کەشتیەکەت بنێرەوە!
 
عەباس ئیسماعیل حەمەد

 
شەڕە پەڕۆکی کەسک و زەرد، وەک بۆنەئاینیەکان، بووە بە نەریت.
لە تەحالوفی ئیستراتیجیدا پەڕۆکی کەسک کزبوو، زەردهەڵگەڕا.
پەڕۆکی زەرد هەڵبزڕکا‌‌، وەنەوشەییە.
ئێستاش نۆرەی شارە، شەڕی شارە،
شەڕی شارەکان.
فرۆشتنی هەڵوێست هەڵڕژراوەتە گۆڕێ،
بازاڕ جممەی دێ لە نیفاق‌،
لە فرۆشتنی وڵات‌و نەتەوە‌و هاونیشتمانی‌.
ئەو دەڵێ: "... هەها لەهەولێر چەند باشە... "
ئەویدی دەڵێ: " ... هەولێر چی باشە؟ ئادەی پێمبڵێ؟ ... "
شاعیر مەراییکەر ، نوسەر مەراییکەر ،
هونەرکەر، فکرنووس مێژونووس،
دووڕوون
دووڕوون
ئەی یەزدانی پاک،
چۆن پەڕۆکانت ئابرووبرد،
بە گەورەیی خۆت
شارەکانمان بپارێزە:
لە نیفاق‌و لە بوختان، لە پیاوخراپەکان، لە رەنگەکان.
شارەکەم بە رەنگی خۆی جوانبوو،
رەنگیانکرد
ئەتکیانکرد
یەزدانی میهرەبان
هێشتا حەفترۆژەکەت تەواو نەکردیە،
پشوومەدە!
بەتەمان مێژووی شارەکانم، پڕکەنەوە لەشەرمەزاری
بەتەمان کتێبخانەی نەتەوەییم پڕکەنەوە لە درۆ
بەتەمان ئەمباری ئەزەلیم پڕکەن لە گنە‌، لەپند، لە مۆرانە، لە دارخۆرکە
کەشتیەکە بنێرەوە!
کۆترەکە چلەزەیتون نەبوو بە دەنوکیەوە
هەڵمەخەڵەتێ
کەشتیەکەت بنێرەوە!


عەباس ئیسماعیل حەمەد
دیسەمبەری 2013
هەولێر
 

           

 

23/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca