8.12.2013 یەکشه‌ممه‌

ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
Darsim2006@hotmail.com

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێزان/

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مامۆستا ئارام وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان

بابەت/ ناساندنی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان

بەڕێزان لێرەدا دەمەوێت کێشەی (فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس) بخەمەڕوو، ئەو یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ، کە لە ساڵی (1981)دا خۆی و (مەردان یوسف شێخ ئەلیاس)ی برای هاوکاری کۆمەڵێک زیندانی ئەو زیندانەیان کرد بۆ هەوڵی شکاندنی زیندانەکە و ڕزگارکردنی تەواوی ئەو زیندانییانەی کە سزای لە سێدارە دانیان هەبوو.
لە یەکێ لە دیدارەکاندا لە سەرەتای بەهاری ساڵی (1981)دا، سەرەتا تەحسین ڕەحمان فەرحانی برام، دواتریش جەمیل ئەحمەد مەحمودی ئامۆزازام کە هەردووکیان لە ڕێکەوتی (29.10.1980)دا بڕیاری سێدارەیان لە هەیئە خاسەی کەرکوک دەرچوو و گواسترانەوە بۆ ژووری سێدارەی موسڵ، باسی بیرۆکە، نەخشە و پلانی شکاندنی ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ و ڕاکردنیان کرد و داوای پارەیان لێ کردم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەوڵی شکاندنی زیندانەکە.
شەهید جەمیل ئەحمەد (دەرسیم)، باسی ئەوەی کرد کە لەگەڵ هەریەک لە (بەرزان عومەر عەلی، جەلال مەحمود ئەحمەد سورداشی و عومەر میرزا شاسوار) سەرەتا گفتوگۆی بیرۆکەی شکاندنی زیندانەکە و دواتریش نەخشەو پلانی شکاندنی زیندان و ڕاکردنی خۆیان کردووە، پاشانیش قسەیان لەگەڵ دوو پاسەوانی زیندانەکە کردووە کە کوردی ئێزیدین و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە. یەکەم جار ناوی ئەو دوو پاسەوانە هاوکارەیان نەدرکاند، بەڵام دوای نزیکەی مانگێک یان مانگ و نیوێک بەو مەرجەی دوای ئەوەی ناوەکان دەڵێن نابێ هەوڵی ناسینی ئەو دوو پاسەوانە هاوکارەیان بدەم، باسی ئەوەیان کرد کە ئەو دوو پاسەوانە بران و ناویان (مەردان و فازڵ)ە. منیش پابەندی ئەو مەرجەی ئەوان بووم و تا براو ئامۆزازاکەم لە سێدارەش دران، نەمدەزانی کام لە پاسەوانەکان (مەردان یان فازڵ)ن بەتایبەت کە زۆربەی پاسەوانەکان کوردی ئێزیدی بوون، سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆژانی دیدەنیدا گوێکانی خۆم قوڵاغ کردبوو بۆ بیستنی ناوەکانیان، وەلێ هیچ جارێک نەمتوانی بیاندۆزمەوە.
هەر لەپێناوی یاداشت کردنی ڕۆڵی جوامێرانە و کاریگەری ئەو دوو پاسەوانەی زیندان (مەردان یوسف شێخ ئەلیاس و فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس) لە هەوڵی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ، لە ڕێکەوتی (4.12.2010)دا لە ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان و پەیژی فەیسبووک بابەتی (هەوڵێکی سەرنەکەوتووی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ و دوو قارەمان)م بڵاوکردەوە. بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە، دەرکەوت کە پێشتر کەسێک بەناوی نەریمان مەجید بابەتێکی لەژێر ناوی (چیڕۆکی شکاندنی قەسابخانەی موسڵ لەسەر دەستی کوڕانی یەکێتی ئەنجام درا)دا لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (2164)ی ڕۆژی (5.6.2000)دا بڵاوکردۆتەوە و دواتریش لە ساڵی (2007)دا لە نامیلکەیەکدا بەناوی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ) لەچاپی داوە، کە لەوەی دووەمیاندا باسی ڕۆڵی کوردپەروەرانەی مەردان یوسف و فازڵی برای کردووە. دوای خوێندنەوەی نامیلکەکەی نەریمان مەجید، بابەتێکی ڕەخنەییم لەژێر ناوی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ، یان چەواشەکردنی مێژوو؟)، سەرەتا لە ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان و فەیسبووک دواتریش لە (5) بەش لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارەکانی (6157, 6155, 6154, 6153, 6152)ی هەریەک لە ڕۆژانی (19.8.2013/ 16.8.2013/ 15.8.2013/ 14.8.2013/ 13.8.2013)دا بڵاوکردەوە، کە بووە هۆی ئەوەی نەریمان-یش وەڵامێک بنووسێ و لەژێر ناوی (وەڵامێکی هێمنانە بۆ دەرسیم دیبەگەیی) لە کوردستانی نوێ، لە (4) بەش لە ژمارەکانی (6165/ 6164/ 6163/ 6162)ی ڕۆژانی (28.8.2013/ 27.8.2013/ 26.8.2013/ 25.8.2013)دا بڵاوی کاتەوە. هەروەها دواتریش زانیم کە کەسێک بەناوی چیمەن حەمەساڵح کاکەبرا بابەتێکی بەناوی (پلانی شکاندنی بەندیخانەی موسڵ)دا لە گۆڤاری شەهید، ژمارە (6)ی مانگی تەموزی ساڵی (1999)دا بڵاوکردۆتەوە. لە ڕۆژی (22.11.2013)دا وەڵامێکی دیکەی نەریمان-م بەناوی (گفتوگۆی داستانی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ) دایەوە و لە ماڵپەڕەکان و فەیسبووک بڵاوکرایەوە.
لە تەواوی ئەو بابەتانەی سەبارەت بە هەوڵەکەی ساڵی (1981)ی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ نووسراون، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە مەردان فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس هاوکار و پشتیوانی زیندانییەکانی ژووری سێدارە بووینە لەپێناوی جێبەجێکردنی پلان و نەخشەی زیندانییەکان بۆ شکاندنی زیندانەکە و ڕاکردنیان، هەر بەو هۆکارەوە مەردان و فازڵ لەدوای شکستی هەوڵەکە لە ڕۆژی (5.6.1981)دا گیران، دواتریش مەردان یوسف شێخ ئەلیاس لە ڕێکەوتی (20.2.1982)دا لەلایەن دادگای تایبەتی هەیئە خاسەی کەرکوک بەگوێرەی مادەی (158)ی یاسای سزا ئێراقییەکان بڕیاری سێدارەی دەرچوو و پاشان لە ڕێکەوتی (13.11.1982)دا لە زیندانی موسڵ لە سێدارە درا، هەروەها فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس لە هەمان ڕۆژ لەگەڵ مەردان لەلایەن هەمان دادگای ناوبراو بەگوێرەی مادەی (271)ی یاسای سزا ئێراقییەکان سزای هەتا هەتایە (20) ساڵی بۆ دەرچوو و سەرەتا لە بەشی سزا تایبەتییەکان (ألأحکام الخاصة) و دواتریش سزا درێژخایەنەکان (ألأحکام الطویلة) تاوەکو ڕۆژی (21.5.1986) لە زیندانی ئەبوغرێب مایەوە. فەرموون سەیری مادەی (271) بکەن، ئایە فازڵ یوسف ئەلیاس کە بەپێی ئەو مادەیە زیندانی کراوە، تەواوی مافەکانی وەکو هەر زیندانییەکی سیاسی دیکە هەبێ؟




بۆیە بەپێویستی دەزانم و داواکارم حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو زیندانییەکی سیاسیی تەواوی مافەکانی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بدات و مووچەیەکی مانگانەی هاوتا بە زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان پێ بدات و مەردان یوسف شێخ ئەلیاس-یش وەکو شەهیدێکی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانیی کوردستان هەژمار بکات و مووچەیەکی شەهیدانە بداتە ماڵ و منداڵەکانی، کە ئەو وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە ئێراق مووچەیەکی هەیە. دڵنیام ئەگەر فازڵ یوسف ئەلیاس، لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئەم جیهانە بوایە، بەمشێوەیە نەک فەرامۆش نەدەکرا، بەڵکو باشترین ژیان و مووچەی دەبوو، هەروەها سەدان دیدارو چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆن، گۆڤار و ڕۆژنامەکانی لەگەڵ دەکرا. دەبوایە بەلای کەمییەوە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ئەو داستانەیان بە بەشداری فازڵ یوسف ئەلیاس بکردبایە (ڕۆمان، فیلمی سینەمایی و فیلمی دیکۆمێنتکاری تەلەفزیۆنی).

کرۆکی کێشەی فازڵ:
هەرچی سەبارەت بە (فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس)ە، لەبەرئەوەی ئەو هیچ دان پێدا نانێکی نەبووە لە بەرانبەر ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەی خۆی و مەردانی برای کراوە، بە مادەی (271) بە (20) ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە، خۆ ئەگەر ئەویش دانی بە تۆمەتەکەدا بنایە، بەشێوەی مەردانی برای بەگوێرەی مادەی (158) سزای لە سێدارە دانی دەردەچوو و لە سێدارەش دەدرا، کە مەردان بە هۆکاری هاوکاری کردنی زیندانییەکانی ژووری سێدارەی موسڵ و شکاندنی زیندانەکە لە سێدارە درا.
دوای ڕوخانی حکومەتی ئێراق، فازڵ یوسف دەیان جار سەردانی بەغدای کردووە لەپێناوی ئەوەی مووچەی زیندانیی سیاسیی بۆ دەرچێت، کەچی بە بەردەوامی داواکەی بەرپەرچ دراوەتەوە بە بیانووی ئەوەی گوایە گرتنەکەی ئەو لەسەر سیاسەت نەبووە. دواجاریش لە ڕێکەوتی (16.1.2012)دا دەزگای زیندانییە سیاسییەکان - لیژنەی تایبەتی بەغدا/ کەرخ، داوایەکی دیکەی ناوبراوی ڕەتکردۆتەوە بەپشت بەستنیان بە نووسراوی ژمارە (1010)ی ڕۆژی (16.1.2012)ی وەزارەتی ناوخۆ/ تۆمارگەی تاوانەکان، بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو مادەیەی کە فازڵ-ی پێ سزا دراوە مادەی (172)ە نەک مادەی (271).
پێم وایە، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ/ تۆماری تاوانەکان، بەئەنقەست مادەی (271)ی بە مادەی (172) نەگۆڕیبێ کە یەکەمیان سیاسییە و دووەمیش بازرگانی، ئەوە بەدڵنیایی لیژنەکەی بەغدا/ کەرخ بەئەنقەست بەتەنیا پشتیان بەستووە بە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ/ تۆمارگەی تاوانەکان بۆ ئەوەی فازڵ یوسف ئەلیاس لە تەواوی مافەکانی وەکو زیندانییەکی سیاسی بێبەش بکات، بەتایبەت کە فازڵ یوسف ئەلیاس لە هەمان کاتدا دوو بەڵگەی بەوان داوە، کە یەکەمیان پاڵپشتییەکی زیندانی ئەبوغرێبە بە ژمارە (2647) کە لە ڕێکەوتی (17.2.1986)دا وەریگرتووە و تێیدا هاتووە کە ناوبراو سزای (20) ساڵ زیندانی کردنی لەلایەن دادگای تایبەتی لە کەرکوک بەپێی مادەی (271)ی یاسای سزا ئێراقییەکان و بەپێی سكاڵای ژمارە (188/ خ/81) لە ڕێکەوتی (20.2.1982)دا بۆ دەرچووە، دووەمیش بڕیاری سزادان (مقتبس حکم)ەکەی خۆی کە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ئێراق بەدەستی هێناوە و بەپێی بڕیاری سزادانەکە فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بەپێی نووسراوی ژمارە (275)ی ڕێکەوتی (28.2.1982)ی دادگای تایبەتی لە کەرکوک (هەڵوەشاوە)، سزای زیندانی کردنی هەتا هەتایەی بەگوێرەی مادەی (271) و بەپێی کێشەی ژمارە (188/ خ/1981) بۆ دەرچووە. باشە، ئەگەر بەرپەرچ دانەوەی داواکەی فازڵ یوسف ئەلیاس بەدەستی ئەنقەست ئەنجام نەدرابێ، دەبێ هۆکارەکەی چی بێت؟


چارەسەری کێشەکەی فازڵ:
چارەسەری کێشەی فازڵ یوسف ئەلیاس بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاخود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان دەکرێ کە ناوبراو بە زیندانییەکی سیاسیی هەژمار بکەن و تەواوی مافەکانی بەشێوەی زیندانییانیی سیاسیی لە هەرێم پێبدەن و مووچەیەکی مانگانەی بدرێتێ.
چونکە ناکرێت بە بیانووی ئەوەی کە فازڵ یوسف ئەلیاس دانیشتووی (شەنگال/ موسڵ)ە، هیچی بۆ نەکرێت، وەکو بەرپرسانی کوردستان هەردەم ئەو وەڵامەیان داوەتەوە! ئەی باشە چار چییە، لەکاتێکدا حکومەتی ئێراق لە ئەنجامی هەڵەیەکی خۆیان کە مادەکەیان لە مادەی (271) بە مادەی (172) گۆڕیبێ، یاخود ئەو کارەیان بە ئەنقەست کردبێ بۆ ئەوەی بێبەشی بکەن لە گشت مافێک وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە ئێراق، هەروەها بەرپرسانی کورد لە هەرێمی کوردستان داواکەی ڕەتکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە دانیشتووی هەرێم نییە؟ سەرەڕای هەبوونی ناوی کەسێکی دانیشتووی موسڵ لە لیستێکی (1310) کەسی، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (27.6.2013) ناوەکانیان پشت ڕاست کراوەتەوە بۆ پێدانی مووچەی زیندانیی سیاسیی بەو کەسانە.
تاکە چارەسەری کێشەی فازڵ یوسف لای سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران یاخود وەزیری کاروباری شەهیدانە کە بڕیارێکی تایبەت دەرکەن بۆ ناوبراو و تەواوی مافەکانی وەکو زیندانییەکی سیاسیی هەرێمی کوردستان پێبدەن، چونکە ئەو بەهۆی هاوکاری کردنی شۆڕشگێڕانی کورد و هەوڵی ڕزگارکردنی کۆمەڵێک زیندانیی سیاسیی ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ لە ساڵی (1981)، زیندانی کراوە و لە ڕۆژی (5.6.1981)دا تا ڕۆژی (21.5.1986) لە زیندانی بەعس ژیانی بەسەر بردووە.

 

           

 

23/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca