کاریگەریە خراپەکانی ئاین و نەوت بۆ سەر کۆمەڵگا!
 
تاهیر حاجی حەسەن

 


تەواوی ئاینە بەناو ئاسمانیەکان، ناوەڕۆکە بنەڕەتیەکەی وا پێناسە کراوە کە بۆ ڕزگار کردنی کۆمەڵگایە لە دەست ستەم و جەوری دەسەڵاتە خۆپەرست و توند ڕەوەکان. لێرەدا لە ڕووی تیۆریەوە، وا دەخوێندرێتەوە کە ئاین هەڵگری چەمکی ئازادی و یەکسانی خوازیە لە نێو کۆمەڵگاکاندا. گەر بە ئینسافەوە ئاوڕێک لە مێژووی سەرهەڵدانی ئاینەکان بدەینەوە، دەبینین، لە زۆرترین ساتی مێژووی ئەو ئاینانەدا ، هەردەم نەک بوە بە بەشێک بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا، بەڵکو خودی خۆی جێگای دەسەڵاتدارە ستەم کار و دڕندەکانی گرتۆتەوە، ئەو مێژوە وەک لە پەرتوکە مێژوییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بە تایبەتیش لە هەر دوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامدا. دیارە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست، بۆخۆی بە مێژوی دەروازەی تاریکستانی ناوبانگی هەبوە، ئەویش بەرانبەر ئەو کۆ ستەم و چەوساندنەوەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو ئاینەوە کرابوە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەش مەینەت و ئەوانەیشی هەردەم لە دژی ئەو ستەمە خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگار بونی کۆمەڵگا لە دەست ستەم و بازنەی داخراوی ئەو ئاینە. ئاینی ئیسلامیش، کە لە پێناسە ڕاشکاوەکەی خۆیدا، کۆی مرۆڤەکان وەک کۆیلەی خودا دەناسێنێت، کەچی دەبینین، ئەو کارەش لە ڕوی کرداریەوە، تەواو پێچەوانەیە، چونکە گەر کۆی مرۆڤەکان کۆیلەی خودا بن، ئەی خێرە وا تاقمێک هەمیشە خۆی کردۆتە دەمڕاستی خاوەنداری لێکردنی ئاین و، بە هەموو شێوازێک خۆی وەک نوێنەری خودا ڕادەگەیەنێت و خۆی دەرباز کردوە لە کۆیلە بونی خۆی بۆ خودا!!!. کاتێک مرۆڤ کۆیلە دەبێت، ئیتر، مانایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک یان گروپێک لەو کۆیلانە بکرێنە دەمڕاستی سەرجەم کۆیلەکانی تر و کاریان دوو بارە چەوساندنەوەی کۆیلەکانی ژێر دەستی خودا بێت.
ئاینی ئیسلام گەر تۆسقاڵێک ئازادی بۆ کۆمەڵگا پێبوایە، دیار دەبوو کە مێژوەکەی پڕاو پڕ نەدەبوو لە خوێن ڕشتن و بە کافر کردنی ئەوی دی کە لەم ناچێت. ئاینی ئیسلام گەر ئاینی یەکسانیخوازی و ئاشتی هێنەر بوایە بۆ سەرجەم کۆمەڵگا، حەتمەن لەوێدا ژنی وەک مرۆڤێکی تەواو سەیر دەکرد و بە زۆر سەروچاوی دانەدەپۆشی؟ کەواتە ئەوەی سوود مەندە لە نێو ڕاگرتنی پایە سیاسی و ئابوری و مەعنەویەکانی نێو دیندا، خودی ئەو دەسەڵات و گروپانەن کە هەریەکە و لای خۆیەوە خۆی- لەوی بەرانبەر بە ئەسڵ تر دەزانێت و، لەو نێوەشدا ئەوەی تەنها ڕەنجەڕۆیی بۆ ماوەتەوە ئەو کۆ کۆیلانەیە کە بەڕاستی خراونەتە ژێر دەستی ستەمی چەوساندنەوە و سەرکوت کردنەوە. لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە کۆی ئەو نوێنەر و وەکیلانەی خۆیان لە کۆمەڵگادا بەدەم ڕاستی لای خودا دەزانن، هەر وەک کۆی دەسەڵاتە دڕندەکانی دیکەی سەرزەمین، ئەوانیش هەمان کاری وەحشیەت گەری دەکەن دژی سەرجەم خەڵکی سیڤیل لە کۆمەڵگادا.
ئێستا لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە پێناسەی گشتییان لە ژێر ناوی دەوڵەتانی ئیسلام بوندایە، لەلایەک ئەوی دەسەڵاتدارە و خۆی سەپاندوە بەسەر کۆی جومگە زیندوەکانی ژیانی کۆمەڵگادا، لەلایەک خاوەنی دام و دەزگای ئاینین و کۆیەک لە مەلاو پیاوانی سەر بەو ئاینە لەگەڵ خودی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتدا، سوود مەندن لە کایەی ئاین و واخۆیان پێناسە دەکەن کە ئەوانن نوێنەرە ئەسڵیەکەی ئاینن، لەو دیویشەوە بە سەدان گروپی ئیسلامی سیاسی لە مەیداندان و، هەردەم کاریان ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگایە و، هەڕەشەی بەردەوامیان ئەوەیە، کە ئەوان دێن و ئاینی ئیسلام دەگەڕێننەوە بۆ جێگا ئەسڵیەکەی خۆی. بەڵام دەبێت جارێکیتر بپرسین، ئاخۆ گەر ئاین مژدە هێنەری خۆشی و سەربەستی و ئازادیە بۆ کۆمەڵگا، کەواتە بە پێی کام حیکمەتان، دێن و هەر ڕۆژەی کۆمەڵێک مرۆڤی بێتاوان دەکوژن و ڕەوانەی مەرگی هەتاییان دەکەن؟ ئاخۆ گەر تەواوی دەسەڵاتە چینایەتیە چەوسێنەرەکان سوود مەندییان لە مانەوەی دین نەبینایە، دەکرا تا ئەم ساتە دین بیتوانیایە بە پێوە خۆی ڕابگرتایە؟ ئاخۆ سوود مەندی ئاینەکان بۆ دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، هێندەی بیرە نەوتەکان بە قازانج نیە؟ ئاخۆ تا ئەو ساتەی کۆمەڵگا سیخناخ بکرێت بە ترسی ئەو دنیا و هەر ڕۆژەی بە شێوازێک حوکمی ناڕەوای بەسەردا بدرێت، دەتوانرێت کۆمەڵگا بەئاگا بهێنرێتەوە لەو کۆ هەڵخەڵەتاندنە مەعنەوییەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئاینەوە ڕۆژانە دەکرێتە سەری؟ ئاخۆ ئەوە سوود مەندی ئاین و نەوت نیە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، لەبری ئەوەی ببوایەتە کۆمەڵگای پەروەردە کراو خۆ بەڕێوە بەر، کەچی کراوە بە کاولەخانەیەک بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا و بۆ بەشی سەرەوەی ئاینداران و دەسەڵاتیش، کراوە بەو بەهەشتەی کە هەردەوم خەڵکی پێ هەڵدەخەڵەتێنن؟
کاریگەریە خراپەکانی ئاین و بیرە نەوتەکان لە عێراق و کوردستاندا، دەرئەنجامێکی هێند تاڵی بە شوێن خۆیدا هێناوە، مرۆڤ بێز دەکاتەوە لەخۆی کاتێک، ئەو وڵاتە لەنێو کوشتارگایەکی ڕۆژانەدا دەبینێت. دیارە نەوت نەک بوە بە سەرچاوەیەک بۆ ئاوەدان کردنەوەی کۆمەڵگا و بنیات نانێکی تەندروستانەی نوێی کۆمەڵگای هاوچەرخ، بە پێچەوانەوە، ئەو بەرهەمە نەوتیە وەک ئامرازێکی دەستی دەسەڵات و ئەحزابی حاکم، کراوە بەو چەکەی هەر ڕۆژەی کۆمەڵگای پێ دەکوژرێت، ئەویش تەنها لەبەر مانەوەی ئەو بەرژەوەندیە قێزەونەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆی عێراق و کوردستان، شانازی پێوە دەکەن. خۆ گەر نەوت وەک سامانێکی بەناو نیشتمانی پێناسەی واقعیانەی هەبوایە، دەکرا عێراقی دوای ڕژێمی بەعس، ئێستا لە جوانترین وڵاتانی جیهان بوایە، کەواتە ئەم کارە بۆ جێبەجێ ناکرێت، ئاخۆ هۆکارەکەی تەنها خودی دەسەڵاتداران نیە؟ ئاخۆ مانەوەی ئاین لە نێو یاسا و ڕێساکانی عێراق و کوردستاندا، تەنها ئەو ئامرازە نیە کە بۆ شکست پێدانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە ئارادایە؟ کەواتە بەرەی ئیسلامی سیاسیش، دەکرێت باش بزانن، کە دەسەڵاتداران، لە عێراق و کوردستان، هیچ پەیوەندیەکیان نیە لەگەڵ بنەما سەرەتاییەکانی کۆمەڵگایەکی کراوە و مەدەنیدا، هێندەی بوون بە ڕێگر لەبەردەم خۆ ناساندنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی ئیرادە و کار و چالاکیەکانی، چونکە گەر کۆمەڵگا توانی بگات بە ئاستی وشیاری خۆ ناسینی ئیرادەی خۆی، ئەوکات، دەتوانێت لەبری خۆ خەڵەتاندنی بە ئاینەوە، هەست بکات بەوەی کە ئەوە خودی خۆیەتی دەتوانێت سەرجەم ئاڵوگۆڕەکان بێنێتە مەیدانی ژیانیەوە، نەک ئاین و هێزێکی ئەودیوو سروشتی مادیی.
ئەوە کاریگەریە خراپەکانی نێو ئاین و ئەو کەلتورە چەق بەستوەیە لە نێو کۆمەڵگادا، کە هەر ڕۆژەو گوێ بیستی کوشتنی ژن دەبین لە نێو کۆمەڵگادا، چونکە خودی ئاین و کەلتوری ناڕەوای باو، ئەو هۆکارەن، هەمیشە ژنیان وەک کۆیلەی تەواو بینیوە، نەک هاتبن و ژن وەک مرۆڤی کارامە و زیندوو پێناسە بکەن. لەم نێوەشدا، خودی دەسەڵاتداران، هەردەم ئەو هاوشەریکەن لە نێو ئەو چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕوی ژنان کراوەتەوە، چونکە ئەوە ئەوانی پیاوسالارن کە حاکمیەتیان لە ژێر دەستایە و بەشێکن لە هێزی خۆپەرستی چینی بۆرژوای خود پەرست.
نەوت گەر لەژێر چنگی ئەو قازانج خۆرانەدا وەدەر نەهێنرێت، هەمیشە، دەبێتە ئەو ئامرازەی کە بۆسەر ژیانی کۆمەڵگا سوتێنەر دەبێت، هاوسەنگی ئەو ئاینە دەبێت کە مرۆڤەکان لە خشتە دەبات و دابەشیان دەکات بەسەر سونی بوون و شیعی بوون و کریستیانی بوون و یەهودی بوون و تاد....، نەوت وەک سامانێکی سروشتی خاوەن بەهای مادی، دەتوانرێت ئێستا و ئایندەی کۆمەڵگای پێ ڕۆشن بکرێتەوە و وەک ئامرازێکی شادیهێنەر لە نێو کۆمەڵگادا ببینرێت، چونکە کۆمەڵگا گەر هاوبەش بێت لە خێری ئەو سامانە سروشتیە، ئەوکات، دەکرێت بە ئاسانیش گۆڕانی مێژووی لە نێو دید و هزری کۆمەڵگادا بەدی بهێنرێت، پێگەی ئابوری بەهێز، گەر لەلایەن کۆمەڵگاوە بەڕێوە ببرێت، بێگومان دەتوانرێت کۆمەڵگای بەرهەمهێنەر و پەروەردە کراوی یەکسانیخوازیشی لێ دروست بکرێت!!!!!!!!!!

٦/١٢/٢٠١٣
 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca