(پیاوێکى تێکشکاو)
لە نێوان هونەرى گێڕانەوە و هەڵبژاردنى گۆشەنیگاوە
 
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا



"لەم وڵاتە وێرانەدا، ئەوەى دز بێت، ژیانى پارێزراوە، ئەوەى گەندەڵ و بەرتیلخۆر بێت، دەستخۆشى لێدەکرێت، ئەوەى پاک و شەریف بێت، هەڕەشەى لێدەکرێت و سووکایەتیى پێدەکرێت" ل204.
(تاهیر بن جەللون) شاعیر و رۆماننووس و چیرۆکنووس لە 1ى دیسمبەرى 1944 لە شارى (فاس) لە دایکبووە، سەر بە نەوەى دووەمى نووسەرانى مەغریبیە، ئەو نووسەرانەى کە بە زمانى فەرەنسى دەنووسن، تاهیر بن جەللون ناوبانگێکى زۆرى لە بڵاوکردنەوەى رۆمانى (شەوى قەدر) بە دەست هێنا و خەڵاتى (گۆنگۆر)ى فەرەنسى بۆ ئەو رۆمانە وەرگرتووە. رەخنەگران پێیانوایە بن جەللون زۆرتر هەوادارى ئەدەبى رۆژءاوایە و هەمیشە لە کارەکانیدا هەوڵدەدات وڵاتى مەغریب لە شێوەى وڵاتێکى فۆلکلۆرى نیشانى رۆژئاءاو و بە تایبەتى فەرەنسییەکان بدات، هەمیشە خۆى وەک نووسەرێکى فەرەنسى لە قەڵەم دەدات..
رۆمانى (پیاوێکى تێکشکاو) ى تاهیر بن جەللون لە لایەن وەرگێرى بە توانا و سەلیقە (ئازاد بەرزنجى) بە زمانێکى جوان و پاراو و رەوان، بە بەراوردکردن لەگەڵ سێ دەق: دوو تەرجەمەى فارسى و یەک تەرجەمەى عەرەبى، کراوە بە زمانى کوردى. رۆمانى پیاوێکى تێکشکاو لە ساڵى 1994دا خەڵاتى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى بە دەستهێناوە. تاهیر بن جەللون لە بارەى ئەو رۆمانەوە دەڵێت بیرۆکەى ئەو رۆمانەم لە رۆمانى (گەندەڵى) نووسەرى ئەندۆنیزى (پیرامۆدیا ئاناتا تویر)ەوە وەرگرتووە. بە کورتى من لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵدەدەم پرسیارێک بوڕوژێنین، کە هەم نووسەرى دەق و هەم وەرگێرى دەق ناتوانین پشتگوێى بخەن، ئەویش ئەوەیە: لە دەقدا زمان چۆن بە خوێنەر، یان بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت؟!
رۆمانى پیاوێکى تێکشکاو باس لە فەرمانبەرێک دەکات، کە لە نێو سیستمێکى گەندەڵدا دەیەوێت جیاوازى و پاکى خۆى بپارێزێت! (موراد) پاڵەوانى رۆمانەکە جگە لەوەى دایکێکى پیرى نەخۆشى دوورە دەستى هەیە، لە ماڵە کۆن و داڕزیوەکەى باوانى لە سەرمان هەڵدەلەرزى، کچێکیشى هەیە هەر لە منداڵییەوە بە دەست نەخۆشى (هەناسە تەنگى)یەوە دەناڵێنێ و تەواوى خێزانەکەیشى وەکو زۆربەى زۆرى خەڵکى مەغریب بە دەست هەژارى و نەبوونییەوە دادوبێدادییانە:- من بە درێژایى ژیانم کەسێکى شارستانى بووم، بەڵام هەژار بووم. نەمتوانیوە بارى ژیانم باشتر بکەم... پیاوێکى تێکشکاو ل162...
موراد ئەگەرچى لە رێگاى بڕوانامەکەیەوە کە لە (وڵاتى فەرەنسا) بە دەستى هێناوە، شوێنێکى حەساس و باشى لە فەرمانگەیەکى میریدا هەیە و دەتوانێ بە واژۆیەک مامەڵەکان بڕوێنێ و لە برى ئەو واژۆیەش بە هەزاران دینار و دۆلار وەک رەشوە وەربگرێت. بەڵام دەیەوێ بە سەربەرزى و ویژدانێکى ئاسودەوە ژیانى ئاسایى خۆى بژى و جیاواز بێ، لە هەموو ئەوانەى بە مەسەلەى گەندەڵى و بەرتیلەوە گلاون، بێ ئەوەى زیان بە کەس بگەیەنێت.. چونکە لاى ئەو: پارە سیمبولێکە و هیچى تر، بەڵام لێرە خەڵکى زۆر دەبەنگانە خۆیان بە پارەوە بادەدەن و پۆزى پێوە لێ دەدەن. پیاوێکى تێکشکاو ل194. هەڵبەتە دەوروبەرەکەى (حاجى حەمید و ئەوانیدیکە، کە گوایە شانازى بە ئایین و دابونەریت و ئەخلاقى کۆمەڵایەتى.. دەکەن) بە هیچ شێوەیەک ئەو جیاوازییان قبوڵ نییە، هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەى (موراد)یش وەک خۆیان تێوەبگلێنن، ئیتر لە سیستمێکى گەندەڵدا ژیان بۆ کەسێکى جیاواز هەمیشە لە قەیرانێکەوە بەرەو قەریرانێکى دیکە دەچێت، بۆیە تەواوى ژیانى دەبێتە شلەژان و نیگەرانى و خەونى ناخۆش و مۆتەکە و ئیتر رۆحى لەو وڵاتە وێرانەدا هەلا هەلا دەبێت...نووسەر دەیەوێ بەو شێوازەى خۆى پێمان بڵێ لە هیچ سیستمێکى دنیادا نییە، گەندەڵیى سەروەر بێ و کەسى پاک و بە توانا و شایستە.. شوێنى بڕیار و هەستدارى بە دەستەوە بێت؟! سیستمى گەندەڵ کەسى پاک و جیاواز، بە هەر نرخێ بێت دەخاتە ناوەوە خۆیەوە و بێرێزى دەکات و پاشان ونى دەکات، نەک هەر هێندە بەڵکو واى لێدەکات تەواوى ژیانى بە ئازارى ویژدانەوە بتلێیتەوە!
تاهیر بن جەللون یەکێکە لەو رۆماننووسە بە توانایانەى، کە زۆر جوان دەتوانێ لە رێگاى شێواز و گێڕانەوەى (هەڵقوڵاو)ەوە خوێنەران بە ئاستە جیاوازەکانەوە بەرەو خوێندنەوە رابکێشێت! مەبەستم لە گێڕانەوەى هەڵقوڵاو، یان (داڕژانى نووسین) وروژاندنى هەوەسى زمانە، (بەڵام لە پشت ئەو داڕژان و بزواندنە دەبێ باکگراوەندێکى مەعریفى قوڵ بوونى هەبێت) هەر بەو مانایەش تاهیر بن جەللون لە رێگاى داڕژانەوە قسان بە زمان دەکات، لەوێشەوە هەوڵدەدا مێشکى خوێنەران بە مانا پڕ بکاتەوە، پڕکردنەوەى مێشک بە مانا ئامانجى قسەکردنە، ئەوەش سروشتى خودى زمانە، چونکە هەمیشە ئەوەى عاشقى زمانە دنیاى زمان تووشى هەوەس دەکات، درووستکردنى ئەو (پانتاییە لە گێڕانەوە)، خوێنەر دەخاتە سەر ئامادەباشییەک بۆ بەشداریکردن، نەک هەر هێندە بەڵکو خوێنەر دەخاتە سەر ئەوەى کە هەمیشە خۆى تێکەڵ بە نووسەر و پاڵەوان و کاراکتەرەکان بکات. من لەگەڵ ئەو بۆچوونەى "شوبهاوەر"دام کە دەڵێت ((ژیان و خەون لاپەڕەى یەک کتێبن. ئەگەر بە شێوەیەکى رێکخراو و بە پێى ژمارەى لاپەڕەکانى کتێبەکە بیخوێنیتەوە، ئەوا دەبێتە ژیان. خۆ ئەگەر بە شێوەیەکى نا رێکیش بیخوێنیتەوە، ئەوە دەبێتە خەون)) پیاوێکى تێکشکاو ل214
ئەگەر شێواز راستەوخۆ پەیوەندى بە شێوەى گێڕانەوەوە و تێزى زمان قسان دەکاتدا هەبێت، ئەوە بێگومان بەو مانایە نییە، کە گێڕانەوە بونیادێکى پەیکەرئامێزى هەیە و لە برى (ناسنامە) و (زەمەن) دەردەکەوێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە پرۆسیسەکردنى گێڕانەوە دەکەوێتە دووتوێى ئەو ماوە شاراوەیەى کە لە نێوان (خود) و (دنیاى دەرەوە) دایە.. کاتێک چاوێک رووداوێک دەبینێت یان ئاشناى دەبێت، دەبێتە گێڕەڕەوەى ئەو رووداوە، بۆ ئەوەى چاوە بێئاگاکانى دیکەى لێ بە ئاگا بهێنێتەوە، ئەوەش واتە ئاشنابوونى خود لەگەڵ دنیاى شتەکان و دیاردەکان لە رێگاى پرۆسەى خەڵقکردنى ماناو دەلالەتەکانى ئەو دیاردانە و بردنیان بۆ بوارى ئاگایى فەردى و پاشان ئاگایى دەستەجەمعییەوە. هەر لە رێگاى ئەو چالاکییەشەوە خودگەرایى پراکتیزە دەبێت و خودى گێڕەڕەوە لە میانى زەمەنى گێڕانەوەدا خۆى دەدۆزێتەوە.
بە دیوەکەى دیکەش لە بیرمان نەچێت خودى کێشکردنى خوێنەر لەسەر بنەما هونەرى گێڕانەوە لەو رۆمانەدا پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە (هەڵبژاردنى گۆشەنیگا)وە هەیە! هەڵبەتە یەکێک لە رەگەزە سەرەکیەکانى هونەرى گێڕانەوە لەو رۆمانەدا پەیوەندى بە دۆزینەوەى گۆشەنیگا حەساسەکانەوە دەکات، هەر لەوێشەوە خوێنەر دەخاتە سەر ئەوەى لە لە ترۆپکى خوێندنەوە و چێژى خوێندنەوە و شوێنە حەساسەکانى خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا بڵێ هەم! یان لە شوێنى وێناکردنى پاڵەوانەوە هەوڵى بەشدارى چالاکانە خۆى لەو داهێنانەدا بنوێنێ؟! گۆشەگیرى جۆرێکى تووندە لە خۆپەرستى، پەناگەیەکە بۆ ئەو کەسانەى هەست دەکەن، لە جموجوولى ژیان دوورن. پیاوێکى تێکشکاو ل218.
بە کورتى دەمەوێ بڵێم لەو رۆمانەدا هەڵبژاردنى (گۆشەنیگا) و (دارژانى زمان لە گێڕانەوەدا) وا دەکات، خودى خوێنەر تێکەڵ بە خودى کاراکتەر بێت و بکەوێتە دووتوێى بارودۆخەکانى ژیانییەوە و ئەو پرسیارە بەرجەستە بکات، کە پاڵەوان لە ناوەوەى خۆى پێوەى دەتلێتەوە، یان بیرى لێدەکاتەوە: من چى دەکەم ئەگەر لە شوێنى ئەو بم؟ من چى دەکەم ئەگەر لە سیستمێکى وا گەندەڵدا بژیم؟
لە دەقدا زمان چۆن بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت؟ وەڵامى ئەو پرسیارە ئەوە نییە، کە لە رێگاى نواندنەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵکو ئەوەیە کە زمان بە هۆى ماناوە بە واقیعەوە دەلکێ، ئەو پەیوەستبوونەش (عەقڵى نیازخواز) بەسەر (دەنگ و ئاماژە)دا دەیسەپێنێ. هەر لە سەر ئەو بنەمایەش مانا شێوەیەکى نیازئامێزى هەڵێنجراوە، ئەوە ئەو خاڵەیە کە گێڕانەوەى هەڵقوڵاو یان دڕژانى زمان بەخۆوە دەبەستێتەوە، بە مانایەکى دیکە کۆدى تێگەیشتنى مانا ئەوەیە، کە نیازخوازى ئەسڵى، یان ناوەکى لە فیکرى قسەکەردا بۆ وشە و ئاماژە و رەمز بگۆڕێت.
کەواتە وەک چۆن دەشێ (بۆگێڕەوە)ى نووسەر یان (وەرگێر- واتە بۆگێڕەوە لە زمانێکى دیکە) نیازى خۆى لە قسەکردن لەسەر گەندەڵیدا هەبێت، لەپاڵ ئەوەشدا دەشێ ئەو نیازە تەقلیدییەش بەکار بهێنێ، کە لە بارەى چەمکى گەندەڵییەوە لە خودى ئەو (کۆمەڵگا)یەدا هەیە، کە نیازى یەکەم بەرهەم دەهێنێت؟! دەمەوێ بڵێم چەمکى گەندەڵى لەو رۆمانەدا تەنها لە رێى نووسینەوە و لە رێى وەرگێڕانى بۆ زمانى کوردى تێر نابێت، بەڵکو بە گشتى رەنگدانەوەى گەندەڵى لە کۆمەڵگا و لە نێو سیستمى دەسەڵاتدا، مەرجى تێر بوونى خۆى دەدۆزێتەوە.. لێرەدا دەکەوینە نێوان دوو مەرجى تێربوون:- یەکەم مەرجى تێربوونى گوتراوە، ئەوەى رۆماننوس دەینووسێتەوە. دووەم مەرجى تێربوونى دەنگ و ئاماژەیە، واتە دەنگدانەوەى گوتراو لە نێو کۆمەڵگا و سیستمدا. بەو مانایەش گوتراوى واتادار ئەوەیە کە مەرجى تێربوون بەسەر مەرجى تێربووندا بسەپێنێت.
کەواتە نیازى مانا بە گشتى ئەوەیە کە مەرجى تێربوون (کۆمەڵگا/سیستم) بەسەر مەرجى تێربوونى یەکەم (رۆمان/وەرگێرانى) دەسەپێنێت، سەرەڕاى ئەوەش دەیەوێت پەیوەندى لەگەڵ گوێگران درووست بکات، ئەوەش بە نیازى پەیوەندیگرتن، یان گەیشتن ناو دەنرێت، ئەو نیازەش لەسەر تێگەیشتن راست دەبێتەوە، نیازى تێگەیشتن نیازى مانایە، ئەوەیە کە گوێگر لە ماناى نیازم بگات، نیازى تێگەیشتن وەک چۆن دەکەوێتە فرە جۆرى لە کردەى قسەکردندا، بە هەمان شێوە دەکەوێتە سەر رێساى پێکهاتن و رەمزگەرایى.. ئەگەر فرە جۆرى قسەکردن پەیوەندى بە سەلماندن و خاڵى ئاڕاستەکردن و ئیلتیزام و تەعبیرکردن و راشکاوییەوە هەبێت، ئەوە رێساى پێکهاتن و رەمزگەرایى پەیوەندى بە بارودۆخ و دامەزراوەکان و بوونى کارى (هەبوون) لە زماندا هەیە، کە دەلالەت لە زەمەن دەکات،.
دواجار دەمەوێ بڵێم ئەوەى ئەو رۆمانە وەک هەبووییەکى مانادار لە نێو کتێبخانەى کوردى و لە نێو خوێنەرى کوردى بەرجەستە دەکات، هەر تەنها تواناکانى (نووسەر) نییە، بەڵکو هەڵبژاردنى (وەرگێر)یش رۆڵى بنەڕەتى دەبینێ و بەشدارى خۆى لەو (داهێنان)ەدا رادەگەیەنێت!! وەک چۆن رۆمانى (پیاوێکى تێکشکاو) بە هەموو ماناکانییەوە خەسڵەتێکى قێزەونى کۆمەڵگا و سیستمێکمان نیشان دەدات، لەو خاَلەشەوە پێمان دەڵێت گەندەڵى تواناى لە دایکبوونى بێ کۆتایى خۆى، هەمیشە لە سیستمێکى گەندەڵدا نوێ دەکاتەوە.

سەرچاوەکان:
- تاهیر بن جەللون، پیاوێکى تێکشکاو، رۆمان، و:ئازاد بەرزنجى، زنجیرە کتێبى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، زنجیرە: 695، سلێمانى 2013.
- بول ریکور، فلسەفە الارادە، الانسان الخگاء، ترجمە: عدنان نجیب الدین، دار البیچاء- المغرب،گ1 2003، مقدمە.
- جون سیرل، العقل و اللغە و الواقع (الفلسفە فی العالم الواقعی) ترجمە: سعید الغانمی، الدار العربیە للعلوم-منشورات الاختلاف، الجزائر، ڤ1 2006.ل205.
- ه.س.پ. ل212، 218، 219، 222، 225.
 

           

 

17/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca