کتێبی وەسوەسەی سێو
هۆنراوەی: ناڵە عەبدولڕەحمان

  

لێکدانەوە: رەسووڵ سوڵتانی



دووهەمین کۆ شیعری خاتوونی شاعیر ناڵە عەبدولڕەحمان بە ناوی (کتێبی وەسوەسەی سێو) چاپ و بڵاو بووەوە. ئەو کۆ شیعرە کە لە قەبارەی کتێبی گیرفاندا چاپ کراوە و ئەو بەشە لە شیعرەکانی ناڵە لە خۆی دەگرێت کە دوای ساڵی 2005 هۆنیونێتەوە، دەکرێ هەر وەک درێژەی ئەو جیهانبینییە سەیری بکەیت کە لە کتێبەکەی پێشووویا واتە "ئەو پیاوانەی لە ناو رەنگی تابڵۆکانم سەما دەکەن"ـدا ئاسمانی هۆنراوەکانی ناڵەی تەنیوەتەوە. شاعیر لە یەکەمین کتێبیشیدا پیاو یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی نێو هۆنراوەکانی. ئەویش نەک پیاوێکی دیاریکراو کە هەوێن و بزوێنەری هەستی شاعیرانەی ئەو بێت، بەڵکوو پیاو لەوێدا ئەو روخسارە گرژەیە کە مێژووی یەکسەر بەناوی خۆیەوە کردووە و تەنانەت دەستکەوتەکانی ژنیشی بە ناوی خۆیەوە خستووەتە روو. پیاوێک کە ژن تەنیا و تەنیا وەکوو جەستەیەکی دەبینێت و لەو دیوی جەستەیەوە بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە. ئەوەتا دێڕی یەکەمی یەکەم شیعری کتێبی "وەسوەسەی سێو بەو شێوەیە دەست پێ دەکات:"تۆ لە قەڵای هەر ژنێکا دەواری شەهوەت هەڵ دەدەی،،، گوڵێک دەچنی...".

وشەی "تۆ" لە سەرەتای یەکەم دێڕدا ئاماژەیە بۆ کەسێک لە رەگەزێکی دیکە، رەگەزێکی جیاواز لە رەگەزی شاعیرەکە.

ئەو کەسە دیارە پەلاماردەرێکی چاو برسییە. کەسێک کە تەنیا وەکوو زەوییەک بۆ حەسانەوەیەکی کاتی سەیری جەستەی ژن دەکات. جەستەی ژنیش بە قەڵایەک چوێنراوە کە ئەو "تۆ"یە چاوی تێبڕیوە و تەماحی رێنیشتووە. قەڵا ئەگەر لە لایەکەوە رەمزی خۆ ڕاگری بێت، لە لایەکیشەوە هێمایەکە بۆ شتێکی کە بەردەوام هەڕەشەی گیران و داگیرکردنی لەسەرە. هەڕەشە لە لایەن هێزێکەوە کە لە دەرەوەی قەڵاکەوە چاوی تەماحی تێبڕیوە. دەیەوێت دەرگاکانی بشکێنێت و دەستی بەسەردا بگرێت و خێوەتی شەهوەتی تێدا هەڵ بدات. خێوەت، هێمایەکە بۆ پشوودان و حەسانەوەیەکی کورت خایەن.

شاعیر ناڵی لەو قەڵایەدا حەز دەکەیت ماڵێک ساز بکەیت لە شەهوەت. خۆ لەوانەیە ماڵ پان و بەرینتر بێت و شتی زیاتر لە خۆ بگرێت، بەڵام ماڵ واتە مانەوەی بەردەوام و درێژخایەن و ئەوەش لەگەڵ جەوهەری شەهوەتدا یەک ناگرێتەوە. کەوابوو وشەی "خێوەت" لێرەدا کۆڵەکەی سەرەکیی رابوونی وشەکانی ئەو رەستەیەیە.

ئەوەی ناڵە عەبدولڕەحمان بەردەوام لە نێو هەوێنی شیعرەکانیا دووپاتەی دەکاتەوە، ئەو بیرەوەرییە تاڵەیە کە یادەوەریی ئەو جێ ناهێڵێت. ئەو "من"ـەی کە شاعیر باسی دەکات و یادەوەرییەکەی بەردەوام لەبەر حوزووری پیاوێکی داگیرکەر و جەستەپەرست شێواوە، تەنیا شاعیر خۆی نییە، بەڵکوو "من"ـەکە هەموو ژنانی کۆمەڵگای پیاو سالار لەخۆ دەگرێ و لە زمانی ژنانی کۆمەڵگەوە هێمای پرسیارە لەبەردەم ئەو راسپیۆتینانەدا دادەنێت کە لە کۆشکی ئەلیزەدا بازرگانی بە خوێنی ژنەوە دەکەن. راسپۆتین لێرەدا جیاوازە لە کەسایەتییەکی مێژوویی بەو ناوەوە. لێرەدا تەنیا خەسڵەتە ناشیرنەکانی ئەو پیاوە مەبەستە کە یەکێک لەو خەسڵەتانە گرنگیدانە بە لایەنی جەستەیی ژن و لەبیرکردنی گەورەیی رۆحی ئافرەت.

یەکێکی دیکە لە رەگەزە زاڵەکانی نێو هۆنراوەی ناڵە "سێو"ە. سێو هێمای گوناهی حەوایە. بەڵام ناڵە دەیەوێ ئەو گوناحە لە بەرۆک و لە ئەستۆی سێو داڕنێت و پاکێتیی سێو بسەلمێنێت. ئەو گەرەکیەتی لەگەڵ پاکێتیی سێودا پاکبوونی ژنێتیی خۆیشی بسەلمێنێت. ئەو پێی وایە ئەوەی حەوا کردوویەتی گوناح نەبووە، بەڵکوو راستییەک بوو کە راپەڕاندنەکەی لە ئەستۆی ئەو بووە. ئەو بە هۆی خواردنی سێوەکەوە رزگار بووە لە کۆت و زنجیری بەهەشتێکی فریودەر. هەر بۆیە شاعیر دەڵێ:"پیاوان لە داهێنانی قەفەزی ئاسنینا میداڵی شەرەفیان وەرگرت".

بە گشتی شیعری ناڵە شیعری بەرنگاربوونەوەی دوو دنیای لێکدابڕاوی نێوان ژن و پیاوە. دوو دنیا کە شاعیر پێی وایە شەهوەتپەرستیی پیاو لێکی ترازاندووە و تەنیا ئەو کاتە یەک دەگرێتەوە کە پیاو ئیمان بێنێت بە گەورەیی ژن بە دوور لە جەستەی. هەتا ئەو رۆژەی پیاو ئەو گەورەیی و مەزنییەی رۆحی ئافرەت نەبینێت، ناتوانێ لە گەوهەری وجووی ژن تێ بگات و هەتا ئەو کاتەیش ئەو دوو دنیایە هەر وا لێک جیاواز دەبن.


derya1988@googlemail.com




 

           

 

21/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com