بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد، ئامرازه‌ک له‌ دژی خۆێان!

 

عوسمان م

 

مه‌به‌ستم له‌ نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌، نه‌ک به‌ که‌م گرتنی خه‌باتی ژنانی کورد و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ئه‌و هه‌مو خۆراگری و ململانێ و ده‌سکه‌وتانه‌ی که‌ به‌ قیمه‌تی قوربانیه‌کی یه‌کجار زۆر به‌ده‌ستیان هێناوه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شدارییه‌کی ره‌خنه‌ گرانه‌ و چالاکانه‌ێه‌ له‌ خه‌باتیان بۆ زیاتر پێ داگرتن و پۆخت و جه‌سورانه‌تر چونه‌ پێش بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ یه‌کسان و به‌رابه‌ره‌ ئینسانیه‌کانیان! ژنانی کوردیش وه‌ک هه‌مو ژنانی دنیا به‌ درێژایی سه‌ده‌کان، له‌ دژی ده‌سه‌لات و کۆمه‌ڵگای پیاوسالاری و ئه‌وانه‌ی که‌ ته‌نیا پیاویان به‌ ئینسان ده‌زانی و ده‌یزانن و ژنیان له‌ معادلاتی  کۆمه‌ڵگا وه‌لانا و ده‌وری ژنیان تا ئاستی ئاژه‌ڵی ماڵی دابه‌زاند، خه‌باتی کردوه‌ و ئه‌م خه‌باته‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ متالێعه‌ی بابه‌ته‌کان، سمیناره‌کان، هه‌ڵوێست و ئاکامی خه‌باتی ژنانی کورد له‌ بواره‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵاێه‌تی، حیزبی و رێکخراوه‌ییدا، به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌رای ده‌ێان ساڵ ته‌جره‌به‌ی تاڵی مێژویی، ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌ر ده‌که‌وێ که‌ پاشکۆی حیزبه‌‌ پیاوسالاره‌ مه‌زهه‌بیه‌کانن، به‌ تایبه‌تی ئه‌حزابی ناسیونالیست-ئیسلامیستی ده‌سه‌ڵاتداری کورد. ژنان هه‌م له‌ ره‌فتار و هه‌م له‌ هه‌ڵوێستدا هێشتا بوێری ته‌واو و باوه‌ر به‌ خۆێان بۆ بریاردان له‌سه‌ر مافی یه‌کسان و مه‌سه‌له‌ سیاسی و کۆمه‌ڵاێه‌تیه‌کان تێدا به‌ده‌ی ناکرێ ، یان ئه‌گه‌ریش هه‌ێه‌، زۆر لاوازه‌.

له‌بری پێداگرتن له‌سه‌ر مافه‌ زه‌وت کراوه‌کانیان و ئازاێانه‌ و بوێرانه‌ به‌گژدا چونه‌وه‌ی ریشه‌کانی سته‌م و هه‌ڵاواردن له‌سه‌ر ژنان، به‌داخه‌وه‌ دیسانه‌که‌ برێک له‌ ژنانی هه‌ڵسور بۆ داپۆشینی هه‌ڵه‌کانی خؤێان که‌ کردونی به‌ ئامرازی پیاوسالاری، له‌ به‌ر برێک مادیات، ناوبانگ، پله‌ی کاتی و بێ بایه‌خ، ده‌بنه‌ محامی و پاساوگه‌ری پیاوسالاران و یاساکانی پیاوسالاری. بۆ نمونه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک سمینار و تێکۆشان و نوسراوه‌ی ژنانێک بکه‌ین که‌ راسته‌وخۆ و ناراستاوخۆ ئه‌م راستیانه‌ و پاشکۆێه‌تیی ئه‌حزاب و حاکمانی ناسیۆنالیستی کورد‌ نمایش ده‌که‌ن.

هه‌م پێش و هه‌م پاش کابینه‌ی پێنجه‌می پارتی و یه‌کیه‌تی که‌ ناویان نا حکومه‌تی یه‌کگرتو، نوسه‌ر و رۆژنامه‌ نوسانێکی وه‌ک مهاباد قه‌ره‌داغی و ڤێنوس فاێه‌ق کۆمه‌ڵێک بابه‌تیان له‌سه‌ر دۆخی ژنانی کورد نوسی و چه‌ند وتووێژێکیشیان لێره‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ مێدیاکان ئه‌نجامدا.

کارمان به‌و ژنانه‌ نه‌بێ که‌ به‌ هۆی بنه‌ماڵه‌یی و خزم خزمێنه‌ و یان وه‌ک خه‌ڵاتی شه‌هیدانه‌ی باوک و مێرد و برا‌ کراون به‌ فه‌رمانبه‌ری کارتۆنی و به‌ ده‌مراستی ژنانی کورد، که‌ ده‌بو له‌به‌ر حورمه‌ت و رێز گرتن له‌و هه‌زاران ژنه‌ که‌ به‌ده‌ست و له‌ژێر حاکمیه‌تی هه‌ر ئه‌م حیزبه‌ ناسیونالیست-مه‌زهه‌بییانه‌دا کوژران قه‌بوڵی نه‌که‌ن، به‌ڵام کسانێکی وه‌ک مهاباد و ڤێنوس که‌ ژنانێکی سیاسی و تێگه‌یشتون و به‌ ره‌نجی خۆێان، خۆێان پێگه‌ێاندوه‌، به‌ تایبه‌ت مهاباد قه‌ره‌داغی، چاوه‌روانی ئه‌م شیوازه‌ هه‌ڵوێست و ئاخافتنانه‌ێان لێ ناکرێ و ئه‌مه‌ رێگای ئه‌وان نییه‌!

پێشتر له‌ بابه‌تیکدا به‌ ناوی: "مهاباد قه‌ره‌داغی و فرمێسکی تیمساح بۆ ژنان" ره‌خنه‌کانی خۆم ئاراسته‌ی مهاباد خان کرد. مهاباد خۆی به‌ کرده‌وه‌ ئاکامی ئه‌م شێوازه‌ بێهوده‌یه‌ی بینی که‌ هیوادارم ده‌رسێک بێ بۆ خۆی و بۆ ئه‌وانه‌ش که‌ هه‌ر ئه‌م چاره‌نوسه‌ چاوه‌روانیان ده‌کا.

  لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌ست خۆشی و هیوای سه‌رکه‌وتنم بۆ ڤێنوس خان، چه‌ند ره‌خنه‌ێه‌کیش ئاراسته‌ی ئه‌م ژنه‌ تێکۆشه‌ره‌ی مه‌یدانی خه‌باتی یه‌کسانی بکه‌م. هیوادارم لێم توره‌ نه‌بێ و به‌ دڵی فراوانی و تێرامانه‌وه‌ متالێعه‌یان بکا.

ڤێنوس خان، له‌ سمینارێک له‌ ژوری "کوردستان یونایتێد" له‌ پالتاک، چه‌ند حاڵه‌تیکی به‌رانبه‌ر به‌ ره‌خنه‌گرانی ژن له‌ خۆی نیشان دا که‌ جێگای ره‌خنه‌ و تێرامانه‌. یه‌که‌م، قسه‌کانی به‌وه‌ ده‌ست پێکرد که‌ سپاسی خوای کرد به‌هره‌ی نوسینی پێداوه‌ و قه‌ڵه‌مه‌کی له‌ دژی سته‌م و هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ریی پیاوسلاری هه‌ڵده‌سورێنی. ڤێنوس به‌ ئه‌نقه‌ست یان نائاگاهانه‌، یان له‌به‌ر رازی کردن و راکێشانی سه‌رنجی پیاوسالارانی حاکم و ئیسلامیه‌کان، چاوی له‌و راستیه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ‌ده‌قونجێنی که‌ مه‌زهه‌ب به‌ گشتی و خودای ئیسلام به‌تایبه‌تی هیچ نرخ و رێزێک، هیچ مافێکی ئینسانیی بۆ ژن دانه‌ناوه‌. خودی قه‌ڵه‌مه‌که‌ و خواسته‌کان و هه‌ڵسوران و هاتنه‌ مه‌یدانی ڤێنوس وه‌ک ژنێک، نه‌ک به‌هره‌ی خودا، به‌ڵکو دژ به‌ خودا و سه‌رپێچی کردنه‌ له‌ ئه‌مری خودا و به‌ پێی ئاێه‌کانی قورئان‌، ده‌بی بکوژرێت. ئه‌وه به‌هره‌ی‌ به‌رهه‌می خه‌باتی ژنان و تێکۆشانی خۆدی فینوسه‌ نه‌ک خودا.

هه‌روه‌ها، له‌ وڵامی پرسیاره‌ک دا که‌ لێی ده‌پرسن نه‌ته‌وه‌ییت یان نا، ده‌ڵی : "من کاتێک سرودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌بیستم هه‌مو له‌شم موچرکه‌ی پێدا دێ، وه‌ تا پیاوانی نه‌ته‌وه‌که‌م رزگار نه‌بن، ژنانی کورد رزگاریان نابێت". به‌ راستی دنیایه‌کی سه‌یره‌ گوڵم! پیاوانی‌ نه‌ته‌وه‌ت ئه‌وه‌ند ئازادن که‌ به‌ مه‌یلی خۆیان نه‌ک هه‌ر خۆێان، به‌ڵکو هه‌مو کوردانیش بتایبه‌ت ڤێنوس خان که‌ له‌ ژێر ده‌سڵاتیشیان نییه‌، به‌ عێراقی ده‌زانن و ده‌ێان ساڵه‌ به‌ هه‌زاران ژنیان کوشت و ئازادانه‌ چاره‌نوسی کوردیان کوێر کرده‌وه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆێان داگیرکه‌ران.

لێره‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی ڤێنوس خان، هیچ کۆمه‌ڵگاێه‌ک له‌وانه‌ کوردستان ئازاد نابێ و ناتوانێ ئیدیعای ئازادی بکا تا ژنان له‌ هه‌مو بارێکه‌وه‌ ئازاد نه‌بن! تا ئه‌و کاته‌ی مافی ته‌واوی ژن دابین نه‌بێ، عه‌داله‌ت و ئازادی شتێکی بێ ناوه‌رۆکه و محاڵ‌! ئه‌مه‌ مێژو سه‌لماندویه‌تی. پیاوسالاری ده‌یان سه‌ده‌ێه‌ حوکم ده‌کا، به‌ڵام جگه‌ له‌ شه‌ر و کۆشتار، خاپور و جینوسایت، قه‌ڵاچۆ کردن و کیمیا باران و ئه‌نفالی به‌شه‌ر زیاترمان نه‌بیست و نه‌بینی، که‌ هۆکاره‌که‌ی له ‌راستیدا ئازاد نه‌بونی ژن و وه‌گه‌ر نه‌که‌وتنی هێزی ئینسانیی و کۆمه‌ڵاێه‌تی ژنه‌.

ده‌ێان و بگره‌ زیاتریش ساڵه‌ که‌ پیاوانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی ڤێنوس خان حاکم و جڵه‌وداری خه‌باتی ئازادی و رزگاری خوازیی کوردیان به‌ده‌سته‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ ئاشبه‌تاڵی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک، به ‌فێرۆدانی خه‌باتی خوێناوی و فرمێسکی کورد، جگه‌ له‌ سات و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ به‌م خه‌باته‌ و فیدا کردنی له‌ پێناو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ ماڵه‌یی و حیزبی و داروده‌سته‌کانیان هیچیترمان نه‌بینی و ده‌ێان هه‌لی مێژوییان له‌ کیسی میلله‌تی کورد دا.

له‌ درێژه‌ی سمیناره‌که‌ و له‌ وڵامی پرسیاره‌کان و تێبینیه‌کاندا، ڤێنوسی نوسه‌ر و خباتکاری رێگای ئازادی و مافی ژنان، ته‌حه‌مولی ژنانی ده‌ربه‌ده‌ر و سه‌رکوتکراوی حاکمانی ناسیونالیست و مه‌زهه‌بیی نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌کرد و له‌بری پشتگری کردنیان و جه‌خت کردن له‌ ره‌خنه‌کانیان، به‌ توندی به‌ره‌ورویان بووه‌وه‌ و تاوانباریشی کردن. یه‌کێک له‌ ژنان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ڤێنوس گرت که‌ له‌ بابه‌تیکدا باسی ئه‌وه‌ئ کردوه‌ که‌ دیعاێه‌ی کۆشتنی 7-8 هه‌زار ژن درۆێه‌ و له‌ هه‌زار تێناپه‌رێ، ئه‌و هه‌زاره‌ش تاوانبار بون و کۆژرانه‌که‌ێان ره‌وا بوه‌. هه‌روه‌ها له‌ پاساوی کۆشتنی ئه‌و هه‌زاران ژنه‌دا، وتویه‌تی که‌ "ئه‌ی من بۆ نه‌کوژرام"، ئه‌مه‌ خۆی ته‌ئیدی ئه‌و کوشتاره‌ی ژنانه‌ و به‌داخه‌وه‌ ڤێنوس لێره‌دا وه‌ک پیاوێکی پیاوسالار قسه‌ ده‌کا و ده‌بێ ئه‌و ژنانه‌ی که‌ داوای ئازادی و مافی به‌رابه‌ر ده‌که‌ن، بکوژرێن. ڤێنوس لێره‌دا خۆدی هۆکاری ئه‌و کاره‌ی که‌ ژنان توشی ده‌بن و ده‌بێته‌ هۆی کۆشتنیان، که‌ هه‌مان خۆدی پیاوانن، نابینی و ئه‌وه‌ی پیاوان که‌ هه‌م خه‌ێانه‌ت به‌ ژنی خۆێان ده‌که‌ن و هه‌م ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه‌ سه‌ ژنان، چونکه‌ پیاون، ره‌خنه‌شیان لێ ناگری.

ئه‌م شێوه‌ روانگه‌ و بۆچونانه‌ی فێنوسه‌کان، که‌ هه‌مان روانگه‌ی فیمینیسمی راسته‌، به‌ درێژایی قۆناخه‌ جۆراوجۆره‌کانی مێژوو نیشانی داوه‌ که‌ نه‌ک هه‌ر ده‌رگاێه‌کی له‌ ژنان نه‌کردوه‌ته‌وه، به‌ڵکو توشی ره‌نجه‌رۆیی و رێگای هه‌ڵدێری کردون. ئه‌و رێگاێانه‌ی که‌ دیسانه‌که‌ کردونی به‌ ئامرازی پیاوسالاری له‌ دژی خۆێان و به‌ فێرۆ چونی خه‌باتیان. دیاره‌ هه‌ر وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ کرد‌، ئه‌مه‌ به‌ مانای ره‌د کردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ژنان نییه‌! چونکه‌ به‌ بی بونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ێه‌، ده‌ورێکی باتڵی تری سته‌م و زوڵم به‌سه‌ر ژنان دا ده‌سه‌پێنێ و ژنان نابێ ئیجازه‌ بده‌ن تا پیاوان چاره‌نوسیان بگرنه‌ ده‌ست و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆێان دیاریی بکه‌ن. له‌ لاێه‌کی تره‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌ێه‌ک مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ژنان حاشا له‌ ئه‌سڵی بون و وجودی خۆێان بکه‌ن و به‌دوای جێ و پله‌ و شوێنێکه‌وه‌ بن له‌ ناو توێژه‌ جۆراوجۆره‌ کۆمه‌ڵاێه‌تیه‌کان و پاشکۆێه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارانه‌‌. ئه‌مه‌ هه‌مان شته‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ و خباتی ژنانی به‌ لارێدا بردوه‌.

ژن و پیاو راسته‌ له‌باری جسمییه‌وه‌ جیاوازن، به‌ڵام له‌ویدا که‌ هه‌ردوکیان ئینسانن، به‌ حوکمی ئینسان بونیان هه‌م زۆر خاڵی هاوبه‌شی فراوان و هه‌م مافی یه‌کسانی وه‌ک یه‌کیان هه‌ێه‌. سره‌کیترین ته‌وه‌ر و هۆکارێک که‌ خه‌باتی یه‌کسانی خوازیی  ژنانی توشی شکست و به‌ره‌و روی بنبه‌ست کردوه‌، ئه‌وه‌ێه‌ که‌ ژنانی هه‌ڵسور و تێکۆشه‌ر، له‌بری ئه‌وه‌یکه‌ پێ له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واکانین دابگرن و رێگای راسته‌قینه‌ بگرنه‌ پێش، هه‌وڵیان داوه‌ ببنه‌ پیاو. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ پاش ده‌ێان ساڵ تێکۆشان و ته‌حه‌مول کردنی ئازار و شکه‌نجه‌، کوشت و بر و سوکاێه‌تی، مقاومه‌ت و هه‌ستانه‌وه‌ هیشتا له‌ ژێر سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی جسمی و جنسی دان و به‌ ره‌سمیه‌ت ناناسرێن.

هه‌ر ئێستا ژنانی کورد به‌ خۆشیه‌وه‌ هاتونه‌ مه‌یدان و خه‌ریکی تێکۆشانن و کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتیان به‌ده‌ست هێناوه‌؛ پێک هێنانی سمینار و کۆبونه‌وه‌، ریز گرتن به‌رێوه‌ بردنی  رۆژه‌ مێژوییه‌کانی خۆیان وه‌ک 8ی مارس، ده‌ربرینی بیر و رای خۆێان له‌ رۆژنامه‌ و بڵاوکراوه‌کان و ویلاگه‌کان، به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر خوێندن و چونه‌ زانستگه‌ و پله‌ی باڵای خوێندن، هه‌ر هه‌مو ئه‌و هه‌ڵسورانه‌ له‌بارانه‌ن که‌ ژنان به‌ره‌و پێش ده‌با. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌م هه‌مو تێکۆشان و مقاومه‌ و هه‌ڵسورانانه‌، به‌داخه‌و هه‌م بیری فیمینیسمی توندره‌وانه‌ و هه‌م به‌تایبه‌ت فیمینیسمی راست که‌ هه‌مان پاشکۆی پیاوسالارییه‌، تێدا به‌ دی ده‌کری. فیمینیسمی راست، که‌ له‌ روانگاکانی مهاباد و ڤێنوس دا به‌ زه‌قی و رونی خۆی نیشان ده‌دا، ئه‌و شته‌ێه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ێ ژنان که‌ ده‌بی ژنان بباته‌ ناو مه‌یدانی کرده‌وه‌ و هه‌ڵسورانی کۆمه‌ڵایه‌تی، کردویه‌تی به‌ ئامرازی رازاوه‌ی بورژوازی و ناسیونالیستی کورد.

خه‌باتی ژنان ته‌نیا له‌ ئاراسته‌ و رێگای خۆی به‌ ئامانج ده‌گا، نه‌ک پاشکۆێه‌تی سیاسی پیاوان. خه‌باتی ژنان به‌ جیا کردنه‌وه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵاێه‌تی و چینایه‌تیه‌کانیتر، خه‌باتێکی بێ حاسڵ و عه‌قیم ده‌بێ وه‌ک بوه‌. چونکه‌ هه‌مو ئینسانه‌ چه‌وساوه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا خه‌بات بۆ مافی به‌رابه‌ر و ئینسانیی خۆێان ده‌که‌ن. ده‌بێ ژنان له‌ هێزه‌ کۆمه‌ڵاێه‌تیه‌کانیتر و به‌تایبه‌ت چینی کرێکار که‌ڵک و یارمه‌تی وه‌ر بگرن و به‌ یه‌کسان سه‌یری ماف بۆ هه‌موان بکه‌ن.

لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ ورد و زانستیانه‌ و عاقڵانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ژنان و ده‌ست نیشان کردنی رێگا تایبه‌تی و زانستیاکان بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی، گرنگتری مه‌سه‌له‌ و ته‌وه‌ره‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ژنانی کورد و داهاتوی، پێویستی پێیه‌تی. ئێستا که‌ زۆر ژنانی لێهاتو و لێوه‌شاوه‌مان هه‌یه‌ که‌ له‌ بواره جۆراوجۆره‌کانی زانست، ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و سه‌نعه‌ت و سیاسه‌ت دا تێده‌کۆشن و هێزی چه‌پ و ئازدیخوازی کۆمه‌ڵگاشیان له‌پشته‌، به‌راستی حه‌یفه‌ که‌ ئه‌م هه‌مو توانایی و هیز و مه‌جاله‌ له‌بارانه‌ له‌ده‌ست بده‌ین و ژماره‌ێه‌ک ژن بیکه‌ن به‌ فیدای کورسی و برێک قازانجی مادی و له‌ بازاری پیاوسالاریدا به‌ هه‌رزان هه‌راجی بکه‌ن.


 

14.06.2006

           

 

02/09/2015