دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی
 
د. کەمال میراودەلی

 


بەشی یەکەم
١. ئایدیۆلۆجی چییە؟ راستیی من بۆیە دەپرسم دەمەوێ بزانم ئایا دەشێت مرۆڤ، کۆمەل ، حیزب، سیستمی سیاسیی هتد بێ ئایدیۆلۆجی بیت؟
- ئایدیۆلۆجی لە دوو وشە پێکهاتووە: ئایدیا و لۆجی.
ئایدیا بە مانای بیر دێت. لۆجی واتە زانست. ئایدیۆلۆجی یانی زانستی بیرەکان.
زانستی ئەوەی بیر چییە، لە کوێوە دێت، دەوری چییە لە ژیانداو لە کۆمەلدا، جیاوازی بیر- ئایدیاو شت چییە؟
چۆن مرۆڤ بیر دروست دەکات، یان چۆن بیر مرۆڤ دروست دەکات؟
پێوەندی نیوان بیرو هوشیاریی و ناهوشیاریی و سیستمی کۆمەلایەتی و سیاسیی و دەسەلات چییە؟
بیرەکان چۆن کار دەکەنە سەر هەڵوێست وتارو رەفتاری تاک و گرۆکانی کۆمەڵ؟ بیرەکان چۆن دەبنە کۆبەندی بیرو پێکەوە کار دەکەن و دەبنە پاڵپشت و رێنوێنی سیستم و دەسەلاتی سیاسیی؟
پێوەندی نێوان بیرەکان و مانەوەو کارکردنیان و دەسەلات و دەزگاکانی ومیدیاکانی چییە؟
چۆن بیرەکان دەمێنن و خۆیان بەرهەمدێننەوە، یان بەسەردەچن یان سەرکوت دەکرێن؟
لەم پێناسە سەرەتاییەی ئایدیۆلۆجییەوە رەنگە بگەیتە ئەو ئەنجامە کە مرۆڤ و کۆمەڵی بێ ئایدیۆلۆجی وەک لەشی بێ سەر وایە ، بۆیە بۆ تێگەیشتنی ئەمە تێگەیشتنی ئایدیۆلۆجی خۆی پێویستە، دیارە ئەمەش پرسێکی ئالۆزو کیشەدارە.
لەشی بێ سەر
- ٢.سەیرە، ئایا دەشی مرۆڤێ بێ سەر هەبێت؟
ئەمە پێوەندی بە تێگەیشتنی مانای هەبوون – ەوە هەیە.
بوون و هەبوون جیاوازن.
بوون: بوونە بە بێ هوشیاریی.
هەبوون: بریتییە لە هەست+بوون واتە هەستکردن بە بوون یان هەبوونی بوون، خاوەندارێتی بوون، هۆشیاریی بوون، بوون بە هوشیارییەوە.
هەستی بوون بە بێ چالاکی بوون نابێت. واتە چالاکییەکی هۆشمەندی لە کەمترین ئاستیشدا پێویستە بۆ نمایشکردنی بوون.
بەلێ: گەر کەسێ سەری هەبێت و ئاگای لێ نەبێت یان بەکاری نەهێنێت وەک مرۆڤی بێ سەر وایە، هەر شتێ نەبێتە ئایدیاو هوشیاریمان نەبێت کە بۆتە ئایدیاو چۆن کار ەدکات، واتە هەش بێت، وەک هەبوو کار ناکات، واتە رەوشی بوونی غەریزەیی سەرەتایی، نەکارە یان پاسیڤە، بۆیە ناچێتە ناو هاوکێشەی بوونەوە وەک [بەرکار] نەبێت. هەموو شتە بکەرەکان شتە هۆشمەندەکانن: شتە زیندەکان، چالاکەکان هەموو شتە بەرکارەکان شتە سڕ، مردوو، ناهوشیار و پاسیڤەکانن..
ئەو کاتە [سەر] لە [بەرکار]ەوە دەبێتە [بکەر] کە هۆشی خۆی بۆ خۆی بەکاردێنێت واتە مرۆڤەکە لە بەرکارەوە دەکاتە بکەر، لە لێخوڕدراوەوە دەیکاتە لێخوڕ. ئەمە بەروارد بکە بە سەیارەیەک: جەند جار سویچەکەی لێ بادە گەر پاترییەکەی پڕ نەبێت و کار نەکات، هەموو سەیارەکە وەک لاشەیەکی ئاسنینی بێ کەڵک دەمێنیتەوە. تەنانەت گەر پڕیش بێت لە بەنزین. پاتری سەری یان مێشکی مرۆڤ بیرە، ئایدیایە، جۆری بیرکرنەوەکەی ئەو سویچەیە کە هەڵی دەکا، یان ناکات، کە پاترییەکەی پڕەو باش کار دەکاو زۆر بڕ دەکا، یان زوو کۆتایی دێت و پێویستی بەوە هەیە کەسانی تر بۆی چارج بکەنەوە؟
كێشەی ئالۆزی ئایدیا
٢. هەر لە ئێستاوە پرسەکەت زۆر لێ ئالۆز کردم. کێشەی ئایدیۆلۆجی چییە، بۆچی هێندە ئاڵۆزە؟ بە راستی دەمەوێ بزانم!
- کێشەکە لە ئاستی فەلسەفییەوە، لە لە-دایکبوونی وشەی ئایدیا وە دەست پێدەکات ئەوسا چۆنێتی پەرەسەندنی ئەو وشەیەو ماناکان و کارسازییەکانی. راستیی هەموو دایەلۆگەکەمان لە سەرەتاوە تا دوایی بریتی دەبێ لە باسکردنی پێناسەو پەڕەسەندنەکانی ئایدیا.
وتمان ئایدیا یانی بیر، هزر، ئەندێشە. هەموو کات ئایدیا هەبووە، هەموو کات بیر هەبووە و هەیە، لە ئاستی تاکەکەس، لە ئاستی کۆمەڵ و، لە ئاستی سیستم و مرۆڤایەتییدا. بەلام نازانرێ چونکە پێناسە ناکرێ و روون ناکرێتەوە، ناکرێ بە هوشیاریی. بەلام بیر، ئایدیا خۆشی دەبێ پێناسە بکرێ تا بناسرێ. ئەمە وا پێویست دەکات پێناسەی بیر یان ئایدیا خۆی بکەین. چونکە هەرشتی پێناسە نەکرێت شایانی ناسین، زانین، تێگەیشتن نابێت. ئەمە یەکەم یاسای بیرکردنەوەی فەلسەفییە کە سۆکرات دایمەزراندو ئەفلاتون و ئەرستۆ کردییانە یەکەم دوو بناغەییترین قوتابخانەی فەلسەفەو زانستکاریی:
پێش ئەوەی قسە بکەی بزانە باسی چی دەکەی و پێناسەیەکی کورتی بابەتەکەت بکە! پێناسەیەکی کورتی میتۆدو نەخشەسازی باسەکەت بکە ،
بشڵێ ئەم باباتە بۆچی باس دەکەی یان دەنووسی و ئامانجت چییەو دەتەوێ چی بە خوێنەر بڵێیت و چ ئەنجامێک بدەیت بە دەستەوە. با خوێندەوارەکەت بزانێ باسی چی دەکەی، یان بزانێت کە خۆشت دەزانی باسی چی دەکەی.
واتە بەو سیستمە فەلسەفییە ئەرستۆیی یە هەموو شتێ، کارێ، پرۆژەیە لە سێ هەنگاوی بەیەکەوە بەستراو پێکهاتووە:
١. / پرینسیپ: بنەما بیرییە/زانیارییە سەرەتایییەکانprinciple
٢. پرۆسە: بەکارکەوتنی ئەو بیرانە یان سەرەتایانە لە نەخشەسازیی و ریکارێکدا process
. ٣ تیلۆس: ئامانجی دوایی ئەو پرۆسەیە.telos
پێناسە ئەم رەگەزانە هەرسێکیان دەگرێتەوە: لە کوێ وە دەست پێدەکەی و چۆن؛ بۆ کوێ دەڕۆی، ئامانج یان ئەو ئەنجامەی دەتەوێ بەدیبێنی چییە؟
سۆکرات دەلێ: خۆشت بناسە؟ چونکە هەموو دایەلۆگێک دوو لایەنی هەیە: خودی قسەکەران و ئەو شتەی گوایە باسی دەکەن بەلام زۆر جار نازانن باسی چی دەکەن یان واخەیاڵ دەکەن کە دەزانن باسی چی دەکەن لە کاتێدا نازانن کە نازانن ئەمەش قەباعەتترین جۆری نەزانینە کە لە نەناسینی خودەوە، خۆتەوە، رەگ دادەکوتێت. ناسینی خود، دەروون، ناوەوەو دەرەوەت، سایکۆلۆجی، بەشێکی گەورەیە لە ناسینی جیهان، ئەمەش بە توندی بە بیر، ئایدیا، ئایدیۆلۆجییەوە بەستراوەتەوە..!
کێشەی هەرەگەورەی کۆمەلگای نازانستی ئەوەیە هەر دەڵێ و ودەڕێسێ بێ ئەوەی هەرگیز پێناسەی بابەتەکانی ئاخاوتن بکات. واتە بێ ئەوەی پرینسیپ و میتۆدی زانستیی باسکاریی پێڕەو بکات. ئەمەش ئەنجامەکەی لە فشۆلۆجییدا خۆی دەبینێتەوە. فشۆلۆجی وەک لە باسێکی تردا روونم کردۆتەوە بۆشترین ئاستی ئاخاوتن و نووسینە کە بێبەرییە لە
١.بنەمای فەلسەفیی و پرینسیپی لۆجیکیی ،
٢.لە زانست و شیکاریی زانستیی،
٣.لە یاساو بنەمای دەستووریی،
٤. لە دیمۆکراسی و راوێژو راپرسیی و رێزی بیرورای کەسانی تر،
٥.لە ئەخلاق و بەها مۆرالییەکان.
یۆنانییەکان ئاخاوتن [لۆجیک، دیسکۆرس، زانست] و قسەی بێ سەروبەریان جیادەکردەوە. بە قسەی ىێسەرو بەری بێ سەرەتا، پێناسە، پرینسیپ، و پرۆسەی لۆجیکی دەلێن: قسەخوانیی [رێتۆریک] یان کە لە ئاستێکی بالاتردا بێت: سۆفیستری، سەفسەتەی پێدەلێن. لە کوردیدا دەشێ بلێین قسەزلیی، قسەهەڵرشتن، بێسەروبەریی قسە، چەنەبازیی، درێژدادریی. عەرەب وەک هونەری زمان پسپۆڕە لەمەدا. زۆروتن و کەم دەربڕین، کە بە مانای مۆدێرن دەبێتە فشەبازیی. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەر هیچ کاریگەرییەکی نییە: قسەی رەنگاورەنگ، وشەی قەبەو زل، رستەی سۆزداری ئاگراوی، عەقیدەی کوێر، خەرافات، پرژاندنی ژیلەمۆی بیری کۆن وئەمانە هەموو دەشێ جمهورو ئامانج و ئاکامی خۆیان هەبێت، بەلام ئەمانە ئاخاوتن نین، وتار نین، باس نین، دیسکۆرس نین و لە شیکردنەوەی دواییدا، زانست نین. من مەبەستم لە مانا ئەفلاتونییەکەی رێتۆریکە: رازاوەیی توێکلی بابەت و پووچەڵی کاکڵەکەی، وتنی بێ بناغەو بێ ئەنجام.

 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca