وه‌ڵامی به‌ختیار عه‌لی و کاروان کاکه‌سوور له‌باره‌ی زمانی ڕۆژانه‌ و نووسینه‌وه‌

  

ئامادەکردنی: جەلال ئەنوەر
 

جه‌لال ئه‌نوه‌ر: سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانی زاری ناوچه‌یی له‌ پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان به‌گشتی و دیاڵۆگی کاره‌کته‌ره‌کان به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌، ڕات چییه‌؟ چ سوودێک، یان زیانێک به‌ زمان به‌گشتی و بونیادی هونه‌ریی ده‌قه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟

وه‌ڵامی به‌ختیار عه‌لی:
ئەم مەسەلەیە لە دوو گۆشەنیگاوە سەیردەکرێت. گۆشەنیگایەک کە پابەندە بە ڕۆڵی ئەدەب لە خولقاندنی زمانی ستانداردا. گۆشەنیگای دووەمیش، پابەندە بە مافی هەموو شێوە زمانەکان بۆ ژیان و مانەوە. بەبڕوای من ئاستی هونەری زۆر پەیوەندی بە شێوەزمانەکانەوە نییە، مرۆڤ دەتوانێت بەشێوەزمانێکی زۆر بچوکیش داهێنانی گەورەبکات. «ئیسحاق ب سینگەر» ڕۆماننوسی بەناوبانگ، بەشێوەزمانێکی زۆر بچوک و بیرکراوی جوو «یدیش» دەینوسی، بەڵام یەکێکە لە ڕۆماننوسە گەورەکانی سەدەی بیست. واتە ئەم کێشەیە ناکرێت لە ئاستی داهێناندا قسەی لەسەربکەین، داهێنان بە هەموو زمان و هەموو شێوەزمانێک دەکرێت. هەندێ لە ڕۆمانەکانی تەیب ساڵحیش بە شێوە زاری ناوچەیی نوسراون. هەتا لە شیعریشدا زاری ناوچەیی دەشێت بەرهەمی جوان و گەورەی پێ بنوسرێت، موزەفەر نەواب و ئەحمەد فوئاد نەجم ڕەنگە باشترین شاهید بن لەسەر ئەوە. جگە لەمانەش ئەدەبیاتی کوردی، سەرەتا ئەدەبیاتێکی ناوچەگەرە، لە ئەحمەدی خانی و جزیرییەوە بیگرە بۆ مەولەوی و شاعیرەکانی بابان… شێوە زمانی جیاجیا دەبینین. واتە نابێت بە توندی و هەستیاری و توڕەییەوە سەیری ئەم دیاردەیە بکەین. بەبڕوای من بەهۆی هیچ بەهانەیەکەوە نابێت دەستبخەینە ناو ئازادی نوسەرەکانەوە، نوسەران ئازادن بە چ شێوەزمانێک دەنوسن و چ شێوە زمانێک بەکاردەهێنن، چونکە دەستێوەردان لێرەدا بە زیان لە داهێنان تەواودەبێت. هیچ زمانێک و شێوە زمانێک زیان لە داهێنان نادات، بەڵام ڕێگرتن لە نوسەران و دەستخستنە ناو هەڵبژاردنەکانیانەوە زیانی گەورەی هەیە و دەشێت بە مردنی داهێنان تەواوببێت. لەوەش بترازێت هەندێکجار تێکەڵکردنی دیالێکتەکان ئەگەر بەجۆرێکی ورد و زانایانە بێت، سوود بە دەوڵەمەندی تێکست دەگەێنێت و دەشێت بڕێک لە ستاتیکاشی بداتێ، بە مەرجێک ئەو تێکەڵکردنە دەستکرد و زۆرکار دەرنەکەوێت و بەشێک بێت لە پێداویستییە ستاتیکیەکانی دەقەکە.
بەڵام جگە لەم ئازادییە فەردانییە، دەبێت لە فەزای کۆمەڵایەتی و میدیادا هەوڵی جیدی بۆ زمانی یەکگرتوو بدرێت، بێئەوەی ئەوە بە مانای ئەوەبێت کە مافی خوێندن و بەکارهێنانی دیالێکتەکان زەوتبکرێت. بەبڕوای من نوسەران لە هەموو دونیادا دەیانەوێت کە تێکستەکانیان بگاتە زۆرترین خەڵک، بۆیە نوسەر هەمیشە سوودمەندی یەکەمە لە دروستبوونی زمانی یەکگرتوودا، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە ئەدەبیاتدا دەبێت بەجۆرێکی سروشتی بەڕێوەبڕوات. دەبێت لێگەڕێین ململانێیەکی سروشتی و مێژوویی لە نێوان دیالێکت و شێوەنوسینەکاندا دروستببێت و مانەوە بۆ بەهێزیان بێت لە ڕووی داهێنان و نوسین و فیکرەوە، بە مانایەک لە ماناکان نەهێڵین بە بڕیاری سیاسی دیالێکتێک بسەپێت یاخود سنووری بەکارهێنانی دیالکتێکی تر بچوکبکرێتەوە، وەک لەو چەند ساڵەی دواییدا دەیبینین… ئەمەیان پرۆسەیەکی مێژوویی دوورودرێژە کە دواجار دەبێت ململانێی داهێنان لە نێوان شێوەزمانەکاندا یەکلایبکاتەوە، نەوەک ململانێی سیاسەت.
بەڵام گەر مەبەست لە زاری ناوچەیی ئاماژە بۆ قسەی ڕۆژانەبێت ئەوا ئەمەیان شتێکی دیکەیە. قسەی ڕۆژانە و زمانی سادەی خەڵک، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەخزێتە هەموو ڕۆمانێکەوە، کەم ڕۆمان بتوانێت خۆی لە قسەی سادەی ڕۆژانە بپارێزێت. دیارە قسەی ڕۆژانە خۆبەخۆ نابێتە ڕەگەزێکی خراپ، بەڵام گەر قسەی ڕۆژانە بووە بەهانەیەک نوسەر سەتحییەتی تێڕوانینەکانی خۆی لە بندا بشارێتەوە، ئەوا دەبێتە ڕەگەزێکی زیانبەخش، گرنگ نییە نوسەر پەنا دەباتە بەر قسەی ڕۆژانە و دیالۆگی سادە یاخود نا، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بە چ ستراتیژێک ئەوە دەکات. بۆ نمونە لە شانۆدا زمانی ڕۆژانە هەمیشە بەبەربڵاوی بەکاردێت، بەڵام ئەوە زۆرجار بووە بە هۆیەکی جوانکاری گرنگ، وەک لە شانۆنامەکانی جۆن ئۆزبۆرن و تینسی ویلیامز، یاخود لای داریۆڤۆ دەیبینین، زمانی ڕۆژانە لای داریۆ ڤۆ پلەیەکی زۆر باڵای تەعبیری هونەرییە. زمانی ڕۆژانە وزەیەکی نهێنی و ستاتیکی گەورەی تێدایە کە دەشێت زۆر کارامانە بتەقێنرێتەوە و کاری پێبکرێت، پڕە لە مەجاز و ئیستیعارەی قووڵ، پڕە لە توانای کۆمیدی کە زمانی ئەدەبی خاوەنی نییە. ئەمە جگە لەوەی زۆر بە خێرایی دەتوانێت بگاتە گوێگر و خوێنەر چونکە بەراورد بە زمانی ئەدەبی ئاسایی پردێکی ڕاستەوخۆتری هەیە. زمانی ڕۆژانە مانای قسەی بێسەروبەرە نییە، وەک لە هەندێک ئیشی کۆمیدی بازاڕیدا دەیبینین، بەڵکو یانی گەڕانەوە بۆ زمان بەوجۆرەی کە لە بەرخوردی مرۆڤی سادە و جیهاندا ئیشدەکات. گەڕانەوە بۆ ساتەوەختی هاتنە قسەی هوشیاری سادە کاتێک بەرامبەر گرفتی گەورە دەوەستێتەوە. زمانی سادە یان زمانی ڕۆژانە مەرج نییە ڕەهەندی گەردونی و فەلسەفی قووڵ هەڵنەگرێت، یەکێک لەو کتێبە جوانانەی لەم ناوکۆییەدا دێتەوە یادم، کتێبە ناسراوەکەی نوسەری ئیتالی «لوسیانۆ دیکریزینزۆ» یە، «پالاڤێستا ئاوا دوا»، کە یەکێکە لەو کتێبانەی زمانی ڕۆژانە و زمانی فەلسەفی زۆر بە قووڵی و جوانی بەیەک دەگەن. لەوەش بترازێت لە بنەڕەتەوە، ڕامان لە فەلسەفەی مرۆڤی سادە بەشێکی گرنگی تەواوی کولتووری فیکری مرۆڤایەتییە، لە ئیزۆپەوە بیگرە تا سەر زۆربا، هەوڵێکی گەورە هەیە کە زمانی فەلسەفە و زمانی مرۆڤی سادە لە یەک یەکە و لە یەک تێکەڵەدا پێشکەشبکرێت. دۆستۆفسکی وەک ڕۆماننوس لە هەر کەس زمانی مرۆڤە سادەکانی بە مانای فەلسەفی بارکردوە. بەبڕوای من کێشانی هێڵێکی گەورە لە نێوان زمانی ڕۆژانە و زمانی ئەدەب یان فیکردا هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە هەمیشە شوێنێک هەیە کە دەشێت ئەم دوو جۆرە زمانە بە جوانی تێیدا بەیەک بگەن و یەکتری تەواوبکەن.

وه‌ڵامی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور:
ناکرێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا بده‌ینه‌وه‌، که‌ ئاخۆ زاراوه‌ی ناوچه‌یی چ ئه‌رکێکی له‌ بونیادی هونه‌ریی تێکستدا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پێشتر له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ گفتوگۆ نه‌که‌ین، مادام وه‌کو (هایدگه‌ر) پێی وایه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی زمانه‌وانییه‌‌. که‌واته‌ زمان به‌پێی سه‌رده‌مه‌کان و پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا گه‌شه‌ ده‌کات و گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. لێره‌وه‌یه‌ (هایدگه‌ر) ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌ره به‌‌ پێویست ده‌زانێت، که‌ له‌ ئێکسیستێنس (کینونة)ی خۆی تێبگات. ده‌مه‌وێ بڵێم تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ ده‌بین، کاتێک له‌وه‌ تێناگه‌ین، که‌ ئه‌م پرسیاره‌ ڕوخساری کۆمه‌ڵێک پرسیاری دیکه‌یه‌ له‌باره‌ی زۆر له‌و که‌یسانه‌ی، که‌ پێوه‌ندییان به‌ زمانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ تا ئه‌مڕۆ نه‌مانتوانیوه‌ لێیانه‌وه‌ بدوێین، یاخود له‌ چاکترین حاڵه‌تدا وه‌سفێکی شاعیرانه‌مان کردوون. ده‌بێت له‌ چه‌ند ئاستێکه‌وه‌ ئه‌م پرۆبلیماتییکه‌ بخوێنینه‌وه‌. من خۆم گه‌رانتیی ئه‌وه‌ ناده‌م، که‌ ده‌توانم له‌م ڕووه‌وه‌ ئه‌نجامێکی کاریگه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌م، چونکه‌ ئێمه‌ له‌م سه‌ره‌تایه‌دا ڕه‌نگه‌ ته‌نها بتوانین ئه‌م پرسیاره‌ پرۆبلیماتیکییه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌ و بیخه‌ینه‌ ئاستی کۆمه‌ڵێک پرسیاری دیکه‌ی بچووکتره‌وه‌‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی ئێمه‌ پێکهاته‌ی ئه‌و پرسیاره‌ بدۆزینه‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ده‌بێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆمان له‌وه‌ به‌دوور بگرین، که‌ به‌ پۆزیتیڤ و نێگه‌تیڤ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر وامان کرد، ئه‌وا ناتوانین له‌باره‌ی‌ پێکهاته‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه‌ بدوێین.
من به‌ چاکی ده‌زانم به‌ر له‌ هه‌ر شتێک له‌سه‌ر چه‌مکی (زاری ناوچه‌یی) بوه‌ستم و بپرسم: ئایا کورد زمانی ستانداردی هه‌یه‌، هه‌تا به‌و پێیه‌ زاری ناوچه‌یی بناسینه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ زاری ناوچه‌یی ئه‌وه‌ بێت، که‌ له‌ زۆنه‌یه‌کی دیاریکراوی جۆگرافییدا به‌کار ده‌هێنرێت، که‌واته‌ زاری چ ناوچه‌یه‌ک به‌ هی نووسین و هی چ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ به‌ ناوچه‌یی داده‌نرێت؟ ئه‌ی له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بڵێین چی، که له‌‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا کۆمه‌ڵێک شێوه‌زاری بچووکتر هه‌ن؟ کاتێک به‌وه‌ ڕازیی ده‌بین زاری ناوچه‌یه‌ک به‌ هی نووسین و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ ناوچه‌یی دابنێین، ئه‌وا ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژیی سیومبۆلی به‌رامبه‌ر به‌و ناوچانه‌ به‌کار ده‌هێنین، که‌ باوه‌ڕمان وایه‌ بۆ نووسین ده‌ست ناده‌ن. له‌ زمانی عه‌ره‌بییدا قورئان، که‌ شێوه‌زاری قوڕه‌یشه‌ به‌ زمانی نووسین (فصحی) و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ زمانی ڕۆژانه‌ داده‌نرێن، که‌ به‌ (العامیة) و (المحکیة) و (الدارجة) ناسراوه‌، ئه‌گه‌رچی به‌درێژاییی زه‌مه‌ن ئه‌و زمانی نووسینه‌ که‌م و زۆر‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌. ئه‌م پێوه‌ره‌ له‌ زمانه‌کانی دیکه‌ی وه‌کو ئینگلیزی و ئه‌سکێندێناڤی و کوردییشدا به‌دی ناکرێت. به‌ ڕای من له‌ زمانی کوردییدا زیاتر ده‌توانین باس له‌ ئاسته‌کانی مانا بکه‌ین. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ده‌توانین باس له‌ زاری ناوچه‌یی بکه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناوچه‌یه‌کی دیاریکراومان کردبێت به‌ سێنته‌ر و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ لۆکاڵ. دیاره‌ ئه‌مه‌ ڕێگای ئه‌وه‌مان لێ ناگرێت ئاسته‌کانی زمانی قسه‌ و زمانی نووسین له‌ سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا له‌ یه‌کتر جیا بکه‌ینه‌وه‌، که‌ هه‌ردووکیان پێوه‌ندییه‌کی به‌تینیان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ ڕای من کاتێ باسی ئاسته‌کانی مانا ده‌که‌ین، نابێت بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ ئاسته‌کانی زمانی نووسین و زمانی ڕۆژانه‌وه‌، چونکه‌ هیچ پێوه‌رێکمان بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوانه‌ ده‌ست ناکه‌وێت، به‌ڵکو وه‌کو گوتم ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر مانا بکه‌ینه‌وه‌، به چاوپۆشین له‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی بۆ ئه‌و کۆنتاکته‌ی نێوان مانا و وه‌ر‌گر/خوێنه‌ر، به‌کار هاتووه‌، ده‌چێته‌ چ خانه‌یه‌که‌وه‌. ئه‌و زمانه‌ی ڕۆژگارێگ به‌ هی نووسین داده‌نرێت و وه‌کو ستاندا‌رد سه‌یر ده‌کرێت، ڕۆژگارێکی دیکه‌ ده‌بێته‌ عامیه‌. ئه‌گه‌ر به‌راوردی نێوان زمانی نه‌وه‌ده‌کان و هه‌شتاکان بکه‌ین، جیاوازییه‌کی به‌رچاو ده‌بینین. بێگومان زمانی نه‌وه‌ده‌کانیش له‌گه‌ڵ هی ده‌یه‌ی ئه‌م سه‌ده‌ نوێیه‌ جیاوازیی هه‌یه‌. یه‌ک دوانێک له‌ نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند) زمانێکی نوێیان داهێنا، که‌ جیاواز بوو له‌ هه‌موو زمانه‌کانی دیکه‌ی پێشووی ئێمه‌. ده‌توانم بڵێم زمانی ڕۆژانه‌ی نه‌وه‌ده‌کانی خه‌ڵک تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و زمانه‌ ده‌چێت، که‌ له‌ حه‌فتاکان و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌شتاکانیش نووسه‌ری ئێمه‌ پێیان ده‌نووسی. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌، که‌ زمانی نوسینی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان توانییان که‌م و زۆر کار له‌ زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک بکه‌ن و بیهێننه‌ ئاستی خۆیانه‌وه‌. واته به‌شێک له‌و نووسه‌رانه‌‌ توانییان زمانی خۆیان بکه‌ن به‌ زمانی که‌لتوور. دیاره‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌و ئه‌رکانه‌ی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی نووسینه‌وه‌. (نیچه‌) ده‌ڵێ: ((سه‌رتاپای فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی زمانمان))، که‌ ئه‌م پرۆسێسه‌ لای (نیچه‌) به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مۆڕاڵه‌وه‌.
نه‌ زمانی ڕۆژانه‌ و نه‌ زمانی نووسینیش جێگیرن، به‌ڵکو ده‌که‌ونه‌ ژێر کاریگه‌ریی فاکته‌ره‌ ئیکۆنۆمی و ڕامیاری و کۆمه‌لآیه‌تی و بگره‌ فاکته‌ری ئاووهه‌واشه‌وه‌. ئه‌و زمانه‌ی ئه‌مڕۆ نووسه‌رانی عه‌ره‌ب پێی ده‌نووسن، هه‌مان ئه‌و زمانه‌ نییه‌، که‌ (ته‌به‌ری) و (جاحز) و زۆری دیکه‌ پێیان نووسیوه‌. زمانی (شێکیسپێر) له‌ زمانی ئه‌و نووسه‌رانه‌ ناچێت، که‌ ئه‌مڕۆ به‌ ئینگلیزی ده‌نووسن. که‌واته‌ پێوه‌ندیی نێوان زمانی ڕۆژانه‌ و زمانی نووسین چۆنه‌؟ به‌ بڕوای من مه‌ودایه‌کی گه‌وره‌ له‌نێوان ئه‌و دوانه‌دا نییه‌. هه‌تا ئاستی زمانی ڕۆژانه له‌ناو چوارچێوه‌ی که‌لتوورێکی دیاریکراودا‌ به‌رزتر بێت، زمانی نووسینیش له‌ناو هه‌مان که‌لتووردا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، چونکه‌ نووسین هه‌میشه‌ ڕێکخستن و په‌ره‌پێدانی زمانی ڕۆژانه‌یه‌. لێره‌دا خۆمان له‌ به‌رده‌م پێوه‌ندیی نێوان فیکر و زماندا ده‌بینینه‌وه‌، که‌ لای (مێرلۆپۆنتی) زمان، یاخود قسه‌ جه‌سته‌ی فیکره‌، واته‌ بوونی هه‌ردووکیان به‌یه‌که‌وه‌ به‌نده‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لای (پلاتۆن)دا هه‌بوو، که‌ زمان ده‌که‌وته‌ دوای فیکره‌وه.‌ به‌ مانایه‌کی دیکه‌ باوه‌ڕی وابوو زمان ناتوانێت فیکر بخولقێنێت، چونکه‌ ده‌که‌وێته‌ دوایه‌وه‌.
چۆن زمانی نووسین ده‌بێته‌ زمانی که‌لتوور و چۆن دووباره‌ زمانی نووسین ئه‌و زمانه‌ی، که‌ خۆی دایهێناوه‌، تێکی ده‌شکێنێته‌وه‌ و له‌ پرۆسێسێکی دینامیکییانه‌دا زمانێکی دیکه‌ ده‌خوڵقێنێت و ده‌یکاته‌وه‌ زمانی که‌لتوور و تێکی ده‌شکێنێته‌وه و هتد‌؟ ئه‌مه پرۆسێسێکه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامیی هه‌بێت و‌ توندوتۆڵ به‌‌ توانای زمانی نووسینه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. کاتێک ئاستی زمانی ڕۆژانه‌ی خۆمان ده‌خوێنینه‌وه‌، ئه‌وا ئاستی زمانی نووسینی خۆمانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر ڕێگام بده‌یت من له‌م باره‌یه‌وه‌ دوو نموونه‌ت له‌ ژیانی خۆمدا بۆ ده‌هێنمه‌وه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی جیاوازیی نێوان زمانی ڕۆژانه‌ت له‌نێوان که‌لتووری دانمارکی و کوردییدا بۆ ده‌ربخه‌م. مانگی ڕابردوو به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتم و دایکێک و منداڵێکم بینی. زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یر بوو ئه‌و منداڵه‌ پایسکیل لێ ده‌خوڕێ، له‌ کاتێکدا باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد هێشتا پێی گرتبێت. من به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌له‌م بوو، له‌ دایکی ئه‌و منداڵه‌ تێپه‌ڕیم، که‌چی منداڵه‌که‌ پێشی منیشی گرته‌وه‌ و به‌تیژی پایسکیله‌که‌ی لێخوڕی. چه‌ند مه‌ترێک له‌ دووریی من زۆر خراپ که‌وت، به‌ڕاده‌یه‌ک، نه‌ده‌کرا هه‌ستێته‌وه‌. منیش ڕامکرد و هه‌ڵمگرته‌وه‌. چاوه‌ڕێم ده‌کرد بگری، به‌ڵام پێی گوتم: (تاک Tak)، واته‌ (سوپاس). ساڵی نه‌وه‌د له‌گه‌ڵ (تارای کیمیا)، (تارای فیزیا) و (نیگار مسته‌فا حه‌یران)ی هاوسه‌ری پێشووم، که‌ له‌ کچه‌ ڕۆشنبیره‌کانی ئه‌وسا بوون، له‌ نزیک گه‌راژی هه‌ولێر ده‌ڕۆیشتین. پیاوێک له‌سه‌ر شۆسته‌که‌ دانیشتبوو و منداڵێکیش له‌ نزیکیه‌وه‌ یاریی ده‌کرد. منداڵه‌که‌ چووه‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌. (تارای فیزیا) به‌شێوه‌یه‌کی زۆر هونه‌رییانه‌ خۆی بۆ هه‌ڵدا و نازانم چۆن توانی نه‌هێڵێت ئه‌و ئۆتۆمۆبێله‌ بیپلیشێنێته‌وه‌، که‌ زۆر به‌خێرایی به‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌دا تێده‌په‌ڕی. (تارای فیزیا) منداڵه‌که‌ی بۆ پیاوه‌که‌ برده‌وه‌ و پرسی: (ئه‌م مناڵه‌ هی تۆیه‌؟). کابرا به‌تووڕه‌یی سه‌یرێکی کرد و گوتی: (ئه‌دی هی کێیه‌؟ وه‌ره‌ کوره‌! وه‌ره‌!). ڕاستییه‌که‌ی نه وشه‌ی‌ (سوپاس)ی ئه‌و منداڵه‌ ‌دانمارکییه‌ و نه‌ ڕسته‌ی ئه‌و پیاوه کورده‌‌، زمانی خۆیانن‌، به‌ڵکو هه‌ر یه‌که‌یان به‌ زمانی که‌لتوووری خۆی دواوه‌‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ زمانی هه‌ردووکیان نوێنه‌ری ئه‌و کۆنتێکستانه‌ن، که‌ له‌ناو ئه‌و دوو که‌لتووره‌دا هه‌ن. هه‌ردووکیان زمانی کۆ‌، نه‌ک زمانی تاکیان به‌کار هێناوه‌، ئه‌گه‌رچی وه‌کو پارادۆکسێک وشه‌ی (سوپاس) به‌ دانمارکی واته‌ (تاک). وه‌کو (میکایل باختین) ده‌ڵێ ئه‌و (من)ه‌ی، که‌ ده‌دوێت، سه‌ربه‌خۆ نییه‌، به‌ڵکو زمانی کۆمه‌ڵێک کۆنتێکستی کۆمه‌لآیه‌تییه‌. به‌م پێیه لای (باختین)‌ هه‌موو (من)ێک هه‌ر (ئێمه‌)یه‌. هه‌تا ئێستاش له‌ نووسینی ئێمه‌دا منداڵ و هه‌رزه‌کار و ژن وه‌کو جوێن به‌کار ده‌هێنرێن. نووسه‌ر هه‌یه‌ له‌م ئه‌وروپایه‌ ناوهێنانی ژنه‌که‌ی خۆی به‌ شووره‌یی ده‌زانێت و وشه‌ی (ماڵه‌وه‌)ی بۆ داتاشیوه‌. هه‌تا ئه‌مڕۆش نه‌ک هه‌ر باس له‌ جیاوازیی نێوان نووسه‌ری پارچه‌کانی کوردستان ده‌کرێت، به‌ڵکو ئه‌و جیاوازیکردنه‌ نووسه‌ری شارێک و هی یه‌کێکی دیکه‌شی گرتۆته‌وه، که‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات به‌شێکی نووسه‌ری ئێمه‌ زمانی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک دابه‌زاندووه‌‌، گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ زۆر نزمه‌ی بڵێن دوو جۆر زمان هه‌ن: هی شار و هی لادێ. له‌پێشه‌وه‌ گوترا، که‌ یه‌ک دوانێک له‌ ئه‌ندامانی ڕه‌هه‌ند و چه‌ند نووسه‌رێکی دیکه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ر زمانی ئێمه‌دا هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ زمانی سه‌رده‌مه‌کانی پێشوو لای هه‌ندێ نووسه‌ر درێژه‌ی پێ نادرێت. کاتێک له‌ زمانی ڕۆژانه‌ یاخی نابین، ئه‌وا له‌و ئاسته‌ میللییه‌دا ده‌مێنینه‌وه‌ و ناتوانین داهێنان بکه‌ین، که‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ ڕێگای دیدگاوه‌ ده‌کرێت. دیدگاش به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ و سه‌رنجه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئه‌ده‌ب له‌ کوردستان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ کوردستان ده‌چن تا راده‌یه‌کی زۆر پابه‌ندن به‌م زمانی ڕۆژانه‌یه‌. ئه‌مه‌ پاساو نییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بێک، که‌ ئاستێکی به‌رزی نییه‌، به‌ڵام ناشکرێت چاوی لێ بپۆشین. دیاره‌ یه‌کێک له‌ سیفه‌ته‌کانی ئه‌ده‌بیش ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ یاساکان ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ زۆر جار له‌ناو واقیعی دواکه‌وتووشدا ئه‌ده‌بی به‌رز به‌رهه‌م هاتووه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ لاوازه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌ولآنه‌ی، که‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاستێکی زۆر به‌رزتر له‌ زمانی ڕۆژانه‌ ده‌درێن، ژماره‌یان که‌مه‌. وه‌کو پێشتر گوتم ئه‌وه‌ نووسه‌ره‌، ڕۆشنبیره‌ گۆڕانکاری له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا ده‌کات. نووسه‌رێکی دانمارکی له‌سه‌ر ئاستی زمانی ڕۆژانه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی به‌ منی گوت: (سوپاس)، ئه‌زموونی نووسینی خۆی داده‌مه‌زرێنێت و نووسه‌رێکی کوردیش له‌سه‌ر ئاستی زمانی ئه‌و پیاوه‌ی له‌و کچه‌ی هاوڕێم تووڕه‌ بوو. دیاره‌ مه‌به‌ستم نییه‌ بڵێم زمانی دانمارکی هه‌ڵگری زاراوه‌ی توندوتیژی نییه‌، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت سه‌رنج له‌ جیاوازیی نێوان کۆنتێکسته‌کانی هه‌ردوو که‌لتوور بده‌ین. ئێمه‌‌ ده‌بێت داهێنان بکه‌ین، هه‌تا بگه‌ینه‌ ئاستی زمانی ئه‌و منداڵه‌، که ئاستی‌ زمانی ڕۆژانه‌ی دانمارکییه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌، که‌ نووسه‌ری دانمارکی پێش ئه‌وه‌ی یه‌ک دێڕی نووسیبێت، پێی گه‌یشتووه‌. سه‌یر نییه‌ کاتێ لای ئێمه‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی مه‌ودایه‌کی گه‌وره‌ له‌نێوان زمانی ڕۆژانه‌ و زمانی خۆیاندا دروست ده‌که‌ن، لای نووسه‌رانی ساده‌نووس کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تیان ده‌درێته‌ پاڵ، گوایه‌ ئه‌وانه‌ که‌س لێیان تێناگات. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مه‌ ئه‌و دۆخه‌یه‌، که‌ داهێنه‌ری ئێمه‌ له‌ناویدا ده‌ژی و ئه‌رکێکی زۆر قورسی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، تا بتوانێت لێی ده‌ربچێت. وه‌کو (نیچه‌) ده‌ڵێت ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نییه‌ له‌ هونه‌ردا داهێنان ده‌کات، به‌ڵکو خودی ژیان خۆیه‌تی، به‌ڵام (نیچه‌) مه‌به‌ستی ژیانێکی به‌هێزه‌، که‌ توانای هێزی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، نه‌وه‌ک ژیانێکی لاواز و تێکشکاو، چونکه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌بێته‌ ئه‌و هێزه‌ و به‌ زمانی ئه‌و هێزه‌ش‌ ده‌په‌یڤێت.
به‌ بڕوای من نووسین هه‌رگیز مانای پاککردنه‌وه‌ی ته‌واوی زمانی ڕۆژانه‌ نییه‌، به‌ڵکو زۆر جار په‌رده‌پۆشکردنیه‌تی، به‌وه‌ی نووسین زیاتر له‌ قسه‌کردن حاڵه‌تی ئاگایی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت، بۆیه‌ من له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م به‌وه‌ دا، که‌ ده‌بێت پرۆسێسی تێکشکاندنی زمان به‌رده‌وام بێت و دینیامیکییه‌تی خۆی وه‌ربگرێت، ئه‌گینا پرۆسێسی داهێنان ناتوانێت درێژه‌ی هه‌بێت. له‌ناو هه‌ر زمانێکی نووسینیشدا چه‌ندین زاراوه‌ی نێگه‌تیڤ ده‌بینین، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆنتێکسته‌ مێژوویی و که‌لتوورییه‌کانیان نه‌ماون‌، که‌چی له‌ به‌کارهێنانیاندا مانا ئۆرگیناڵه‌کانیان ئاکتیڤ ده‌که‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مڕۆ تێڕوانین بۆ (حیز)، (سۆزانی)، (سه‌گ) و (به‌راز) له‌ناو که‌لتووری ڕۆژئاوادا جیاوازه‌ له‌ هی که‌لتووری ڕۆژهه‌لآت، که‌چی جاری وا هه‌یه‌ ئه‌و وشانه‌ له‌ شێوه‌ی جنێو به‌کار ده‌هێنرێن و مانا ئۆرگیناڵه‌کانیانمان بیر ده‌خه‌نه‌وه‌. خۆ له‌ فیلمی ئه‌مریکی به‌رده‌وام ڕسته‌ی (Son Of a bitch)، واته‌ (کوڕی سۆزانی)مان به‌ر گوێ ده‌که‌وێت. ده‌مه‌وێ لێره‌ بڵێم‌ به‌کارهێنانی جنێو له‌ ئه‌ده‌بدا، که‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا هه‌یه‌، نه‌ک نێگه‌تیڤ نییه‌، به‌ڵکو پۆزیتیڤیشه‌، کاتێک مه‌به‌ستمانه‌ بیکه‌ین به‌ قسه‌ی کاره‌کته‌رێکی دیاریکراوه‌وه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی زمانی تایبه‌ت و جیاوازی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ده‌ربخه‌ین. بۆ نموونه‌ کاتێک کاره‌کته‌رێکمان هه‌یه‌ دژی ژنه‌، ده‌بێت ڕێگای بده‌ین هه‌موو ئه‌و جنێوانه‌ به‌سه‌ر زمانیدا تێپه‌ڕن، که‌ هاوشێوه‌کانی له‌ واقیعدا به‌کاریان ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م جنێوانه‌ ببنه‌ زمانی که‌سێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و، یان ببنه‌ به‌شێک له‌ په‌یامی نووسه‌ر، ئه‌وا نێگه‌تیڤه‌. مه‌به‌ستم له‌ نێگه‌تیڤ ئه‌وه‌یه‌، که‌ نووسین له‌م حاڵه‌ته‌دا نه‌ک هه‌ر ئه‌رکی تێکشکاندنی زمانی که‌لتوور و دامه‌زراندنی زمانێکی دیکه‌ فه‌رامۆش ده‌کات، به‌ڵکو پیرۆزییش به‌ زمانی ڕۆژانه‌ی که‌لتوور ده‌به‌خشێت.
دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم من چه‌مکی (زمانی ڕۆژانه‌) له‌جیاتی (زاری ناوچه‌یی) به‌کار ده‌هێنم. تۆ خۆشت له‌و نامه‌یه‌ی بۆت ناردووم، هه‌ر (زمانی ڕۆژانه‌)ت نووسیوه‌. که‌واته‌ پرسیاره‌که‌ی تۆ به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌باره‌ی پێوه‌ندیی نێوان زمانی ڕۆژانه‌ و زمانی نووسینه‌وه‌یه‌ له‌ ڕۆماندا، که‌ زاراوه‌ی ناوچه‌ییش هه‌ر به‌شێکه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌‌.‌ ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ پرسیاره‌ هه‌ره‌ پرۆبلیماتیکییه‌کانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌. ئه‌و پرسیاره‌ به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان‌ پرسیاره‌ له‌ خودی زمان خۆی و دواجار له زمانی‌ قسه‌کردن (لغه‌ الكلام Spoken language) و نووسین (Writing)، که فه‌لسه‌فه‌ به‌ درێژاییی ته‌مه‌نی خۆیه‌وه‌ پێوه‌ی خه‌ریکه‌‌ له (سۆکرات)، (پلاتۆن)، (ئه‌رستۆ)ه‌وه‌ بۆ (ڕۆسۆ)، (هیگل)، (سۆسێر)، (هایدگه‌ر)‌ و (باختین) له‌وێوه‌ بۆ (دێریدا). ده‌مه‌وێ لێره‌ ئه‌وه‌ت بیر بخه‌مه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ (زمانی قسه‌کردن) و (نووسین)ن له‌ فکر و فه‌لسه‌فه‌دا بوونه‌ته‌ جێگای مشتومڕ، نه‌وه‌ک (وشه)‌، چونکو وشه‌ ئایکۆنه‌ و ته‌نیا ده‌خوێندرێته‌وه‌، که‌چی (ئارام کاکه‌ی فه‌لاح) منی به‌وه‌ تۆمه‌تبار کردووه‌، گوایه‌ من فانتازیام له‌ناو وشه‌دا به‌ند کردووه‌. من ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز شتی وام نه‌گوتووه‌، به‌ڵام زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یره‌، که‌ (ئارام کاکه‌ی فه‌لاح) ده‌ڵێ: ((فانتازیا خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌ و‌ که‌مێکی دێته‌ ناو وشه‌وه‌))‌. من هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم ڕۆژگارێک گوته‌یه‌کی ئاوا نه‌ له‌و‌ چیرۆکنووسه و نه‌ له‌ هیچ که‌سێکی دیکه‌‌وه‌ ببیستم. (وشه) وه‌کو (سوسێر) ده‌ڵێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆنتێکستدا شتێکه‌ و له‌ ناو کۆنتێکستیشدا شتێکی دیکه‌یه‌. جا نازانم چۆن فانتازیا که‌مێکی دێته‌ ناو وشه‌وه‌!! بۆ نموونه‌ ده‌شێ وشه‌ی (هێمن) له‌ کۆنتێکستێکدا ناو بێت و له‌ یه‌کێکی دیکه‌دا ئاوه‌ڵناو. له‌ کۆنتێکستێکی دیکه‌دا بکه‌ر و له‌ یه‌کێکی دیکه‌دا به‌ یارمه‌تیی یه‌ک وشه‌ی دیکه‌ ببێته‌ کردار. هه‌ر ئه‌و پیتانه‌ی ناوی (هێمن)یان لێ پێکهاتووه‌، له‌ کۆنتێکسته‌کانی دیکه‌دا مانای دیکه‌ی ته‌واو جیاواز له‌وانه‌ی پێشوویان پێکده‌هێنن. بڕوانه‌ هه‌ر له‌ناو وشه‌ی (هێمن)دا (من)، (مێ)، (نم نم)، (هێ)، (نێ)، (مێن)، (منێ) و (هم) هه‌ن‌. وشه‌ی (هێمن) کاتێ وه‌رده‌گێردرێته‌ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌، گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا دێت چ له‌ ده‌نگ و چ له‌ پێکهاته‌ی پیته‌کانیدا. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، مانایه‌، نه‌وه‌ک وشه‌که‌ خۆی. که‌واته‌ ئه‌و گوته‌یه‌ی (ئارام کاکه‌ی فه‌لاح)، گوایه‌ (وشه)‌ هه‌ندێک فانتازیای دێته‌ ناوه‌وه‌، زۆر ساده‌یه‌، بگره‌ هیچ مانایه‌کی له‌ خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتووه‌. ئایا ئێمه‌ ده‌توانین داهێنان له‌ زماندا بکه‌ین، ئه‌گه‌ر دیدگامان نه‌بێت و هه‌وڵمان نه‌دابێت له خودی‌ زمان تێبگه‌ین؟ ده‌توانین چیرۆک و شیعر و ڕۆمانی جدی بنووسین، ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانیبێت ئه‌و ئاستانه‌ له‌ یه‌کتر جیا بکه‌ینه‌وه‌؟ بێگومان نه‌خێر، چونکه‌ هه‌ر داهێنانێک فراوانکردنی زیاتری سنووره‌کانی مانایه‌.
مادام (باختین) و (دێریدا) به‌شێکی زۆری ته‌مه‌نی خۆیان بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ ته‌رخان کردووه‌، ئه‌وا سه‌یر نییه،‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ کاتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ت بۆ ده‌که‌ین، له‌ هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ زیاتر پشت به‌ تێڕوانینه‌کانی ئه‌و دوانه‌ ده‌به‌ستین. ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و پرۆبلیماتیکه‌، هی زمانه‌، پێش ئه‌وه‌ی هی قسه‌ و نووسین بێت. وه‌کو (گادامه‌ر) ده‌ڵێت: ((زمان گه‌وره‌ترین مه‌ته‌ڵه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تییدا)). هه‌تا ئێستا هیچ که‌یسێکی دیکه‌ به‌قه‌ده‌ر که‌یسی زمان فه‌یله‌سووف و زمانناسه‌کانی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک نه‌کردووه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌موو زمانه‌کان بۆ ئه‌و ده‌نگه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، که‌ مرۆڤ خۆڕسکانه‌ ده‌ریده‌بڕین و ورده‌ ورده‌ ده‌بوون به‌ هێما و دواتریش له‌ گۆ (لفظ Pronunciation)ه‌وه‌ ده‌گوازرانه‌وه‌ بۆ نووسین، ئه‌وا ده‌بینین سه‌رچاوه‌ی هه‌ردووکیان، چ قسه‌‌ و چ نووسینیش هه‌ر یه‌کێکن و دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازیان وه‌رگرتووه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ نووسین له‌ ڕێگای ئایکۆنه‌وه‌ کۆنتاکتمان له‌گه‌ڵدا ده‌کات و قسه‌کردنیش له‌ ڕێگای ئاماژه‌وه‌. ‌ قسه‌ ماهییه‌تێکی خۆڕسکانه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام نووسین له‌ ڕێگای ئه‌زموونه‌کانی خۆمانه‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین. (سوسێر)یش پێی وایه‌ زمان و قسه‌ دوو شتی جیاوازن. زمان (language) به‌شێکی بنه‌ڕه‌تییه‌ له ‌زوبان (Tongue)، ئه‌ویش چونکه‌ زمان ته‌نها له‌ شێوه‌ی سیستێمی کۆمه‌لآیه‌تی دێته‌ کایه‌وه‌. واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی زمان هه‌بێت، ده‌بێت ئاڕاسته‌ی ئه‌وانی دیکه‌ بکرێت و ئاڕاسته‌ی ئه‌وانی دیکه‌ش به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت. لێره‌دا ده‌مه‌وێ وه‌کو تێبینییه‌کی بچووک ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ زمانی کوردییدا جیاوازی له‌نێوان‌ ( لسان Tongue) و (لغة language)دا ناکرێت، ئه‌وا من (زوبان) بۆ (لسان Tongue) و زمانیش بۆ (لغة language) به‌کار ده‌هێنم. که‌واته‌ به‌پێی تێڕوانینی (سوسێر) زمان به‌رهه‌مێکی کۆمه‌لآیه‌تییه‌ و زوبان به‌و مه‌به‌سته‌ دایهێناوه‌، که‌ تاکه‌کان به‌کاری بهێنن. به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئیندیڤیدوال (تاک)دا ده‌رده‌که‌وێت. که‌واته‌ به‌رهه‌می تاکه‌ و سه‌رچاوه‌که‌ی هۆشیاری و ئیراده‌یه‌. به‌م پێیه‌ قسه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیستێمه‌، یاخود دژی سیستێمه‌، به‌وه‌ی سیمایه‌کی ئازادانه‌ و پاشاگه‌ردانییانه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ژمار (سلوك)ێکی ڤێرباڵ (لفظي verbal‌)ه‌. ڕاسته‌ زمان له‌ ڕێگای قسه‌کردن و ئاماژه‌وه‌ پڕاکتیزه‌ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ زمانه‌، نه‌وه‌ک قسه‌، که‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی زوبان پێکده‌هێنیت. هه‌ر بۆیه‌ (سوسێر) پێی وایه‌ زمان شێوه‌یه‌، نه‌ک ناوه‌رۆک، به‌وه‌ی ئه‌رکه‌کانی خۆی له‌ناو سیستێمدا به‌جێ ده‌هێنێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا (سۆسێر) قسه‌ی پێ له‌ زمانی نووسین چاکتره‌، چونکه‌ ده‌توانێت زیاتر ته‌عبیر له‌ خودی مرۆڤ بکات. (دێریدا) پێی وایه‌ نووسین تێکشکاندنی ئه‌و سیستێمه‌ ئاماژه‌ییه‌ی (سوسێر)ه‌، که‌ له‌ دال و مه‌دلول پێکهاتووه‌ و له‌ناو نیشانه‌دا یه‌کیان گرتووه.‌ وه‌کو گوتمان (سۆسێر) پێی وایه‌ ئه‌و دوانه‌ هه‌رگیز جیا ناکرێنه‌وه‌، به‌وه‌ی ده‌نگ وا له‌ گوێگر ده‌کات ئیماگینێیشن (تصور)ی زه‌ینیی لا دروست ببێت. هه‌رچی (ئه‌رستۆ)یه،‌ باوه‌ڕی وایه‌ قسه‌کردن نواندنێکه‌ بۆ گۆڕانکارییه‌کانی ڕۆح و نووسین وێنه‌ی گۆڕانکارییه‌کانی ده‌نگه‌. کاتێک ده‌مانه‌وێت له‌و بۆچوونه‌ی (سوسێر) ورد بینه‌وه‌، گوایه‌ قسه‌ له‌ نووسین گرینگتره‌، ئه‌وا ئه‌و ڕاستییه‌ بیری خۆمان ده‌خه‌ینه‌وه‌، که ئه‌رکی‌ زمانی جه‌سته‌ (body language) له‌ هی قسه‌یش قورستره‌، چونکه‌ مه‌سیجه‌کانی ئێمه‌ ڕێژه‌یه‌کی ئێجگار که‌می له‌ ڕێگای قسه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وانی دیکه‌ و به‌شه‌ گه‌وره‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی زمانی جه‌سته‌وه‌، که‌ خۆی له‌ جووڵه‌کانی ده‌ست و ده‌موچاو و ئه‌ندامه‌کانی دیکه‌ی له‌شدا ده‌بینێته‌وه‌. گواستنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌کانی تووڕه‌یی، قێزکردنه‌وه‌، شادی، خه‌مناکی و سه‌رسامی ئه‌رکێکه‌ و ئه‌رکێکی قورسیشه‌، که‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌وه‌. ئه‌مه‌ پێوه‌ندیی به‌و ته‌کنیکانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ دایانده‌هێنێت. زمانی جه‌سته‌، یاخود زمانی ئاماژه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌ جیا ناکرێته‌وه‌ و هه‌ردووکیان ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگاوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی زمانی نووسینه‌وه‌، که‌ له‌ ڕێگای ده‌زگاکانی فێرکردنه‌وه‌ ڕێکده‌خرێن و نوێ ده‌کرێنه‌وه‌ و به‌پێی خواسته‌کان ده‌سکاریی ده‌کرێن. که‌واته‌ زمانی جه‌سته‌ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت، یان گوم ده‌بێت، کاتێک قسه‌ بۆ نووسین ده‌گۆڕێت، چونکه‌ زمانی جه‌سته‌ ناتوانێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌سه‌ر ئاستی وشه‌دا ده‌رکه‌وێت. وه‌کو پێشتر گوترا وشه‌ ئایکۆنه‌ و به‌پێی شوێنی له‌ناو کۆنتێکسته‌کاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا تۆنی ده‌نگ ڕۆڵیکی گرینگ ده‌بینێت، که‌ به‌ بڕوای من هه‌موو ئه‌و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسانه‌ی به‌هۆشیارییه‌وه‌ ده‌نووسن، ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرۆبلیماتیکه‌ ده‌بنه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی (دێریدا) ئه‌م تێڕوانینه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌کاته‌وه‌ و پێی وایه‌‌ ده‌نگ ئه‌و گرنگییه‌ی نییه‌ و به‌ وه‌همی ده‌زانێت، که‌ به‌تایبه‌تی لای (پلاتۆن) و (ڕۆسۆ) و (سوسێر) و ئه‌وانی دیکه‌وه‌ بایه‌خی گه‌وره‌ی پێ ده‌درا، به‌ڵام کاتێک وه‌کو نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی خۆمه‌وه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڕوانم، هه‌ست ده‌که‌م ده‌نگ به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ گه‌یاندنی مانادا گرینگه‌. سه‌یر نییه‌، ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می (جه‌یمس جۆیس) بۆ زمانه‌کانی دیکه‌، تۆنی ده‌نگ بێت، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ئینگلیزییدا ئه‌و گرینگی و ورده‌کارییانه‌ی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. (مارشال ماکلۆهان) له‌ پرۆسێسی گه‌یاندن و وه‌رگرتندا جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی (هه‌سته‌کان) ده‌کات. ئه‌و جیاوازی له‌نێوان قسه‌کردن و نووسیندا ده‌بینێت، به‌وه‌ی له‌ قسه‌کردندا ماناکان له‌ناو ده‌نگدان. واته‌ ئه‌وه‌ ده‌نگه‌ هه‌سته‌کانی ئاسووده‌یی و تووڕه‌یی و بێزاری و هی دیکه‌مان پێ ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر بۆیه‌ پێی وایه‌ له‌ سه‌رده‌می زاره‌کییدا، واته‌ له‌ سه‌رده‌می پێش نووسیندا، گه‌یاندن له‌نێوان گه‌یه‌نه‌ر و وه‌رگردا ڕاسته‌وخۆ بوو، که‌ ئه‌مه‌ پێوه‌ندیی نێوان تاک و گرووپ، یاخود تاک و کۆمه‌ڵگای ده‌پاراست، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می نووسیندا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌ و تاک مه‌عریفه‌ی خۆی به‌ جیا له‌ هی گرووپ، یاخود به‌جیا له‌ هی کۆمه‌ڵگا داده‌مه‌زرێنێت.
(هایدگه‌ر) زمان به‌ یه‌کێک له‌ ئامڕازه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆزه‌کانی ده‌ربڕین ده‌زانێت، به‌وه‌ی، که‌ قسه‌ پشت به‌ ده‌نگ ده‌به‌ستێت و ئه‌و ده‌نگانه‌ش حاڵه‌ته‌ په‌نهانه‌کانی ده‌روون ده‌رده‌خه‌ن، هاوکات ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ئه‌و شتانه‌ نیشان ده‌ده‌ن، که‌ بوونه‌ته‌ هۆی خوڵقاندنیان. واته بوونه‌ته‌ هۆی‌ خوڵقاندنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌. که‌واته‌ ئێمه ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بپرسین ئایا‌ له‌ ڕێگای‌ زمانه‌وه‌ ده‌توانین هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بگوازینه‌وه‌، که‌ له‌ناو خه‌یاڵدا هه‌ن؟ ئایا زمان هه‌ر خۆی یه‌کێک نییه‌ له‌و ڕێگرانه‌ی، که‌ ناهێڵن ئێمه‌ به‌ ماناکان بگه‌ین؟ وه‌کو (نیچه‌) زمان به‌ زیندان ده‌چوێنێت، که‌ مانا سه‌ربه‌سته‌کان له‌ناو سیستێمێکی ڕێکخستنی دیاریکراودا‌ به‌ند ده‌کات. ئایا قسه‌ و نووسین به‌هه‌مان میتۆد ماناکان ده‌رده‌بڕن و ده‌گه‌یه‌نن؟ من ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زموونی خۆمه‌وه‌ بڕوانم، ئه‌وا جیاوازی له‌نێوان ئه‌و دوانه‌دا ده‌بینم. نابێت لێره‌دا ئاماژه‌ به‌و ڕسته‌ ئیلتیباسیانه‌ش نه‌ده‌ین، که‌ زۆر جار ته‌نها له‌ ڕێگای تۆنی ده‌نگه‌وه‌ له‌ ماناکانیان ده‌گه‌ین. نموونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه‌، که‌ وا بزانم پێشتریش ئه‌م نموونه‌یه‌م له‌ گفتوگۆیه‌کی دیکه‌دا هێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڵێی (کچه‌که‌ له‌ دایکی درێژتره‌)، نازانی ئاخۆ مه‌به‌ست له‌وه‌یه، که‌‌ (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دایکه‌که‌ باڵابه‌رزه)‌، به‌ڵام (کچه‌که‌ی باڵای له‌ هی ئه‌ویش به‌رزتره)‌، یاخود مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، که‌ (دایکه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ کورته‌، که‌ کچه‌که‌ی باڵای له‌و به‌رزتره)‌. پار له‌ کوردستان پرسیاری پیاوێکم له‌ یه‌کێک له‌ هاوڕێکانم کرد، که‌ ئه‌و پیاوه مامۆستامان بوو و هه‌تا ئێستا‌ لای هه‌ردووکمان ئازیزه‌. ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ پێی گوتم: (کوڕێکی خۆی کوشت). من ماوه‌یه‌ک دامام و بیرم لێ‌ کرده‌وه‌… ئینجا له‌و هاوڕێیه‌مم پرسی: (چۆن ئه‌و مرۆڤه‌ میهره‌بانه‌ توانیویه‌تی کوڕی خۆی بکوژێت؟)… ئه‌و گوتی: (نا، کوڕه‌که‌ی خۆی خۆی کوشتووه‌). ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و ڕسته‌ ئیلتیباسییانه‌ی، که‌ هه‌تا له‌ کۆنتێکستی خۆی دووری نه‌خه‌ینه‌وه‌ و نه‌یخه‌ینه‌ سه‌ر کۆنتێکستێکی دیکه،‌ له‌ مه‌به‌سته‌که‌ی تێناگه‌ین. ئه‌گه‌ر له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا ئێمه‌ هیچ کۆنترۆڵێکی گراماتیکی بۆ دیاڵۆگه‌کانمان دانانێین، بۆ نموونه‌ هیچ به‌ڵامانه‌وه‌ گرینگ نییه‌ بکه‌ر بخه‌ینه‌ دوای کرداره‌وه‌، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ نووسیندا ئه‌و کۆنترۆڵه‌ داده‌نێین و ده‌مانه‌وێت له‌ دیاڵۆگه‌کانیشدا یاساکانی گراماتیک له‌به‌رچاو بگرین.
هه‌موو ئه‌مانه‌ لای (باختین) به‌شێکن له‌ گوتاری (شیعرییه‌ت)، که‌ هه‌ڵگری پرۆبلیماتیکێکی گه‌وره‌یه. به‌ باوه‌ڕی ئه‌و بۆئه‌وه‌ی دیاڵۆگ به‌رجه‌سته‌ ببێت، پێویسته‌ ببێته‌ جۆرێک له‌ گوتار و بگوترێت، یاخود له‌فز بکرێت، بۆیه‌ سیمایه‌کی ده‌قئاوێزان (Intertextual)ی هه‌یه‌. باختین پێی وایه‌‌ سپێیس (فضاء) وه‌کو یه‌کێک له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی گێڕانه‌وه‌،‌ ڕووداو و قسه‌ پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و وای لێ ده‌کات له‌وێ گه‌شه‌ بکات و خۆی بخزێنێته‌ ناو شوێنکات (کۆرۆنۆتوپ Coronotup )ه‌وه‌. واته‌ واقیعی ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگای‌ خه‌یاڵی ڕۆماننووسه‌وه‌ بۆ سپێیسێکی دیکه‌ ده‌گۆڕێت، که‌ تیایدا شته‌کان ڕه‌هه‌ندی دیکه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌گرن. (باختین) زمانی شیعر و زمانی ڕۆمان به‌وه‌ جیا ده‌کاته‌وه‌، که‌ یه‌که‌میان مه‌نه‌لۆژه‌ و له‌ زمانی خواوه‌ند ده‌چێت، بۆیه‌ شاعیر بێجگه‌ له‌ زمانی خۆی، هیچ زمانێکی دیکه‌ به‌کار ناهێنێت، به‌ڵام زمانی ڕۆمان، که‌ دیاڵۆگه‌، له‌ توانایدا هه‌یه‌ فره‌ده‌نگ بێت چ له‌ ڕووی زوبان و چ له‌ ڕووی ده‌نگه‌وه‌، ده‌توانێت زمانی ئه‌ده‌بی و نائه‌ده‌بییش به‌کاربهێنێت، که‌ نه‌ک هه‌ر نابێته‌ هۆی لاوازبوونی، به‌ڵکو به‌هێزیشی ده‌کات. (باختین) دیاڵۆگ له‌ به‌رانبه‌ر مه‌نه‌لۆگدا به‌کار ده‌هێنێت، چونکه‌ مه‌نه‌لۆگ ده‌نگی تاکه‌ و ته‌نها دنیای ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام دیاڵۆگ هه‌ردوو دنیاکه‌ داده‌مه‌زرێنێت و پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌، بۆیه‌ فره‌ده‌نگی، که‌ له‌ ڕێگای دیاڵۆگه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، ڕزگاربوونه‌ له‌ تاکزمان و تاکدیدگا‌، دواجار ڕزگاربوونه‌ له‌ حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها، که‌ (باختین) خۆی پێی وایه‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌ناوی حه‌قیقه‌تی ڕه‌هاوه‌ بدوێین. دیاڵۆگیش لای باختین هه‌ڵگری زمانی ڕۆژانه‌ و زاراوه‌ی دیالێکته‌ په‌راوێزخراوه‌کان و کۆمه‌ڵێک ڕگه‌زی دیکه‌یه‌. یه‌کێک له‌و خالآنه‌ی وای له‌ (باختین) کردووه‌، که‌ (دۆیستۆڤسکی)ی به‌لاوه‌ گرینگ بێت و به‌ داهێنه‌ری شێوازی ڕۆمانی فره‌ده‌نگی (پۆلیفۆنی Polyphony)ی دایبنێت، ئه‌وه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تی زمانی ڕۆژانه‌ و دیالێکته‌ په‌راوێزخراوه‌کان له‌ ڕۆماندا به‌کار بهێنێت، له‌ کاتێکدا (دۆیستۆیڤسکی) هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک ڕه‌خنه‌گره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی لێ گیراوه‌. هه‌روه‌ها (باختین) له‌به‌ر هه‌مان مه‌به‌ست بایه‌خ به‌ (فرانسوا ڕابلێ)ی ڕۆماننووسی فه‌ره‌نسییش ده‌دات، ته‌نانه‌ت (ڕابلێ) به‌ کلیلێک ده‌چووێنێت بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای خه‌زێنه‌ی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕیی میللی. له‌م نێوه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی پێکه‌نین ده‌کاته‌وه‌، که‌ له‌ناو فۆلکلۆر و داستانه‌کانی سه‌رده‌می ڕێنه‌یسانس و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌، بۆیه وه‌کو گوتمان‌ (باختین) به‌کارهێنانی زمانی ڕۆژانه‌ به‌ یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی داده‌نێت. هه‌روه‌ها چه‌مکی کارنه‌ڤاڵ (Carnaval)یش هه‌ر وه‌کو هاوواتای گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی ته‌ماشا ده‌کات. له‌ کارنه‌ڤاڵیشدا زمانی ڕۆژانه‌ی میللی، که‌ پریه‌تی له‌ جوێن و قسه‌ی ناشیرین، به‌کار ده‌هێنرێت. وه‌ک ده‌بینین تا چ ڕاده‌یه‌کی زۆر زمانی میللی لای (باختین) گرینگیی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر بۆ ساتێک له‌م روانگه‌یه‌ی (باختین)ه‌وه‌ بۆ ناو پرسیاره‌که‌ی تۆ بگه‌ڕێینه‌وه‌، که‌ ئایا زاراوه‌ی ناوچه‌یی سوود، یان زیان به‌ بونیادی گێڕانه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین کێشه‌که‌ نه‌ک هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوالیزمه‌وه‌یه‌‌، بگره‌ گێڕانه‌وه‌ ناتوانێت زاراوه‌ی ڕۆژانه‌ به‌کار نه‌هێنێت، مادام یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی گێڕانه‌وه‌ دامه‌زارندنی سپێیسه‌ و کاره‌کته‌ر و ڕووداوه‌کانیش ده‌که‌ونه‌ ناو ئه‌و سپێیسه‌وه‌. لای (باختین) زمان له‌ قسه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، به‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی کارلێکی نێوان زمان و ئه‌و کۆنتێکسته‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ به‌ مێژووه‌وه‌ به‌نده‌، بۆیه‌ وه‌کو گوتمان سیمایه‌کی ده‌قئاوێزانی هه‌یه‌ و ناکرێت له‌ شێوه‌ی ئیندیڤیدواڵ (تاک)دا ده‌رکه‌وێت. که‌واته‌ به‌کارهێنانی زاراوه‌ی ڕۆژانه‌، که‌ له‌ پرسیاره‌که‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه‌، به‌نده‌ به‌ توانای ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ کارلێکردنی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌کانی چیرۆک یان ڕۆماندا. زمانی نووسه‌رێک له‌ رۆمانێکیدا جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ هی ڕۆمانێکی دیکه‌یدا، چونکه‌ کاتێک که‌سه‌کان ده‌گۆڕێن، زمانی قسه‌کردنیشیان ده‌گۆڕێ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ زمانی نووسه‌ر و زمانی گێڕانه‌وه به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان‌ جیاوازن، هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ردووکیان هه‌ر له‌لایه‌ن نووسه‌ریشه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێن. ئه‌و گۆڕانه‌ش به‌و کاره‌کته‌ره‌وه‌ به‌نده‌‌، که‌ له‌ پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا بوونی هه‌یه‌ و ده‌شێ له‌ ڕووی جۆگرافییه‌وه‌ له‌ کاره‌کته‌رێکی دیکه‌ له‌ناو هه‌مان تێکستدا جیاواز بێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات زمانی هه‌ر یه‌که‌یان هی ناوچه‌یه‌کی جیاواز بێت. ڕه‌نگه‌ من دواتر بۆ ئه‌م شوێنه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستێکی دیکه‌دا له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم. ئه‌گه‌ر پێش (دێریدا) میتافیزیکای ڕۆژئاوا هه‌ر له‌ (سۆکرات)، (پلاتۆن)، (ئه‌رستۆ)، (ڕۆسۆ)، (هیگل)، (سۆسێر) و (هایدگه‌ر) ڕۆڵی قسه‌ی ده‌خسته‌ پێش نووسینه‌وه‌ و باوه‌ڕی وابوو، که‌ نووسین ته‌نها ئامڕازه‌ و ئه‌رکێکی لاوه‌کی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌وه‌ی وا له‌ نووسین ده‌ڕوانرا ته‌نها نوێنه‌ری قسه‌یه‌، وه‌کو ئه‌وه‌ی (ڕۆسۆ) ده‌یگوت قسه‌ بناغه‌ی زمانه‌ و نووسین ته‌نها فۆرمێکی مشه‌خۆره‌، یان وه‌کو ئه‌وه‌ی (لیفی شتراوس) له‌ (خولگه‌ خه‌مناکه‌کان)دا ڕه‌شبینانه‌ ده‌ڕوانێته‌ نووسین، به‌وه‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ شارستانییه‌ت و ونکردنی گیانی پاکێتییه،‌ ئه‌وا ئه‌م تێڕوانینه‌ لای (دێریدا) هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ و وه‌کو وه‌همێک سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڕاده‌یه‌ک،‌ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ ده‌کاته‌وه و ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێ نووسین نه‌ک هه‌ر ناکه‌وێته‌ دوای قسه‌وه‌، به‌ڵکو هاوشانیه‌تی، بگره‌ ده‌که‌وێته‌ پێشیشیه‌وه‌‌. بیانووی پێدانی ئه‌فزه‌لیه‌تی قسه‌ به‌سه‌ر نووسیندا وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا، خۆی له‌وه‌دا ده‌بینیه‌وه‌، که‌ قسه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ هه‌ردوو لایه‌نی قسه‌که‌ر و گوێگر ئاماده‌ بکات، له‌ کاتێکدا نووسین له‌و توانایه‌ بێبه‌شه‌ و ناتوانێت نووسه‌ر له‌کاتی گوتندا ئاماده‌ بکات. به‌مه‌ش قسه‌ ده‌شێوێت و به‌دروستی ناگاته‌ گوێگر. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ده‌نگ پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان قسه‌که‌ر و گوێگردا داده‌مه‌زرێنێت و ده‌توانێت مانا به‌ته‌واوی ئاماده‌ بکات. (پلاتۆن) نووسین به‌ ده‌رمان (فارماکۆن) ده‌چوێنێت، که‌ له‌ زمانی ئه‌گریکییدا به‌هه‌ردوو مانای ده‌رمان و ژه‌هریش دێت، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تی نووسیندا ماناکه‌ی ده‌رناکه‌وێت، مادام قسه‌که‌ر بوونی نییه‌ و له‌ ڕێگای ده‌نگه‌وه‌ مه‌سیجه‌که‌ ناگه‌یه‌نێت. (دێریدا) له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ ده‌وه‌ستێت و پێی وایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها وه‌همێکه‌ و ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ هه‌رگیز نایه‌ته‌ کایه‌وه، چونکه‌ ڕه‌گه‌زه‌کانی وه‌کو میتافۆر و خوازه‌ تایبه‌ت نیین به‌ نووسین، به‌ڵکو له‌ناو قسه‌کردنیشدا هه‌ن‌. یه‌کێک له‌ ئارگۆمێنته‌کانی (دێریدا) بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌، ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا نادوێت، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خۆشیدا قسه‌ ده‌کات و خۆیشی گوێ له‌ خۆی ده‌گرێت. لێره‌وه‌یه‌ (دێریدا) جه‌خت له‌سه‌ر نووسین ده‌کاته‌وه‌، به‌وه‌ی ده‌توانێت ببێته‌ زمان و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کار بکات. (دێریدا) به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌گوترا له‌ نووسیندا نووسه‌ر، یاخود قسه‌که‌ر گوم ده‌بێت، ئه‌و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، که‌ نووسین بوونی نووسه‌ر ده‌پارێزێت و به‌رده‌وامیی پێ ده‌به‌خشێت، چونکه مه‌رج نییه‌ بوونی نووسه‌ر، بوونێکی ڕاسته‌وخۆ بێت، به‌ڵکو‌ نووسین ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت، که‌ نووسه‌ر له‌ ڕێگای نووسینه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بێت. به‌م شێوه‌یه‌ لای (دێریدا) گۆڕان له‌ سێنترالیزمی ده‌نگ (Phonocentrism)‌ه‌وه‌ بۆ سێنترالیزمی نووسین دێته‌ کایه‌وه‌، به‌وه‌ی نووسین ده‌توانێت به‌رده‌وام چه‌مکی دیکه‌ دابهێنێت. سێنترالیزمی ده‌نگ یه‌کێکه‌ له‌ سیماکانی که‌لتووری ڕۆژئاوا، که‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌یاندنی مانادا، ده‌نگ ده‌خاته‌ سه‌رووی نووسینه‌وه، به‌وه‌ی (بوون) به‌ (ئاماده‌گی)یه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه، چونکه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ فکری مرۆڤ سێنته‌ری بوونه‌ و هه‌ر شتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سێنته‌ره‌وه‌ بێت، بوونی نییه‌. واته‌ خودی مرۆڤ خۆی له‌ناو هۆشدا جێگیره‌. (دێریدا) ده‌یه‌وێت ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ تێکبشکێنێت، واته‌ بیرۆکه‌ی سێنترالیزمی ڕۆژئاوا. وه‌ک ده‌بینین (دیکارت)یش توانای زمان به‌ بوونی ئه‌قڵه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زمان تایبه‌ت ده‌کات به‌ مرۆڤ و له‌ ئاژه‌ڵی دوور ده‌خاته‌وه‌.‌ (دێریدا) وه‌کو هه‌ر سێنته‌رێکی دیکه‌ی ناو فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا هه‌وڵی تێکشکاندنی ده‌دات. ئه‌قڵ و ده‌نگیش ئه‌و دوو سێنته‌رن، که‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یان له‌سه‌ر دامه‌زرێنراوه‌ و له‌ژێر ناوی (لۆگۆس)دا جێگیر بوون. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ (لۆگۆس) هاوواتای ئه‌قڵ و ده‌نگه‌. وه‌کو هه‌ر (دێریدا) خۆی ده‌ڵێ فه‌لسه‌فه‌ له‌ (پلاتۆن)وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ (هوسێرل) پابه‌ندی سێنترالیزمی ده‌نگه‌. ‌ئه‌وه‌یش، که‌ پێی ده‌گوترێت گومبوونی پاکژی له‌ ئه‌نجامی گواستنه‌وه‌ له‌ قسه‌وه‌ بۆ نووسین، دیسان لای (دریدا) وه‌کو وه‌همێکی ڕۆمانسی سه‌یر ده‌کرێت، ئه‌گه‌رچی نکووڵی له‌وه‌ ناکات له‌ناو نووسیندا توندوتیژییش خۆی حه‌شار داوه‌.
به‌هه‌ر حاڵ گواستنه‌وه‌ له‌ قسه‌کردنه‌وه‌ بۆ نووسین، گۆڕینی پێوه‌ندیی خواوه‌ند بوو به‌ مرۆڤه‌وه‌، که‌ پێشتر وه‌کو تابوو سه‌یر ده‌کرا، به‌وه‌ی (هێرمس Hermes) له‌ ڕێگای زمان، یاخود له‌ ڕێگای لۆگۆس (Logos)ه‌وه‌ قسه‌کانی (زیۆس Zeus)ی خواوه‌ندی به‌ ڕێگای زاره‌کی بۆ به‌نده‌کانی ده‌گوێزایه‌وه‌. وه‌کو (جاک دێریدا) له‌ (ده‌رمانخانه‌ی پلاتۆن)دا له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت و به‌ گه‌وره‌ترین داهێنانی مرۆڤی ده‌زانێت.
هه‌ندێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌کانی زمان جیاوازی له‌نێوان دوو سیستێمدا ده‌که‌ن، که‌ سیستێمی سیمبۆل و سیستێمی زمانن. مه‌رج نییه‌ ئه‌و سیمبۆلانه‌ کاتێک ده‌خرێنه‌ ناو زمانه‌وه‌، هه‌مان ده‌لاله‌تی خۆیان بمێنێت. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌ کۆنتێکسته‌کانی ئه‌و که‌لتووره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ سیمبۆله‌کانی تیادا ده‌خوێندرێته‌وه‌. زۆر وشه‌ هه‌ن کاتێ له‌ کۆنتێکستی میللی جیا ده‌کرێنه‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئاستی نووسین، مانای خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، چونکه‌ تۆنه‌کانیان گوم ده‌بن، له‌ کاتێکدا ئه‌و تۆنانه‌ به‌شێکی گرینگن له‌ پێکهاته‌ی ئه‌و وشانه‌دا. وه‌کو چۆن (محه‌مه‌د ئارکۆن) له‌ کتێبی (العلمنة‌ والدین)دا له‌ گواستنه‌وه‌ی تێکستی قورئان له‌ ئاستی زاره‌وه‌ بۆ ئاستی نووسین ئاماژه‌ی پێ ده‌دات‌. ئه‌و مانایه‌ی ئه‌نفال له‌ زمانی ڕۆژانه‌ی کوردییدا هه‌یه‌تی نه‌ له‌ زمانی نووسینی کوردی و نه‌ له‌ زمانه‌کانی دیکه‌دا به‌رجه‌سته‌ نابن، یاخود به‌ئاسانی ده‌رناخرێن، چونکه‌ زمان کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ژماری تاکه‌کاندا هه‌یه‌. زاراوه‌کان یارمه‌تییمان ده‌ده‌ن له‌ کۆده‌کانی ژیانی کۆمه‌لآیه‌تیی که‌لتوورێکی دیاریکراو تێبگه‌ین، ته‌نانه‌ت سه‌رده‌مێک له‌ سه‌رده‌مێکی دیکه‌ و ناوچه‌یه‌کی جۆگرافییش له‌ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی جۆگرافی جیا بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر زاراوه‌ی (رفیق حزبی) بۆ هه‌ر زمانێکی دیکه‌ وه‌ربگێڕیت، ئه‌و مانا نێگه‌تیڤه‌ی نامێنێت، که‌ له‌ زمانی کوردییدا هه‌یه‌تی، چونکه‌ ئه‌م زاراوه‌یه‌ش وه‌کو هه‌ر زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ هی کۆنتێکستێکی جۆگرافی و که‌لتوورییه‌کی دیاریکراوه‌ و خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ساینفێکشنی تایبه‌تی خۆیه‌تی. ناشبێت بیرمان بچێت، که‌ که‌لتووری ئێمه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م که‌لتوورێکی زاره‌کییه‌، نه‌وه‌ک نووسین. ئه‌گه‌ر لای (مێشێل فۆکۆ) سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین هه‌موو ئه‌و شتانه‌ له‌ وشه‌ و شت و ئاماژه‌کان، به‌شێکن له‌ که‌له‌پوور و مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی مێژوودا به‌رهه‌می هێناون. دۆکۆمێنتن و به‌ندن به‌ سیستێمی ئابوورییه‌وه‌، که‌ ده‌بێت وه‌کو چه‌مکی بونیادگه‌ری له‌ خۆیان و له‌ کۆنتێکسته‌کانیان بکۆڵدرێته‌وه‌.
ناکرێت بڵێین زمانی ڕۆژانه‌ ناتوانێت مانای گه‌وره‌ به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌گه‌ر زانیمان هه‌موو چیرۆکه‌ فۆلکلۆری و میتۆلۆژییه‌کان له‌ ڕێگای زمانی ڕۆژانه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوون. من ته‌نیا (زه‌رقای یه‌مامه‌) به‌ نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌. ئه‌و ژنه‌ی دوو چاوی هێنده‌ تیژی هه‌بوون، که‌ ده‌یانتوانی له‌ دووری دوور دووره‌وه‌ هه‌ست به‌ شت بکه‌ن. ئه‌و ژنه‌ تاکه‌ که‌سێک بوو دوژمنه‌کانی بینی، که‌ دره‌ختیان له‌ خۆیانه‌وه‌ پێچا بوو، هه‌تا هه‌ستیان پێ نه‌که‌ن. (زه‌رقای یه‌مامه‌) چونکه‌ ژن بوو، باوه‌ڕیان پێ نه‌کرد. له‌م چیرۆکه‌دا مه‌مله‌که‌تێک هه‌ڵه‌ن و تاکه‌ ژنێک ڕاسته‌. ئه‌مه‌ چیرۆکی زاره‌کییه‌ و بێگومان به‌ زاراوه‌ی ناوچه‌یی گێردراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ندین چیرۆک و ڕۆمان هه‌ن به‌ زمانی ستاندارد نووسراون و نه‌یانتوانیوه‌ په‌یامێکی ئاوا بگه‌یه‌نن. (هه‌زار و یه‌ک شه‌و‌)، که‌ زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ گه‌روه‌کانی جیهانیی وه‌کو (سارته‌ر) و (بۆرخیس)ی سه‌رسام کردووه‌، نموونه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ و ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی نووسینه‌وه‌. چۆن بزانین (سۆکرات)ی فه‌یله‌سووف چ زمانێکی به‌کار هێناوه‌. ئایا ده‌شی بڵێین (پلاتۆن) فه‌لسه‌فه‌ی (سۆکرات)ی له‌ زمانی ڕۆژانه‌وه‌ کرده‌ زمانی نووسین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌کو له‌پێشه‌وه‌ نیشانمان دا، که‌ (پلاتۆن) هه‌میشه‌ نووسینی به‌ لاوه‌کی و بگره‌ به‌ نێگه‌تیڤ سه‌یر کردووه‌؟ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی به‌ داستانی شیعری ده‌ستی پێ کرد، که‌ کۆمه‌ڵێک ئایدیا و ئیماگینه‌یشنی له‌باره‌ی خودی مرۆڤ و سرووشته‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌که‌ونه‌ پێش پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌، که‌ له‌ بۆنه‌ ئایینییه‌کاندا ده‌یانگێڕانه‌وه‌. زۆربه‌ی زمانناسه‌کان له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئایدیا و ئیماگینێیشنانه‌ بۆ زمانی نووسین، له‌پاڵ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری ئیکۆنۆمی و ڕامیارییدا، پێ له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی ماتماتیکدا داده‌گرن، چونکه‌ له‌ ماتماتیکدا لایه‌نی نووسین ده‌که‌وێته‌ پێش لایه‌نی قسه‌وه‌. واته‌ ده‌بێت ئه‌و نیشانانه‌ بنووسرێن ئینجا بخوێنرێنه‌وه‌.
زمانی ڕۆژانه‌ ئه‌و زۆنه‌یه‌یه‌، که‌ قسه‌که‌ر جۆرێک له‌ سه‌ربه‌ستیی خۆی تیادا به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، له‌ کاتێکدا‌ له‌ زۆنه‌ی نووسیندا ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ ببێت، چونکه‌ زمانی قسه‌کردن له‌ لایه‌ک زۆر که‌متر له‌ هی نووسین پابه‌ندی کۆنترۆڵه‌کانی ئایین و به‌ها کۆمه‌لآیه‌تییه‌کانه و له‌ لایه‌کی دیکه‌ش‌ لۆژیکی گراماتیک له‌ به‌رچاو ناگرێت. زمانه‌وانی، ڕێنووس، خاڵبه‌ندی و زۆری دیکه‌، که‌ جۆرێک له‌ کۆنترۆڵن، له‌ قسه‌کردندا بوونیان نییه‌. بۆ نموونه‌ با سه‌رنج له‌و هه‌موو جنێوه‌ بده‌ین، که‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌کار ده‌هێنرێن، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن ئه‌و جنێوانه‌ ده‌گه‌نه‌ ناو زۆنه‌ی نووسینه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ له‌ ڕێگای نووسین و خوێندنه‌وه‌ی چیرۆک و ڕۆمانه‌وه‌ فێری زمانێک ببین، به‌ڵام هه‌رگیز فێری ئه‌و زاراوانه‌ نابین، که‌ خه‌ڵکی ئاسایی له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌کاریان ده‌هێنن. ئێمه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ ڕێگای فیلمی میسرییه‌وه‌، ئاشنایه‌تییمان له‌گه‌ڵ دیالێکتی میسرییدا په‌یدا کردووه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێکمان وا بزانین به‌ چاکی پێی ده‌دوێین، به‌ڵام کاتێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاسایی میسر قسه‌ ده‌که‌ین، ده‌بینین زۆر وشه‌ هه‌ن‌، ئێمه‌ پێشتر گوێمان لێیان نه‌بووه، چونکه‌ زۆنه‌ی زمانی گه‌یاندن فلته‌ری بۆ ئه‌و وشانه‌ داناوه‌‌. له‌ سه‌رده‌می ئێنته‌رنێتدا زمانی ڕۆژانه‌ و زمانی نووسین زیاتر له‌ یه‌کتر نزیک کراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌ ئێنته‌رنێت سه‌ربه‌ستییه‌کی زۆری به‌ تاکه‌کان داوه‌، تا‌ ناخی خۆیان ده‌ربڕن و به‌و زمانه‌ش ده‌ریبڕن، که‌ ئاره‌زوویان لێیه‌، بۆیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا زمانی ڕۆژانه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، نه‌وه‌کو وه‌کو ئه‌وه‌ی بژار ده‌کرێت، ده‌که‌وێته‌ به‌رچاومان. ده‌کرێت ئه‌م وته‌یه‌ی (پۆول دی مان)، که‌ ده‌ڵێت زمانی ئه‌ده‌بی له‌ زمانی ڕه‌خنه‌ زیاتر لاده‌رانه‌یه‌، وا بخوێنینه‌وه‌، که‌ ئه‌ده‌ب په‌نا بۆ میتافۆر و شیعرییه‌ت ده‌بات. ئه‌م گوته‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بۆ کتێبی (ویستی مه‌عریفه‌)ی (مێشێل فۆکۆ)مان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، که‌ پێی وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه‌ نووسین په‌نای بۆ میتافۆر بردووه‌. به‌ڵام زمانی ڕۆژانه‌ش وه‌کو (دێریدا) ده‌ڵێت میتافۆری تیایه‌. من خۆم له‌سه‌ره‌وه‌ یه‌ک دوو نموونه‌م له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا هێنایه‌وه‌. وه‌ک سه‌رنج ده‌ده‌ین له‌وێش په‌نا بۆ سیمبۆل ده‌بردرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی ڕوونتر، که‌ ئه‌وه‌یان پێوه‌ندیی به‌ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ و گرووپه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. وه‌کو ئه‌وه‌ی قاچاخچییه‌کان هه‌ندێک زاراوه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و له‌نێوان خۆیاندا به‌کاریان ده‌هێنن، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی کار له‌و ئاسته‌ی ده‌ربڕین بکات، که‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا بۆ کاروباره‌کانی دیکه‌یان په‌نایان بۆ ده‌به‌ن. کاتێک ڕۆماننووسێکی ئێمه‌ له‌باره‌ی ژیانی ئه‌و قاچاخچییانه‌وه‌ بنووسێت، ناکرێت ئه‌و زاراوانه‌ فه‌رامۆش بکات، به‌تایبه‌تی له‌ دیاڵۆگدا.
من دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم زمانی ڕۆژانه‌ ئه‌و ماتریاله‌یه‌، که‌ زمانی نووسین به‌کاری ده‌هێنێت، بۆیه‌ زمانی ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام له‌ناو نووسیندا بوونی هه‌یه‌، که‌ وه‌کو زووتر گوتم زاراوه‌ی ناوچه‌ییش به‌شێکه‌ له‌م زمانه‌ی ڕۆژانه‌، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌، که‌ مه‌به‌ست له‌و به‌کارهێنانه‌ تێپه‌ڕکردنه‌ و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و زمانه‌یه‌‌. من خۆم کاتێک ڕۆمانی (مامزێر)م ده‌نووسی، ده‌مویست به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و زاراوانه‌ به‌کار بهێنم، که‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌ی ئه‌و شوێنه‌ جۆگرافییه‌دا به‌کار ده‌هێنرێن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و جۆگرافیایه‌، جۆگرافیایه‌کی وه‌همییشه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ من ده‌بوایه‌ ئه‌و زاراوانه‌ به‌کار بهێنم، که‌ ئاماژه‌ن به‌ که‌لتوورێکی دیاریکراوه‌وه‌. له‌ دیاڵۆگه‌کانیشدا ئه‌مه‌ به‌رچاو ده‌که‌وێت. من له‌ چیرۆک و ڕۆمانی خۆمدا نه‌ک زمانی ڕۆژانه‌ی کوردی، به‌ڵکو هی عه‌ره‌بی و تورکمانییشم به‌کار هێناوه‌. هه‌روه‌ها من به‌شێکی زۆری کتێبی منداڵییم به‌ زاراوه‌ی هه‌ولێری نووسیوه‌، چونکه‌ ویستوومه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و زاراوانه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ ڕوخساره‌ تایبه‌ته‌کانی ئه‌و شاره‌ نیشان بده‌م. به‌ڵام کتێبێکی دیکه‌م هه‌یه‌ به‌ ناوی (که‌ناڵی مه‌یموونه‌ چه‌کداره‌کان)، که‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش بایگۆگرافیایه‌ و به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ته‌واوکه‌ری کتێبی منداڵییمه‌، که‌چی له‌وێ زۆر به‌ده‌گمه‌ن زاراوه‌ی ناوچه‌ییم به‌کار هێناوه‌. کاتێک له‌ دیاڵۆگدا زاراوه‌ی ناوچه‌یی به‌کار ده‌هێنین، جۆرێک جیاکاری له‌نێوان دیاڵۆگی کاره‌کته‌ر و زمانی گێرانه‌وه‌دا ده‌هێنینه‌ ئاراوه‌، که‌ ئه‌مه‌ زیاتر تایبه‌تمه‌ندێتی به‌ کاره‌کته‌ر ده‌به‌خشێت و هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌یت، که‌ گوێت له‌ ده‌نگی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌یه‌. جارێکی دیکه‌ ڕێگام بده‌ نموونه‌یه‌کت له‌ ژیانی خۆمدا بۆ بهێنمه‌وه‌. (که‌مال چۆمانی)، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و هاوڕێیانه‌ی، له‌ ڕێگای ئیمه‌یله‌وه‌ یه‌کترمان ناسیوه‌. ئه‌و هه‌ر به‌و زمانه‌ نامه‌ی بۆ ده‌نووسیم، که‌ بابه‌ته‌کانی پێ ده‌نووسێت، به‌ڵام جارێکیان ته‌نیا بۆ خۆشی به‌ زاراوه‌ی باڵه‌کایه‌تی نامه‌یه‌کی بۆ نووسیم. هه‌ستم ده‌کرد به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ چۆمانم و ئه‌و هاوڕێیه‌م قسه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌کات. به‌ڕاستی گوێم له‌ ده‌نگی بوو، بگره‌ شێوه‌ی ده‌هاته‌ به‌رچاوم، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ئه‌و هاوڕێیه‌مم نه‌دیوه‌. ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ چی هاته‌ کایه‌وه‌؟ ئێستا ده‌مه‌وێ بڵێم‌ سرووشتی ئه‌و تێکسته‌ خۆی ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک زمانی ڕۆژانه‌ به‌کار بهێنین. ده‌مه‌وێ هه‌ر لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م، که‌ من له‌ ڕێگای بایه‌خدانم به‌ زاراوه‌ی ناوچه‌ییه‌وه‌، چه‌ند وشه‌یه‌کی کوردییم دۆزیه‌وه‌‌، که‌ پێشتر له‌ نووسیندا به‌کار نه‌هاتبوون، وه‌کو زلوونگه (تعلیق)، زلوونگه‌ر (معلق)، ڕێگومکه‌ (متاهة)، هه‌ژمار (سلوك)‌ و روار (عفوی)، ڕواری (عفویة)، په‌لاو (تحدي‎‎) و یه‌ک دوانێکی دیکه‌ش‌. ڕه‌خنه‌گری لوبنانی (یومنا عید) باوه‌ڕی وایه‌، که‌ ڕۆمانی عه‌ره‌بی توانیویه‌تی ته‌عبیر له‌ دیالێکته‌ جۆراوجۆره‌کان بکات به‌تایبه‌تی له‌ لوبناندا، وای کردووه‌ هه‌ر کاره‌کته‌رێک ده‌نگی جۆراوجۆری خۆی هه‌بێت. ده‌ڵێ به‌کارهێنانی عامیه‌ زمانی ڕۆمانی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌ و زیاتر ڕاستگۆییی پێ به‌خشیوه‌.

 

           

 

08/06/2013

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com