له‌ سۆنگه‌ی په‌رشوبڵاوكردنی كورد له‌ كه‌ركوك، نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
 
رابه‌ر ره‌شید

 


سڵاوی ئاهی ئه‌نفال و خوێنی ئاڵی شه‌هیدان...
هه‌رچه‌نده‌ له‌ ژیانمدا وابزانم- ئه‌مه‌ یه‌كه‌م نامه‌ی كراوه‌مه‌ بۆ به‌رپرسێكی باڵای ده‌وڵه‌ت بنووسم، ئه‌وه‌ش له‌ ناچاری و نه‌بوونی هیچ ده‌روازه‌یه‌كیتره‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشی ترسناكی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ به‌رله‌وه‌ی كارله‌كار بترازێت و كه‌ركوك بكرێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبایه‌تی و تاكه‌ كه‌سی.
به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (كاك مه‌سعود بارزانی):
زۆر راشكاوانه‌و بێ دوودڵی وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ركوكی ئه‌و راستییه‌ راده‌گه‌یه‌نم كه‌ له‌ ئاماده‌نه‌بوونی خودی به‌ڕێز (مام جه‌لال)دا، به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا كه‌ركوك تێیكه‌وتووه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی به‌ڕێزتان و ئه‌ركی نه‌ته‌وایه‌تی و مێژوویی ئێوه‌ گرانتر ده‌بێت، بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌م كه‌ رێز له‌و دروشمه‌ی بارزانی نه‌مر بگرن كه‌ كاتی خۆی وتوویه‌تی: "كه‌ركوك دڵی كوردستانه‌"و خۆتانیش چه‌ندینجار ئه‌م دروشمه‌تان دووباره‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ده‌یبینین و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ وه‌كو رۆژی روون هه‌ستیان پێده‌كه‌ین، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دروشمه‌و جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌باتكردن له‌ پێناوی ئه‌و دڵه‌ی كوردستاندا. له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نێكی سه‌ره‌كی و هۆكار له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (لیستی كه‌ركوكی كوردستانی) حزبه‌كه‌ی به‌ڕێزتان و یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان بوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ره‌شبینی و ساردبوونه‌وه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ ده‌نگ نه‌دان لای تاكی كوردی كه‌ركوكی دروستبووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ له‌ رۆژی ده‌نگدان، جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو حزب له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵپه‌ی زۆرترین ده‌نگدان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كانی كه‌ركوكدا، كێشه‌ بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی زۆری سندووقه‌كانی ده‌نگدان قردێله‌ی سووریان لێبدرێت.
بۆیه‌ وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ركوكیی خه‌مخۆر بۆ دۆزی ئێستاو ئاینده‌ی كه‌ركوك، تكا له‌ به‌ڕێزتان و به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش ده‌كه‌م كه‌ نه‌ك له‌ دووره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ نزیكه‌وه‌ گه‌وره‌یی خۆتان بنوێنن و بێنه‌ ناو كێشه‌كه‌وه‌و هه‌تا به‌ ته‌واوی كار له‌كار نه‌ترازاوه‌، رێگاچاره‌یه‌كی لۆژیكی و گونجاو بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی لیسته‌كان له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كدا بدۆزرێته‌وه‌و ئه‌م ته‌می بێهیواییه‌ لای كه‌ركوكییه‌كان بڕه‌وێته‌وه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا كه‌ركوك نه‌دۆڕێنین، چونكه‌ به‌ له‌ ده‌ستدانی كه‌ركوك، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ونه‌به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ری خیانه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و مێژووییه‌وه‌. ئه‌م هاواره‌، ته‌نها هاواری كه‌سێك نییه‌، به‌ڵكو هاواری سه‌رجه‌م كه‌ركوكییه‌ دڵسۆزه‌كانه‌و بۆ مێژووش ئه‌وه‌ ده‌ڵێم: تا ئێستا به‌هۆی ناكۆكی و ململانێی حزبایه‌تییه‌وه‌ زۆر ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌مان له‌ده‌ستداوه‌، تكایه‌ با ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین.


رابه‌ر ره‌شید
رۆژنامه‌نووس
كه‌ركوك- شارۆچكه‌ی پردێ (07504135121)
18/12/2013
 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca