ئه‌رشیفه‌كه‌ی ئازاد خانه‌قینی

   نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د

Nawzad.ali@hotmail.com

من‌و ئازاد خانه‌قینی پێشتر له رێگای ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان كه‌ناڵی سلێمانی یه‌كترمان ده‌ناسی كه سه‌ره‌تای ناسینه‌كه‌مان  له رێگای نامه‌و بروسكه بوو ،وابزانم ماوه‌یه‌كی باش ناوبراو له ئه‌رشیفی ته‌له‌فزیۆن كاری ده‌كردو منیش سه‌ڕه‌رای كاری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌م له هه‌ولێره‌وه رۆژانه هه‌واڵم به جیهازی لاسلكی بۆ ته‌له‌فزیۆنی ناوبراو ده‌نارد،هه‌ندێك جار هه‌واڵه‌كان وێنه‌شی تێده‌كه‌وت‌و به تاكسییه‌كانی هێڵی هه‌ولێر سلێمانی كاسێته‌كانم ده‌نارد له میانی هێنان‌و بردنی كاسێتدا كاك ئازادم باشتر ناسی به راستی پیاوێكی خه‌مخۆری كاره‌كه‌ی‌و مومته‌له‌كاتی ته‌له‌فزیۆن بوو، زۆری مه‌به‌ست بوو كه كاسێت‌و دۆكۆكۆمێنته‌كان ون نه‌بن.  

ساڵانی 1999و 2000 له سلێمانی به هۆی سه‌رقاڵ بوونم به خوێندنی ماسته‌ر له جاران زیاتر  له هونه‌رمه‌ند ئازاد خانه‌قینی نزیك بوومه‌وه،چونكه ئه‌و خه‌ریكی ئه‌رشیفكردنی بڵاوكراوه‌و رۆژنامه‌و گۆڤارو چاپه‌مه‌نییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و شۆڕشی نوێ بوو،ئازاد ئه‌وه‌نده وردو خه‌مخۆرانه ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد زۆر جار پێم ده‌وت؛ ده‌ترسم ئه‌م كاره ده‌رفه‌تی كاری هونه‌رو گۆرانیبێژیت لێ كه‌م بكاته‌وه،به زه‌رده‌خه‌یه‌كی ئاوێزان به ئیقاعه جوانه‌كان وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌و ده‌یووت؛شۆڕش‌و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی به‌رده‌وامه.

ئه‌رشیفه‌كه‌ی كاك ئازاد شوێنه‌كه‌ی له خانووێك بوو له  گه‌ڕه‌كی گردی عه‌لی ناجی وا بزانم سه‌ر به فه‌رمانگه‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو به ناوی پڕۆژه بچووكه‌كان كه هیوادارم ناوه‌كه‌م به ته‌واوی له بیر مابێت،كاك ئازاد سه‌ره‌تا ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی‌و بڵاوكراوه‌و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان كرد پاشان پۆڵێنی كردن،ئینجا هه‌وڵیدا ژماره نه‌قسه‌كان پڕ بكاته‌وه‌و په‌یدایان بكات،پاشان ده‌ستی به داخلكردنیان كرد له كۆمپیوته‌ر، ئه‌و ماوه‌یه زۆربه‌ی هه‌فته‌كان یان من سه‌ردانم ده‌كرد یاخود ئه‌و له كوردستانی نوێ ده‌هاته لام یان ته‌له‌فۆنمان بۆ یه‌كتر ده‌كرد ،به‌و حیسابه‌ی كه من ئه‌رشیفێكی باشی چاپه‌مه‌نییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانم هه‌بوو،كه هه‌ر له ساڵی 1992 تا ساڵی 1998 هه‌فتانه له رێگای گۆشه‌كه‌م له كوردستانی نوێ( له ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشی نوێمان) دانه‌یه‌ك له چاپه‌مه‌نی‌و ئه‌ده‌بیاته‌كانی یه‌كێتییم به خوێنه‌ران ده‌ناساند،كاك ئازادیش بۆ ئه‌رشیفه‌كه‌ی هه‌م پرسی پێده‌كردم، هه‌م هه‌وڵی ده‌دا به سوود وه‌رگرتن له ئه‌رشیفه‌كه‌م نه‌قسه‌كانی پڕ بكاته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا گیرسامه‌وه له دووره‌وه ئاگادار بووم كه ئه‌رشیفه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند ببوو ،بێجگه له ئه‌رشیفكردنی چاپه‌مه‌نی‌و بڵاوكراوه‌كان‌ هه‌وڵیدا بوو كه نامه‌و جلوبه‌رگ‌و كه‌لوپه‌لی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیش ئه‌رشیف بكات.

به داخه‌وه له‌وه‌ته‌ی كاك ئازاد كۆچی دوایی كردووه من هیچ هه‌واڵێكی ئه‌و ئه‌رشیفه نازانم هیوادارم هیچ تاك‌و لێپرسراوێكی حزبی ئه‌و ئه‌رشیفه‌ به موڵكی خۆی نه‌زانیبێت‌‌و ده‌رگای ئه‌رشیفه‌كه قفڵ نه‌درابێت‌! یاخود  كه‌سێك بۆ خۆی گلی نه‌دابێته‌وه،چونكه ئه‌رشیفی ناوبراو سه‌ره‌تای پڕۆژه‌یه‌كی وردو زیره‌كانه بوو بۆ كولتورو كه‌له‌پووری خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌،هه‌ر له رێگای ئه‌م نووسینه‌دا پێشنیار ده‌كه‌م كه ئه‌و ئه‌رشیفخانه‌یه به ناوی ئازاد خانه‌قینی ناودێر بكرێت.

ستۆكهۆڵم31/5/2007

 

 

 
           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca