مەرگی ماندیلا و ئاپۆڕەی سەرانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی!
 
موزەفەر عەبدوڵا

 

ڕێکەوتی پێنجی ئەم مانگە نیلسۆن ماندیلا یەکێک لە دیارترین رابەرانی بزوتنەوەی دژی نەژادپەرستی- ئاپارتاید - لەئاستی ئەفریکاو جیهان کە بوە ئایکۆنی خەبات دژی ئەپارتاید لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا مرد لە شاری کیپتاون بۆ یەکجاری دڵی لە لێدان کەوت و مرد.

ژیان و خەباتی سیاسی هەمەلایەنەی ماندیلا لانی کەم چ دەورانی تێکەڵ بونی بە خەباتی دژی رەگەزپەرستی وەک قوتابی و پاشان پارێزەرێک و پاشان سەرۆکایەتی کۆنگرەی نیشتیمانی تا27 ساڵی زیندانی، هەتا دەگاتە دوای ئازاد بونی ئاوێتەی یەک خەبات وتیکۆشانی بزوتنەوەی دژی رەگەز پەرستی و جیاکاری وشەرخوازی بوو. وە بەتایبەتی خوازیاری کۆتایی هاتنی ئەم ستەمی نەژادپەرستییە بوو، وەک یەکێک لەدیاردە قێزونەکانی سیستەمی چینایەتی وسەرمایەداری کە لایەن دەوڵەتی رەگەزپەرستییەوە بە فەرمی و بەکردەوە پیادە دەکرا ، ئەوەش بە هاوکاری و هاوپشتی دەوڵەتە ئیمپریالیەکانی جیهان لەسەرو هەمویانەوە ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل ..هتد

ئەوەی گومان هەڵنەگرە ئەوەیە کەئەو دەوڵەتە زلهیزە ئیمپریالییانە هاوکار وهاوپشتی هەمەلایەنەی دەوڵەت و دەسەڵاتی رەگەزپەرستی ئەفریکای باشور بوون کە لە ١٩١٨ لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەکردەوە پەیرەویان دەکرد.

پاشان لەکۆتایی چلەکانەوە لەئاکامی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرکەوتنی حزبی بۆرژوا نیشتیمانی نەتەوەیی رەگەزپەرست سەرکەوتنی بە دەست هیناو سیاسەتی ئاپارتایدیان بە فەرمیش ناساند. لەو کاتەوە ئیتر جەماوەری رەش پیستی ئەو ووڵاتە بەفەرمی کرانە کۆیلەو هیچ مافیکی هاووڵاتی بونیان نەبوو بەئاگرو ئاسن دەوڵەت و دەسەڵاتی رەگەز پەرستی حزبی نیشتیمانی نەتەوەیی سپی پیستەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن. ئیتر لەو کاتەوە ئەم خەبات و نارەزایەتییە پەرش و بڵاوە کە لەسەراسەری ئەو ووڵاتە بونی هەبوو، بەتایبەتی لەلایەن بەشەکانی کریکارانی کشتوکالسازی و کانەکانەوە لەلایەن هەلسوراوانی بزوتنەوەی کریکاری و سۆسیالستی ودژی ئاپارتاید لە کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریکا – ئە ئین سی – لیکهەڵپیکرا.
لە کۆتایی پەنجاکانەوە ئیتر دەستیان دایە خەباتیکی چەکداری لە چوارچێوەی کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریکاو راستەوخۆ بە دەسپیشکەری و هەوڵی حزبی کۆمۆنیست وماندیلاش بە سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی و جوڵانەوە چەکداری یەکە هەڵبژیردرا.ئیتر هەر لەو کاتەوە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و هەمو بزوتنەوەی رادیکال و ئازادیخوازەکان لە ناوخۆ و لە ئاستی ئەفریقاو جیهاندا بەهیزترین پشتیوانیان لێکردو هاوکاری مادی و مەعنەویان لێکرد.

بەڵام هەر لەسەرەتایی شەستەکان ماندیلاو چەند کەسێک لە رابەرانی بزوتنەوە چەکدارییەکە و زۆرێک لەرابەرانی حزبی کۆمۆنیست لایەن دەزگا جاسوسییە ناوخۆییەکان و هاوکاری سی ئای ئەی ئەمریکی دەسگیر کران و دادگایی و سزایی هەتا هەتاییان بۆ ماندیلا و هاوری کانی بڕیی یەوە. لە دوای ئەوەشەوە ماندیلا و هاوری کانی سەرەرای زیندانی تەنیایی و ئازارو ئەشکەنجە و دەیان شیوازی تر لە ئازاری دەرونی و فشار هینان بۆ هاوسەرو کەسو کاری و کاری کودەتاکاری بەرامبەر ئەوان و بزوتنەوە چەکدارییەکەو کۆنگرەی نیشتمانی و حزبی کۆمۆنیست بۆ ئەوەی ماندیلا هاوریکانی دان بەوەدا بینین تاوانیان بەرامبەر دەوڵەت کردوەو بزوتنەوەکە چەکداری یەکەیان ئاشبەتاڵ پی بکەن و کۆنگرە هەڵوەشیننەوە.
بەڵام ماندیلا و هاوری یانی ئەو تەنازولەیان نەکرد تا سەرەنجام لە هەلومەرجێکی سیاسی پڕ ئاڵۆگورو وەرچەخانی جیهانی و بۆ ڕوو سپی کردنەوەی خۆیان بەرامبەر هاوکاری کردنی سیاسەتی ئاپارتاید کردبویان و بۆ گولی سوردان لە یەخەی بانگشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤەکەیان ناچار بوون بکەونە میانگیری نیوان دەولەتی رەگزپەرست و مەندیلاو کۆنگەرەی نیشتیمانی.

بەم شیوەیە ماندیلاو هاورێکانی لە مانگی دووی ١٩٩٠ ئازاد کران. پاشان زەمینەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان لە ساڵی ١٩٩٤ خۆش کردو ماندیلا و کۆنگرەی نیشتیمانیش زۆربەی هەرە زۆری دەنگەکانی هیناو دەسەڵاتی سیاسی یان کەوتە دەست و ماندیللا بوە یەکەم سەرۆکی ڕەش پێست دوای دەیان ساڵ خەبات و زیندانی تا ١٩٩٨. بەڵام لە هەڵبژاردنی دوا تر خۆی کاندید نەکرد.

هەمو ئەم کارو خەبات و کردەوانەی ماندیلا لە رابەریکردنی نارەزایەتی یەکانەوە لە دەورانێک کە قوتابی بوو تا کاتێک کە پارێزەر بوو، تا دەگاتە سەرۆکایەتی گۆنگرەی نیشتیمانی و باڵی بزوتنەوە چەکداری یەکەو پاشان دەسگیرکردنی و زیندانی کردن وخۆراگری و تەنازول نەکردنی وگفتوگۆ لە زییندانەوەو بە ئاکامی گەیاندنی گفتوگۆ، لانی کەم بەوەی کە بەر فەرمی سیاسی رەگەز پەرستی کۆتایی پێهات ، هەتا دەگاتە هەڵویستەکانی بەرامبەر جەنگی ئەمریکا لە کەنداو دژی عیراق و ئابڵوقی ئابوری و جەنگی دووەمی ئەمریکا لە دژی عیراق لە ٢٠٠٣و جەنگی بەڵقان و پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی فەلەستین و ڕەتکرندەوەی بەخشینی مەدالیای ئەتاتورک و ئیسرائیل...هتد وای کرد کە ماندیلا ببیتە ئایکۆنی خەبات دژی ئاپارتاید.

بەڵام ئەم ماندیلایەی ئایکۆنی ئەم خەبات و جولانەوە نارەزایەتییە سیاسییە کە لەبەرەی جوڵانەوەی ئازدیخوازی و یەکسانیخوازی و رادیکالی و دژی رەگەزپەرستیدا بوو ئەمرۆ سەرانی ئەمریکاو ڕۆژئاوای سەرمایەداری و ئیمپریالی کە بە تیرۆریست ناوزەدیان دەکرد ودژی خۆیو جولانەوەکەی بوونو پشتیوانی ڕەهای دەوڵەتی ئاپارتاید بوون ئێستا لە ئاپۆرەی سەرانی ئاپارتایدا لەسەر مەرگی دەیانەوی وەک قارەمانی سیستەمەکەی خۆیان بیناسینن و بۆ مردنەکەی ڤیستیڤاڵی جیهانی بەری دەخەن.

هەمو ئەم ریاکاری یانەش لەسەر هەمویانە لیدوانەکانی سەرانی ئەمریکاو بەریتانیا لە ڕاستیدا لەبەر چاوی کاڵی ماندیلاو جوڵانەوەی دژی ڕەگەزپەرستی نی یە بەڵکو بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی خۆیانە جا چ ئەو کات و چ ئەمرۆ.بۆ نمونە لەوانە سیاستە رەگەزپەرستەکانی ئیسرائیل و گەمە کردن بە چارەنوسی چەند ملیون خەڵکی فەلەستین. دیارە گومان لەوەدانیە کەماندیلاش لەگەڵ ئەوەی کە رابەرێکی کاریزمی جوڵانەوەی دژی ئاپارتاید بوو تا مرد بەڵام خاڵی نەبوو لە لاوازی و گرێو گۆڵە و ناڕۆشنی وسەوداکاری و میانگیری و هەڵویستی دوو فاقە.

بەتایبەتی دوای ئاڵوگۆڕو وەرچەخانە گەورە جیهانییە کە هەرەسی سۆڤیەت و بلۆکە هاوپەیمانەکەی بەدوادا هات.هەر چۆن ئەو وەرچەخانە کەریگەری لەسەر هەمو بوارە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و کەلتوری یەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ بیهانی دانا ئاواش کاریگەری لەسەر تیروانین و هەڵویستەکانی ماندیلا دانا.تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی فەرمی سیاسەتی ئاپارتایدو گرتنی دەسەلاتی لە لایەن ماندیلاو کۆنگرەی نیشتیمانی یەوە سەرەرای هەمو هەولە ریفۆرخوازەکانیان لە بواری سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری بەلام تا ئیستا بیکاری و هەژاری و نەخۆشی و سەرکوت بە تایبەتی لە دژی نارەزایەتی و بزوتنەوەی کریکاری خالی بەرچاوی ئەم دەسەلاتەیە.

بەڵام ئەوەی ئیستا سەرانی ئاپارتاید ،بە تایبەتی سەرانی ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنسا، دەیانەوی لە ئاپۆرەی ڤیستیڤالی مەرگیدا بیکەنە هێمای دونیای سیستەمە نوێکەی خۆیان هەموی وەک ووتمان بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی خۆیانە کە لە رابردوودا بەرامبەر خودی ماندیلاو جولانەوە ئازادیخوازەکەی دەیان کرد چ ئەو تاوانانەی ئە ئەمرۆ لەهەر کوی یەکی ئەم جیهانە بەرامبەر جولانەوە ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی یەکان دەیکەن.
 

mozafar_as@yahoo.com
١٢/-١٢-/ ٢٠١٣

 

           

 

17/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca