بۆ: كاوه‌ گه‌رمیانی

"قه‌قنه‌س و... پێنووسێكی پێپه‌تی"
 
نووسینی: شێرزاد حه‌سه‌ن

 


*هه‌ر كاتێك گوێم له‌ وشه‌ی رۆشنبیر بێت..ده‌ست بۆ ده‌مانچه‌كه‌م ده‌به‌م..." گۆبڵز ــ وه‌زیر كولتووری هیتله‌ر"
ده‌ستپێك:
مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ نه‌بووه‌ بێجگه‌ له‌ ململانێ‌ و جه‌نگێكی نه‌بڕاوه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌ستی، دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ك و قه‌ڵه‌م پێكه‌وه‌ ئامرازی ئه‌و جه‌نگه‌ درێژخایه‌نه‌ بوون، ئامار و پێوانه‌یه‌كیش نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كامه‌یان له‌ بره‌ودا بووه‌ و كاریگه‌ری پتری هه‌بووه‌ له‌وه‌ی هه‌نگاوێك ئێمه‌ی له‌ سه‌ربه‌ستی نزیكتر خستبێته‌وه‌، به‌ڵام من خۆم پتر هاوسۆزی ئه‌وه‌م كه‌ پێنووس پتر ئێمه‌ی له‌ خه‌ونی سه‌ربه‌ستی نزیكتر كردۆته‌وه‌، بۆ هه‌میشه‌ كاروانی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م به‌ خوێنی خۆیان وایان كردووه‌ ئازادانه‌تر نووسه‌رانی بیر و ئه‌ندێشه‌ و ئاوه‌زی ئازاد ئازایانه‌تر چووك و په‌ڕه‌مووچ له‌ شووشه‌ی مه‌ره‌كه‌ب هه‌ڵێنجن و له‌و جه‌نگه‌ پیرۆزه‌ به‌رده‌وام بن.
له‌و كاراونه‌دا "كاوه‌ گه‌رمیانی" جه‌نگاوه‌رێكی دلێری نه‌وه‌ی نوێ‌ بووه‌ كه‌ وتوویه‌تی "نا". "ئۆشۆ" واته‌نی: گه‌رچی ئاده‌م به‌ یه‌كه‌مین باوكی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ناسراوه‌، هه‌رگیز یه‌كه‌مین مرۆڤ و بوونه‌وه‌ر نه‌بووه‌ كه‌ هاتبێته‌ بوون و دونیاوه‌، به‌ر له‌ ئاده‌م هه‌زاره‌ها هه‌بوون، به‌ڵام هه‌موویان وتوویانه‌ "به‌ڵێ‌"..ئێمه‌ بێجگه‌ له‌ ئاده‌م ناوی ئه‌و هه‌زاره‌هایه‌ نازانین.
بگره‌ یه‌زدان ــ یش باسیان ناكات، به‌ڵام ته‌نها ناوی "ئاده‌م" به‌ ئێمه‌ گه‌یشت، چونكه‌ وتوویه‌تی "نا".. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ ده‌یناسین..گه‌رچی پێشه‌نگ و سه‌رمه‌شقی ئه‌و ئازادییه‌ش كه‌ دنه‌ی ئاده‌م ـ ی داوه‌ و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی لای ئاده‌م خۆشه‌ویست كردووه‌ دایكه‌ "حه‌وا" بووه‌..!
له‌ كوردستان به‌ هه‌زاره‌ها رۆژنامه‌نووسی لاو و هه‌ژارتر له‌ كاوه‌ هه‌ن، وه‌لێ كه‌سمان نایناسین، گه‌رچی رۆژانه‌ ریپۆرتاژی جۆراوجۆر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی بڵێن "نه‌خێر"..زۆرینه‌ش له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌ "به‌ڵێ" ئاشنا كراوه‌ چونكه‌ دووره‌ له‌وه‌ی گه‌ردن له‌ تیغ هه‌ڵبسووێت.
په‌خشانه‌كه‌:
كاوه‌ "ئاده‌م"ێكی سه‌رزه‌مینییه‌و بۆنی خاك و خۆڵا وخه‌می لێدێت و ره‌نگی برسییه‌تی وا له‌ چاوانیدا، ئه‌م گه‌رچی تێر به‌ سكی خۆی نه‌خواردووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاده‌م ــ ی باوك "نه‌خێر"ی هه‌یه‌ و له‌ "دره‌ختی حه‌رام" ده‌خوات، میوه‌كه‌ی كاوه‌ نه‌ سێوه‌ و نه‌ گوڵه‌گه‌نم و نه‌ هیچ میوه‌یه‌كی ناو به‌هه‌شت، ئه‌م وه‌ك ئاده‌مێكی خاكه‌را و خه‌مزه‌ده‌ له‌ خوداوه‌نده‌ سته‌مكاره‌كان و پیاوانی خێڵه‌ خوێنخۆره‌كانی كوردستان هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و یاخی ده‌بێت و ده‌ڵێت.."نه‌خێر".
هه‌میشه‌ باج و سزای "نه‌خێر" لێره‌ و هه‌نووكه‌ خوێنی سه‌ر بووه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كاروانی یاخی و سه‌ركێشه‌كان درێژ بووه‌، به‌ درێژایی مێژوو، ئێمه‌ش ده‌مێك ساڵه‌ له‌و كاروانه‌دا بێ‌ رێبوار و پیاده‌ڕه‌و نه‌بووین، چ زیندوو چ مردوو، دره‌خته‌ حه‌رامه‌كه‌ی كاوه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دره‌خته‌ ئاگرگرتووانه‌ی ناو گورگستانی سیاسه‌ت و جه‌هه‌ننه‌مه‌كه‌ی ئێمه‌، كاوه‌ به‌ ته‌نها ویستی ئاماژه‌ بۆ یه‌ك دوو گورگی ناو ئه‌و جه‌نگه‌ڵ و دارستانه‌ بكات نه‌ك هه‌ر هه‌موو گورگه‌كانی ناو ئه‌م بێشه‌ڵان و جه‌نگه‌ڵستانه‌، كاوه‌ ویستی بیسه‌لمێنێت كه‌ ماڵا و گه‌ڕه‌كی زۆر هه‌ن له‌ ناو ئه‌م دۆزه‌خه‌ كه‌ به‌هه‌شتییه‌كانی نێو سیاسه‌تبازاڕی كوردی له‌وه‌ سه‌رمه‌ستترن ئاوڕێك له‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ بده‌نه‌وه‌، ئه‌وان له‌وێنده‌رێ‌ و ده‌نێو كۆشك و قه‌ڵا و قوولله‌ و بورجی مینابه‌نده‌ زێڕه‌وشانه‌كانیاندا مڕ و مه‌ستتر به‌و شه‌رابه‌ی كه‌ خوێنی سه‌ده‌هایه‌ له‌ هاوسه‌نگه‌رانی خۆیان و.. شه‌رابێك تێكه‌ڵ به‌ خوێنی كاوه‌و هاوڕێ‌ جه‌هه‌ننه‌مییه‌كانی..وه‌لێ‌ مه‌حاڵه‌ سه‌رخۆشانی عه‌یش و نۆشی ناو بزنس و سیاسه‌تبازی ئاوڕ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ دۆزه‌خییه‌كان بده‌نه‌وه‌. كاوه‌ ویستی بیسه‌لمێنێت به‌ خوێنی خۆی كه‌ ئه‌م بۆ خۆی و خاناواده‌كه‌ی خه‌منشینی یه‌كێك له‌ كه‌لاوه‌كانی ناو زه‌مهه‌ریر و سه‌ڕسه‌ڕن له‌سه‌ر خاكێك كه‌ ژێره‌كه‌ی زه‌ریایه‌ك له‌ دوڕ و یاقووت و گه‌وهه‌ر و مرواری تێدایه‌ بێئه‌وه‌ی دانه‌یه‌كی به‌ر كاوه‌ و هاوخه‌ون و هاوخوێنه‌كانی بكه‌وێت، كه‌س ئاوڕی نه‌دایه‌وه‌، كه‌سیش كه‌لاوه‌ گڕگرتووه‌كه‌ی كاوه‌ی نه‌بینی به‌سه‌ر له‌پی پڕ له‌ گڕ و كڵپه‌و بڵێسه‌ی ئاگری جه‌هه‌ننه‌مه‌وه‌، ناچار كاوه‌ له‌ دره‌ختی ئاگری دۆزه‌خه‌كه‌ پشكۆیه‌كی وه‌ك سێو یان هه‌ناری ئاگرینی لێكرده‌وه‌ كه‌ بۆ خۆی پشكۆیه‌كی سووری یان په‌نگرێكی تاقانه‌ بوو كه‌ ته‌نها به‌شی ئه‌می لێمابۆوه‌ له‌و پیره‌ دره‌خته‌ی حه‌وشه‌ی په‌ژموورده‌ی ماڵه‌ كاولبووه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌م هیچی نه‌كرد..ته‌نها و ته‌نها ویستی دیسانه‌وه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م و خه‌منیشینانی "گه‌ڕه‌كی دۆزه‌خییان" رۆژانه‌ خه‌م و نانی سووتاو و ژه‌قنه‌بووت و فرمێسك و ئاره‌قه‌ و خوێنی خۆیان ده‌خۆنه‌وه‌، بۆ میوه‌جاتیش بێجگه‌ له‌ میوه‌ی ئاگرینی دره‌خته‌كانی ناو جه‌نگه‌ڵستانی جه‌هه‌ننه‌م هیچ شك نابه‌ن، هه‌ر له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و قه‌هره‌ ره‌ش و برسییه‌تییه‌ كه‌ڕوو هه‌ڵهێناوه‌ی ناو كه‌لاوه‌كان و..خه‌فه‌تی دایكه‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ی و ژنانی داغان و خه‌فه‌تخان و ده‌م به‌ هاوار و ناڵه‌ و شین و شه‌پۆڕی بێوه‌ژنه‌ رووت و ره‌جاڵ و داماوه‌كانی به‌رده‌م ره‌شه‌باو گه‌رده‌لوول و خۆڵبارانی گه‌رمه‌سێر، له‌ شه‌رمی ته‌نیایی "شیرین" و باقی كچانی به‌جێماو له‌ دوای ئه‌نفال و غه‌زه‌وات و فتووحات.. له‌ داخی ژانی شین و مۆر هه‌ڵگه‌ڕاوی ئه‌و كوڕه‌ چه‌له‌نگانه‌ی كه‌ بێجگه‌ له‌ دڵی گڕدار و تۆراویان هیچ شك نابه‌ن بیخه‌نه‌ سه‌ر له‌پی ده‌ستیان و پێشكه‌شی بكه‌ن به‌ دڵخوازه‌ ناموراده‌كانیان، له‌ ترسی كه‌لاوه‌ی زۆر و زه‌به‌ندی بان ته‌پیوو و شان شكاوه‌كان، ئه‌و كه‌لاوانه‌ی كه‌ ده‌رگای پۆڵایینی به‌ سورگی به‌ستراو و به‌ كلیل و قوفڵی زێڕین كلۆمكراو نین.. ئه‌و كۆلیت و كوخت و كه‌لاوانه‌ی كه‌ زۆر ئاسان.. بێ‌ پرس و ترس ره‌شه‌با و گه‌رده‌لوول و تۆفانی رقی ژنكوژ و پیاوكوژه‌ له‌پڕه‌شه‌كان تا بنه‌بانێ‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ ژووری ژووره‌وه‌ی دڵا و رۆح و خه‌ون و كه‌لاوه‌ خانه‌خراپه‌كان..یان گه‌ر ده‌رگاكانی له‌ گوێنی بن یان ته‌نه‌كه‌ی ژه‌نگدار بۆ هه‌میشه‌ و تا قیامه‌ت كراوه‌ و وازن..هه‌رگیزاو هه‌رگیز داناخرێن..ئاخر بێجگه‌ له‌ مرواری فرمێسكه‌كان و پشكۆی خه‌م و دڵی پڕ له‌ كسپه‌و هه‌قایه‌تی نه‌بڕاوه‌ی برسییه‌تی چی هه‌یه‌و چی ماوه‌ كه‌ چه‌ته‌كانی تاڵانكه‌ری خاك و خه‌ڵك و خه‌ونی ئێمه‌: بیدزن؟ كاوه‌ی كه‌له‌كه‌وێت چه‌نده‌ها به‌یت و بالۆره‌و هۆره‌ی گه‌رمیان و لاوكی سووتاوی گه‌رمه‌سێر و حه‌یرانی پڕ له‌ حه‌یف و حه‌یبه‌ت و حه‌سره‌تی چڕی و هۆنییه‌وه‌، به‌ بای وه‌شتی ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ ناردی بۆ خوداوه‌نده‌كانی خۆشنوودی و به‌گزاده‌كانی به‌رگ ئاوریشمین و خۆشینشینی به‌هه‌شتی ئه‌ودیو سنووری خاكی سووتماكی بیابانی قاقڕ و قه‌ڵشتی، بێهووده‌ بوو..بێهووده‌..له‌ خه‌م و داخ و شه‌رمی ئه‌و هه‌موو جۆگه‌له‌ی فرمێسك و رووباری ئاره‌قه‌ و ده‌ریاچه‌ی خوێنه‌ كاوه‌ ناچار بوو له‌ "دره‌ختی حه‌رام" بخوات و هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌..كه‌ ره‌گ و ریشه‌ی قووڵا ره‌گاژۆ تا ناو هه‌ناوی به‌تاڵی هه‌ژاران رۆیشتبوو، له‌ پاشماوه‌ی ئه‌و خوێنه‌ كه‌مه‌ی ناو ده‌ماره‌كانی ئه‌وانی ده‌خوارده‌وه‌..له‌ پاشماوه‌ی خۆڵه‌مێشی سووتاوی دڵ و رۆحی ئه‌وان..له‌و فرمێسكه‌ گه‌رمانه‌ی رژابوونه‌وه‌ ناو هه‌ناوی خاكی سووته‌مه‌رۆ.. كاوه‌ دوا جار ده‌ستی بۆ دره‌ختی حه‌رامی ئاگرین برد، لیره‌ و له‌وێدا، هێشووه‌ هه‌شی ره‌شی به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌هات كه‌ بۆڵووه‌ ترێكانی هه‌ر پشكۆ بوون، له‌ولاتر دره‌ختێكی دیكه‌ قرچه‌ قرچ له‌ ره‌گه‌وه‌ ده‌سووتا، ده‌نێو حه‌وشه‌یه‌كی په‌ژموورده‌دا، كه‌ منداڵه‌كانی ببوون به‌ داهۆڵی سووتاو، به‌ ترسه‌وه‌ ده‌ستی دا له‌ منداڵه‌كان و بوون به‌ خۆڵه‌مێش و رژانه‌ به‌ر پێیان، له‌ولاتر چه‌ندین دره‌ختی نیوه‌ رووت و پرچ هه‌ڵكرووزاوی بینی هه‌ر وه‌ك ژنان و كچانی بیابانی عه‌رعه‌ر، سینه‌ واڵا و سووتاو له‌به‌ر گڕِی هه‌تاوی گه‌رمه‌سێری جه‌هه‌ننه‌م ئاسا، كچۆڵه‌یه‌كی ره‌نگ و سیما قه‌ره‌جی، قژ بژ و ئاڵۆزكاو و كراوه‌ بۆ شین و داد و فیغان و واوه‌یلای پاش له‌ چاڵنانی باوك و دایك و براو خوشكانی بن لم كه‌وتووی بیابانی عه‌رعه‌ر، خۆی بوو.."شیرین"ی هاوسه‌ری.. باڵایه‌ك له‌ گڕ و بڵێسه‌ كه‌ به‌ده‌م هاواره‌وه‌ رووه‌و كاوه‌ شێتانه‌ و ته‌نگه‌تاو..دڵی وه‌ك سكڵ ئاسای له‌سه‌ر ده‌ستان به‌ هه‌ویای ئه‌وه‌ی به‌ هانای گوندی سووتاو و ژنان و منداڵان و پیره‌ژن و پیره‌مێرده‌كانه‌وه‌ بێت و فریایان بكه‌وێت كه‌ به‌رگ و سیپاڵی به‌ریان بێجگه‌ له‌ ئاگری ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ هه‌ڵایساوه‌ هیچی دیكه‌ نیه‌..كه‌ له‌وه‌ ده‌چوو قیامه‌تی نزیك خستبێته‌وه‌..ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر هه‌مان سووتان و گڕكان و بوومه‌له‌رزه‌و حه‌شر و تۆفان و دۆزه‌خه‌!
دوا جار كاوه‌ی خه‌ونبین خه‌ونی به‌وه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ ناكرێت شانازی به‌و ناوه‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌كات كه‌ بێگومان هه‌موو رۆژێك و له‌وه‌ته‌ی فامی كردۆته‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو "زووحاك"ه‌ ده‌بینێت كه‌ مێشكی لاوه‌كان ده‌رخواردی ماره‌ رواوه‌كانی سه‌ر شانیان ده‌ده‌ن..دۆش داماو به‌ دیار دایكانی هه‌ناو هه‌ڵقرچاو..ده‌بوو ئه‌و ناوه‌ی خۆی خه‌سار نه‌كات و هه‌ر وه‌ك "كاوه‌ی ئاسنگه‌ر" به‌ رووی پادشا خوێنخۆره‌كاندا هه‌ڵبشاخێت.
كاوه‌ په‌رێشانه‌و ده‌خوازێت بیسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م و هاوده‌رده‌كانی كرێچی كه‌لاوه‌كانی ناو گڕكانه‌كانی دۆزه‌خن و رۆژانه‌ ده‌سووتێن..وه‌لێ هیچ كامیان ئاوڕی نه‌دایه‌وه‌..هیچ كه‌سێك له‌ خوداوه‌نده‌ خوێنخۆره‌كان و میره‌كانی جه‌نگ: سه‌رمه‌ست و به‌دمه‌ست و ملهوڕه‌كانی فیرده‌وسی قاڕی بازاڕ و راوكه‌رانی خه‌ون و خه‌یاڵا و خوێن و خه‌نده‌و خۆزگه‌كانی خه‌ڵكانی ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی دۆزه‌خی نه‌بینی..هه‌ر هه‌موو خواپێداوه‌كان گوێ‌ كه‌ڕیڵه‌و رۆح سیس و دڵ مردوو..كاس و كه‌یل و بێئاگا له‌ هه‌له‌كه‌سه‌مای خۆیان به‌سه‌ر ئێسك و پرووسك و كه‌لله‌سه‌ری هه‌منیشینان..كاوه‌ی ناچار و نائومێد و دڵسووتاو بارته‌قای سووتانی پێده‌شته‌ گڕگرتووه‌كانی گه‌رمیان..دڵگه‌رمانه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ ده‌روازه‌و په‌نجه‌ره‌و دڵه‌ هه‌میشه‌ داخراوه‌كانی ئه‌وان به‌سه‌ر سه‌ده‌ها پلانی ره‌ش و نهێنی كوشتنی خه‌ون و په‌یماننامه‌ی تازه‌و كۆنی مۆركراو بۆ فرۆشتنی رووبار و مێرگ و شاخ و خوێن و نامووسی خاك و خۆزگه‌كانی خه‌ڵك و كه‌ندووی به‌تاڵی بێوه‌ژن و خه‌یاڵی زۆر شه‌رمنی قه‌یره‌ كچانی جێماو و ئافه‌رۆز له‌ دوای ئه‌نفال و ئافاته‌كان..كاوه‌ به‌م هه‌موو حه‌سره‌ت و گڕ و هاواری خنكاوتر له‌ هه‌ناسه‌ی خنكاوه‌كانی له‌ گۆڕنراوی ژێر خۆڵ و لمی ئاگرینی سه‌حرای "عه‌رعه‌ر"..هه‌ر به‌و داخ و ئاخه‌وه‌ تاو ده‌دات و له‌ هه‌ر دره‌ختێكی سووتاوی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆیان میوه‌یه‌كی حه‌رام لێده‌كاته‌وه‌ و ده‌خوازێت به‌ دایناسۆره‌ خۆشبه‌خته‌كانی پیشان بدات كه‌ گوناهه‌ ئه‌وان تا قیامه‌ت ئه‌هلی جه‌هه‌ننه‌م بن..میوه‌ی حه‌رامیش بێجگه‌ له‌ پشكۆكانی ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌ هیچی دیكه‌ نه‌بێت.. وه‌لێ هه‌یهات..خوداوه‌نده‌كانی كڕكه‌وتوو به‌سه‌ر عه‌رشه‌كانی خۆیانه‌وه‌ چاو داده‌خه‌ن.. ناچار به‌ هه‌ڵه‌داوان له‌ هه‌ر ماڵێكه‌وه‌ دڵێكی سووتاو و قه‌ره‌برووت ده‌هێنێت كه‌ هه‌ر به‌ قه‌د سێوه‌ حه‌رامه‌كه‌ی دایكه‌ حه‌وایه‌..وه‌لێ ئه‌فسووس و هه‌زار حه‌یف و موخابن كه‌ هه‌مووان گوێ‌ داده‌خه‌ن له‌ قرچه‌ قرچی سووتانی دڵه‌كانی دایكه‌ جه‌رگ سووتاوه‌كان سایلی "سنه‌وبه‌ر" به‌ كۆستی كاوه‌ كه‌ به‌ خه‌مه‌وه‌ نزا و نماز ده‌كه‌ن كه‌ خودایه‌ هێشتا زوو بوو بۆ گۆڕه‌وشار و حه‌شر و نه‌شری قیامه‌ت كه‌ لێره‌ و هه‌نووكه‌ هه‌موو رۆژێكمان قیامه‌ته‌..دایكانی نیشته‌جێ‌ ده‌نێو كووره‌كانی دۆزه‌خ..ئاخر هه‌ر رۆژێك و عیسای مه‌سیح ـ ێك به‌ دیار چاوه‌كانی مریه‌م ــ ێكه‌وه‌ له‌ خاچ ده‌درێت..ورته‌ ورتی ده‌گاته‌ من و ده‌یبیستم: وای له‌ من..وای له‌ من..چ بێهووده‌یه‌ خوێنڕژانم وای له‌ من كه‌ هیچ "ڕایه‌ڵ"ه‌یه‌كم له‌گه‌ڵا زه‌وی و ئاسماندا نه‌ما..پێش داته‌پینی ئاسمانه‌كان هاوار ده‌كات : هۆ خودای خۆم.. بۆچی وا به‌ ته‌نیا به‌جێتهێشتم..؟!
كاوه‌ی په‌رۆش و سه‌رلێشێواو به‌ ده‌ست سووتان و هه‌ڵقرچانی ئه‌و هه‌موو دڵانه‌..چاوانه‌..گلێنانه‌..ده‌ست و په‌نجانه‌وه‌..میوه‌ حه‌رامه‌كانی ئه‌و باخ و بێستان و دارستانانه‌..یه‌كه‌ یه‌كه‌ پشكۆكان ده‌خوات..تا بیسه‌لمێنێت كوڕی كون له‌ جه‌رگ و جه‌ربه‌زه‌ی كوچه‌كانی جه‌هه‌ننه‌مه‌..به‌و پیره‌ پایزه‌ گه‌ره‌كییه‌تی بسووتێت تاوه‌كو له‌ ئاگر و خۆڵه‌مێشی جێماوی دوای خۆی "قه‌قنه‌س" ئاسا زیندوو ببێته‌وه‌ و هه‌ر له‌ خۆڵه‌مێشی جه‌سته‌ی زێده‌ باریك و بنێسی ناو خه‌م و زه‌مهه‌ریری ژیان موعجیزه‌ بنوێنێت: په‌ڕ و باڵا ده‌ربكات و بفڕێت تا سه‌ر له‌ نوێ‌ كۆتر ئاسا مژده‌ بدات كه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و تۆفانـی نووح ئاسایه‌ بنیشێته‌وه‌..وه‌لێ ئه‌فسووس و هه‌زار جه‌خار..هێشتا تازه‌ سه‌ره‌تای لافاوه‌كه‌یه‌..ئه‌ویش "نوح"ێكی جوانه‌مه‌رگ و مایه‌پووچ!
سه‌ده‌ها ته‌پكه‌و داو و فاقه‌ و ته‌ڵه‌و زنجیر و قه‌فه‌ز "ئه‌م" له‌ فڕین ناخه‌ن..قه‌قنه‌سه‌و به‌رزه‌فڕ ئاسمان پڕ ده‌كات له‌ چریكه‌ی خوێناوی كه‌ به‌سه‌ر كۆشك و ته‌لاره‌كاندا چریكه‌ی ئه‌و خوێن و زووخاوه‌ ده‌ڕژێت...
گه‌رچی رۆحی فڕیوی وه‌ك قه‌قنه‌س گه‌یشتۆته‌ بن په‌ڕه‌كه‌ی ئاسمان..وه‌لێ‌ لێره‌ و له‌ سه‌ر زه‌مینی هه‌ژاراندا هێشتا وا ده‌نێو ژیله‌مۆ و خۆڵه‌مێشه‌كه‌دا..تا هه‌نووكه‌ش "شیرین" ی دڵپه‌ژمورده‌و دایكه‌ "سنه‌وبه‌ر" ی سووتاو به‌ پێوه‌ و ماته‌مگێڕان به‌ دیارییه‌وه‌ وه‌ستاون.. دڵێكی گه‌رم و خه‌یاڵباز خه‌ونان ده‌بینێت كه‌ وه‌ك رۆحی قه‌قنه‌سه‌كه‌ بۆ جاری دووه‌م له‌ شه‌رمی هه‌تیوكه‌وتنی "پێنووس" ی كوڕی له‌و خۆڵه‌مێشه‌ خۆی ده‌رباز بكات..شیرین شیوه‌ن ده‌كات و قژ ده‌ڕنێته‌وه‌ به‌ دیار كوڵ و كۆی جه‌سته‌ی دامركاوی كاوه‌..قیژه‌ و نه‌عره‌ته‌و هاوارێكی دیكه‌ی شیرین و كروزانه‌وه‌ی دایكه‌و واوه‌یلا و داد و فیغانی خوشك و براو كۆی گریه‌و زاری دۆزه‌خ نشینان له‌ خه‌و رایده‌چه‌نێت و ئه‌مجاره‌یان كاوه‌ی غه‌ریبه‌ماڵ و ره‌نجه‌رۆ خۆی لێده‌بێت به‌و "فه‌رهاد"ه‌ی كه‌ به‌ هاواری "شیرین" ی دڵخوازی راده‌چڵه‌كێت و له‌ ناو خه‌ون و خۆڵه‌مێشدا راده‌بێت و له‌و خه‌وه‌ قووڵه‌ بێدار ده‌بێته‌وه‌..مه‌رج و داوای یاری چاو به‌ڵه‌كه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ گوند و شار له‌ بێ ئاوی ده‌خنكێن..شیرین ده‌ژنه‌وێت:
ــ هۆ فه‌رهاده‌كه‌ی خۆم.كوانێ‌ ده‌ست و بازوو و قوڵنگه‌كه‌ت؟ ئیدی مه‌رجه‌ له‌ پێناو ته‌قاندنه‌وه‌ی كانیاو و هێنانی ئاو و جۆبار ئه‌و كێوی "بیستوون" ه‌ به‌ قوڵنگه‌كه‌ت بكوتیت و كونبه‌ده‌ری بكه‌یت..ده‌نا وه‌ده‌ستهێنانی دڵی من مه‌حاڵه‌..مه‌رجه‌ دێوه‌كان بكوژیت كه‌ به‌ر و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئاوه‌كانیان گرتووه‌..گه‌ر نا هیچ نه‌بێت بۆ ناوه‌كه‌ی خۆت به‌ وه‌فا به‌..ئه‌ویش كه‌ هیشتا پشكۆكان ده‌خوات كاوه‌ی ئاسنگه‌ر ئاسا تاو ده‌دات زووحاكی زه‌مان بكوژێت..به‌ر له‌وه‌ی چه‌كوشه‌كه‌ی رابوه‌شێنێت سه‌رسمێك ده‌دات و له‌په‌و ڕوو له‌به‌ر پێیه‌كانی زووحاك ــ دا ده‌كه‌وێت كه‌ شاگه‌شكه‌ به‌و قوربانییه‌ تازه‌یه‌ ئاوڕ له‌ هه‌ر دوو ماره‌ رواوه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ر دوو شانی ده‌داته‌وه‌ و ده‌خه‌نێته‌وه‌ كه‌ مۆخی ئه‌و لاوه‌ سه‌رشێته‌ ژه‌می ئه‌مرۆكه‌ی ماره‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ئه‌ون..به‌ڵام نا.. هه‌قه‌ ئه‌وه‌یان ببێت به‌ وانه‌ی سزایه‌كی ئه‌به‌دی و ده‌نێو كووره‌یه‌كی خۆیدا بسووتێت..ئه‌م دیسانه‌وه‌ قه‌قنه‌سه‌و ده‌سووتێت..ده‌سووتێت و دووكه‌ڵی رۆح و جه‌سته‌ی زه‌وی و ئاسمان ده‌ته‌نێته‌وه‌.
كه‌چی قه‌قنه‌سی خه‌ونبین كۆڵ نادات و هه‌ر ده‌فڕێت و خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت له‌ نێوان دۆزه‌خ و لافاودا ئه‌م له‌ كوێ‌ بنیشێته‌وه‌.. قه‌قنه‌سێك وا به‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌و دۆزه‌خ و لافاوه‌ ده‌ڕوانێت و دره‌ختێك نه‌ماوه‌ تاوه‌كو به‌سه‌رییه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌، له‌و لاوه‌ لافاوێكی هار و هاج شێتانه‌ شه‌پۆله‌كانی ده‌گه‌نه‌ بن په‌ڕ و باڵَی كه‌ ناچاری ده‌كه‌ن به‌رزتر بفڕێت..
ئیدی قه‌قنه‌سێكه‌و هێشتا به‌ده‌م فڕینه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینێت..ئه‌وه‌نده‌ باڵه‌كانی لێكداوه‌ كه‌ شاپه‌ڕ و گه‌نده‌ په‌ڕی باڵه‌كانی هه‌ڵوه‌رین..كه‌چی تا هه‌نووكه‌ش خه‌ون ده‌بینێت..خه‌ون و هیچی دیكه‌..خه‌ون و..به‌س..! (12-12-2013)
په‌راوێز:
شیرین: هاوسه‌ری شه‌هید + شیرین ــ ی ناو داستانی شیرین و فه‌رهاد.
سنۆبه‌ر: دایكی شه‌هید + دره‌ختی سنۆبه‌ر..گه‌رچی له‌ ریپۆرتاژێكی دیكه‌دا وه‌ك "سنوور" ناوزه‌د كرابوو، من یه‌كه‌میانم په‌سند كرد.
پێنووس: ناوی مه‌زه‌نده‌كراوی كۆرپه‌ له‌ دایكنه‌بووه‌كه‌ی شه‌هیده‌، سه‌رباری ناوه‌كانی دیكه‌: ڕایه‌ڵا و ئایدیا و ئامه‌د.
12-12-2013: ساڵیادی زه‌ماوه‌ندی شه‌هیده‌.
 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca