ژنە جەنگاوەرەکان لە شاخەکانى کوردستان
 

  

نوسینى : دکتۆرە نوال السعداوى
وەرگێڕانى لە عەرەبیەوە : ڕێباز حسین سالح

 



گەلانیش هەروەک و مرۆڤەکان لە تێکۆشان و ئازارەکانەوە فێردەبن، ژن یان پیاو هەڵدەستن بە خەبات کردن دژى جەورو ستەم بەمەبەش فەرهەنگ و ئاگاى گشتى و تاکەکەسی بەدەست دەهێنن.
گەلى کوردیش بە پیاو ژنەوە پلەیەکى باڵای ئاگاییان بەدەست هێناوە ، ئەمەش لە ئەنجامى تێکۆشان و بەرخودانیان لە دژى ئیستعمارى دەرەکى و ستەم و چەوساندنەوەى ناوخۆى وڵاتەکانیان.
لەم ڕۆژانەى ڕابردودا سەردانى کوردستانم کرد ، کە لەلایەن قاوەخانەى کلتورى شارى سلێمانی و ژنە جەنگاوەرەکانى قەندیلەوە بانگهێشت کرابووم ، لە پێش گەشتەکەمدا بە ڕۆژێک ، هەندێ لە مانشیتى گۆڤارەکانم خوێندەوە کە دەیانوت ( داعش ) هێرشی کردۆتە سەر هەولێر ، هەربۆیە خزم و کسوکارو هاوڕێکانم ئامۆژگاریان کردم کە خۆم لە مەترسی بەدور بگرم ، بەڵام من هەر بڕیارى ئەم گەشتەم دا ، وە ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ کوردستان ، وەهەمیشە شتێک هەیە لە مندا کە ڕامدەکێشێت بۆ کردنى ئەو شتانەى کە پێشتر نەمکردون ، تەنانەت ئەگەر مردنیش بێت دەمەوێت تاقى بکەمەوە ، وە چەندین جار لە مردن نزیک بومەتەوە تەنها بۆ دەرخستن و دۆزینەوەى ئەو نادیارە ،وە ئارەزوى من لە دۆزینەوەو زانین هەمیشە سەردەکەوێت بەسەر ترس و تۆقاندندا ، چەندین جار چومەتە بەرەکانى جەنگى دژ بە ستەمو چەوساندنەوە لە ناوخۆو دەرەوەى وڵاتدا ،چومەتە سەنگەرەکانى گیان بازە میێریەکانەوە لە کەناڵى سوێس کاتێک لەدژى ئیستعمارى بەریتانى و حکومەتە هاوکارەکانیان دەجەنگان، وە چومەتە ئەشکەوتى شۆڕشگێڕە فەلەستینیەکانەوە لە کەنارى ڕوبارى ئوردن و پێدەشتەکانى کە دەجەنگان لە دژى داگیرکارى ئیسڕڕ ئیل و ئەمریکاو ئەوروپاو حکومەتە هاوکارەکانیان .
لە دەیەى حەفتاو هەشتاکانى سەدەى ڕابردودا لەسەر ئەو ژنە جەنگاوەرو چەکدارانەى کورد خوێندبومەوە کە شان بەشانى پیاوە پێشمەرگەکان لە دژى جەورو ستەمى ناوخۆى و دەرەکى و بەکۆیلەکردنى ژنان و هەژاران دەجەنگان ، لەم گەشتەمدا هەندێکیانم بینى ، لەوانەش نوسەرو شاعیر ( مهاباد قەرەداغی ) کە یاداشتەکانى خۆى پێشکەش کردم کە تایبەت بوو بەڕۆژانى بەندکردنى لەلایەن ڕژێمى (ێدام حسین) وە لەساڵى 1980 زاینى کە بە قەلەم ڕەساسیکى بچوک و لەسەر پەڕەى کلینێکس ئەو یاداشتانەى نوسیبۆوە، ئەمەش هەمان ئەزمونى خۆمى بیرهێنامەوە کە لە بەندیخانەکانى ئەنوەر سادات دا ئەزمونم کردبوو کاتێک بە قەڵەمى چاو ڕەشکردن لەسەر کلینێکسى تەوالێت یاداشتەکانى خۆمم لە یەکێک لەبەندیخانەکاندا نوسییەوەو لە ڕێگەى یەکێک لە زیندانی کراوەکان بە تۆمەتى لەشفرۆشى ئەو یاداشتانەم ناردە دەرەوەى زیندان .
مهاباد ئەو یاداشتانەى بەزمانى کوردى نوسیوەتەوە و لەڕێگەى (جلال زەنگابادى )ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى عەرەبى و لەساڵى (2010 ز) دا ئەم یاداشتانە لە دوتوێى کتێبێکدا بەناوى ( ساڵێک لە دۆزەخ ) دا بڵاوکراوەتەوە ، باس لە کچێک دەکات کە تەنها تەمەنى چواردە ساڵەو ڕوبەڕوى قورسترین و ناشرینترین جۆرەکانى سزادانى جەستەى و دەرونى دەبێتەوە لە ناو زینداندا ، وە ئەمڕۆش ئافرەتانى کورد بەو پەڕى ئازایەتى یەوە لە دژى چەکدارانى داعش دەجەنگن و هەواڵى سەرکەوتنەکانیان لە پایزى 2014 لە کۆبانێ بڵاوبۆوە .
زۆر لەو ئافرەتانەم بینى لەم گەشتەمدا بۆ کوردستان کە هەندێکیان لە پێشمەرگە کۆنەکان بوون ، هەندێکیشیان ئافرەتى گەنج بوون ، کە پێک هاتبوون لە جوتیارو کرێکارو خوێندکارو سەرجەم بوارو پیشەکانى تر کە ڕاهێنانى ڕۆشنبیرکردنیان خرابۆوە پێش ڕاهێنانى سەربازیەوە ، لەبەر ئەوەى میشک و بیروهۆش ئامانج دیارى دەکات لەهەموو جەنگێکدا، جەنگاوەرە کچەکان ڕاهێنانێکیان پێ دەکرێت کە ناو دەبرێت بە ڕاهێنانى ڕۆشنبیرى و فکرى و پێک دێت لە خوێندنەوەو وتووێژ کردن لەسەر کتێب کە کتێبى ئەدەبى و فیکرى زۆرێک لە نوسەرو بیرمەندەکانى وڵاتە جیاوازەکانى تێدایە .
ئەوەى منى سەرسام کرد بەدەنگەوەهاتنی گەلی کورد بوو بە ژن و پیاوەوە بۆمن و ڕێزگرتن بوو لەکارەکانى من ، کە کتێبەکانی منیان بە زمانى عەرەبى خوێندبۆوە یان وەرگێڕدراوە کوردییەکانیان خوێندبۆوە ، ئەم گەلە چەندە تێکۆشەرو خەباتگێڕە ئەوەندەش خوێنەرە، گەلێکە لە ڕوى ڕۆشنبیرى فیکریەوە لەچاو زۆربەى گەلەکانى تر پێشکەوتوو ترە ، قاڵبونى ئەم گەلە لە خەباتیدا دژى زۆردارى و ئازارەکانى وایان لێکردووە کە دەرگاى زیندانى قەدەغە کراوەکان و بۆماوە سیاسى کۆمەڵایەتى و دینیەکان بشکێنێت، گەلێکە هەموو ڕۆژێک لە شۆرشدایە هەم لەشار و هەم لە شاخ ، لەسەردەمى چەوساندنەوەو ئیستعمارەوە خوێن دەڕێژێت و نرخى هەموو شۆڕشەکانى خۆشى بە خوێن داوەو تائێستاش بەردەوامە لە بەخشینى خوێن.

 


ئه‌مه‌ به‌شێكی وه‌رگێڕانه‌كه‌یه‌
 


سەرچاوە : ڕۆژنامەى (الاهرام)ى میصرى
 

           

 

10/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com