چەند و چۆن لە خۆشەویستیی تێ دەگەین؟
 

 

کامەران چڕوستانی


دیاردەیەکی ئاسایی نییە، کە مرۆڤ بکەوێتە خۆشەویستی شتێکەوە، کە خۆی موڵکدارێتی.
ئەناتۆلی فرانس

لەو بڕوایەدام وشەی خۆشەویستی زۆرترین بەکارهێنانی هەبێت لە سەرتاپای جیهاندا، کە ڕۆژانە لە سەر زاری هەموو کەسێکە و چەند جارێک بەکاردەهێنرێت، خۆ ئەگەر ئەم وشەیە ڕۆژێک لە لایەن کەسێکەوە بەکارنەهێنرێت، ئەوا لایەنی کەم ڕۆژانە چەندەها جار گوێمان لەو وشەیە دەبێت لە گۆرانییەکانەوە، بابەتەکانەوە، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن ... هتد. هەرچەندە کۆمەڵگا جیاوازەکان تێڕوانینیان بۆ لێکدانەوەی وشەی خۆشەویستی جیاوازە و هەروەها مامەڵەکردنی ناو ئەو پەیوەندییەکەش جیاواز تەفسیری دەکەن، جگەلەوەی سنوورە جیاوازەکانی کەسایەتیش سنورێکی جیاواز بۆ سەربەستییەکانی ناو دەستەواژەی خۆشەویستی دیاری دەکات. هەندێک لە ڕوانگەی ئەو هەستەوە دەیبینێت، کە دوو کەس پێکەوە دەبەستێت و هەندێکی تر ئارەزووە سێکسییەکە تێکەڵاوی خۆشەویستی دەکات و دەیکات بە بنچینەیەکی گرنگ بۆ خۆشەویستی. بۆچوونێکی سێهەمیش هەیە، کە دەڵێت تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکان بنچینەن بۆ پەیدابوونی خۆشەویستی. لە هەمان کاتدا پشتگیریکەرانی ئاراستەی دووهەم خۆشەویستی لە سۆز و هەستی پەیوەندییەکانی تری کۆمەڵگا جیا دەکەنەوە وەک ئەوەی لە نێوان خوشک و برا، دایک و باوک و منداڵەکان لە لایەکی تر، هاوڕێ و خزم و دۆست.
ئایا لە کۆمەڵگای ئێمەدا خۆشەویستی چۆن وە چەند تێی دەگەین؟ ئایا چەند واقیعییانە توانیومانە بەشێک لەو وشەیە بخەینە سەر زەمینەی واقیع؟
لەسەر هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانەی، کە لە ناو پەیوەندییەکانی کەسێکدا هەیە، کە هەر یەکەیان شێوازە هەستێک دەدات بە ژیانی تاکە کەس، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگ بێت لەم تەوەرەدا بریتییە لە پەیوەندی خۆشەویستیی هاوسەرێتی و هەروەها ئەو هەست و سۆزەی کە لە نێوان ئەندامەکانی خێزانێکدا دروست دەبێت: دایک و باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ.
خۆشەویستی تەنها بەو پەیوەندییە پێناسە ناکرێت کە دوو کەس یان دوو کۆمەڵ پێکەوە دەبەستێت، بەڵکو بەرجەستەکردنی شێوازی ئەو پەیوەندییە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی بالانسێک لە پەیوەندییەکدا. واتە بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین خۆشەویستی پراکتیزەکردنی پەیوەندییەکەیە.
گەر سەرنجێک لە پەیوەندییە بەهێزەی ناو تاکەکانی کۆمەڵگای خۆمان بدەین، دەبینین تاک لە ناو تۆڕێک پەیوەندی بەهێزدا دەژی و سەربەستی تاکە کەس لە سنورێکی تەسکدا خۆی دەبینێتەوە. تینوێتی تاک بۆ سەربەستیی و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی ئەتمۆسفێرێکی خۆشەویستیی، برسێتیمان لە لایەنی هەست و سۆز و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەگەزەکەی تردا و هەروەها تینوێتی سێکس ئەمانە زۆر جار هۆکارن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هەستەی، کە ناوی دەنێین "خۆشەویستی" دەست دەکەین بە دروستکردنی جیهانێکی ڕۆمانسی. ئەم جیهانە ڕۆمانسییە هەندێک جار جگە لە جیهانێکی خەیاڵی بوونێکی تری نییە. بۆ نموونە کاتێک کوڕ و کچێک تەنها ڕۆژێکیش چییە پێکەوە نەژیاون و نازانن خەسڵەتی کەسایەتی هەریەکەیان چۆنە و ئایا دەتوانن پێکەوە بژین، بەڵام دەبینین ڕۆژی سەد جار بەساقە و بەقوربانی یەکتر دەبن. ئەم قوربانیبوونەش بۆ کەسێکە، کە تەنها لە خەیاڵ و ئاواتەکانی هەر یەکەیاندا بوونی هەیە، بەڵام لە ژیانە ڕاستەقینەکەدا هیچ کەسێکیان بوونێکی واقیعیانەی نییە.
کاتێک ژیانی هاوسەری واقیعی دەکەوێتە نێوانیان وە بەهۆی هۆکارە پەروەردەیی و دەروونییەکانەوە، پەیوەندییەکە زیاتر ڕەوتی کۆنترۆڵ و بەموڵکایەتیکردن دەگرێتە بەر. هەردوو لا شێوازێک لە مۆنۆپۆڵکردنی پەیوەندییەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوی تر دەبێت بە بەشێک لە هەوڵەکانی. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵپیسیی، ئیرە "غیرە"، پیاوسالاریی، تێگەشتنی هەڵە بۆ هەندێک دەستەواژەی کۆنی خێزانیی ... هتد و هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی هەوڵدان بۆ موڵکایەتیکردن یاخود کۆنترۆڵکردنی لایەکەی تر.
هۆکار و ئاوات هەرچییەک بێت بۆ داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەک، جگه لە تەسککردنەوەی سەربەسستییەکانی تاکە کەس و ڕاکێشانی پەیوەندییەکە بەرەو کۆمەڵێک کێشە هیچ ئەنجامێکی تر نادات بەدەستەوە دوای ئەوەی، کە هەر یەکەیان هەوڵیان دەدا بەر لە بەیەکگەشتنیان ژیانێکی نوێی پڕ خۆشەویستیی و سەربەستی بە دەست بهێنن. لە کەسایەتی تاکیشدا هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە و هەر کاتێک مرۆڤ هەوڵ بدات لایەنەکەی تر یاخود خودی پەیوەندییەکە کۆنترۆڵ بکات، ئەوا ئەنجامەکەی دوورکەوتنەوەی لایەنی دووهەم و ساردی لە خودی پەیوەندییەکە و ساردیی لە ڕەوتی ژیانی سێکسیی نێوانیان دەبێت.
کێشەی گەورەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بریتییە لەو ئەزمونە کەمەی، کە لە نێوان پیاو و ئافرەتدا هەیە بەر لە ژیانی هاوسەرێتی، کە هەر تاکێک لاکەی تر بە جیهانێکی نامۆ دادەنێت و کەم شت هەیە لەبارەیەوە بزانێت. لەبەر ئەوە لە پاش دروتبوونی پەیوەندییەک سەرلێشێوانێک لە نێوان خۆشەویستی، بایەخ، پەیوەندی و سەربەستی لە لایەک، لە لاکەی تریش کۆنترۆڵ، دژایەتیکردن، ئیرە ... دروست دەبێت. بە شێوەیەک لە هەندێک پەیوەندیدا سەرتاپای پەیوەندییەکە دەبێتە کێبڕکێیەک لە نێوان هەردوو لادا، کامیان دەتوانن زیاتر پەیوەندییەکە بە لای خۆیدا بقۆزێتەوە. ئەمەش خەسڵەتێکە نەک تەنها لە نێوان هاوسەرەکاندا، بەڵکو هەندێک جار دەوروبەر هاندەرن بۆ ئەم لایان و ئەو لایان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە ناو خێزانەکەدا زیاد بکەن، ئەویش بە ڕێنامیی کردن و ئامۆژگاریکردنیان.
هەرچی هەیە سەبارەت بە خۆشەویستی نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان ئەوا بارەکە لە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان باشتر نییە، بەڵکو هەتا ئێستاش زۆربەی دایک و باوکان خۆیان بە خاوەنی منداڵەکانیان دادەنێن و هەر ئەم هۆکارەشە دەبێتە هۆی ئەوەی لە زۆر بڕیاری منداڵەکاندا خۆیان هەڵقورتێنن و بەڵکو هەندێک جار لە بری ئەوان بڕیارەکانی ژیان بدەن لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا.
هەموو ئەمانە لە پەیوەندیی نێوان دوو لایەندا ناتوانین بە خۆشەویستی ناوی بنێین و زۆر دوورن لە مانا واقیعییەکەی خۆشەویستی. خۆشەویستی زیاتر بریتییە لە لەیەکگەشتن و هەوڵدان بۆ لەیەکگەشتن، بایەخ، لێبوردن، ڕێز، سەربەستیدان و وەرگرتن، وتووێژ: هونەری قسەکردن و گوێگرتن، بەڵام ئەو دیاردەیەی، کە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا دیاردەیەکی بەرفراوانە بە ناوی خۆشەویستییەوە، بریتییە لە تێگەشتنێکی هەڵە بۆ دەستەواژەکە یاخود هەوڵی داگیرکردنی کەسێک یان پەیوەندییەکە.

Chrostani@hotmail.com



 

           

 

17/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com