"خەڵکی کوێی؟"
 
د. سەلاحەدین ئەحمەد کەژارڤزاد


ئەمە پرسیارێکی باوە لە ووڵاتێکدا کە هێشتا لە سەر نەخشەکانی جیهان دەرنەکەوتووە و ئەوانەشی کە تیایدا دەژین قوربانی مێژوویی هەمان ئەو عەقڵییەتەن کە لە رێگای ئەو پرسیارەوە مافی ژیان دابەش دەکات.


و
ەڵام:
خەڵکی ئەستێرەیەکی شینم پڕە لە لێکچوون و جیاوازیی بەڵام پڕیشە لە دەبەنگیی و لە پرسیاری پووچ و، دەشێت یەکێ لە پووچترینیان ئەم پرسیارە بێت: "خەڵکی کوێی؟"
خەڵکی شوێنانێکم کە هیچ دەربارەی بوونم، کەسایەتییم، بیر و بۆچوونم، کردار و مەرامەکانم، جیهانبینی و ئاواتەکانم ناڵێن.
خەڵکی خۆمم. هەرچی گوناه و تاوانی هزرییم هەیە هیچ پەیوەندییەکیان بەو شوێنانەوە نییە کە تیایاندا ژیاوم.
خەڵکی مەملەکەتێکم بوونەوەری وەکو تۆ، ئەی پرسیارکەری شۆڤێنیست، هەرگیز نە پەی پێ دەبەن نە ناوی فێر دەبن: من خەڵکی یۆتۆپیایەکەم کە تیایدا ئینسان ئینسان نامۆ ناکات بە پرسیاری "خەڵکی کوێی؟"
خەڵکی شوێنێکم خەڵکی نییە. شوێنێکی تاریک و ئارام بوو و گەر بمزانایە دێمە جیهانێکەوە پڕە لە گدیشی وەکو تۆ لە هاتنە دەرەوە بە زیندوێتی، رەنگە، مانم بگرتایە.
هەر رۆژەی خەڵکی شوێنێکم بەڵام هەرگیز خەڵکی ئەو شوێنانە نییم کە ئینسان تیایاندا لە رێگای شوێنی لەدایکبوونەوە پێناس دەکرێ.
چەوساوەکان لە هەر کوێیەک بن خەڵکی ئەوێم: یاخیبوون لە پێناو ئازادییدا لە هەر کوێیەک بێت من خەڵکی ئەوێم: دەم هەیە خەڵکی تربەسپیم و دەم هەیە رەنگە خەڵکی تەبلیس یان بوخارا یان حەبەشە یان گوندێکی کاولکراوی خەڵکێکی کاولکراوی تری سەر ئەم ئەستێرە پڕکاولییە بم.
خەڵکی هیچ شوێنێک نییم و لەوەتەی هەم بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێم کە خەڵکەکەی خەڵکی هەموو جیهان بن، بەڵام تا ئێستا تەنیا ناشوێنی دیکە دەدۆزمەوە: شوێنگەلێک کە پڕ تەسکن بۆ سادەترین خەونی سادەتریین ئینسانی گەردوونی.
من خەڵک نییم و شوێنیشم نییە بەڵکو شوێنی لێبوونم هەرگیز بوونمی دیاری نەکردووە و لە راستییدا لەشم لە هەر شوێنێ بووبێ بیرم لە شوێنێکی دیکە بووە.
من شوێنم بەڵام شوێن من نییە: بیر و خەون و نووسین و ئاخافتن هەن کە بە رەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر من بەڵام هیچ شوێنێک دەستکردی بیر و ئیرادەی من نییە.
من هاواری هەموو شوێنانم و دەنگی یەکەمین "نا"ی هەموو کۆیلەیەکەم کە بە کۆیلایەتی دەڵێ "نا" و بە شوێن دەڵێ زیندان و بە تۆش دەڵێ پاسەوانی زەلیلی سوورەکانی کۆیلایەتی، ئەی عاشقی زێرابان، ئەی ئەو شۆڤێنیستەی دڵت لە خۆت و پاشەرۆکانی خۆت چووە.
خەڵکی ئەو جیهانەم کە فەرزاد کەمانگەر دەیوست لە ئەندێشەی تەلەبەکانیدا بینەخشێنێ لە دژی جیهانێک کە سوڵتانەکانی راستڕەویی و کوێلەکانیان تیایدا قەڵەمڕەون.
خەڵکی ئەو ساتەوەختەی زیندانەکەی ساکینە جانسیزم کە تیایەدا تفی لە روخساری شۆڤێنیزم کرد.
خەڵکی دواهەمین زەردەخەنەی لە سێدارەدراوێکم کە لە دڵی خۆیدا دەڵێ نیشتیمانی من هەموو جیهان بوو ئەی گەوجینە.
-*******
ئەی ئەو گەوجەی کە پێت وایە شوێنی لە دایکبوون سەرچاوەی گرنگتریین ناسنامەیە بۆ تۆ و ئەو گەوجە هاوشارییانەت کە سنوری بیرکردنەوەیان هەر تا یەکەمین خاڵی پشکنینی قەراخ شار بڕ دەکات: بەیداخەکانی دیدتەسکی گەر هەر هەڵدەکەی لە بان سەری خۆت نەبێ لە هیچ شوێنێک هەڵی مەکە: تاوانی بەرد و شاخ و شەقام و زارۆکان نییە کە تۆ لە تاعوندا نەبێ هەست بە بوونی بەزەحمەت سەلمێنەری خۆت ناکەیت.
ئەگەر مەبەستت کیشوەرە، من خەڵکی ئەفریقیای کۆنم بە جینیۆلۆجی و، خەڵکی ئاسیای پڕئەفسانەم بە زەوقی مۆسیقا و تاسەی نۆستاڵجی و، بە ئینتتیمام بۆ پرۆژەیەکی نوێی یەکسانی خەڵکی ئەمەریکای نەتەوە رەسەنەکانی پێش یەکەمین غەزوی هەمەجییانەی ئەوروپاییەکان و، خەڵکی بونیادنەری ئەوروپای دژە ئەوروپای رەگەزپەرستم و، خەڵکی ئوستورالیای ئەو سەردەمەم کە جینۆساید نەکرابوو بە پرۆژەی دروستکردنی شوێنی نوێ لەسەر باڵای جەهەنەم و، بە کورتی خەڵکی هەر لایەکم ئینسان تیایدا بە شوێن پێناس نەکرێت و شوێنیش بە شۆڤێنیزم وێران نەکرێت.
خەڵکی شوێنێک نییم خوێندەوارە نەخوێنەرەکانی تا بێت بۆ ناو ناسنامەیەکی تەسکتر و ناوچەگەرتر و ڕقپەروەرتر رۆدەچن و، لێسانەوەی برینە وێناکراوەکانیان و پڕکردنی کۆڵانەکان لە شۆڤێنیستی بچکۆلە و راگەیاندن لە پاشەڕۆی فاشیزم دەبێ بە چالاکیی پیرۆزیان.
خەڵکی ئەو شوێنانە نییم کە ئینتمای خەڵکەکانیان لە گەڕەکەوە دەستپێدەکات و لە شاردا تەواو دەبێ و، خەم و خولیای سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە ڕەگەزپەرستیی ناوچەگەرییدا نەبێ نابزوێ.
خەڵکی ئەو پەراوێزانەم کە هەرگیز نایانەوێت ببن بە پایتەختی هیچ شتێک و ئارامگەی هیچ درۆیەک و پنتی هیچ نارسیسیزمێکی کۆمەڵایەتی.
دەشێ بەیانییەک خەڵکی ماردین بم و پاش نیوەڕۆ خەڵکی ئامێدی و ئێوارە خەڵکی عامودا و پاشان خەڵکی کۆڵانێکی لە مەقامدا نوقمبووی کرمانشا و درەنگەشەویش خەڵکی کوێرە دێیەکی بێدەنگ و لەیادکراوی سەر قەراخی هەرە دووری مێژوو، بەڵام قەت نامەوێت خەڵکی شوێنێک بم کە شۆڤێنیستان خەریکن بە کردەووە دەیکەن بە پایتەختی دەبەنگیی لە ووڵاتێکدا کە خۆی قوربانی شۆڤێنیزمە لە رۆژهەڵاتدا.
من نە خەڵکی جوگرافیای دەبەنگییم نە قەت دەمەوێ رێککەوتی جێگای لە دایکبوونی خۆم بکەم بە پنتی جیهان و ناسنامەی ئەبەدییم و، نە خەڵکی مێژووی ئەو رقلەخۆبوانەشم کە گرێی خۆبەکەمزانینیان دەبێ بە شۆڤێنیزم.
من خەڵکی هەموو ئەو شوێنانەم کە تیایاندا لە دایکنەبوومە بەڵام ئەو شوێنانەی کە خەڵکی شۆڤێنیستیان نییە.


سەرنجێک دەربارەی نووسەر و میانەی ئەم نووسینە:


د. سەلاح هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەدا لە زانکۆی ئۆتاوا لە کەنەدا. جگە لەوەی لە ١٩٩٧وە بە کوردی دەنوسێ، چەند کارێکی بە ئینگلیزی هەیە لە چەند ژۆرناڵێکی ئەکادیمی فەلسەفی. هەروەها لە نزیکەی پازدە کۆنفرانسی نێونەتەویی فەلسەفییدا بەشداری کردووە. ئێستا لە زانکۆی دهۆک کۆمەڵناسی و فەلسەفە دەڵێتەوە. دواین ووتار کە بە کوردی بڵاویکردەوە ووتارێک بوو بە ناونیشانی "راستڕەوەکان لە زەماوەندی فاشیزمدا" لە ساڵی ٢٠٠٩. لەو کاتەوە لە بڵاوکردنەوەی کوردی وەستاوە. بابەتی ئەم نووسینەی کە لێرەدا بڵاوبووەتەوە دەربارەی دیاردەی شۆڤێنیزمی ناوچەگەرییە کە لە ناوەڕۆکدا دەکرێ وەکو درێژکراوەی هەمان ئەو هێڵە رەخنەییە سەیر بکرێت کە بە تایبەتی لە ووتاری "فاشیزمی سۆرانی، راوەستە" و چەند ووتارێکی دیکەدایە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩دا بڵاوکراونەتەوە. بە بۆچوونی نووسەر ئەو فاشیزمە (کە شۆڤێنیزم پایەیەکی سەرەکییەتی) تا ئێستا لە هەڵکشانێکی مەترسیداردایە، بۆیە بەرهەڵستکارییکردنی پابەندییەکی رەوشتکارییە بە تایبەتی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی کە ئەم درمەی تیادا بڵاوبووەتەوە. هەڵبەت ئەم تەوژمە لە بنەڕەتدا لە لایەن چەند نوخبەیەکی بۆرژوازی شۆڤێنیست و ڕاستڕەوەوە رێبەرایەتی دەکرێت. لە بەر ئەوە رۆشنبیرانی سۆرانی زمان بە تایبەتیی هەقە دژی ئەم بزووتنەوە شۆڤێنیستە بوەستنەوە و ئەگەر ناش لانیکەم دەبێ ووشەکانی خۆیان جیابکەنەوە لە گوتاری شۆڤێنیزمی هاوشارییەکانیان لە رێگای خۆبێبەریکردن لەو تەوژمە شۆڤێنیستە کە سەرکەوتنی دەبێتە مایەی ستەمکاریی زیاتر بۆ گروپە کۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەکان لە رێگای پەراوێزکردنی پرسە ژیانییە راستەقینەکانی هەندێک و کردنی خەڵکانێکی تر بە ئامانجی رقی مێگەلانە بە ناوی ئینیمای ناوچەگەرییەوە.

سەرنج: ئەم ووتارە لە ژمارە ١٦٨ی هەفتەنامەی باس بڵاوبووەتەوە.

 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca