ئایا گریانی ئامەد ویژدانی دەستە ڕەشەکان بە خەبەر دێنێ؟
 
شێروان عوسمان



ئەمڕۆ (ئامەد) لە دایک بوو، هەرچەند وەک منداڵی خواپێداوان، وەک منداڵی فیرعەونەکان، لە باوەشی سۆزی باوانی لە دایک نەبوو. بەڵام هەموو ئازادیخوازانی ووڵاتەکەم بە منداڵی خۆیان ئەزانن...یەکەم جارە لە ووڵاتی من، لە ناو سووتماکی ئەنفاڵدا، لە باوەشی خێزانێکی هەژاری گەرمیاندا... منداڵێک لە دایک بێ، هەمووان بە هی خۆیان بزانن...شیرینی لە سلێمانی و هۆزەبانە لە هەولێر و گوڵ لە شارەکانی تر دابەش بکرێ..هاونیشتمانان پیرۆزبایی لەیەک بکەن...لە فەیس بووک و تویتەر شێر ولایکی وێنە و ڤیدیۆکەی بکەن...یەکەم جارە لە نیشتمانی قەتماغەو برینی مندا، فریشتەیەک بێتە دونیا، لە یەکەم ڕۆژی هاتنە بوونی، زۆرترین چاوی لەسەر بێ، زوومی کامیڕاکان بەدیار نەشتەرگەری دایکیەوە بن، ببێتە پاڵەوانی سەرەکی چیرٶکی غەدری کوردستانەکەم، ببێتە مانشێتی سەر ڕۆژنامەکان... زۆرترین دایکانی من دوعاو نزای خێری بۆ بنێرن...یەکەم جارە بوونەوەرێکی یەک ڕٶژی بە قەد سیاسیەکی ٥٠ ساڵ قاڵبووی خەبات ناو ناوبانگ دروست بکا...ئازادیخوازانیش وەک سونبولێک ناوی بێنن، وەک ئومێدبەخشێک سەیری بکەن....
ئەمڕۆ (ئامەد) تەنیا زارۆکەیەک نیە...بە تەنیا پاڵەوانیش نیە..ئامەد خۆی ڕۆمانە، خۆی حیکایەتی غەدرو بەرخودانە...فریشتەیە، بەڵام لە ئاسمان نەهاتووە.. شازادەیە، و باوکی پادشاش نیە، پێغەمبەرێکە و لەلای خوداش نەهاتووە..وەلێ وەکو باقی پێغەمبەرەکان پەیامی هەیە و زمانیش نازانێ.. کتابی هەیە و نووسینیش نازانێ... باوکی نیە، هەزارەها دەنگی بوێر خۆی لە جێی باوکی دادەنێ...جارێ هیچ نازانێ، هەزارەها مامۆستای خۆبەخشی هەیە....
ئەمڕۆ ئامەد وەک سوارچاکە ئەفسانەییەکان، چاوی بریسکە ئەدا، بەسەر پشتی مێژووەوە دێ، هەڵگری خوێنی سووری باوکیەتی، نیشتمانی دایک باوەشیەتی..
دەڕوا شار بەشار دەگەڕێ، لە هەر گوندێک، لە هەرکۆڵان و باژێڕێک شاسوارێک بە قەڵەمەکەیەوە شەهید کرابێ، نووسەرێک لە ناو خوێنی دێڕو ووشەکانیەوە گەوزێنرابێ، هاوارێک لە گەرووی نارەزاییەک خنکێنرابێ، نەبەردێک بەهۆی (نا)یەکەیەوە چەقۆ لە دڵیەوە درابێ.....بەسەریان دەکاتەوە...ئازارەکان کۆدەکاتەوە...ناڕەزاییەکان یەک دەخاتەوە...وەک پیسکە چۆن پارەکانی دەژمێرێ، ئاوا خەتاکانی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵیە دەبژێرێ....دێ هەموو ئەو دۆسیە داخراونە، هەموو ئەو کوشتنانە، کە بە دەستە ڕەشەکان وپلانی ژووری داخراوەکان کراوە، سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە... مژدە دەدا بە ڕەئوف ئاکرەیی وڕێناس و...و ...سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و کاوەی باوکی کەوا پەیامەکەیان گەیشت. ئەمڕۆ زانیاری وەک ڕووناکی برووسکە، خێرا دەخزێتە هەموو ماڵێ.. ووشیاری وەک هەوا، زوو بە پەلە دەگاتە هەموو تاکێ.. بێزارییەکان چیتر لە دەڤەرو شوێن و پونتێک قەتیس ناىن...بەڵێن دەدا کە چیتر وا بە سانایی دەنگی ڕەئوف ئاکرەیی و ڕێناس و فرەنسیس لە بادینان کپ ناکرێن...دەمی سەردەشتەکان لە هەوڵیر پڕ گولڵە ناکرێن.. سنگی سۆران و عەبدولستار و کاوەکان بەناحەق سوورناکرێن...چیتر خەمخۆرە پاکەکان، دەنگە ئازاکان، مرۆڤە ڕاستگۆکان، ڕەخنەگرە جدیەکان بە تەنیا نابن. دەست درێژی و دەست بردن بۆ هەر دەنگێکی جیاواز دەست درێژی دەبێ بۆسەر کەرامەت و پیرۆزیەکانی تەواوی خەلک.
بەردەوامی ناڕەزاییەکان بۆ ١٧ ڕۆژ لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و زۆربەی ووڵاتانی دەرەوەوە و دژ بە تیرۆری جوانەمەرگ کاوە، لەلایەک و بەشداری ئەمڕۆ لە خۆشی لەدایک بوونی ئامەد، پەیام وهاودەنگیەکە بۆ بکوژان و دەسەڵاتداران، کەوا بە کوشتن ناتوانن دەنگە ناڕازیەکان کپ بکەن و لە تکانی هەر دڵۆپە خوێنێکیان ئەوا هەزاران کاوە سەوزدەبنەوەو سەدان ئامەدیش ڕۆژانە لە دایک دەبنەوە...پەیامێکە پێمان دەڵێ، ئامەد چیتر کوڕی کاوە و شیرین نیە بە تەنیا، بەلکە ئامەد دڵی هەموو گەرمیانە، ئامەد پایتەختی ئازادی کوردستانە...


کەنەدا-٢٢/١٢/٢٠١٣


 

           

 

23/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca