بۆ دووهاوڕێی خۆشەویستم ( شاپوور و قابیل)
 

نه‌وزاد مه‌دحه‌ت 

 

April 24, 1998

لە پەنای قەڵاو منارەیا هەموو ڕۆژێ قەڵاو منارەیەکی تر ، سەرکەش تر، باڵاتر،پتەوتر
ڕەگی خۆیان لەناو دڵی ئەم شارەدا دادەکوتن.
باڵای بە رزیان ،سیمای پڕهیواو خۆشەویستییان
خۆشەویستترلە منارە و قەڵا خۆی دەکوتایە نێو ماڵە بێ دەرگاو پەنجەرەکانا
ماڵە بێ شوناسنامەو بێ ئازووقەو بێ نەوت و جلەکانا.
ئەم هاوڕێیانە هەموو ڕۆژێ..
لە ماڵی بێ سەلاجەو بێ پانکەو بێ تەلەفزیۆنەوە ،
لەو شوقەیەی ناو دڵی تەیراواوە ، وەک پەرداخە ئاوێ بە ناو قوڕگی ئاوارەدا شۆڕ ئەبنەوەو
هەموو ڕۆژێ پەنجەرەیەکی تازە بە سەر دڵی ئاوارەدا دەکەنەوە.

شاپور باڵا بەرز،کەڵەگەت ، سفت و چالاک..
پێ یە پان و پۆڕەکانی لە سەر سنگی ئەم زەوی یە قایم و قایمتر دادەنێ .
هەر دەڵێی بەو زەوی یە دەڵێ یان دەتکەمە بەهەشتی مرۆڤ، یان ئەوەتا دێمە ناو سینگتەوە .

قابیل باڵا ناوەندی و تۆزێ ڕە قەڵەو سوێسکە ڕەو
لیڤیکسێکی لە ژێر هەنگڵ ناوەو سەرێ ئەم دیوو ، سەرێ ئەو دیوی شاپور دەکات .

شاپور ! ئەزانی ئەگەر وەک ئەوەی دەیڵێم ناوی ئاوارەکان زەبت کەین ،قەت تێکەو لێکە درووست نابێ..).
جار جارە بزەیەکی بۆ دەکات و هەنگاوەکانی قایم تر دەکات...
وا هەست دەکات هەنگاوێ درەنگتر بگاتە جێی مەبەست چرکەیەک زیاتر ئەم بەشەرانە لە مەئساتدا دەژین .

ئەوا دەڕۆن..وەک تەونکەرێکی ووردو شارەزا..
(مەنتکاوە بەحی عمال)و(حی عمال بە بەنسڵاوە)وە دەبەستن،
(دارەتوو بەباداوا)و(دییانە بەسلێمانی)یەوە دەبەستن،
دەبەستن و دەبەستن و دەبەستن.


هاتن ووتیان:
بێکاران والێرەدان،
یەکە یەکە، لەکۆبوونەوە گشتی یەکانا
دەستیان گرتین،دەستمان گرتن
لەیەک ئاڵاین وەک تان و پۆ..
لە ئەیارا ، هەشتی مارسا
لەهێرشی حکومەتە شڕەکەی هەرێما
بۆ سەر ئاوارەکانی دیانەو مەعەسکەری پێش پەرلەمانا
لە 19 ی 6 ی بێکارانا
لە نەبەردەکەی نەسیج و چیمەنتۆی سلێمانی ومەڕ مەڕی هەولێرا
لە خۆ پێشاندانەکانی دژ بە شەڕ
یەک سەنگەر ، یەک خەبات ، یەک هیوا
بەرەو پێش، بەرەو پێش، بەرەو پێش،
آآآ
قوتابیانی ئەهلی قورەیش و نوێنەرانی جەهل و خورافە
سڵاوات لێدەرانی دوێنێ ی دیداری سەدام و
مونەفیزانی دڵسۆزی ئەمڕۆی ئەمیرەکانی خەلیج و ئیمامەکانی ئێران.
چەند ڕیش بزنێکی کەللە پووچ وەک قەلە ڕەش
لەسەر لوتکەی منارەکانیانەوە بێ شەرمانە
بانگێشتەی خنکاندنی هەموو دەنگێکی ئازادیان کرد.

18ی 4 بوو ، کات (10:00) ی بەیانی بوو .
چەند دەستێکی ڕەش ، ڕەش وەک مێژوویان
ڕەش وەک ئاسۆیان ،
لەناو منارەی مزگەوتەکانیانەوە
وەکو : جرج و سەگی خوێڕی شۆڕبوونەوەو
دایان بەلای دەستە بە خوێن سووربووەکانی (نەزیرعومەر)دا و
فوویان کردە دوو چرای گەشی هەزاران ئاوارە، هەزاران ژن، هەزاران کرێکار.هەزاران مناڵ...
هۆ دیوارە بەساڵاچووەکەی (یەکێتی بێکاران) و(ئاوارەکان)
(شاپوورو قابیل)ت نەناسینەوە،
ئەی بۆ .. ئەی بۆ..نەچەمایتەوە بەسەریانا.. ؟
ئەی بۆ نەبوویتە قەڵغانی ئەو ئازیزانە بەڕووی کەڵبە تیژەکانی ئەوانەی
کە هەر تاڵە ڕیشێکیان بە خوێنی هەزاران (قابیل و شاپوور) ئاو دراوە .

بۆ بێدەنگی ؟
بیرت نایا؟ پێش چەند ساڵێ
تاکو ناوی ئاوارەو بێکارانت بەگەردندا نەکرابوو..کەس نەیدەناسیت !
بیرت نایا؟ تا (شاپوور و قابیل)بەپێپلیکانەی دڵتا هەڵنەکشابوون ،
تۆ لە دیوارێکی مردوو مردووتر بووی .
دەپێم بڵێ چۆن نەبوویتە قەڵغانی ئەو ئازیزانە؟ چۆن؟
بۆ بێدەنگی ؟ دەپێم بڵێ.. چۆن؟

ئا ..ئا ، تێتگەشتم بۆ ؟
تۆش لەبەر دڕندەیی ئەو جانەوەرانە ، تاسایت و هیچت بۆ نەکرا..
ئەزانم زۆرت پێ سەیرە کە ئەمانە چ بەشەرێکن !
وەک شەمشەمە کوێرە، ئاشق بە تاریکین و فوو لە هەموو چرایەک دەکەن .
قوتابخانە دادەخەن و حوجرەو مزگەوت دەکەنەوە !
مەڕ و ماڵات بەرەڵا دەکەن و ژنان دەبەستنەوە !
ئەمانە چ بەشەرێکن ؟! ئەمانە چین ؟!.
هاوڕێیان !
بەمن مەڵێن!
شاپور کێ بوو ؟ قابیل کێ بوو؟
بڕوا بکەن باڵای وەسفم ،زۆر کورتترە، نزمترە، بچووکترە لەباڵایان .
ئەوان بەرزبوون، بەرز ژیان و بەرزیش مردن .

هاوڕێیانم
کاتێ ویستتان بییانناسن
گوێ لە من و حیزب مەگرن!
بڕۆن..
لەماڵەکانی ناو مەعەسکەری پێش پەرلەمان بپرسن
بڕۆن لە برسی یەکانی قەڵای برسی (بەنسڵاوە)و(دارەتوو)و (مەنتکاوە)و دەیان شوێنی تر بپرسن .
بڕۆن لە (23) ماڵەکەی ناو (حەریقی دییانە)بپرسن .
بڕۆن لەو ماڵانەبپرسن کەسەرمای زستان خۆی لە درزی بلۆک و دەرگاو پەنجەرەی بەنایلۆن درووست کراوەوە دەکردە ژوورەوەو
تەقەتەقی لەدانی گەوەرەو بچووک دێناو چۆڕە نەوتێکیان نەبوو بۆ خۆ گەرم کردنەوە،
لەوان بپرسن ..
بڕۆن لە دایکی کۆڵێ مناڵی باوک ئەنفالکراو پرسن..
بڕۆن لە ئاوارەکانی کەرکوک پرسن..
ئەوانەی مونەزەمەکانی بەعس پێی نەکردبوون ، دەرگاکانی سەوزو زەرد پێیان کردن .
بڕۆن لەوانە پرسن "شاپور "کێبوو "قابیل "کێبوو .
آآآ
سلێمانی !
ئەوا دووئازیزی من، دووئازیزی ملیۆنان بەشەر..
بەزاماری لەباوەشی تۆدا نووستوون..
نەکەی بەڕەشەبا تووندوو تیژەکەت زڕخەویان کەی!
توو خوا نەکەی!
ماندوون..ماندوو
ساڵانێکە..ساڵانێکی دووروو درێژە
چاووی حەوانەوەیان لێک نەناوە .
تووخوا نەکەی لە خەویان کەی
تۆبی و ئەو کەشکۆڵی پڕ داستانەت
لێیان گەرێ با ئەمجارە
ئارام بنوون ... ئارام.. بنوون .