نەوەی نوێ بە شیوازی کۆن
 

  

ئاری ئەبوبەکر

 


کۆنگرەو کۆنفرانسی زۆربەی حیزبە خاوەن قورساییەکان دەکەوێتە ئەم ساڵەوە، بەو پێێەش زۆربەی زۆری هێزەسیاسییەکان داوای نوێبونەوە و گۆڕانکاری و خوێنی تازە دەکەن، لەمەیاندا خوا خێری بزووینەوەی گۆڕان بنوسێت، دەنا تا مردن دەبوایە ئەو کۆمەڵە دەمووچاوە لەسەری سەرەوەی حیزب بونایە، کە لە شاخ و شاردا هەرئەوان بوون، لەلای زۆربەی ئەندامانی حیزبیش ڕەزاگران و نا خۆشەویستن.
هەڵبەت هەموو داواکردنێکی نوێبونەوە و گۆڕینی سەرکردایەتی و بنکردایەتی بە گەنج و خوێنی تازە، داواکردنی بەرنامەی باشتر و کارنامەی باشتر، داواکردنی بە خۆداچوونەوە و خۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەم، کارێکی باشن و جێگەی دڵخۆشییە، چونکە ئەمە نیشانەی زیندویەتی کۆمەڵگا و پەرۆشی هیزەسیاسییەکان نیشان دەدات بۆ ڕازیکردنی جەماوەر و هاوڵاتییان.
بەڵام ئەوەی کە جێگەی نیگەرانییە، ئەوەی کە دەمانترسێنێت لە کۆنگرەو کۆنفرانسەکانی ئەم هێزەسیاسیانەی کوردستان و چاوی ئومێدمان بەو هێزانە لاواز دەکات، خۆ پاڵاوتنێکی زۆری کوڕوکچی لێپرسراو و مەسئولینە، دەرچوونی ژن و براو برازای سکرتێر و ئەندام مەکتەب سیاسییەکانی حیزبە، کە وادەکات ئامانجی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لە حیزب دا پەکبخات و تەنها بە ناو خوێنی گەنج و نوێبونەوە بێت، دەنا لە ناوەرۆکدا هەمان عەقڵیەتی باوک و برا و مام و خاڵەکانیانە، بەڵام بە ڕوخسارێکی تر.
خەتەری ئەم کوڕ و کچانەی مەسئولین بۆ چونە ناو سەرکردایەتی، ترسناکی ژن و برا و برازا و خوشکەزاکانیان بۆ بونە دەسەڵاتدار لە حیزبدا، هەر لەوەدا نییە کە ئەمانە بە هەمان عەقڵییەتی باوک و مامەوە مامەڵە لەگەڵ کۆی گشتی دونیای کۆمەڵگای کوردی دەکەن، وەک مام و باوکییان چۆن شەرعییەتی خەباتی شاخییان بۆ بوونی دەسەڵاتییان بەکاردەهێنا لە سەردەمی ئێستادا و دوای بیست ساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی، بەواتایەکی تر، ئەگەر مەسئولێک، ئەندام مەکتەب سیاسییەک، خەباتی چەند ساڵیکی پێفرۆشتبینەوە و وەک بەهانەی شەرعی دەسەڵاتگرتنە دەست، ئەوا نەوەکانی مەسئولین خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن هەر لەکاتی لە دایک بوونیانەوە، بە حوکمی ئەوەی کە لە شاخ لە دایک بوون، وەک چۆن جارێک کوڕە مەسئولێک لە ڕۆژنامەیەکدا وتی، کە من لە دایک بوونمەوە پێشمەرگەم.
ئەمە بۆ خۆی خەمێکە کە دەشێت ڕۆژێک بێت خۆزگە بە کفن دز بخوازین، چونکە ئەگەر باوک و مامی ئەم گەنجانە بەشێکی زۆری ژیانیان لە شاخ بردبێتە سەر و تاڕادەیەک ساویلکە بوبێتن بە ژیانی مۆدێرن و وڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵام نەوەی مەسئولین لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان بە ژیانی خۆرئاوا ڕاهاتوون و لەو وڵاتانە خوێندیان تەواو کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو تاکتیکێکی فێڵزانانە و خۆڵکردنە چاوی میللەت ئاشنان و چەندین میتۆدیان لەبردەست دایە بۆ لە خشتەبردنی خەڵک، کە ئەمەش وادەکات گورزەکانی ئەمان دەقات بە ئازارتر و جەرگبڕتر بێت لەچاو گورزی باوک و مام و خاڵەکانیان دا.
پاشان کاتێک ئەم هێزەسیاسییانە داوای نوێبونەوە دەکەن، نوێبونەوە بە مانای ئەوەی ئەو کەسو تاکانە بگەنە سەرکردایەتی کە بە توانای خۆیان و خەباتی خۆیان موستەحەقی سەرکردایەتی بن، کە ئەمەش وادەکات گەنجەکانی ناو حیزب چالاکتر بکات بۆ تموحی چونە ناو سەرکردایەتییەوە و زیاتر ئیشکردن بۆ حیزب و بەرنامەکەی، بەڵام کاتێک حیزب و پیاوەکانی حیزب(سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی) دێن و بەناوی نوێبونەوە و گەنجبوونەوەی سەرکردایەتییەوە کەسوکار و مناڵ و نەوەی خۆیان دەخزێننە سەرکردایەتییەوە، جگە لە خۆڵکردنە چاوی میللەت و گۆڕینی دەموچاوەکان زیاتر چ مانایەکی تری نییە. بۆیە لەوە دڵنیام تا کوڕە مەسئول و برازا و خۆشکەزا، ژن و کچی پیاوە پیرەکانی حیزب نزیکبنەوە لە کورسییەکانی سەرەوەی حیزب، خەونی نوێبونەوە درۆیەکی بێمانایە و هەر دەبێت خۆزگە بە کفن دز بخوازین، داهاتووی نزیکیش بۆ هەڵە و ڕاستی ئەم بۆچونە شایەتی ئەدات.

 


Arei1976@hotmail.com
لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژ. 634 دا بڵاوکراوەتەوە

 

           

 

30/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com