ئاوێتەبوونی پارادۆکسەکان و مردن
 
هۆشەنگ شێخ محەمەد


لە بارەی (ئاورا)ی
(کارلۆس فۆ ئێنتس)ەوە.

٣٠/٠٣/٢٠١٣

ئەو کارە یەکێکە لەو بەرهەمانەی، جگە لە تەکنیکەکەی، هزرەکەی پێشوەختە یەخەت دەگرێت و خۆی داوێتە نێو بیرتەوە. چونکە باس لە تەمەن دەکات، وەک چەمکێک باسی دەکات. خوێنەر چاری نییە یەکەم جار دەبێت بزانێت کورتە رۆمانەکە یان چیرۆکەکە باسی (شتێک) دەکات، ئایا ئەو شتە چییە؟ ئینجا کە زانی شتەکە چییە دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە نووسەرەکە چۆن باسی ئەو شتە دەکات؟
کێشەیەک هەیە ناوی (تەمەن)ە. بە تایبەتیش تەمەنی ژن. کە لەپێش مەرگدا مرۆ دەکۆشێ بە شێوەیەکی دی بیگێڕێتەوە و سەرلەنوێ بیباتەوە وەختێک کە دڵ ئارەزووی دەکات! وای لەو کۆششە؟! مرۆ هەوڵ بدات خۆی بباتەوە ئەو کاتەی دڵ ئارەزووی دەکات، واتە تەمەن بە ئارەزووی خۆی رێک بخاتەوە.
کارلۆس فۆ ئێنتس لەبارەی نووسینی ئەو بەرهەمەوە خۆی دەڵێت: (ئاورا لەو ساتە وەختەدا لەدایک بوو کە ماریا کالاس لە دەنگی ژنێکدا، گەنجی و پیرییەتی پێکەوە گرێ دا، ژیان دەست لەناو دەستی مەرگدا، جیانەکراوە، بانگهێشتکەری یەکتر و دواجار چوارەمین ناوی ژن: گەنجی، پیری، ژیان و مەرگ)
لەو بەرهەمەدا دەبینین کۆشش بۆ ناسینی تەمەن و هەڵاتن لەدەست مەرگدا جومگەی سەرەکی نووسینەکەیە. لە نێوان سێ کارئەکتەردا. لێ پێش ئەوەی باسی کارئەکتەرەکان بکەم، با من جارێ بپرسم ئەگەر سێ کارئەکتەر (پیرەژنێک، کچێکی گەنج و پیاوێکی گەنج) بدەینە دەست نووسەرێک کە کارلۆس فۆ ئێنتس نییە، ئەو سێ کارئەکتەرە چی دەکەن و چییان بەسەر دێت و دواتریش چی دەگێڕنەوە؟
هەر چییەک بێت ئەوە نییە، کە گەنجەکە تووشی ئەو ترس و خەون و هەڵوێستانە بێت کە لێرەدا (فلیپێ) تووشییان دەبێت. کەشی گشتی بەرهەمەکە، خنکێنەر و کەرەکیف گرتوو و شێدارێکی تاقەتپڕووکێنە. سیحر و واقیع و خەون و راستی و لە هەموویشی توندتر هەردوو کەسێیتی (ئاورا و کۆنسۆئیلۆ) ئاوێتەی یەکدی دەبن، تا ئەو رادەیەی بە هەردووکییان دەبنە یەک کارئەکتەر کە شەڕی تەمەن دەکات.
ئاوێتەبوونی پیربوون و گەنجێیتی، ژیان و مردن، پیاو و ژن و خەون و راستی و شتەکانی تریش... تا دوای هەموو ئاوێتەبوونەکان، مەرگ دێت و ئاوێتەبوونەکان لە بەین دەبات و ناوی چوارەم "مردن" نەوەک هەر بە ژن بەڵکو بە مرۆڤ دەبەخشێت.
(ئاورا) بەرهەمێکی بچووکە لە قەبارەدا، وەلێ قووڵە لە نێوەخۆیدا. ئەوەی ئەو پەرتووکە خاستر دەکات ئەوەیە کە دووبەشە، یەکەمییان بەرهەمەکەیە و دووەمیشییان نووسەر باسی چۆنێیتی نووسینی (ئاورا) دەکات، کە بۆ من چێژی خوێندنەوەی بەشی دووەم هیچی لە بەرهەمەکە کەمتر نەبوو!
دەستی (سلێمان دڵسۆز) خۆش بێت، کە ئەو بەرهەمەی بۆ کردینە کوردی.

ئاورا
نووسینی : کارلۆس فۆ ئێنتس
وەرگێڕانی: سلێمان دڵسۆز.
زنجیرەی کتێب (٦٣٩) وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری ٢٠١١.

 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca