بایکۆتی ئەم گاڵتەجارێیە بکەن
 
نامۆ سامان

 


مەسیح لە پێناوی گوناحەکانی ئێمەدا لە خاچدرا، ئەوە گوناحەکانی ئێمە بوو بە جەستەی مەسیحدا هەڵکێشرا و لە مەرگی خۆیدا لە مێخ درا. بۆ ئەوەی گەلێک هوشیار بێت، دەبێت کەسانێک لە مەیدانی شاردا هەڵواسرێن. بۆ ئەوەی دنیا جوان و سەوز بێت، دەبێت لە پێشدا باران ببارێ. بۆ ئەوەی کەسێک هوشیار بێت، دەبێت لەوەبگات کەتەمەن بەشی هەموو خۆشەویستی ناکات! ئەی ئەم هەموو رقە لە پای چی؟ کەسێک نەتوانێت لەسەر بنەماکانی خۆشویستن خیزانێک دروست بکات، چۆن دەتوانێت دنیایەک پڕکات لە گوڵ، چۆن دەتوانێت عاشق بێت، ئەگەر نەتوانێت قردێلەیەک بدات لە پرچی یار. ئەوە بەرهەمی بێدەنگی ئێمەیە ، ئەوە نەزانینی ئێمەیە ڕێگە بە کوشتی براکانمان ئەدرێ، ئەوە چارەنوسی خەڵکی ئێمەیە لە دوایی ئەو هەموو ترادژیایەی کە بەسەری هات، دەبێت لە لایەن دووپێکانی وڵاتەوە جارێکی تر بێدەنگ بکرێن، ئەرکی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە چۆن تاک بە تاکمان بەرەوو گەوورەکانی گەمژەیی بەرێ.
لە گەمژەییم بێزارم سەرۆک
نەزانینی خۆتم بەرێ
تا من بەم دووپێیە بڵێـم
ئیتر بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێ

سەرۆک بە پیاوەکانت بڵێ:
پەنجەی گەمژەییان لە سەر کوشتنم هەڵگرن
کوشتنی من کۆتایی نییە سەرۆک
بەڵکو سەرەتایە

بە حیزب بڵێن:
لە مەرگی کورەکانمان تاقەتت نەچوو ئەی خوێن مژ
تاقەتت نەچوو کاتێک هەموو کچە جوانەکانت
لە ددان رشکاوێکانی حیزب مارەکرد
گیرفانەکانت پڕ کرد لە فرۆشتنی نیشتیمان‌و
ئێمەت پڕکرد لە گەمژەیی

بەو دووپێیەیش بڵێن:
تاکەی گەمژەی دەبەخشیتەوە ئەی نەزان
کە سەردەم سەردەمی فەیس بووک و
ئینتەرنێت بێت

حیزب بە بەرچاوانی هەموومانەوە
کورەکانی بۆ بەرەکانی جەنگ ڕاپێچکرد،
کەچی ئێمە پرسیارێکان لە سەرۆک نەکرد
لە دوایی مەرگی کورەکانمان
ئایا ئێمە سەردەکەوین؟

حیزب لە بەرەکانی جەنگدا
ئێمەی بەسەر شەرەفی نیشتیمانەوە جێ هێشت،
ئێمە لە شەرەف و نیشتیمانێک کە دۆراندمان
ئیتر هیچی ترمان نەما بۆ ووتن.

کورم پێم نەووتی وامەکە
ئەگینا ئەم گەمژەییە سەرت دەخوات
تاق، تاق ، تاقققققققققققققققققققققققق


سەرکردەکان و حیزب هەمیشە ئەوە ئەدەن بە نێوچەوانماندا کاتێ گەرانەوە نیشتیمانێکی ئازاد کە بە خەونیش نەیان دەبینی، بێ شەرمانە پێمان دەڵێن گوێکانمان بەوە دەزرنگێنەوە کاتێک کە گەرانەوە هاتنە سەر کەلاوەیەک لای ئەوان نیشتیمان لە کەلاوەیەک دەچوو و هیچی تر، بەڵام لە بیریان کرد کەخۆیشیان بە جووتێ پێڵاوی لاسیکەوە گەرانەوە سەر ئەم نیشتیمانە کە ناویان نابوو کەلاوە، ئێستاکە ئەوان لە ژێر سێبەری ئەم کەلاوەیەدا باڵەخانەی دۆلاریان دروست کردووە نیشتیمانیش لە کەلاوەبوونەوە دەبێت بە فەوزایەک جگە لە میتتەکانی تورک فارس و عەجەم کەسی تر بۆی نییە بە ئاسوودەی تێدا ئارام بێت.
سروشتی ئەم سەرکردانە وایە، ئێمە بێچووکانیان نابینین تا ئەو کاتەی لە سکرینی تەلەڤیزۆنەکانەوە دەردەکەون بە پۆستێکی گەورەوە، ئەوانە وەک ساڵەکانی بەرد و تیر و شمشیر گەورەییان بۆ خۆیان بریوەتەوە، نابێت کەس بە بچوکی بیان بینێت کاتێکیش نەخۆش دەکەون نابێت کەس لەسەر پێخەفی پەکەوتەیی وێنەیان بگرێ، گەورەی لەمانەوە براوەتەوە هەرگیز باورناکەم دەست بەرداری بن. کاتێکیش تاکێکی بە ئەمەکی ئەم نیشتیمانە لە سەر پێخەفی مەرگ گێنگڵ ئەدات قۆڵوبازووی لاوازی دەمووچاوی زەردی پڕ لە مردن دەخەنە سەر سفرەی هەست و ماڵئاوای ئێمە.
کاوە گەرمیانی نەوەی ئەنفال و نەوەی مێژوویەکی پڕ لە سوتماک بە بەر چاوی دایک و ژن و منداڵییەوە دەکوژرێت بە بەر چاوی ئەم دەسەڵاتە پڕ لە گەندەڵ و درۆزن و پڕ لە مافیاییەوە دەکوژرێت بە بەر چاوی مەلاو قوتابی هیچ نەزان و ئۆپۆزیسۆنی درۆزن و شاعیری گاڵتە ئامێزو ڕۆژنامەنووسی فێڵباز و نوسەری نێو هۆڵەکانی حیزب، رۆشنبیری نێو چایخانەکان و شۆرشگیری پارەو سیاسەتمەداری مردارەوە بوو.. مامۆستای هیچ نەزان لە نەزانیدا، شیوەنی درۆی ئەم خەڵکە، گۆرانی بێژی لووتی و تا کاسبکارە دەستبرەکان تا کرێکارە ماڵ وێرانکەرەکان تا منداڵە چەتوونەکان تا دەهۆڵ بە دەستەکان حیزب. نازانم چۆن دەستیان چووە ئەم تاوانە ، چۆن ئەم مرۆڤەیان لە باوەشی دایکێکدا کوشت، چۆن دەستیان چووە ئەم تاوانەوە کە هێشتا پەنجەرە لە چاوەڕوانی ئەنفالدا لە ئێشکدایە، کە هێشتا ئەنفال بەشێکە لە پێناسی ئێمە، کە هێشتا خۆشبەختی لە دەرگایی تەنیایی ئێمەی نەداوە نازانم چۆن، چۆن تۆیان کوشت. ئەی ئاسمانەکان لەکوێ بوو کاتێک زریکەی دایک ئەگاتە ئەوپەری ئیتر هیچ شتێک سەبووری نییە بۆ پەنهایی.
ئەمانە لەسەر دێرێک شیعر بێ واتاو بێ مانا کە بە شیعر و شاعیر دەڵێن خەیاڵ پڵاو، لەسەر بابەتێک لە ڕۆژنامەکاندا، لەسەر ئەو راستیانەدا دەتکوژن و خەڵتانی خۆێنت دەکەن کە خۆیان دروستیان کردووە، بەڵام خۆیان ئەم هەموو تاوان و نیشتیمان فرۆشتنە دەکەن کەسێک نییە پێیان بڵی شۆرشگێریتان کلی پێوەیە، ئەوان بە ئاشکرا وڵات دەفرۆشن کەسێک نییە پێیان بڵێ ئەم ماڵوێرانیەو خاک فرۆشتنە تاکەیی؟ بەڵام ئێمە بە ناوی خۆیشمانەوە، بە ناوی خوازیارەوە ناوێرین بابەتێک بنووسین دێن ئەمان دۆزنەوە تیرۆرمان دەکەن ، دێن لە زانکۆ دەمانفرێنن‌و دەمانکوژن‌و پاشان لەو بستە خاکە فرێمان ئەدەن کە ناویان ناوە نیشتیمان. من نیشتیمانێکم بۆچییە کە تینوو بێت بە خوێنی ڕوڵەکانی خۆی ، خاکێکم بۆچییە کە تاوان بەرهەمی ماندووبوونی بێت.
نیشتیمان فرۆشتن و کەرکوک و مادەی ١٤٠ هەڵەی سیاسی نییە بەڵکو تاوانێکو پەڵەیەکی ڕەشە وا بەنێو چەوانی حیزب و سەرکردەوە. ئەوە مەرگی کاوە نەبوو بەڵکو ئەوە مەرگی ئەو بێدەنگێیە کە ئێمە هەڵمان بژاردووە بەناوی ئاسایشی نیشتیمانەوە خۆمان لێ گێل کردووە. گەر ئێمە لەسەر ئەم بێدەنگییە بەردەوام بین ئەوا دەبێت مەرگی یەک بە یەکی کورەکانمان بە چاوی خۆمان ببینین. تۆ دەبێت لەوە بگەیت کە کورەکانمان نەوەی دواڕۆژە نەک ڕابردوو، دەبێت لەوە بگەیت کە هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی خاوەنی چوار بڕوانامە نیین، ئەوەی هەیشیان بێت بروانامەی ساڵەکانی بەردە کە تۆزی گەمژەیی لەسەر نیشتیوە.
لە بێدەنگی بە ئاگابیرەوە ئەی خەوتووی نێوەند تاوانەکان ئەی داماو کە مەرگی خۆتت لە سەر لەپی دەست هەڵگرتووە تۆ ئەو کەسە بوویت کە سەری بەرزت لە کۆشتا هەڵگرتبوو و هەنگاوت بەسەر بزمار ڕێژی تەمەندا دەنا، هەڵسە لەو خەونە قووڵەی نیشتیمان بە ئاگابێرەوە کە دووپێکان پێخەفی گەمژەییان بۆ ڕاخستوویت.
تامێژوو سەری پێشۆر نەکردوویت، تامێژوو لە گەمیژەییدا ڕەنگی نەکردوویت هەڵسە هەموو ڕۆژێک پارچەیەک لە جەستە دەکەنەوە دەرزی ئاژنی ناخت دەکەن، هەڵسە ئەی نەزان نە کەرکوک دڵ و نە کەرکوک قودس و نە کەرکوک کوردستانە، هەڵسە ئەی ساویلکە هەموو ڕۆژێک پارچەیەک لە جەستەت دەکەنەوە ئەتدەنە بەردەمی گورەکەکانەوە تەنها ڕۆژێک دایرەو فەرمانگاکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان و دووکانەکان بە ڕووی ئەم دەسەڵاتەدا دابخەن و بایکۆتی کەن بۆ تەنها ڕۆژێک شەقامەکان لە بۆشایی ڕۆژەکاندا هەڵکێشن. دەرگا بە رووی ئەم دەسەڵاتەدا دابخەن دووکانەکان داخەن قوتابخانەکان کە تەنها گەمژەی بەرهەم دێنێت داخەن، فەرمانگاکان داخەن، مزگەوتەکان داخەن، کەنیسەکان داخەن تەنها یەک ڕۆژ شار لە تەمەن خاڵی کەن لە خوێنی کورەکانمان بایکۆتی ئەم دەسەڵاتە کەن و پێیان بڵێن ژیان جوانە ژیان خۆشبەختە ئەگەر ئێوە نەبن. تەنها یەک ڕۆژ بایکۆتی ئەم خوێن ڕشتنە بکەن تا دەسەڵات لە بەنجی گەمژەیی بەئاگا دهێتەوە.
بە مامۆستا بڵێن:
دەرگای قوتابخانەکان قفڵ بدەن
بائیتر گەمژەیی نەبەخشنرێتەوە

بە مەلا بڵێن:
دەرگای مزگەوتەکان داخەن
بائیتر کورەکانمان لە بەرەی نەسردا نەکوژرێن

بە قوتابێکان بڵێن:
گەر گەمژەی بەرهەمی خوێندمان بێت
بائیتر تەمەن لە تاواندا هەڵنەکێشین

بە کەنیسەکان بڵێن:
خاچەکانتان بشکێنن
نیشتیمان ئێستاکە خاچێکی گەورەیە
بۆ کوشتنی عیساکانی وڵات

بە سەرۆک بڵێن:
کورەکانتان با لە پێشی مەرگدا بن بۆ جەنگ
تالەوە بگەن شیوەنی دایک
کارەساتە نەک هاوار، هاوار

بە دریژایی تەمەنم نەمبینی هەزار کەس لەو سیی ملیۆنەی کورد بێتە سەر شەقامەکانی نیشتیمان و بە فەرمی داوایی دەوڵەتی کوردی کەن، بەڵام پێج ملێۆن کوردم بینی بەفەرمی دەنگیاندا بەدەستووری عێراق و خۆیان بە عێراقی ناونووسکرد. بە درێژایی بیستویەک ساڵی پەرلەمانی کوردستان نەمبینی ڕۆژێک ئەندام پەلەرمان باسی سنووری کوردستان بکات تەنها ڕۆژێک بۆ خۆشی و بەتاڵی خۆیان باسی مادەی سەدوچل کەن. بەڵام بۆ ماوەی سییویەک ساڵ بینیم چۆن تاکی کوردیان بۆ چاڵەکانی جەنگ و نەخۆشییە دەروونێکانی حیزب ڕاپێچ دەکرد.

ڕۆژێک دێت ئەم ئاسمانە پان و برینەدا
خۆیی دەکات بە چاوی نیشتیماندا
ئیتر لەوێوە خۆڕ بۆ ئەبەد هەڵدێت

ڕۆژێک دێت ئەم زەمینە
بە جەلادو حیزب و سەرکردەوە
ئیتر ئەم پەنجەرەیە
بە پاقلە فرۆش‌و چەچی‌و خۆفرۆش‌و شەلاتی‌و شاعیرەوە
خۆیی دەکات بە دڵی نیشتیماندا
بۆ بەردەم دادگای دڕەختێک دەبرێت
ئیتر بۆ هەتاهەیایە پشووی تێدا ئەدرێ.

٢٠١٣\١٢\١١
نامۆ سامان\ سوید
 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca