قەڵەمفۆبیا
 
عبدالرحمن محمد



هەر دیاردەیەک یا کارێک کە ببێتە مایەی ئەوەی کە مرۆڤ توشی ترس و پەشێوی بکات ،ئەوە لە لیستی فۆبیاکان
هەژمار دەکرێت. بۆیە دەیان و بگرە سەدان جۆری فۆبیامان هەیە، فۆبیا لە تەماشا کردن لە شوێنی بەرزەوە، فۆبیا لە پیاو لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا ، فۆبیا لە دەرچون لەماڵ لە ترسی تەقینەوەدا، فۆبیای نەڕۆیشتن بە چەند گەڕەکێکدا لە ترسی بونی بارەگای حیزبی و ماڵی بەرپرس یا دەزگا جاسوسیەکانی دەسەڵات، فۆبیای سەردان نەکردنی چەندەها هاوینەهەوار و سەیرانگا لە ترسی لێپرسینەوە، خۆم توشی فۆبیای خاڵە پشکنینەکانی نێوان هەولێرو سلێمانی ببوم، فۆبیای قسە نەدانە بەر قسەی بەرپرسێک، فۆبیای نەپرسینەوە لە بوجەی دەوڵەت و کاربەدەستانی دەسەڵات، فۆبیای باس کردنی نەبونی ئاو کارەبا، فوبیای ڕەخنە، هەزارەها جۆر لە فۆبیا کە زیاتر لە کۆمەڵگای کوردیدا پەیدا بوە، بۆیە هەر کەسێکمان دەتوانێت لە دڵی خۆیدا بیان ژمێرێت(تکایە من بەرپرس نیم ئەگەر ئەم فۆبیایانە باس بکەن و توشی لێپرسینەوە ببن!!!!، خۆتان بەرپرسن!! ) بەڵام ئەگەر هەمو پێکەوەو بە یەک دەنگ هاوار بکەین و بیڵێینەوە ئەوە ئەو فۆبیای لێپرسینەوە کەمتر دەبێت لە سەرمان.
لە لیستە گەورەکەی فۆبیادا گەڕام کون بە کونی ،هەموو دێڕەکانیم پشکنی ، وشەکانم دایە بەر خۆر ، زەرەبینم هێنا ، سەدان جار خوێندمنەوە، هەزاران جار وەرم گێڕایە سەر زمانی کوردی، دەیان فەرهەنگی وەرگێڕانم بە کار هێنا، بڕوا بکەن . تەنها لە فەرهەنگی فۆبیادا ، قەڵەمفۆبیای تیادا نەبو ،دەتوانن بە دزی و دور لە چاوی پیاوانی دەسەڵاتەوە ئێوەش بە دوایدا بگەڕێن ، پیاوانی دەسەڵات تەنها مەبەستم لە چەکدارەکانیان نیە، کامیان ڕۆشنبیرو خاوەن بەڵگەنامەی بەرزە لە هەمویان زیاتر جێگەی ترسە(کەواتە فۆبیای ڕۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندانی دەسەڵاتمانیش هەیە)، بۆیە هەمو کەسێکی نزیکی خۆتیش کە براکەتە ، وە ئەندامی پارتە دەسەڵاتدارەکانە وەک فۆبیا حیسابی لە سەرکە، کەواتە لە کۆمەڵگای کوردیدا ، فۆبیای خزم و براو باوک و ،،،،،،،هتد هەیە،
قەڵەم و قەڵەم بە دەستانی ئازادیخواز کە بناغەی ئاڵوگۆڕەکانن ،و خۆیان بە بەرپرسی بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دابین کردنی خۆشگوزەرانی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیانن، گوناهییان چیە کە خۆیان ڕۆشنبیر کردوە بە شەونخونی و بێ دەرامەتی،لە ژێر فۆبیای باوکە گەورەی دەسەڵاتی کوردی کە فاشیزمی بەعس بوو ،ئێستاش باخچەکان و کونەدیواری ماڵەکانیان بگەڕێن هەموی پەرتوکی بە نرخە،بیبەن بۆ بەرپرسەکانتان بەڵکو شتێکی لێ هەڵکڕێنن!!؟؟ ئای کە نەگبەتی و بێبەختی و ڕەنج بە با بردەی باوکی من و سەردەشت و سۆران و کاوە و هەزارانی تر کە بە بێ گوناه کوژراون یاخو لە لیستی رەشدا لە چاوەروانیدان.
تەنها دەسەڵاتی کوردیە، لە فەرهەنگی فۆبیادا، کە هیستریای قەڵەمفۆبیای هەیە، ترس لە قەڵەم یانی کۆمەڵگایەکی بێ ئاگا، کۆمەڵگایەکی بار لە سەر جیهان نەوەک و بەرهەمهێنەر، لە ماوەی بیست ساڵدا ئەوەندەی شکات کراوە لە دەسەڵاتی کوردی لە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ، وڵاتی وا هەیە سەد ساڵە دەوڵەتە و دام و دەزگای هەیە ،بەو چۆرە تاوانبار نیە، شەرمەزاریە ترس لە قەڵەم، بە ڕاستی ئازادیخوازان ناسڵەمێنەوە لە مەرگ ،مەرگ نوکی قەڵەمەکانیان تیژتر دەکات، بۆیە ئێوە تەنها کۆمەڵێک قەڵەمفرۆشی بێ ئابڕوو کە کاریان تەنها نان پەیدا کردنەو پارە،بەڵام کۆمەڵگا تەنها ئەمە نیە، وڵاتانی دنیا ، ڕۆژنامەنوسەکانیان دەنێرن بۆ وڵاتان بۆ گەڕان بە دوای شتی تازەو داهێنانی نوێدا، هەزاران کاری ترسناک دەکەن بۆ پەیداکردنی زانیاری لە سەر ڕشتە جیاوازەکان بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان سودی لێ ببینێت، ئێوە تازە بە تازە لە پێش چاوی دایکمان دەمانکوژن!!! بە ڕاستی شەرمەزاریە.
شەهامەت بدەنە خۆتان، ئێمەی ئازادیخوازان هەر لە چاوەڕوانی ئەوەداین کە ئاڵوگۆڕ بکرێت و کۆمەڵگای کوردی ،شان بە شان لە گەڵ کۆمەڵگاکانی تردا بتوانێت هاوکاری و کۆمەک بۆ ئاسودەی مرۆڤ دابین بکات، هێشتا درەنگ نیە، بۆیە شەرمەزارییەکی گەورەیە ترسان لە قەڵەم یا داهێنانە نوێکەتان (قەڵەمفۆبیا) .


rahman_awarekan@hotmail.com 19/12/2013




 

           

 

23/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca