نیلسون ماندێلا کێ بوو، چۆن ژیا!
 
لەنووسنی: ئاریتما موحەممەدی

 



بەشێک لە مرۆڤە مەزن و کاریگەرەکان قۆناغ و دۆخی تاییبەت هەڵیان دەخەن و پێناسەی بەشێکی دیکەش ڕۆڵ و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیانە کە لە پێناو ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، هەوڵدان و خەبات کردن بۆ ڕزگاری نەتەوە بندەستەکانیان دەستیان پێکردووە. ئەو مرۆڤە مەزنانە هەمیشە لە پێناو دابین کردنی کەسایەتییەکی سەربەست و ئازاد بۆ گەلان خەبات دەکەن، بۆ بەدەست هێنانی کەرامەت و گەورەیی مرۆڤ بوون لە هیچ ڕەشە باو کلورەیەکی بەفرو باران سڵ ناکەن، هەر لەکاتی دەسپێکردن و هەنگاونان بەرەو پێشەوە ئاسۆی ڕوونی ئازادی و سەربەستی و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ و بەختیاری کۆمەڵ و سەرکەتن دەبینن و لەو پێناوەدا بەورەن و ئازاو لەسەرخۆن، پشوو درێژو ماندوو نەناسن، لەهەر قۆناغێکدا خەباتی ئەو قۆناغە دەکەن و بەپێی دۆخ و هەلومەرجی ئەو قۆناغە چاوەڕێی دەستکەوت دەبن و بەدەستی دەهێنن، لە قۆناغە دژوارو پڕ لە هەورازونشیوەکانەوە دەستپێ دەکەن و لە ئەو پەڕی هێمنی و ئارامیدا دەستکەوتی مەزن دەستبەر دەکەن و ڕێگای دژوار بەرەو سەربەستی و ئاسۆی ڕوون دەپێون و پێش دەکەون و بەرەو پێش دەچن تاکوو ئامانجی یەکەم قۆناغ و یەکەم دەسپێک و یەکەم هەنگاو بەدەست دێنن، ئەو کات گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن، چونکوو خۆیان بەبەرهەمی قۆناغ و دۆخ و هەلومەرجێکی دژوار ناو دەبەن و پێناسە دەکەن، هاوکات خەباتیان بەبەرهەمی ئەو قۆناغە قەیراناوییانە دەزانن کە تێدا ژیاون و لە پێناویدا تێکۆشاون و ڕێکیخستوون، بۆیە قەد خۆیان هەڵناواسن بەشۆڕە داری دەسەڵات و سەرمایە، کاتێک ئامانجیان دەستبەر بوو ئیتر لە دەسەڵات و سەرمایەو سیاسەت دوور دەکەونەوەو گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن بۆ نەوەی نوێ، بۆ هزرو بیرو پێنووسی نوێ.
دوێنێ پەنجشەمە سەرلە ئێوارە نیلسون ماندێلا یەکەمین سەرۆک کۆماری دیموکراتی ئەفریقای باشوور بەهۆی نەخۆشیی و پیرییەوە کۆچی دوایی کرد. نیلسون ماندێلا لە ڕۆژی ١٨ی ژووئێنی ساڵی ١٩١٨ی زایینی لە بنەماڵەی تەمبۆ لە گوندی موزۆ لە ناوچەی مەتاتا سەربە ویلایەتی کیپ لە ئەفریقای باشوور لە دایک بووە، ئەمڕۆ ٥ی دیسامبری ٢٠١٣ی زایینی بەرابەر بە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی کوردی لە ئەفریقای باشوور لە تەمەنی ٩٥ ساڵی بەهۆی نەخۆشی و زۆری تەمەن کۆچی دوایی کرد. نیلسون ماندێلا یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەفریقا بوو کە بەشێوەی دیموکراتی و لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە بەدەسەڵات گەییشت.
ناوبراو سەرۆکی کونگرەی نەتەوەیی ئەفریقا بوو، هاوکات یەکێ لەو کەسانە بوو کە لەدژی فاشیزم و جیاوازی دانان لەنێوان نیژادەکان و نەتەوەکان خەباتی دەکرد. نیلسون ماندێلا لەبەر هۆی ئەوە کە کاتی خۆی لە خەباتی چەکداری و چریکیدا لە دژی فاشیزم و ”ئاپارتایید” بەشداری کردبوو، ماوەی ٢٧ ساڵ تەمەنی لە بەندیخانە تێپەڕ کرد.
ماندیلا یەکێ لەو کەسانە بوو کە هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ ئازادی و یەکسانی و مافی بەرابەر بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەفریقای باشوور. لەو کاتەدا کە خەباتی بۆ گەلانی ئەفریقا دەکرد، لەلایەن دژبەرەکانیەوە بەکۆمونیست و تیروریست دەناسێنرا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنیا بۆ ئازادی و مافی یەکسان بۆ هەموو گەلانی ئەفریقا خەباتی دەکرد.
نیلسون ماندیلا لەپاش ئازاد بوونی لە بەندیخانە پەرەی بەخەباتی ئاشتیخوازانە دا، ئەوە بووە هۆی ئەوە کە ئەفریقای باشوور ڕووبە دیموکراسی پێش بچێت و گەشە بکات، کە لە ئاکامدا بووە هۆی ئەوە کە دیموکراسی لەو وڵاتە جێگیر بکرێت و کۆتایی بەفاشیزم و ”ئاپارتایید” جیاوازی نێوان نەتەوەکان بێت. ئەوەش بەیەکێ لە کارە هەرە مەزنەکانی ناوبراو پێناسە دەکرێت.
نیلسون ماندێلا لەماوەی ژیانیدا دەیان قۆناغی پر لە هەورازونشیوی تێپەڕاند، بەڵام تاکوو گەییشتن بەئامانجە مرۆڤایەتییەکانی دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە ناوبراو لە جیهاندا ناوبانگ دەربکات و بناسرێت و ڕێزێکی زۆری لێ بگیردرێت و دەیان خەڵاتی ئاشتی لەپێناو هەوڵەکانی بەدەست بهێنیت.
ماندێلا لەبەر فاشیست بوونی ڕژیمی توورکییەو هەروەها سەرکوت کردنی گەلی کورد لەلایەن ئەو وڵاتەوە خەڵاتی ئاتاتوورکی وەرنەگرت و وتی کە تاکوو مافی نەتەوەی کورد لەو وڵاتە دەستبەر نەکرێت سەردانی توورکییە ناکات و ئەو خەڵاتە هیچ گرینگی و باییخێکی نییە لە کاتێکدا کە نەتەوەیەک لەو وڵاتە دەچەوسێنرێتەوەو مافەکانی نکۆڵی لێدەکرێت و کولتوورەکەی ئاسیمیلە دەکرێت.
نیلسون ماندێلا لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک کە لە ڕۆژی ٢٧ی ئاوریلی ساڵی ١٩٩٤ی زایینی بەڕێوەچوو بووبە سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوورو تاکوو ساڵی ١٩٩٩ی زایینی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بوو، ناوبراو یەکەمین جار لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەشداری هەڵبژاردنی کردووەو دەنگی داوە.
ماندێلا هەردەم لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ ئەوە کە ئاشتی نەتەوەیی لە وڵاتەکەی دابین بکات، ئەو بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە بوارەکانی وەرزش و سیاسەت، نیژادە ڕەش و سپییەکانی ئەفریقای باشووری پێکەوە ئاشت کردەوەو یەکێتی نێوانیانی گرێ داو ئاشتی نەتەوەیی ڕاگەیاندو ئابووری ئەو وڵاتەی بووژاندەوەو لەچارەسەر کردن و دابەزاندنی تووش بوون بە HIV نەخۆشی لاواز کردنی بەرگری لەش لەو وڵاتە هەنگاوی گرینگی هەڵنا.
نیلسون ماندێلا سێ جار ژیانی هاوسەرێتی پێک هێناوەو دوو لە هاوسەرەکانی لەبەر هۆی سیاسیی و شۆڕشگێڕی ناوبراوو هاوکات مانەوە لە بەندیخانە لێی جیابوونەتەوەو لە ژنی یەکەمی دوو کوڕو دوو کچی هەیە کە یەکێ لەوانە هەر لە ساواییدا گیانی لەدەست داوەو مردووە، ماندێلا جارێکی دیکە لە تەمەنی ٨٠ساڵیدا ژیانی هاوسەرێتی پێک هێناوەتەوە. ماندێلا تاکوو کۆتایی ساڵی یەکەمی زانکۆ لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان درێژەی بەخوێندن داوە، دواتر بەهۆی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەک کە خوێندکاران لە پێوەندی بەسیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بەڕێوە بردیان بۆ هەمیشە لە خوێندن دوور خرایەوە. بەڵام پاش ئەوە کە لەو زانکۆیە دوور خرایەوە، وازی لە خوێندن نەهێناو لە زانکۆیەکی دیکە بەناوی ویتواترسەرەند بەشی یاساو مافی تەواو کرد.
ماندێلا لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا دەستی لە کارو باری سیاسیی کێشایەوەو بڕیاریدا کە پتر کات بۆ ژیان لە گەڵ بنەماڵەکەی دابنێت. هەر لەو کاتەدا کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشایەوە پتر باییخ و گرینگی بەپرسە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەی داو لەدەیان کۆنفرانسی گرینگی جهیانی لەپێوەندی بەبنبڕ کردنی HIV نەخۆشی لاواز کردنی بەرگری لەش بەشداری کردو هاوکات گرینگی و باییخی بەئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهان دەدا.
ماندێلا وەک خۆی دەڵێت، مرۆڤ زۆر گەورەو مەزنە، چونکوو ئەو یەکەمین ناسناوی نەشیاوی پێوە بەستراو تۆمەتی تیرورست و کۆمونیست بوونی وەپاڵ درا، بەڵام لە دوای دەیان ساڵ توانی ئەو ناسناوە نەک هەر بشواتەوە بەڵکوو لەجێی ئەوەدا ناسناوی باڵوێزی ئاشتی و تێکۆشەری مافەکانی مرۆڤ بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ببێتە نمونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هەموو گەلان و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و باییخە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان لە جیهان.
هەنووکە نیلسون ماندێلا بەسیمبولی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و هیوا بەرزەکانی مرۆڤ پێناسە دەکرێت. ماندێلا لە ژیانی سیاسییدا کۆمەڵێک خەڵاتی بەدەست هێناوە کە بەشێک لەو خەڵاتانە بریتین لە؛ خەڵاتی ئاشتی نۆبێڵ لەساڵی ١٩٩٣ی زایینی، خەڵاتی ئاشتی لنین لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی، خەڵاتی لێبووردەی نێونەتەوەیی لەژێر ناوی خەڵاتی باڵوێزی ئاشتی و ویژدان لەساڵی ٢٠٠٦ی زایینی و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگی دیکەی بەدەست هێناوە.
ماندێلا بەدەر لەوە کە لە ژیانیدا چریک و پارتیزانێکی مەزن، تێکۆشەرو چالاک و سیاسەتمەدارێکی ئەکتیڤ و کارامە بووە، هاوکات دەیان وتارو بابەتی گرینگ و پڕ باییخی لە پێوەندی بەپرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە نووسیەوەو یەکێ لە کتێبەکانی لەژێر ناوی ڕێی پڕ هەورازونشیوی ئازادی و هەروەها یەکێکی دیکەی کتێبەکانی بەناوی ژیانی شاراوەی من یان خود نهێنییەکانی ژیانم نووسیوەو بڵاو کردووەتەوە، هەروەها لەلایەن نووسەرە جیاوازەکانەوە لە هەموو جیهان چەندین کتێبی لەبارەوە نووسراوە.


سەرچاوە؛ ڕاپۆرتێکی کاناڵی NRKی نۆروێژ.
 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca