تەماتەی ئەهرامی سەلاسە
 
فەڕۆخ نێعمەتپوور

 


تەماتەفرۆشێکی ئەنتیکەیە. کەس وەها کالای خۆی ناڕێزێنێتەوە و نایخاتە بەر دەست مشتەرییەکان! لە قەراخ جادەکە، دانە دانە تەماتەکان لە سندووقەکە دەردێنێ، بە پەڕۆیەک خاوێنیان دەکاتەوە، جاری وا بە هەڵمی دەم هەوڵ دەدا پەڵەکان باشتر بسڕێتەوە و دوواتر لە سەر چوارپایەکەی بەردەمی دەیانچنێ،... رێک وەک ئەهرامی سەلاسەی میسر،... میسری کۆن. دوواتر بۆ خۆیشی لە کۆتاییدا لە تەنیشتیاندا هەڵدەتروشکێ. پال بەو درەختەوە دەدا کە بە لاسک ئەستوورە و بە گەڵا تەنک.
من کاتێک لەو جادەوە گوزەر دەکەم هەوڵ دەدەم حەتمەن بە لای ئەم تەماتەفرۆشەدا تێپەڕم. کە تەماتەیش دەکڕم، هەر دەچمە لای ئەو. هەستێکی دووانە و دژبەیەکم هەیە. منێک کە هەر لە کۆنەوە ئاشق و شەیدای ئەهرامی سەلاسەی میسر بووم و بە سەعات لە سەیر کردنی وێنەکانیان تێر نەدەبووم، بە شێوەی هەڵچنینی تەماتەکان سەرسام دەبووم و حەزم نەدەکرد تێک بچن،... نا نا، نەدەبا کەس بیانکڕێ، بەڵام لە هەمان کاتدا تەماتە فرۆشەکە پێویستی بە پارە بوو، دەبا بیانفرۆشێ. منیش مشتەرییەکی دایم بووم. مشتەرییەکی ناوچاوان تاڵ کە بە هەڵگرتنی هەر تەماتەیەک وام دەزانی ئەهرامی میسری بۆ هەمیشە ئاسەواریان دەسڕێتەوە.
کاتێک تەماتەم لێدەکڕێ، چەندە هەستی جوانناسانەی مێژووییم دەڕوشا!
ساڵان گوزەرا. تەماتەفرۆشەکە بە تەمەنتر بوو و سمێڵ و ردێنی سپی هەڵگەڕا. درەختەکە پووکایەوە و ئیتر گەڵای نەکرد، رێک ئەو شوێنەی تەماتە فرۆشکە پاڵی پێوەدەدا، چاڵتر بووبوو و پشتی ئەویش بە هەمان رادە کوڕتر. سندووقە تەماتەکان و چوارپایەکەیش هەر هەمان. هەموو رۆژێک ئەهرامە سوورکان هەڵدەچندران و بۆ ئێوارە ئاسەواریان نەدەما. یەک لە دووای یەک.
من قەت خووم بە روشانی هەستی جوانناسانەی مێژوویی خۆم نەگرت!
رۆژێکیان کاتێک سەیری گۆڤارێکی مێژووییم دەکرد، کتوپڕ بە سەر وێنەیەکی سەیردا کەوتم. گەشتیارێک لە میسر کە سەردانی شوێنە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەی کردبوو و گەڵێک وێنەی جوانیشی هەلگرتبوو، باسی سەردانەکەی خۆی دەکرد. لە لاپەڕەیەک دا دوو وێنە لە تەنیشتی یەکتردا بوون: وێنەی ئەهرامی سەلاسە و وێنەی پیرەمێردێکی تەماتەفرۆشی شەقامەکانی قاهیرە. چەند سەیر بوو! هەمان چوارپایە، هەمان سندووق، هەمان شێوەی هەڵچنینی تەماتەکان و... هەمان درەختیش،... لاسکێکی وشک بە لکە رووتەکانیانەوە. من راچەنیم. جوان جوان سەیری وێنەکەم کرد. روخساری تەماتە فرۆشەکە جوان دیار نەبوو، شتێک وەک تەم (رەنگە دووکەڵی سەیارەکانی ناو شەقامەکان)، دایانپۆشیبوو. بڵێی هەر تەماتەفرۆشەکەی لای خۆمان نەبێ؟ ئا، ئەوەی راستە شەقامەکەی ناو شار؟
گۆڤارەکەم خستە ناو گیرفانی شەلوارەکەمەوە. دەبا سبەی بچم و لە نزیکەوە هەڵیانسەنگێنم. ئا، لە نزیکەوە.
سبەی چووم. لەوبەر جادەکە، رێک بەرامبەر بەو راوەستام. وێنەکەم دەرهێنا و کەوتمە هەڵسەنگاندنیان. زۆر سەیر بوو، جگە لە روخساریان هەر رێک خۆی بوو! دەبا هەڵەیەک بێت. ناکرێ دوو وێنە لە دوو شوێنی ئەوەندە دوور و جیاواز لە یەک بچن. تۆ بڵێی برا یان دووانەی تەماتەفرۆشەکەی ئێمە لە وڵاتێکی تر بێت و ئەم نەیزانیبێ؟ بڕیارم دا بچم پرسیاری لێبکەم. لە شەقامەکە پەڕیمەوە، بەڵام هەر کە گەیشتمە لای، لە جیاتی پرسیارەکە داوای کیلۆیەک تەماتەم لێکرد. تەماتەی ئەهرامی سەلاسە.
ئەو شەوە تەماتاوێکم خوارد تامی شەقامەکانی قاهیرەی دەدا!
مەراقێک چووبووە دڵ و مێشکمەوە. گۆڤارەکەم هێنایەوە بەردەست و جارێکی تر کەوتمە خوێندنەوەی. سەرەتای رێپۆرتاژەکە کورتە باسێک بوو سەبارەت بە میسر و مێژووەکەی. دوواتر سەبارەت بە توریسم لەو ولاتەدا. ئەوسا ئەو شوێنانەی گەشتیارەکە پێی وابوو گرنگن و هەر گەشتیارێکی جیددی دەبێ سەردانیان بکا. بە وێنەکانەوە. وشتر و بیابان و ئاسمانی ساماڵ چەند هەیبەتیان دەدایە وێنە و رێپۆرتاژەکە. کتوپڕ دیسان بە سەر هەمان وێنەدا کەوتمەوە. جوان جوان لێی رامام. ئەمجارە بینیم روخسارەکە زیاتر مەیلی خۆدەرخستنی دەدا. وەک بڵێی تۆز و دووکەڵی شەقامەکانی قاهیرە نیشتبوونە سەر زەوی یاخود "با" لە گەڵ خۆی بردبوونی. بینیم روخساریش هەمان روخسار. نیوە روخسارێکی تێک تەپیو کە هەموو رێبوارێکی وەک مشتەری چاولێدەکرد.
گۆڤارەکەم دانا. پەرداخێک ئاوم خوارەدوەو چوومە باڵکۆنەکە. باڵکۆنەکەی من بە سەر چەند خانوویەکی گڵی کۆندا دەڕوانێ. لەو خانووانەی کە باران لێیان دەدا دەڵێی دەبن بە قوڕ. جگەرەیەکم داگیرساند.
جگەرەیەک کە تامی نیگایەکی چاوەڕوانی ناو جادە دووکەڵاوییەکانی قاهیرەی دەدا!
بڕیار دەدەم چەند رۆژێک بەو شەقامەدا تێنەپەڕم. بۆ تێپەڕین، شوێنێکی تر هەڵدەبژێرم. کۆڵانەکان هەمیشە دەرفەتی رێگا لاوەکییەکان دەدەن. دەزانم ئیستایش ئەگەرچی من بەوێدا ناڕۆم، بەلام ئەو هەر لەوێیە. ئەو دەبێ لەوێ بێت. بۆ ئەوەی هەموو رۆژێک ئەهرامەکانی بکا بە پارە و بۆ شەو بیانباتەوە بۆ ماڵەوە.
نازانم چەند رۆژ، هەفتە، مانگ یاخود ساڵ تێدەپەڕێ. رۆژێک بڕیاردەدەم ئیتر وەکوو جاران بە جادەکەدا تێپەڕم. دڵنیام شتێک روویداوە کە جادەکە جیاوازدەکا لە جاران. تێدەپەڕم. دەبینم لە هەمان شوێن هەمان چوارپایە، هەمان سندووق، بەڵام نە درەختێکی پیر و نە مرۆڤێکی بە تەمەندا چوو، بەڵکوو تەنیا گەنجێک کە یەکجار لە تەماتەفرۆشەکەی دەکرد لەوێ دانیشتووە. ئەو لە جیاتی ئەوەی پاڵ بە درەختەوە بدات، لە سەر چوارپایەیەکی بچوکتر دانیشتووە. وەها بچووکتر کە گەردنی بە زەحمەت دەگاتە تەماتەکانی، ئەو تەماتانەی بەردەوام لە ئەهرامی سەلاسەی میسریان دەکرد.
رادەمێنم. چ دیمەنێکی سەیر. بیر دەکەمەوە. پێویست بە پرسیار ناکا. دیارە چ روویداوە یاخود روویدابوو. مێژوو لێرە هەموو رۆژێک خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئارام لە جادەکە دەپەڕمەوە و کیلۆیەک تەماتەی تر دەکڕم. من نازانم تەمەنی چەند نەوەی تر مەحکوومی خواردنی ئەو تەماتانەم لە ئەهرامی سەلاسە دەکەن.
شەو لە ماڵەوە بە دەم سازکردنی چێشتی تەماتاوەوە، بیری گۆڤارەکە دەکەومەوە، ئەو گۆڤارەی ساڵانی ساڵ لەمەوبەر وێنەی لێکچووی تەماتەفرۆشەکەم تیا بینیبووەوە. هەوڵ دەدەم بیدۆزمەوە. هەموو شوێنێکی مومکین دەگەڕێم و دەیانپشکنم. سەرئەنجام دووای زەحمەتێکی زۆر لە ژێرزەمین لە بنی بنەوەی گۆڤارە کۆنە بە سەر یەک کەڵەکە کراوەکاندا دەیبینمەوە. گۆڤارێکی نیوە گرمۆڵەی قەراخ زەرد هەڵگەڕاو کە هەندێک لە لاپەڕەکانی ون بوونە. لە سەر عەرزەکە لە تەنیشت سفرەکە دایدەنێم. بە دەم نانخوارندەوە هاوڕییەک تەلەفۆن دەکا و باسی چاکەی خواردنی تەماتە دەکا، ئەوەی خوێن لە لەشی بەشەردا زیاد دەکا و خواردنی بە کاڵی باشترە تا ئەوەی بیکوڵێنی، باسی ڤیتامینەکانی ناوی، ئەوەی بەر بە چەندان نەخۆشی دەگرێ و دەبێتە هۆی چست و چالاکیی جەستە و جوان مانەوەی پێست.
گوشییەکە دادەنێم و بیر لە تەماتەفرۆشەکە دەکەمەوە. بیر لە کش و ماتی و ئارامبوونی، بیر لە چرچەکانی دەم و چاوی و ئەو پیرییە زووەی وەک درەختەکەی پشتەوەی لێکرد. تۆ بڵێی گوناهی چ بێ؟ گوناهی زانیاری غەڵەت لەسەر تایبەتمەندییەکانی تەماتە ئەوەی کە تەماتە قەت خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە نەبووە و ئەمە تەنیا خەیاڵی مرۆڤە، یان گوناهی ئەهرامی سەلاسەی میسر؟
ئا، رەنگە گوناهی مێژوو بێت مرۆڤ وەها زوو پیر دەبێ!
گۆڤارەکە هەڵدەگرم و دیسان دووای ساڵانی ساڵ دەچمەوە سەر رێپۆرتاژەکەی میسر. هی گەشتیارە نەناسییاوەکە. پێش ئەوەی دەست بکەم بە خوێندنەوەی بابەتەکە، لە ژێر سەردێڕەکەدا ناوێکی ئاشنا سەرنجم رادەکێشێ،... ناوی خۆم! باوەڕناکەم. چاوەکانم دەقونجێنم و دیسان لە گۆڤارەکە دەڕوانمەوە. ئا، ناوی خۆمە. چۆنە من ئەم ناوەم قەت لە کاتی خوێندنەوەکانمدا نەبینیبوو؟
لە سەر باڵکۆن بە دەم جگەرەکێشانەوە سەردانەکەم بۆ میسر دێتەوە بیرم. نایەتەوە بیرم داخۆ تەماتەکان بوون منیان بۆ ئەم سەفەرە هان دا، یاخود خودی ئەهرامی سەلاسە! بۆ منێک کە ئەوەندە شێت و شەیدای مێژووم، چەند دژوارە دۆزینەوەی مێژووی خۆم لە ناو رێپۆرتاژەکەی خۆمدا.


 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca