکان پێکدێنێ. خۆشەویستی نێوان سالومێ و نیچەش( نیچە بە سالومێ دەڵێ: ئێمە لە چ ئەستێرەێکەوە بەربوینەتەوە تا لێرە یەکبگرینەوە؟)،کە لەوێنەکانی لۆ رۆی دەردەکەوێ،جیهانێ پڕلەسۆزی فەلسەفیمان پێنیشاندەدەن کە دەشێ لە فلیمێکی سینەمای نیشاندرێ.هاوکات بینینە ئەفۆریستی و گەمەئامێزەکانی نیچە،کە هەرگیز ناشێ فەرامۆشکرێن، لە وتنەکانی ئۆنفرێ و لە وێنەکانی لۆ رۆیدا ڕەنگدانەوەی خۆیانیان هەیە.
کتێبی،""ئێمە بۆ نیچەخواز نیین""(1)ی لوک فێری،کە لەتەک چەند بیرمەندێ تری هاوچەرخی فەڕەنسی وەک ئالان رونۆ،ئالان بوێر،ئاندرێ کۆنت- سپۆنڤیل،ڤینسێنت دیسکۆمب،فیلپ راینۆ نووسراوە،تەقەلاێکە بۆ شیکردنەوەی بۆ (بۆ؟)یەتی نەبوونی لوک فێری و بەشێ لە بیرمەندە پاریسیە هاوڕێکانی بە نیچەخواز لەکاتێکا بەشێ زۆر لە بیرمەندە فەڕەنسیەکان بەهۆی نیچەوە هاتوونەتە ناو زۆنی پۆست مۆدێرنەوە،یاخود فەلسەفەی نوێی فەڕەنسی،لەماوەی ساڵانی 1960 و 1970 کانا،لەتەک نووسینە فەلسەفییەکانی نیچە لە گفتووگۆیێ بەردەوامبووە و،نەنانەت لەژێر سیحری ئەم بیرمەندە ئەڵمانیەش وتارێ لە لێکدانەوەی فەلسەفی لە نێوەندی فەلسەفی فەڕەنسی هاتۆتە دونیاوە،یان هەروەک ئەوەی فوکۆ دەیووت:سێ بازنەی گرینگی لێکدانەوەمان هەیە کە ئەوەش نیچە و مارکس و فرۆیدن.بیریشماننەچێت،ئەو بایەخەی لە دەرەوەی بیرمەندانی ئەڵمانی بە نیچە دراوە لەناو بیرمەندە ئەڵمانیەکان بە نیچە نەدراوە و ئەو بەختە فەلسەفییەش نیچە لە دەرەوەی ئەڵمانیا و بەتایبەت لە شوێنێ وەک فەڕەنسا هەیبووە لەناو زمانی دایکدا(مەبەست زمانی ئەڵمانییە)هەرگیز نەیبووە.
جێیسەرنجە لێرە ئەوەش بووترێ کە،ئەم کتێبەی فێری و توێژەرەوە هاوڕێکانی بەجۆرێ لە جۆرەکان هەوڵێکە بۆ "بیرکردنەوە لەگەڵ نیچە دژ بە نیچە"و،وەکیتریش گەلێ ڕوناکبیری فەڕەنسی ناونیشانی کتێبەکەیان پێهەرس نابێ و ڕەخنەی ئەو جۆرە ڕووبەڕووبونەوەیەش دەکەن نیچە لەسەر دەستی لوک فێری و هاوەڵە پاریسیەکانی ڕووبەڕوویبوەوە.پێدەچێ ئەم هەوڵە فەلسەفییەی فێری بۆ سازاندنی بیری فەلسەفی دژە هەڵوەشانەوەگەری بێ چونکە بیری فەلسەفی هەڵوەشانەوەگەری بیرێ فەلسەفی نیچەگەرایە و هەوڵکیشە بۆ هەڵتەکانی وتاری میتافیزیکی ڕۆژئاوا.بۆیە زۆر ئاسایە قسە لەوەکرێ نووسینی ئەم کتێبە پەرچەکرداریێکە دژ بەو چرکە فەلسەفییە پاریسیەی دەشێ بە"چرکەێ فەڕەنسیانەی نیچە"ناونرێ و،وەک هەڵوێستێ فەلسەفیش تەماشاکرێ لەبەرامبەر جموجۆڵی فەلسەفی زارۆکەکانی نیچە لە پاریس(دێریدا،فوکۆ،دولۆز)،ئەمەش بەزۆری پاش دەرکەوتنی تەوژمی فەلسەفی پۆست مۆدێرن.گومانیشی ناوێ گەربڵێین فەلسەفەی پۆست مۆدێرن بە فەلسەفەی نیچە هەناسەی دەدا و لە گەرووی فەلسەفەی پۆست مۆدێرن دا ئاوازی نیچەگەرای بێوچان دەچڕدرا.
خوێندنەوەی کتێبی لوک فێری هوشیاری ئەوەشماندەداتێ نیچەی فەڕەنسی یان چاترە بڵێین بە فەڕەنسیبوونی نیچە کارکردەی هەڵوەشانەوەگەرە هزرەڤانەکانە(یان بیریارانی پۆست مۆدێرن).فێری گومانلەوەناکا هیۆمانیزم بۆ بیرمەندە گەورەکانی 1960 کانی پاریس(فوکۆ،لاکان،ئالتێسێر،دولۆز،دێریدا،میرۆلۆپۆنتی)ڕقێ کۆن نەبووبێ و،بەشێ زۆر لە نەوەی خۆیان دەستبەرداری خوێندنەوەی سارتەر نەبووبێتن.هاوکات جەغتلەوەشدەکا لەئێستایا"فەلسەفە بە چەکوش بۆ تێکشکانی میتافیزیک نەرێتێ فەلسەفی سواوە".سەیرەکە لەوەدایە فێری ئەم لایەنە بۆ نەوەی خۆیان بە شتێ زێدە ڕوون دەزانێ.گومانیش دەکا نەوەی خۆیان ئەمڕۆ باوەڕی بە زانینێ ڕەها،مانای مێژوو و شەفافیەتی خود مابێ و،بۆیشە ئەم نەوەیە"بیرکردنەوە لەگەڵ نیچە دژ بە نیچە"بە ڕاستدەزانن .
لەم کتێبە بیرکردنەوەی فێری و بیرمەندە فەڕەنسییەکانی تر لەگەڵ نیچە لەو شوێنە دژ بە نیچەیە کە نیچە بۆ دژایەتیکردنی خودی نیچە بەکاردەبرێ.ئەڵبەتە لەوێشەوە ڕەخنەی بیری نیچە تایبەت بەئاین،هونەر،زانست و پێشهەمووشی فەلسەفەی مێژووی نیچە دەکەن و تێگەیشتنی نیچە بۆ واتاگەلێ وەک ڕاستی و ناعەقڵانیەتیش ژێرگوماندەخەن.ئەو دەمەی فێری و هاوەڵە فەڕەنسییەکانی سەرقاڵی تێخوێندنەوەیێ دژگەرایانە تایبەت بە هزری فەلسەفی نیچە دەبن بەکاربردنی نیچە لەناو وتاری هاوچەرخی فەڕەنسی بەتایبەت لەسەر دەستی بیرمەندگەلێ پاریسی وەک دێریدا،فوکۆ،دولۆز گەیشتۆتە لوتکە.بەبێسڵەمینەوەش دەڵێین:بەفەڕەنسیکردنی نیچە تاڕادەێ زۆر پێوەندی بە تێخوێندنەوە هزریەکانی ئەم سێ بیرمەندە فەڕەنسیەوە هەبووە،کە لەڕیشەدا لەپشت فەلسەفەی هەڵوەشانەوە و جیاوازی،و وەکیتریش پاش بنەماخوازی و پاش تازەگەرییەوە،بوونە.
بەمجۆرە دەشێ ئێمە لێرە هێما بۆ ئەو لایەنەشبکەین کە گفتووگۆکردن لەگەڵ نیچە،لەمیانەی نووسینە فەلسەفیەکانی نیچەوە، بۆ بەشێ زۆر لە فەیلەسوفە فەڕەنسییەکان،و بەتایبەت نەوەی 1960 و 1970 کان، بووە بە نەرێتێ فەلسەفی و ڕێگاێکیش بۆ خۆ ڕوناکبیرکردن.بۆیە گەڕانەوەی پۆلێ فەیلەسوفی پاریسی بۆ سەر نیچە بە بینینێ فەلسەفی جیا لەوی لە نێوەندی فەلسەفی و ڕوناکبیری فەڕەنسی باوە بەهای کتێبەکە زیاد دەکا و گفتووگۆ لەبارەشیەوە جۆراوجۆر دەکا.چونکە بۆ ئەم جۆرە پۆلە فەیلەسوفە گرینگە لەوە حاڵیبین نیچەخواز کێیە؟ئەڵبەتە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێوەندی بە شێوەی کارکردنی نیچەگەراکانی پاریسەوە لەسەر تێکستەکانی نیچە هەیە.بۆیە بیرمەندێ وەک ئاندرێ کۆنت- سپۆنڤیل،کە یەکێکە لە هاوکارەکانی فێری لەم کتێبە، پێیوایە "بیرکردنەوە لەگەڵ نیچە دژ بە نیچە" لە کۆتایدا هەمانشتە. هۆی ئەمەش بۆ ئەو دژەگەراییە دەگەڕێنێتەوە لە کارە فەلسەفییەکانی نیچەدا پەنهانە. واتە لە حوکمدانەکانی نیچە هەمیشە شوێنێ بۆ دوو دیدی بەدیدەکرێ و ناکۆکی لە گوزارەکانیا ئامادەیە.ئەمەش ئەو سێرکردنەمان تیا دروستدەکا کە بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی نیچە خۆبەخۆیخۆیان دەرگالەو ناجۆریە دەکەنەوە سەبارەت بە فەلسەفەکەی هەیە.ڕەنگە بۆ بەشێ لە بیرمەندەکانی ئەم پڕۆژە فەلسەفییەی ئەم کتێبە دابڕانی فەلسەفەی نیچە بێت لەو ناکۆکی و ناجۆریەی فەلسەفەی نیچە پێوەیگلاوە.پێشمانوایە پرسیاری چۆن ڕەفتار لەتەک فەلسەفەی نیچەدا کرێ؟دەکرێ خۆی وەک یەکێ لەو پرسیارە فەلسەفییانە نیشاندەدا خوێنەری کتێبەکەی فێری و هاوەڵەکانی لای بەرجەستەدەبێ.ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی لە فەلسەفەی نیچەدا هەڵچوون و داچونێ زۆر بەدیدەکرێ و ئەوەش خوێنەر دەخاتە حاڵەتێ لە دووبەرەکانییەوە و،ناهاوشێوەیێ لە تێگەیشتنیشیا دروستدەکا.دیارە مەترسی تێکستی فەلسەفی نیچە لێرە ناوەستێ و بگرە ڕووبەری ئەم مەترسیە ئەو دەمە بەریندەبێ کە نازیزم سەرهەڵدەدا و کە هیتلەر خۆی وەک یەکێ لە خوێنەرەکانی بەرهەمە فەلسەفییەکانی نیچە نیشاندەدا.کاتێکیش هیتلەر دەیەوێ دیاریێ بە بەها بە مۆسۆلۆنی ببەخشێ تێکڕای کارە فەلسەفیە تازە چاپکراوەکانی نیچەی پێشکەشدەکا.

1.Michel Onfray . Nietzsche: Att skapa sig frihet. Maximilien Le Roy (bild). . Övers: Jim Jakobsson. Agerings förlag. 2011.
2.Luc Ferry & Alain Renaut. Why We Are Not Nietzscheans. (Ed) .Translated by Robert de Loaiza.University Of Chicago Press; 1997.



 

 

           

 

30/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com