گەرای حەقیقەت !

 

  

ئەرسەلان مەحمود





هەورێك
بەسەر سەری منەوە، دەگرمێنێت، دەگرییەت، خۆشیناكاتەوە،
پەشیمانی لێدەبارێت !
دەنگێك لەدورەوە بانگم دەكات، بۆنی ئاوازێكی ونبووی لێدێت، تامی گۆرانییەكی خامۆش دەدات، چاو تروكانێك ئەولاتر خەیاڵم لەرەی یادەوەری دەیبات.. بەخۆم دەڵێم: ئەگەر هەروا ڕقمان لەیەكتری بێت، چۆن دەشێت عەشق و خۆشەویستی لەم دنیایەدا، لەم بەرهەیوانی خوایەدا، بەرقەرار بێت !
سێبەرێك
لەدرەوشانەوەی تەنهایی منەوە، دەپژێت، هەراش دەبێت،
میهرەبــانی دەڕوێت !
رۆشناییەك هەڵدێ‌، شنەبایەك هەڵدەكات، چرایەك لەبێتامی خامۆش دەبێت، هەناسەیەك ئەولاتر ئەوەی نافراژێت، ئەوەی پێنگات، چرۆی ئازادییە لەتۆدا، پژانێكى هەنارییە لەمندا.. بێدەنگیم دەڵێت: ئەگەر هەروا لەهەموو شتێكی مندا هەبیت، ئەگەر هەروا هەموو شتێكت هەر هی منبێت، بەڵام خۆت هی كەسێكی تربێت، چۆن دەبێت ئیتر دنیا، ئەم مەئوایە هەست بەبێكەسی خۆی نەكات !

كانییەك
لەڕونی وشەكانی منەوە، دەڕژێت، بەزمانی فێنك دەڵێت:
حەقیقەت وشكایی نایــەت !
تارمایی نادیارێك بەدیارێكەوە دەكشێت، ڕۆشنایی دیارێك بەنادیارێكەوە ڕەگەكانی دەكەونەوە ڕێ‌، شەپۆلدانێك لەئاگایی پەنهانێكدا دەخنكێنێت، نەفەسێك ئەولاتر ئەوەی لەناوناچێت، ئەوەی لەدەستدەچێت، حەشارگەیەكى جەنگەڵییە لەتۆدا، گەنجینەیەكى هەتاوییە لەمندا.. دڵم دەڵێت: ئەگەر هەروا بەفری سەرم ڕۆشنایی خۆی لەشەوی سیات نەبڕێت، چۆن دەكرێ‌ دنیا، ئەم گەردونە لەكۆتاییدا غەرقبێت لەتاریكیدا !
باوەڕناكەم هیچ باخێك هەبێت تامی باخێكی دی بدات، دایكم جیاوازترین درەخت بوو لەناو هەموو ژنانی دنیا، باوەڕناكەم هیچ گوڵێك بتوانێ‌ بەهای گوڵێكی دی بدات، ئەو جیاوازترین گوڵ بوو لەناو هەموو كچانی دنیا، ئەوەی هەنگە پیاوێك لەژێر دروشمی سۆراغكردنی حەقیقەتدا دەیكات، مژینی گەرای حەقیقەت نییە، ژاكاندنی گوڵزارە لەحەقیقەتدا، خۆكوشتنەیەتی بەناوی ژیانكردنەوە..
مەهێڵە وەك ئەو گەڵایەی هەڵوەرین دەیسپێرێت بەخامۆشیەت و خۆڵەمیش، ببیت بەئازارێكی ئەبەدی لەمندا، بمكەی ژانێكی ناخۆش لەخۆتدا، ئەگەر هەروا بەردەوام بێت كەڕییەتی ناخت، چۆن دەلوێ‌ دنیا قسەیەك بكات، چۆن دەبێت ئيتر هیچ ببیستێت !

بێدەنگییەك
لەهەڵمی هەناسەی منەوە، غەڵبەغەڵبی لێدەتكێت،
تۆفانێك هەڵـــدەستێت !
باسەفای سنور دەبڕێت، دوری لەپەرداخی ئینكاری دەڕژێت، وشەی هۆشمەند بەسەر شانی كپییەوە دەبارێنێت، ئەی سێوستانەكەی ئومێدم، ئەی ئەوانەی كاسەی سەرتان پڕیەتی لەخەونی شكۆدار، دەست بەترپەكانی كاتەوە بگرە، هەر دڵۆپەی هەنگاوێكەو دەبێت بەدەریا، بەلوعەی چاوەڕوانی بگرنەوە، موعاناتی نەهات لەدەمارەكانتانەوە فیچقە دەكات، چەتری چاوتان بتەكێنن، بێدەنگی سەوز دەبێت، غروری سنەوبەر دەشكێت، بەفوارەی تەبیعەت دەست لەچۆڕاوگەی گۆشەگیری بشۆن، تەڕبوونی چۆلەكەی ڕۆحتان بەڕوداوی عەشق، دڵی بەرد نەرم دەكات !
لەعەشقدا، شتێك نییە بەناوی ئاوابوونەوە، نوری بەرەبەیانێكی ئەبەدی هەیە، لەعەشقدا فەزایەك نییە بەناوی تاریكییەوە، ئاسمانی میهرەبانییەكی شین هەیە، كۆڵانێك هەیە دەكەوێتە ئەودیوی چینەكانی غافڵگیرییەوە لەئاواییدا، شەقامێك هەیە خاڵییە لەكاڕوش و میوەجاتی بەرخۆری لەبازاڕدا..
لەعەشقدا ئیمان هەیە بەڵام لاڕێكاری نییە، مرواری هەیە بەڵام مەرگ نییە، لەحەوزەی عەشقدا مارو خشخشۆكەی بەدبەختی نییە، هەر زیندەوەرەو بەنۆرەی خۆی، ملوانكەی مانایەك لەخۆشەویستی بەگەردەنی ژیاندا دەكات، كاوێژ نییە، عەلەفی سەرگەردانی ڕۆناكرێت !

رۆناكییەك
تێكەڵ بەڕۆناكییەكی تــر دەبێت،
ئێمە پیر دەبین و، عەشق لەگەنجێتی خۆی ناكەوێت،
پایز، تەژی دەبێت
لەوەفا !
Erselan_21@yahoo.com
https://www.facebook.com/BKG20012


 

 

           

 

17/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com