دالیا تۆ بۆكوێی چویت؟
 
گۆران ڕه‌ئوف

 



سڵاو.. وه‌ك جاران ده‌پرسم ڕه‌وشێ‌ ته‌ باشه‌؟؟ هههها هههها.. پێبكه‌نه‌ پێبكه‌نه‌.. ده‌ی پێبكه‌نه‌ قوڵتر پێبكه‌نه‌ با قلیكه‌ت ئه‌و ماسیانه‌ ڕاچڵه‌كێنێت كه‌ له‌ قوڵاییه‌كانی ماریانادا ژیانده‌كه‌ن با ئیسرافیل سه‌ری لێ‌ بشێوێت و فویبیابكات و دونیا كۆتایی بێت.. باواتێبگات به‌رله‌وه‌ی ئه‌و زه‌نگی كۆتایی لێبدات دونیا خۆی كۆتاییهات!! پێبكه‌نه‌ به‌م هه‌تیوه‌ گه‌مژه‌یه‌ كه‌ فریوی ئه‌و هه‌موو په‌یڤه‌ بریقه‌دار و جادوییه‌ی تۆی خوارد.. پێبكه‌نه‌ كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو بێده‌نگییه‌ت هێشتا وه‌ك زێڕینترین ساته‌كانی یه‌كترناسین پێتده‌ڵێت:ڕه‌وشێ‌ ته‌ باشه‌؟!

دالیا ئه‌وه‌ منم كوڕه‌ شێته‌كه‌.. مه‌گه‌ر تۆ هه‌میشه‌ به‌شێته‌ بانگت نه‌ده‌كردم.. بیرته‌ دایكم چه‌ندجارێك لێت توڕه‌بوو؟ به‌ڵام تۆ هه‌ر بانگتده‌كرم شێته‌ شێته‌ ئه‌و كوڕی كه‌ره‌م كه‌له‌ هه‌ستی پێغه‌مبه‌ربوونه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لای خه‌ونه‌ خنجیلانه‌كانی تۆ دالیا ئه‌وه‌ منم من.. كه‌ ئێواران ده‌ستم له‌نێو ده‌سته‌كانتدا ئاره‌قه‌ی ده‌كرده‌وه‌ و تۆ هه‌ر ده‌ستت به‌رنه‌ئه‌دام.. ده‌موت"با یه‌ك تۆز ئاره‌قه‌كه‌ی وشكه‌وه‌كه‌م" ئه‌ها تۆ هه‌ردو برۆت ده‌هێنایه‌وه‌ یه‌ك و یه‌ك دو لۆچت ده‌كرد لێوه‌كانت و ده‌توت"نا..نا من حه‌زه‌كه‌م وه‌ها پیاسه‌بكه‌ین ده‌توت شه‌رممه‌كه‌ من حه‌زملێیه‌ گه‌ر بتوانم ده‌ستت بۆ ماڵ به‌رمه‌وه‌!!" دالیا كوڕه‌ چاوكاڵه‌كه‌م.. كوڕی خه‌ونه‌كانت.. له‌بیرت نه‌ماوه‌؟؟؟ وه‌ڵا سه‌یره‌!!! یانی ئاوه‌ها به‌خێرایی گۆڕایت؟ یانی ئیتر ناگه‌ڕێیته‌وه‌؟ ئیتر وه‌ك جاران نایه‌یته‌ ماڵه‌وه‌ و به‌یانیان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌دایكه‌ پیره‌كه‌م كه‌یت به‌ماچ بێدارمناكه‌یته‌وه‌؟ یانی تازه‌ حه‌ز به‌و كتێبانه‌ی ناكه‌ی كه‌له‌به‌ر من ده‌تخوێندنه‌وه‌؟ دالیا من تائێستا ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ر نه‌بووم به‌هیچ شتێكی ژیان.. تائێستا ئه‌وه‌نده‌ به‌سۆزه‌وه‌ نه‌گریاوم.. تائێستا ئاوه‌ها به‌قوڵی هه‌ستم به‌ ئازاره‌ ترۆهاته‌كانی ژیان نه‌كردووه‌.. نازانم چۆن هاتیت و چۆن ڕۆیشتی؟!

دالیا بۆ وه‌ڵامی زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كانم ناده‌یته‌وه‌؟ ئاخر بۆ؟ بۆ وه‌ڵامی نامه‌كانم ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌ی نامه‌كانی فه‌یسبوك؟! ئاخر بۆ؟ دالیا من به‌رله‌وه‌ی تۆ بناسم، هه‌رگیز كارم به‌ نامه‌ نه‌بوو، هه‌رگیز خۆشم له‌نامه‌ نوسین نه‌ده‌هات، به‌رده‌وام ڕقم له‌و كه‌سانه‌ش بوو، كه‌ له‌ دانیشتن و پاڵكه‌وتن و رێكردنیشدا هه‌رنامه‌یان ده‌نوسی، كه‌چی شه‌پۆلی نامه‌كانت فێری هه‌مو ئه‌وانه‌یانكردم! به‌رله‌تۆ ڕۆژێك نه‌ده‌هات به‌ خه‌یاڵمدا كه‌ به‌رێگادا بڕۆم و نامه‌ بنوسم! نه‌ده‌هاته‌پێشچاوم به‌هۆی نامه‌نوسینه‌وه‌ شۆفێره‌كان به‌توندی هۆڕنم بۆ لێده‌ن و له‌ جامه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستیانم بۆ بڵند كه‌ن و جنێوم ئاڕاسته‌كه‌ن! دالیا تۆ هه‌مو ئه‌مانه‌ت به‌سه‌رمندا هێنا.

من هه‌نوكه‌ كه‌بیر له‌ ئێستای تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌، بڕواناكه‌م تۆ له‌وه‌ها ژیانێكدابیت، بڕواناكه‌م به‌و ماوه‌ كورته‌ هه‌موو ئه‌و درۆیانه‌ت له‌بیركردبێت كه‌بۆمنی به‌دبه‌ختت ده‌كرد، هه‌رگیز ناتوانم وێنای ڕابردووت به‌راوردبكه‌م به‌م وێنا پڕ شه‌رمه‌زارییه‌ت، ئاخر تۆ له‌بیرتچوو پێتده‌وتم:"گه‌ر له‌ ڕۆمان و فیله‌مه‌كاندا كچی ده‌وڵمه‌ند و نه‌جیبزاده‌كان بۆ كوڕه‌ هه‌ژار و كه‌مده‌سه‌كان ده‌گونجێن و ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان"، ئه‌ی له‌بیرتماوه‌ من ده‌موت"دالیا واقیع زۆر تاڵتره‌ له‌وه‌ی من و تۆ بیریلێده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌موت دالیا باشوێن خه‌یاڵی فیلم و ڕۆمانه‌كان نه‌كه‌وین، به‌خوا ڕه‌نجه‌ڕۆ ده‌بین"، تۆ ده‌توت"نا..نا، شێته‌گیان، گه‌ر فیلم و ڕۆمان و داستانه‌كان خه‌یاڵبن، ئه‌وا من و تۆ ڕاسته‌قینه‌ین، به‌ڵێ‌ من و تۆ ده‌بینه‌ چیرۆكێكی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان كچێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كوڕێكی هه‌ژار".. خۆ ئه‌مانه‌ت هه‌موی له‌یاده‌؟
دالیا من (كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی گوڵی ڕه‌ش)ـم به‌دیاری بۆ كڕیت و تۆش خوێندته‌وه‌ و خاره‌تێك لێمڕه‌نجای؟ به‌ڵام ئێستا واهه‌ستناكه‌ی هه‌مان گوڵی ڕه‌ش له‌نێوان من و تۆدا ڕوده‌دات؟ دالیا پێشبینی تۆ هیچ ڕاست نه‌بوو، هه‌مووی له‌ ئه‌ندێشه‌یه‌كی پوچه‌وه‌ دروستببوون، سه‌رتاپا بیركردنه‌وه‌كانی تۆ درۆبوون، هه‌موو ئه‌و په‌یڤه‌ بریقه‌دارانه‌ت وه‌ك سوراوه‌ سیحرییه‌ك وابوون، هاوشێوه‌ی ئه‌و نیگا خه‌ستوخۆڵانه‌ت بوون، كه‌ گشت جارێك ده‌یانكوشتم و تێده‌گه‌یشم قه‌ده‌ری من و تۆ وه‌ك گوڵی ڕه‌ش وه‌هایه‌!

دالیا له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ له‌م گه‌ڕه‌كه‌ی ئێمه‌ ڕۆیشتن، ئیدی خه‌یاڵه‌كانم ناخۆویستانه‌ گۆڕان له‌به‌رامبه‌رتدا و نه‌مویسیت شتێك بڵێم... نه‌مده‌ویست عه‌وداڵانه‌ بڕیاری پێشوه‌خت به‌م له‌هه‌مبه‌ر ڕوداوه‌كاندا.. ئیدی هه‌رله‌خۆوه‌ هه‌ستێكی سروشیانه‌ باسی هه‌ندێ‌ وڕێنه‌ی بێتامی بۆمده‌كرد و نه‌مده‌وێرا به‌خه‌یاڵیشمدا بیانهێنم... دالیا من ده‌موت:"تازه‌ تۆ مالتان باریكردوه‌ و ڕۆیشتوونه‌ته‌ گه‌ڕه‌كه‌ نوێكانی ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ئه‌سته‌مه‌ تازه‌ بگه‌ین به‌یه‌ك!، تۆ وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یت هه‌ردوو برۆت ده‌ئاڵۆزكاند و به‌په‌نجه‌كانت گوێی چه‌پمت ده‌گرت و ده‌توت:"ئه‌م قسانه‌ت كۆنن، شتی نوێم بۆباسكه‌"، دالیا من ئیدی نه‌مده‌وێرا شتێكی ترت بۆ باسكه‌م، ئیدی به‌خۆم و هه‌ستی هه‌ژارانه‌مه‌وه‌ له‌ناخی گڕگرتوومدا ده‌موت"كێشه‌كه‌ ئاڵۆزكاوه‌ دالیا، من و تۆ ناتوانین ئیدی وه‌ك جاران یه‌كتر ببینین".

به‌ڕاست ده‌ڵێن ئه‌و كوڕه‌ی ئێستا وه‌ك هاوسه‌ری ژیانت هه‌ڵتبژاردووه‌، كوڕی یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م شاره‌.. یانی وه‌ك خۆتان خاوه‌ن ده‌یان دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و هه‌زاران مه‌تر زه‌وی نیشته‌جێبوونه‌، هاوشێوه‌ی بابت چه‌ندان بازاڕیان هه‌یه‌ و كۆمپانیا و كارگه‌یان هه‌یه‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، ده‌ڵێن به‌رله‌وه‌ی تۆ بڕیاری كۆتایی بده‌یت و له‌گه‌ڵی زه‌ماوه‌ندبكه‌ی.. ئه‌و گوتویه‌تی:"دالیا خان من كوڕێكم شه‌وانێكی زۆر به‌ته‌نهابووم و شه‌وانێكی زۆریش له‌باوه‌شی سۆزانی و كچه‌ ڕاگوزه‌ره‌كانی ئه‌م شاره‌ و دونیادا بووم.. من له‌پاڵ جۆره‌ها ئافره‌تدا نوستووم، من ده‌یان جار به‌خۆمم وتوه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌یانم ڕاسته‌قینه‌یه‌ و ته‌واو من عاشقم... به‌خۆمم وتووه‌ ئیدی له‌ته‌واوی ژیانمدا ئافره‌تێكی وه‌ك ئه‌مه‌م ده‌ستناكه‌وێت.. به‌ڵام ئه‌و بڕیارانه‌م ته‌نها هه‌ڵچونی ئه‌و كاتانه‌بوون كه‌له‌ چێژی سێكسكردنباندابووم.. به‌ڵێ‌ دالیا خاتون.. من ئاوه‌ها ژیاوم.. من گه‌نجێكی ساده‌ و ساكارم، ئه‌وه‌ته‌ی هه‌م دینارێكم بۆ بابم به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو به‌ته‌نها سه‌رفمكردووه‌ و شوێن خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانم كه‌وتووم.. بڕوابكه‌ ئه‌وه‌ی وایكرد عاشقی تۆبم به‌ته‌نها جوانییه‌كه‌ت بوو.. به‌ڵكو ساده‌یییه‌كه‌ت بوو، ئه‌و خه‌ندانه‌ت بوو كه‌ ده‌مزانی تۆ جودای له‌و سه‌دان كچه‌ی من په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌، جیاوازی له‌و ئافره‌تانه‌ی من شه‌وه‌های شه‌و له‌گه‌ڵیاندا سه‌رجێیم كردوه‌، گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردون، فێڵم لێكردوون، فێلیان لێكردووم... وه‌ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌تۆدا هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ له‌پاش ژیانی هاوسه‌رگیری خیانه‌تم لێ‌ نه‌كه‌یت.. به‌ته‌نها ئه‌وه‌م ده‌وێت.. ئیدی ناپرسم چۆنبووه‌ ڕابردووت.. ئیدی بێزارت ناكه‌م به‌و پرسیارانه‌م كه‌له‌باره‌ی ئه‌و كوڕه‌ ئه‌سمه‌ره‌وه‌ ده‌یزانم".. دالیا ئیتر تۆش به‌و قسانه‌ ڕازیبوویت و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ مندا به‌ڕێتكرد سڕیته‌وه‌؟ ئیدی وه‌ك ڕوداوی ڕۆمان و فیلمه‌كان گۆڕایت و بێباكانه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانت پچڕاند.. دالیا كه‌بیر له‌تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌خۆم ده‌ڵێم ئیدی ژیانه‌.. ژیانیش پڕیه‌تی له‌و ڕوداوه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌.. پڕیه‌تی له‌ شتی قۆڕ و پڕویوچ.. به‌خۆم ده‌ڵێم به‌سیه‌تی خه‌ممه‌خۆ.. به‌سیه‌تی ئیتر كه‌م بێزارانه‌ خۆت ده‌رخه‌.. جاتۆ به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگری، ئیدی به‌رگه‌ی چی ده‌گریت؟ هه‌ر كه‌مێك دوای ئه‌و قسانه‌ی كه‌به‌خۆمی ده‌ڵێم.. له‌پڕ حاڵم تێكده‌چێ‌ و ده‌گریه‌م و له‌به‌رخۆمه‌وه‌ ده‌ڵێم:"جا گه‌ر به‌وه‌ها ڕوداوێك نه‌گریه‌م و به‌وه‌ها چیرۆكێك وه‌ڕس نه‌بم.. ئیدی چ شتێك هه‌یه‌ واملێبكات بگریه‌م، خه‌مبخۆم، بێزار ده‌ركه‌وم، توڕه‌بم، نه‌توانم گوێبگرم بۆ هیچ ده‌نگێك، ته‌نانه‌ت ده‌نگی پڕله‌میهری دایه‌ گیانم؟"، دالیا من كه‌باسی خۆمانت بۆده‌كه‌م بۆئه‌وه‌نیه‌.. گومان له‌دڵی تۆدا دروستبكه‌م، بۆئه‌وه‌نییه‌ په‌شیمانت كه‌مه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ی داوته‌.. به‌ڵكو ته‌نها ده‌رده‌دڵه‌، یان ئه‌و خانانه‌یه‌ كه‌له‌ مێشكمدا ئه‌میری توڕه‌یی و ڕقن، به‌ڵام ده‌شزانم تۆ زۆر له‌وه‌ بێباكتری به‌وه‌ها نووسینێك بكه‌ویته‌ به‌راورد، دڵنیام تۆ له‌بیرت نه‌ماوه‌ من و تۆ چۆن بووین؟ تۆ ئه‌وه‌شت له‌یادنه‌ماوه‌ كه‌ من كوڕی خه‌ونه‌كانت بووم؟ ڕه‌نگه‌ ناوه‌كه‌شمت له‌بیرچوبێته‌وه‌؟ یان ئه‌سڵه‌ن تۆی منت ده‌ناسی؟.

دالیا...دالیا...دالیا، من له‌سه‌ر حه‌قم، ئه‌ی وانییه‌؟ یانی ئه‌م ژیانه‌ ئه‌وه‌نده‌ پوچه‌ تۆ به‌و شێوه‌یه‌ فكرناكه‌یته‌وه‌ كه‌من له‌سه‌رحه‌قبم؟ یانی ئه‌وه‌نده‌ شته‌كان ئاڵۆزكاون، كه‌تۆ نه‌توانیت باش و خراپ، درۆ و ڕاستی، حه‌قیقه‌ت و پوچی، له‌یه‌كتر جیابكه‌یته‌وه‌؟ من ده‌ڵێم گه‌ر وایانلێهاتووه‌ بڕۆ پیرۆزتبێ‌.. بڕۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌تیوه‌ كه‌پو شۆڕ و مل باریكه‌دا بژی و بابتبات شاره‌ دوره‌كانت ئاشنابكات.. با ده‌ستت بگرێت و سه‌ردانی ئه‌و مۆزه‌خانه‌ و شوێنه‌واره‌ كه‌لتوریانه‌ بكه‌ن، كه‌من ئاواتمبوو ڕۆژێك به‌خه‌ویش بووه‌ بیانبینم، بڕۆ باكه‌ناری ده‌ریا و دورگه‌ خه‌یاڵییه‌كان ببینی، بڕۆ ببه‌ به‌ سه‌رنشینی فڕۆكه‌ و كه‌شتییه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان، بڕۆ له‌شه‌وێكی تاریكدا و له‌ هوتێلێكی راقی و بێوێنه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌ ده‌وڵه‌منده‌دا بنوو، ئه‌و كوڕی سه‌گه‌ی كه‌ پاش ئه‌و هه‌موو دانپێنانه‌ی بۆتوی كردووه‌ و كه‌چی تۆش ڕازی بوویت، بڕۆ وه‌ك نوكته‌ی گفتوگۆكانتان باسی منی بۆبكه‌، یان ڕه‌نگه‌ هه‌ر كه‌هاته‌ باسی من ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ی بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌و داماوه‌ خۆی به‌خێرایی كۆتایی پێبهێنێت... ئه‌وه‌ من باسی چی ده‌كه‌م؟! كوره‌ كه‌ی من دێم به‌خه‌یاڵیشتدا، تابگاته‌ ئه‌وه‌ی باسمبكه‌ن.

دالیا كۆتا ڕسته‌م بۆت ئه‌وه‌یه‌: گه‌ر ئاوایه‌ حه‌قیقه‌تی ژیان، گه‌ر ئاوا تێگه‌یشتوی له‌ ڕه‌نگ و بۆنی حه‌قیقه‌ت، گه‌ر هه‌ستناكه‌ی دۆڕاویت و له‌ناخه‌وه‌ تاده‌مری ئازاری ویژدانت ده‌تكوژێ‌، ئه‌وا بڕۆ تا ده‌توانی چێژوه‌ربگره‌ و هاواربكه‌ و ده‌سته‌كانت بۆ ئاسمان به‌رزبكه‌وه‌ و به‌توندی بڵێ‌:"شتێك نییه‌ ناوی حه‌قیقه‌ت بێت، بڵێ‌ هه‌ستناكه‌م واتایه‌ك هه‌بێت بۆ حه‌قیقه‌ت".. دالیا تۆ پێویسته‌ ئاوه‌ها بڵێیت.. تێده‌گه‌ی پێویسته‌ وه‌ها بڵێت و به‌س.


ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ژماره‌(199)ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه‌.
 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca