رۆژنامه‌وان ونووسه‌رى که‌نه‌دى ودۆستى دێرینى کورد
د. مایکل ئیگناتیف بووه‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى که‌نه‌دا


نوره‌دین وه‌یسی



له‌ هه‌ڵبژاردنى حه‌وتووى پێشووى په‌رله‌مانى که‌نه‌دا که‌له‌ 23/1/2006 به‌ڕێوه‌چوو ،نڤیسکارى نێودارى که‌نه‌دى ومامۆستاى زانکۆى هارڤارد پرۆفیسۆر مایکل ئیگناتیف له‌سه‌رلیستى پارتى لیبرال له‌ نێوچه‌ى ئۆتۆبیکۆى تۆرۆنتۆ به‌ئه‌ندامى په‌رله‌مانى فیدرالى که‌نه‌دا هه‌ڵبژێردرا، دوابه‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى د.ئیگناتیف ده‌موده‌ست سوپاسى کوردستانیانى تۆرۆنتۆى کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لێى.

مایکل ئیگناتیف له‌ساڵى 1947 له‌بنه‌ماڵًه‌یه‌کى رۆشنبیر و سیاسه‌توان له‌ شارى تۆرۆنتۆ له‌دایک بووه‌ ، کوڕى دیپلۆماتکارى ناسراوى که‌نه‌دى جۆرج ئیگناتیفه‌و به‌ره‌گه‌ز خه‌ڵکى رووسیایه‌،باپیرى له‌سه‌رده‌مى حکومه‌تى تزارى رووسیا وه‌زیرى فێرکردن بووه‌،له‌سالانى 1965-1968 له‌ رۆژنامه‌ى ناسراوى که‌نه‌دى (The Globe and Mailکاریکردووه‌ ،ساڵى 1978 له‌ زانکۆى هارڤارد دکتۆراى له‌ دیرۆکدا به‌ده‌ستهێناوه‌ .

ساڵى 1993 سه‌ردانى باشووروباکوورى کوردستانى کردووه‌و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى کتێبێکى به‌ناوى (خوێن وپه‌یوه‌ندگیرى ئینتیما-گه‌شتێک به‌نێو ناسیۆنالیزمى نوىَ )ده‌رکرد
Blood and Belonging: Journeys into the New Nationalism
که‌له‌ساڵى 1994 ده‌رچووه‌و به‌شێکى تایبه‌ته‌ به‌ کوردستان ،ئه‌م کتێبه‌ کراوه‌ به‌فیلمێکى دیکۆمێنتاریش که‌له‌ ته‌له‌ڤزیۆنى BBC به‌زنجیره‌ بڵاوکرایه‌وه‌.
د.مایکل یه‌کێکه‌ له‌ داکۆکیکاره‌کانى مافى مرۆڤ وپازده‌په‌رتووک و ده‌یان وتارى له‌مباره‌یه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌ ، له‌کاتى شه‌ڕى ئه‌مریکا دژى رژێمى عیراق یه‌کێک بوو له‌و که‌نه‌دییه‌ ده‌گمه‌نانه‌ى که‌ پشتیوانى له‌ شه‌ڕه‌که‌ کردو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شى دووچارى چه‌ندین ره‌خنه‌ بووه‌وه‌ ،لىَ ئه‌و له‌به‌رسڤى ره‌خنه‌کاندا ئاماژه‌ى به‌و تراژیدیانه‌ ده‌دا که‌له‌سه‌ر ده‌ستى رژێمى شۆڤێنیستى عیراق کورد دووچاریان هات.
دواى ئه‌وه‌ى پۆل مارتنى سه‌رۆکى پارتى لیبراڵ و سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى که‌نه‌دا بڕیاریدا ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه‌ د.مایکل ئیگناتیف ئێستا یه‌کێکه‌ له‌ پاڵێوراوه‌ به‌هێزه‌کان بۆ بوون به‌سه‌رۆکى پارتى لیبراڵ ، ،جێگه‌ى باسه‌ پارتى لیبراڵ پارتى ده‌سه‌ڵاتتدارى که‌نه‌دا بوو لىَ له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌م دواییه‌دا پارتى کۆنسه‌رڤه‌تیڤ 21 کورسى پترى به‌ده‌ستهێناو به‌م پێیه‌ش لیبرال بووه‌ پارتى دووه‌م.
بۆ زیاتر زانیارى سه‌ردانى وێبسایتى د. م. ئیگناتف بکه‌:

http://en.michaelignatieff.ca


 

           

 

04/07/2007