ڕوانگەی زۆردەستانەی دەسەڵات!
 

  

سەرکەش
a_sarkash@hotmail.com


لە بیرمە منداڵ بووم، لە فێرگەی قۆناخی سەرەتایی، وانەیەکمان خوێند لە ژێر ناوی (دەمەتەقەی گورگ و بەرخۆڵە)، وانەکە باسی لە ستەمکاری دەکرد، بە کورتیەکەی، گورگێک چاوی بە بەرخۆڵەیەک دەکەوێ، کە لە دەم ڕووبارێک خەریکی ئاو خواردنەوەیە، حەز و ئارەزووی دوڕندانەی مام گورگ بۆ خواردنی بەرخۆڵەکە، گڕو تاو دەگرێ، بۆیە خۆی لێ نزیک دەکاتەوە، هەر بۆ چاوترساندنیش بە دەنگێکی هەڕەشەئامێز دەگوڕێنێ: ئەم ئاوە بۆ شێلو دەکەی؟
بەرخۆڵەش: گەورەم من چۆن دەتوانم ئاوەکە شێلوکەم، ئاوەکە سەر بەرەوخوارە و لە لای تۆوە بۆلای من دێ!
گورگەکە بە توڕەییەوە: چەند بێڕێزیت! ئەدی تۆ پار بۆ جنێوت بە باوکم دابوو؟
بەرخۆڵەش بە ئارامیەکەوە: گەورەم من پار هێشتا هەر لە دایک نەببووم، تا بتوانم جنێو بدەم! گورگی چاو برسی چڵێس دەڵێ: تۆ زمانت زۆر درێژە! ئێوە هەر بە ڕەچەڵەک دوژمنی تۆرە و ڕەچەلەکی ئێمەن بۆیە هەردەبێ بتخۆم ..!
ئیتر بە ڕمبازێک بەرخەکە لە زەوی دەدا، کەڵبە تیژەکانی لە گۆشتی ناسکی گیردەکا، کۆتایی بە ژیانی بەرخۆڵەکە دێنێ! وانەکەش دیماهی دێ!
ئەوسا بە هەستی منداڵانەی ئەوێ ڕۆژێم، ڕق و کینەی زۆرم بەرامبەر بە ڕەچەڵەکی گورگ و کردە دزێوەکەی لا پەیدا بوو، هەینێ نەمدەزانی و تێنەدەگەییم، ئەم سەرهاتە بە مەبەست، وەک وانە و پەند، هەڵبەستراوە، نەمدەزانی ئەمە پێناسەیەکی ناڕاستەوخۆی ژیرانەیە بۆ دەسەڵات، دەسەڵات لە هەر بەرگ و لە هەر ڕەنگێک، دەسەڵات لە هەر کوێیەک بێت، بەتایبەت مەبەست لە دەسەڵاتە زۆردەست و ملهوڕەکانە!!.
بەڵام کاتێک دونیای پاک و بێگەردی منداڵی و هەرزەیم جێهێشت، تێگەیشتم ئەم ڕوانگە دوور لە موراڵە، ئەم دیتنە داشۆراو لەهەست و نەستە، لە نێو ڕچەی مرۆڤ، ڕەگ و ریشەی قووڵی هەیە، مێژووی دوور و درێژی تۆمار کردووە.
لە هەر کوێ، لە هەر کاتێ بواری ئازادی دەربڕین بەرتەنگ بکرێتەوە، مرۆڤە ژیر و داناکان هەوڵدەدەن پەنا ببەنە بەر زمانی ئاژەڵان، هێما، دروشم، سیمبولی شاراوە و نهێنی، بکەنە هەوێنی نووسین و هونەر، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا جوانکاریی داوەتە بابەتەکانیان کارئاسانی گەیاندنی پەیامەکانیانی کردوە، لە باری پێناسەی ڕوانگە چەوت و چەوێڵەکانی دەسەڵات، ڕەخنەکردنی کار و کردە و ئاکارە زۆرەملێکانی دەسەڵات، هاوکات خۆپاراستن لە ڕق و کینە ژەهراویەکانی دەسەڵات، ئەمە داهێنانێکی هۆشمەندانەی ئەم هونەرە بووە بە درێژایی مێژوو.
ئەمڕۆ دونیایەکی ترە، پێشکەوتنی سەر سووڕهێنەرانەی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم بوارێکی ئێجگار فرەی لەبەردەم مرۆڤەکان واڵا کردووە، دونیای پەحن و بەرین بۆتە کوێرە دێیەک، کۆنتڕۆلکاری و داخستنی سنوورەکان، کۆسپ و تەگەرە خستنە سەر ڕێ ئازادیەکان بە تەواوەتی وەک پێشوو لە دەسەڵاتی دەسەڵات نەماوە، هاواری توڕەییەکان دیواری ئەستووری زیندانە ئاشکراو نهێنییەکان دەسمێ، لە ماوەی چاوتروکانێک دونیا لە هەموو کەتن و کتونێک ئاگاداردەبێ، دیقەتی تەنگژەیی ئێران و چین ... هتد بدە!
بەڵام دیسان دەسەڵات و کارمەندە ڕۆبۆتەکانی، لێرە و لەوێ هەوڵ و تەققەڵڵاکان چڕ دەکەنەوە، بۆ کپ و خامۆشکردن و خنکاندنی دەنگ و ڕەنگە جوداوازەکان بە شێوازی یەکجار دۆزەخی!
لە پەراوێزی ئەم چەند دێرەی سەرەوە، ئەگەر هەست لە میلودیای دەنگ و هارمۆنیای ڕەنگی دەسەڵات لە باشوری کوردستان بگرین، پاش شەپۆلی بەرینی توڕەیی و بێزاری خەڵک لەدژی تیرۆری ڕۆژنامەنووس زەردەشت. هەست بەو پەلەقاژەی دەسەڵات دەکەین، بۆ بێدەنگکردن و ترساندنی دەنگی یاخی، ئازاد، سەرکێش.
ئەم پەلەقاژەیە هەمان ڕوانگە، هەمان میتوود، هەمان مڕەی گورگەکەی جەنگەڵمان دەخاتەوە بیر. گوتاری سیاسی دەسەڵات هێند توندە، هێند پڕ لە هەڕەشە و گوڕەشەیە، هێند لە بازنەی تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنووسان، خەڵکی ڕەخنەگر، لایەنگرانی کۆمەڵگای سیڤیل و شارستان، ئۆپۆزۆسیۆنی ڕێپێدراو، خولدەخواتەوە، نا بابەتیەکی مەزنی پێوە دیارە، ئەم زمانە لەرزۆک و کرچ و کاڵەی دەسەڵات هێمایە بۆ ئەوەی ئەگەر وەک جاران، لە نەوەدەکان، هەشتاکان و پێشتر بۆی بچێتە سەر شولی لێهەڵدەکێشێ، بۆشاییەکی تاریک و نووتەک پان و بەرین دادێنێ، باری نائاسایی شەڕ و بەرەنگاری ڕادەگەیێنێ، بۆ ئەوەی لە نێو تەم و مژی تەنگژەکان خۆی لە وەڵام و بەرپرسی بدزێتەوە، گورزی جەرگ بڕیش بسرەوێنێتە ئەوانەی بێدەنگ نابن.
لێ ڕووی زەمانە ڕەشبێ!
هەمان هەوارە بەڵام هەمان بوهار نییە!
سەرکەش/ ئوپسالای سوید
٨/٦/٢٠١٠



 

           

 

11/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com